|
پەیامی کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات بۆ ٢٦ی رێبەندان رۆژی کۆمەڵە
میوانە بەڕێزەکان، ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە، کادر و پێشمەرگە بەڕێزەکان، بەخێرهاتنی گەرمی هەموو لایەکتان دەکەین بۆ ئەم رۆژە پیرۆزە، رۆژی کۆمەڵە. مێژوی کۆمەڵە لە بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستاندا، بە گەلێک هۆکاری ئاشکرا، ئاوێتە و لێکهەڵپێکراوی مێژوی توێژێکی تایبەتی کۆمەڵگا یان نوێنەری تەنیا بەشێک لە خواستەکانی لایەنگران و چالاکانی بیرێکی دیاری کراو نییە. یان بە تەنیا گرێدراوی بوارێکی تایبەت نییە لە بزوتنەوەی فرەڕەهەندی خەڵکی کوردستان .،،، بەڵکو لە راستیدا خۆی بەرهەمی ئەو بیرۆکەیە بووە کە دەرکی بە راستییەکی سەردەمیی کردووە. واتە هەڵکەوتەی فرە کێشەی کۆمەڵگای ئێمە، پێویستی هاتنە مەیدانی حیزب و رێکخراوێکی هێناوەتە ئاراوە کە تایبەت بە رەهەندێک یان بۆ وەڵام دانەوە بە تاکە کێشەیەک نەبێت. بۆیە ئەم روانینە فرەڕەهەندەی کۆمەڵە لە راستیدا یەکێکە لە پێناسەکانی بۆ وەڵام دانەوە بە کێشە جۆراوجۆرەکان. وەک بزوتنەوە مەدەنییەکان، لاوان، خوێندکاران، سینفەکان، پلۆراڵ کردنی کۆمەڵگا و گەلێک چەمکی سەردەمییانەی دیکە. بەڵام ئەم مێژووە بۆ ئێمە وەک چالاکانی بواری مافەکانی ژنان، هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی و تێکەڵاوی کۆمەڵێک پەیامە کە بە بێ گومان رەنگدانەوەی سەرتاسەریشی بووە لە لاپەڕەکانی مێژوی ئازادیخواوی میلەتی کورد بە گشتی و بزوتنەوەی ژنانی کورد بە تایبەتی. لە مێژوی کۆمەڵەدایە کە بۆ یەکەم جارەکان بزوتنەوەی ژنانی کوردستان خۆی لە رێکخراو و چوارچێوەیەکی پلانداری تۆکمەدا دەبینێتەوە. دروشمەکانی وەک ژنان نیوەی کۆمەڵن و دایکی نیوەکەی دیکەشن، سەرەتا لەو سەرچاوەیەوە دەگاتە گوێی خەڵک و بەرەبەرە لە ئاکامی ئەم هەوڵانەدا، رەوتێکی دینامیک و بەرۆژ، لە بزوتنەوەی بەرابەری خوازی مافەکانی ژن لە کوردستاندا باڵای کرد، کە هەنوکەش بە گڕ و تینی تایبەتی خۆیەوە لە ئارادایە. دیارە لەم پێناوەدا سەدان ژنی تێکۆشەری کۆمەڵە گیانی ئازیزیان بەخت کردووە و شانبەشانی شەهیدانی کۆمەڵە ناویان لە ریزی پڕ لە شانازی خەباتی کۆمەڵە و بزوتنەوەی رەوایی خەڵکی کوردستاندایە. بۆیە بەم بۆنەیە و لەم رۆژەدا، وەک کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات، یادی هەموو ئەو ژنە تێکۆشەرانە وەک هەمیشە بەرز رادەگرین و پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو تێکۆشەرانی رێگای ئازادی و یەکسانیی مافەکانی ژنان دەکەین.
کۆمەڵەی ژنانی رۆژهەڵات ٢٠١٢-٠٢-١٥ ١٣٩٠/١١/٢٦
|
|