|
دووهفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه - کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
كه‌مینه له‌به‌ر تیشكی ڕه‌خنه‌دا (كۆتایی)
”وتاری هاوڕێ عه‌بدوڵڵا موهته‌دی له‌سه‌ر پلاتفۆرمی كه‌مینه له سێمیناری پاڵتاگی ئه‌ندامانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به هێندێك گوڕانكارییه‌وه (مانگی ئاپریلی2007)“ ئه‌گه‌ر ئێمه، یه‌ك له‌وانه خۆم، باسی ئه‌وه‌م كردووه كه ئێمه ده‌بێ حیزبێكی مونسجممان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر من له‌سه‌ر حیزبی پته‌وی یه‌كڕیز قسه ده‌كه‌م و به پێویستییه‌كی ناو ده‌به‌م، خۆ نه‌هاتووم كێشه‌ی لێنینیزم و غه‌یره لێنینیزم له‌گه‌ڵ كه‌س بكه‌م و له رووی كتێبی "هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه و دووان بۆ دواوه" نه‌تیجه‌یه‌ك بۆ ئێستا وه‌ربگرم. من له رووی لێكدانه‌وه‌یه‌كی كۆنكرێتی بارودۆخی سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ئێران و كوردستان‌و ناوچه‌كه، له رووی لێكدانه‌وه‌ی پێویستییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی گه‌لی كورد له ئێران و له رووی هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌ركه سیاسی و پراتیكییه گه‌وره‌كانی كۆمه‌ڵه بۆ رابه‌ری كردن و به سه‌ركه‌وتن گه‌یاندنی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه ئه‌و نه‌تیجه‌یه‌م وه‌رگرتووه. ده‌ڵێم ئێمه له وڵاتێكی دیكتاتۆری زه‌ده‌ی ئیستیبداد زه‌ده‌ی ئیسلام زه‌ده‌ی وه‌كوو ئێران، له ناوچه‌یه‌ك كه هه‌موو ده‌وروبه‌رت چه‌كدارن، له ناوچه‌یه‌ك كه پڕه له تێرۆریست و پڕتریشی ده‌كه‌ن، له وڵاتێكی ئاوادا ده‌ژین و خه‌بات ده‌كه‌ین. ئێمه له وڵاتی ره‌حیم سه‌فه‌وی و ئه‌حمه‌دی نه‌ژاده‌كان، له وڵاتی ویلایه‌تی فه‌قیه و شورای نیگابان، له وڵاتی سپای پاسداران و به‌سیجدا ده‌ژین، له وڵاتێكدا ده‌ژین كه به‌بڕیاری باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته كوشتاری به‌كۆمه‌ڵی زیندانیانی سیاسی تێدا كراوه، له وڵاتێكدا ده‌ژین و خه‌بات ده‌كه‌ین كه نزیكه‌ی سی ساڵه كوردستان به‌ئاگر و ئاسن ده‌كوتن، خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌گرن و ده‌كوژن، ره‌هبه‌رانی تێرۆر ده‌كه‌ن. له‌لایه‌كی تریشه‌وه، له‌سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین كه شۆڕشی رزگاریخوازانه‌ی كوردستانی ئێران هێشتا قۆناغی خه‌باتی چه‌كداری به‌ته‌واوی تێپه‌ڕ نه‌كردووه و نه‌یخستۆته پاشته‌ركی مێژووی خۆیه‌وه، هه‌ر وه‌كوو له نووسراوه‌كه‌ی كه‌مینه‌شدا ئاماژه‌ی پێكراوه. له وڵاتێك و له‌سه‌رده‌مێكدا ده‌ژین و خه‌بات ده‌كه‌ین كه كۆڵنه‌دان و به‌ره‌نگار بوونه‌وه فه‌رهه‌نگی زاڵه و راپه‌ڕین و هه‌ستانی خه‌ڵك له ده‌ستووری كار دایه. له‌م بارودۆخه و له‌م دنیایه‌دا ئه‌تۆ ناتوانی بیری سه‌ركه‌وتن بكه‌یت و حیزبێكی پته‌وت نه‌بێت، ناتوانی حیزبێكی به‌بیروباوه‌ڕی فیداكاری شۆڕشگێڕی به دیسیپلینت نه‌بێت، ناتوانی به تێكدانی ئینسجامی فیكری و سیاسی، به رێگه‌دان به حیزب ده‌ر حیزب و ده‌سته‌گه‌ری و پاشاگه‌ردانی، كارامه‌ترین چه‌كی ده‌ستت بۆ خه‌باتی سیاسی و جه‌ماوه‌ری په‌ك بخه‌ی و له‌به‌ر چاوی خه‌ڵك بیكه‌یه گاڵته، چاوه‌روانی سه‌ركه‌وتنیش بیت. له جیاتی ئه‌وه‌ی بۆ خۆ قه‌شمه‌ر كردن قسه‌یه‌ك به لێنین بڵێین، وه‌رن له‌سه‌ر ئه‌و شته واقیعییانه قسه بكه‌ین. من له‌سه‌ر مێژووی كۆمه‌ڵه قسه‌م كردووه و وتوومه كۆمه‌ڵه له مێژووی خۆیدا حیزبی گه‌رایشاتی جیاواز نه‌بووه. ئه‌گه‌ر بۆ نموونه موقایه‌سه‌ی بكه‌ین له‌گه‌ڵ یه‌كیه‌تی نیشتمانی، ئه‌وان له 1976 نامیلكه‌یه‌كیان نووسیوه به نێوی "یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان، بۆچی؟" له‌وێدا ته‌وزیحیان داوه ده‌ڵێن یه‌كیه‌تی نیشتمانی كوردستان نیمچه به‌ره‌یه، نیمچه به‌ره‌یه‌كه هه‌ر له ئه‌وه‌ڵه‌وه سێ ته‌یار یان سێ خه‌ت و گه‌رایشی تێدا بووه. تا ماوه‌یه‌كی زۆر ئه‌وان ئاوا هاتن و له‌م ساڵانه‌ی دواییدا خه‌ریكن ده‌بن به حیزب. ئێمه مێژوومان له‌م باره‌یه‌وه فه‌رقی هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌وان. ئێمه هه‌رگیز نیمچه به‌ره نه‌بووین، هه‌ر له هه‌وه‌ڵه‌وه رێكخراوێكی یه‌كخه‌ت بووین، حیزبی خه‌تێكی سیاسی بووین، ئێمه به‌رێبازی سیاسییه‌وه ده‌ناسرێینه‌وه نه‌ك به‌حیزبی گه‌رایشگه‌لی جیاواز. به‌ڵام دیاره له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێبازه‌دا قسه و لێكدانه‌وه و راده‌ربڕینی جیاواز هه‌یه و هه‌میشه‌ش بووه. ئه‌وه له هه‌موو حیزبێكدا مومكینه و پلاتفۆرمێكی جوداشی ناوێت، گروپبه‌ندیی نێوخۆیی ناوێت. له‌وانه‌یه قسه و باسی نێو جه‌له‌سه و موناقشه‌ی زۆرتری بوێ، به‌ڵام به عه‌قیده‌ی من هیچی تری ناوێت. مێژووی ئێمه له‌گه‌ڵ هی حیزبی دێمۆكراتیش له‌م باره‌یه‌وه فه‌رقی هه‌یه كه پێشتر به ته‌فسیل باسم كردووه. ئێمه پێویستمان به حێزبی شۆڕشگێڕ هه‌یه، پێویستمان به‌حیزبی تێكۆشه‌ر‌و خه‌باتكار هه‌یه، ئه‌مه پێویستیی كۆمه‌ڵگای كوردستانی رۆژهه‌ڵات‌و بزووتنه‌وه‌كه‌یه‌تی. حیزبێكی یه‌كگرتوو و به‌هێز، حیزبێكی به‌توانا‌و به كیفایه‌ت كه سه‌ری جه‌ماوری كوردستان به‌رز كاته‌وه. خه‌ڵك بڵێن ئه‌وانه شۆڕ‌شیان پێده‌كرێ، ئه‌وانه حیزبی سه‌ختی‌و رۆژی ته‌نگانه‌ن، تا ئاخرین له‌حزه پشتی یه‌كتری به‌رناده‌ن. له عه‌ینی حاڵ‌دا حیزبێكی ژیر‌و مه‌سئوولن، حیزبێكی ئه‌وڕۆیی و واقیعبینن، له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا‌و ئورووپا‌و له‌گه‌ڵ هه‌موو دنیاش قسه ده‌كه‌ن و نێوان و دۆستایه‌تی بۆ گه‌لی كورد داده‌مه‌زرێنن، ده‌زانن له ئاستی ئێرانی و ناوچه‌یی و جیهانیشدا چۆن مامه‌ڵه بكه‌ن‌و كڵاو نه‌چێته سه‌ریان. ئه‌مانه پێویستییه‌كانی حیزبی ئێمه‌ن. ده‌نا ئێوه به‌من بڵێن كێ به‌قه‌ده‌ر ئه‌م حیزبه كۆڵه‌واره‌ی ئێمه له شه‌ش مانگی رابردوودا نامه‌په‌ڕاكه‌نی كردووه و شه‌ڕی لابه‌لاو خۆڕایی به‌خۆی فرۆشتووه؟ ئاوا رێفۆرم ده‌كه‌ین؟ ئاوا گه‌شه ده‌ده‌ین؟ به‌پێچه‌وانه، پێی ده‌شكێین‌و سووك ده‌بین. وه‌رن با ئه‌مانه نه‌هێڵێن له‌ناوخۆماندا، فه‌رهه‌نگێكی سالم و هاوڕێیانه بكه‌ینه‌وه باو له‌نێوخۆماندا. دیالۆگ ئازاده، باس و لێكدانه‌وه و ره‌خنه و موناقه‌شه ئازاده، قسه ئازاده و هه‌موو كه‌س ده‌بێ رێز له‌وانه بگرێت، من بۆ كه‌سێك كه خاوه‌نی نه‌زه‌ری جیدی بێت رێز داده‌نێم، دیاره ئیحترامیشم هه‌یه بۆ ئه‌و پێنج هاوڕێیه به‌ڵام باوه‌ڕ بكه‌ن هاوڕێیانی كه‌مینه نووسراوه‌كه‌تان پڕه له بێمبالاتیی تیئۆریك، یانی زه‌حمه‌تتان نه‌داوه به خۆتان ئینسیجامێكی تیۆرێك بده‌ن به نه‌زه‌ره‌كانی خۆتان، وه‌ك لێفه‌ی چل تیكه‌ی كوردی وایه هه‌ر په‌ڕۆیه‌كیتان له جێیكه‌وه هێناوه پێكه‌وه‌تان دوریوه. مه‌رحه‌باییتان له‌سه‌د گرایشی دژبه‌یه‌ك كردووه و چرای سه‌وزتان به سه‌د بیری ناكۆك له‌گه‌ڵ یه‌ك داوه، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر چۆنێك بێت خه‌ڵكێك كۆ كه‌نه‌وه و كه‌مینه‌یه‌ك پێكه‌وه نێن و دژایه‌تی ئێمه‌ی پێبكه‌ن؟ ئاخر چۆن واده‌بێت؟ یان مه‌سه‌له‌ن له جێگه‌یه‌كی دیكه‌ی نووسراوه‌كه‌یاندا ده‌ڵێن كه ئێمه و باقی ئه‌حزابی كوردی رۆژهه‌ڵات ماوه‌یه‌كی زۆره نه‌چوینه‌وه ئێران و له كاری پڕ به‌پڕ له نێو كۆمه‌ڵگای كوردستان و له‌نێو بزووتنه‌وه‌كه دوور بوین و ده‌بێ حه‌تمه‌ن چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌وه بدۆزرێته‌وه. لێره و له‌وێش باسی قه‌ندیل و چوونه قه‌ندیل وه‌كوو ئالتێرناتیڤێكی واقیعی ده‌كه‌ن. ماڵی ئه‌و كه‌سه وێران بێت پێی خۆش نه‌بێت چاره‌سه‌رێكی بۆ بدۆزێته‌وه. ئاخر هه‌مووان هه‌ر خه‌ریكی ئه‌وه‌ین. ئه‌من له بیرمه، ئه‌مه وه‌كوو جۆكێك بۆتان ده‌گێڕمه‌وه، وه‌ختی خۆی ئیتحادییه‌ی كۆمۆنیستها هه‌بوون پێنج شه‌ش كه‌سێك بوون له خێوه‌ته‌كانی لای خۆمان، به‌گوێره‌ی ئه‌فكاری مائۆئیستی ئه‌و وه‌خته‌یان ده‌هاتن ده‌یانكوت ئێمه ره‌خنه‌مان هه‌یه له كۆمه‌ڵه، ئه‌وه ئێمه‌ش پڕبه‌پڕ به چه‌ند هه‌زار پێمشه‌رگه‌وه خه‌ریك بووین شه‌ڕمان ده‌كرد له كوردستان، ده‌یانگوت ئێمه ره‌خنه‌مان له كۆمه‌ڵه هه‌یه، هه‌رچی به‌كۆمه‌ڵه ده‌ڵێین ده‌بێ پڕاوپڕ تێبكۆشن، له‌سه‌ختی و له قوربانیدان نه‌ترسن، شه‌پول شه‌پۆل بچنه پێشه‌وه، ئیمپریالیزم و كۆنه‌په‌رستانی نێۆخۆ تێك بشكێنن و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنن، هه‌رچی پێیان ده‌ڵێین واناكه‌ن. كوڕه ده‌مانگوت كاكه ئێمه‌ش هه‌ر خه‌ریكی ئه‌وه‌ین، هه‌ر ئه‌ونده‌مان بۆ كراوه. ئێستاش كه ئاوا ناواقیعییانه قسه‌یه‌كی سه‌رپێیی بۆ به‌ناو چاره‌سه‌ری له تاراوگه هاتنه‌ده‌ری ئێمه ده‌كرێ به‌لامه‌وه سه‌یره. ئاخر كاكه گیان ئێمه له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێكی سیاسی به‌ئه‌زموونی كه هه‌موومان زۆر كراسمان له‌سیاسه‌تدا دڕاندووه خه‌ریكین قسه ده‌كه‌ین. ئه‌و رێگه چاره‌یه فه‌وری و هاسانه چییه ئێوه خۆتان كردووه به خاوه‌نی؟ ئاخر فایده‌ی پێكهێنانی ئه‌م خۆش خه‌یاڵییه له‌نێو خه‌ڵكیدا چییه؟ ئه‌گه‌ر رێگه‌یه‌كی واقیعی هه‌یه بێگومان به هه‌موومان پێشوازی لێده‌كه‌ین كه بچینه‌وه سه‌ر خاكی خۆمان، به‌ڵام به لێكدانه‌وه‌یه‌كی واقیعبینانه ده‌زانین كه ئه‌مه به چه‌ندین هۆكاری گه‌وره‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، یان ده‌بێ له ئێران ئاڵۆزییه‌كی گه‌وره، راپه‌ڕینێك، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی سیاسی روو بدات، یان ده‌بێ بارودۆخی ناوچه‌كه بگۆڕێ، ده‌نا هه‌ر وا مل پێوه نێی ئه‌وه به‌ره‌و ماجه‌راجوییت ده‌كێشێ، به‌ره‌و كاری نه‌سه‌نجیده‌ت ده‌كێشێ له ئێستای كوردستاندا. كێ پێی ناخۆشه كه بچێته‌وه سه‌ر خاكی خۆی كوردستان، ئه‌مه خه‌ونی هه‌موومان و هه‌وڵی هه‌موومانه، به‌ڵام ئه‌مه خۆ به قسه نییه، به‌وه نییه له‌لای پێشمه‌رگه‌ی گه‌نجی كه‌م ئه‌زموون وا له قه‌ڵه‌م بده‌ی كه زۆرایه‌تی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی ناهێڵێ ده‌نا واو وامان ده‌كرد. هه‌رچه‌ندی كردوومانه له‌چالاكی پێشمه‌رگانه هه‌موو پێكه‌وه كردوومانه. كه‌س به قسه خۆی نه‌كا به قاره‌مانی بوواری چالاكیی پێشمه‌رگانه. به‌هه‌رحاڵ مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له به‌عزێك شت‌دا به‌خه‌یاڵ ده‌تخه‌ن به‌و لادا و به‌خه‌یاڵ دروستی ده‌كه‌ن ته‌نیا بۆ هه‌ڵخراندنی مێشكه ساده‌كان. ئاخر شتێكی ئاوا نییه، دوو نه‌وع كه‌سمان نییه ئه‌وانه‌ی خۆیان راده‌پسكێنن و ده‌بێت به‌زۆر بیانگری ده‌نا خۆیان به‌ئێراندا ده‌كه‌نه‌وه و ژماره‌یه‌كیش هه‌ن پاڵیان لێ داوته‌وه و هه‌ر گوێیان نابزوێت بۆ چوونه‌وه بۆ ئێران. ئه‌وه زۆر نامه‌سئوولانه‌یه و زۆریش ناواقیعییه، ئێمه دوو نه‌وع كه‌سی ئاوامان نییه. هه‌موومان، به‌پیر و لاوه‌وه، له‌سه‌ر پێین بۆ چوونه‌وه و كاتی خۆی كه‌س له كه‌س دوا ناكه‌وێ. له جێیه‌كی دیكه ده‌ڵێن ئێمه نابێ سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانیمان هه‌بێت، مه‌به‌ستیش گۆیا ئه‌وه‌یه كه نابێ چاومان له ئه‌مریكا و كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئێران بێت، به‌ڵكوو ده‌بێ له‌سه‌ر خه‌ڵك و له‌سه‌ر بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان حیساب بكه‌ین. ئه‌م قسه‌یه‌ش زۆرتر بۆ سیگناڵ ناردن بۆ ده‌ره‌وه دروست كراوه، به‌ڵام بۆ كه‌سانێكی جیاواز، بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌متر ئاگایان له راستییه‌كانی نێو ئێمه هه‌یه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وه‌یه چه‌پی دژی ئه‌مریكایی ئێران و به‌عزێك كه‌سی دیكه بكه‌ونه ئه‌و باوه‌ڕه‌وه كه گۆیا سیاسه‌تێكی چاوه‌روانی و ده‌سته‌وه‌ستانی له‌لایه‌ن رهبه‌ریی كۆمه‌ڵه‌وه ره‌چاو ده‌كرێ و كه‌مینه‌یه‌كیش هه‌یه كه دژیه‌تی و له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر و كاری جه‌ماوه‌ری پێداگری ده‌كات. به‌ڵام ئه‌مه ئه‌سڵ و ئه‌ساسی نییه. ئه‌گه‌ر ره‌خنه‌یه‌كی ئاوا هه‌یه، كه زۆر كتوپڕه و هه‌تا دووسێ هه‌فته له‌وه پێش هه‌ر باسیشی نه‌بوو، ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌كی راستگۆیانه و كۆنكرێت نیشان بدرێ و ئیسبات بكرێ، ده‌نا ده‌چێته خانه‌ی بڵاو كردنه‌وه‌ی ئیبهام و گومانی بێبنه‌ما. باوه‌ڕم پێبكه‌ن سیاسه‌تی چاوه‌ڕوانی وه‌كوو سیاسه‌تێكی غه‌ڵه‌تی ده‌سته‌وه‌ستان مانه‌وه و پاسیو بوون بۆخۆم باسم كردووه، باره‌ها وتووێژم له‌سه‌ر كردووه و شیم كردۆته‌وه كه نابێت هه‌ر چاوه‌ڕوان بین بزانین له ده‌ره‌وه‌ی ئێمه چۆنه و چی دێته پێشه‌وه، ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین ژینگه‌ی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بگۆڕین، ده‌بێ له‌سه‌ر بزووتنه‌وه جه‌ماوه‌رییه‌كان كار بكه‌ین، ده‌بێ كاری رێكخستن په‌ره پێبده‌ین، ده‌بێ بڕوا به‌خۆی خه‌ڵك زیاد كه‌ین و هتاد. ئێستا هه‌ر ئه‌و باسه‌ی خۆم بۆ په‌ره پێدان به كار و چالاكیی سیاسی هێناومه‌ته گۆڕێ، خه‌ریكن به‌چاوی خۆمی دابده‌نه‌وه. وا دیاره ئه‌وه‌ش خه‌ریكه به‌ده‌ردی باسی چاكسازییه‌كه ده‌چێ! بێجگه له‌وه ئه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵه بۆ هیچ باستان نه‌بوو، بۆ هیچ قسه‌یه‌كتان له‌سه‌ر سیاسه‌تمان سه‌باره‌ت به ئه‌مریكا نه‌بوو، چۆن بوو هه‌ر كه له‌گه‌ڵ ره‌هبه‌ریی كۆمه‌ڵه تووشی ناكۆكییه‌ك هاتن فه‌وری كه‌وتنه بیری ئه‌وه‌ی ببن به ره‌خنه‌گر له‌و سیاسه‌ته؟ چلۆن بوو هه‌وه‌ڵ جار له هه‌فته‌كانی رابوردوو و له‌و پلێنۆمه‌ی كه باسی كه‌مینه‌تان هێنا ئاراوه، له‌ناكاو ده‌ستتان كرد به‌وه‌ی داوای قه‌تعنامه به‌دژی ئه‌مریكا و شه‌ڕخوازیی ئه‌مریكا و به‌دژی سزا ئابوورییه‌كانتان بكه‌ن؟ هه‌موومان ده‌زانین چاوه‌روانیی خۆڕایی و ده‌سته‌وه‌ستانی سیاسه‌تێكی خراپه، به‌ڵام ده‌قیقه‌ن مه‌به‌ست چییه؟ تۆ چ ده‌كه‌یت و چ حاڵه‌تێك له كۆمه‌ڵه‌دا پێك دێنیت كه بتوانی له پڕدا به پێشمه‌رگه‌وه بچیته‌وه سه‌ر خاكی خۆت و هه‌موو كوردستانیش بكه‌یته كۆمیته و رێكخستنی خۆت و دوژمنانیش تێك بشكێنی؟ رێگه چاره‌ی چاره‌ی ئاوا هاسان نییه و ئه‌مه ته‌نیا دێماگۆژی و كایه به مێشكه ساده‌كانه. نووسراوه‌كه‌ی كه‌مینه له جێیه‌كی دی‌دا ده‌ڵێ ئێمه له هه‌ر ئیئتیلافێكی ئێرانی‌دا ده‌بێت زۆر شه‌فاف له داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد داكۆكی بكه‌ین. ئه‌م قسه‌یه ده‌قاوده‌ق له گوزارشی سكرتێر بۆ پلێنۆمدا هاتووه و له‌وێدا ته‌وزیحمان داوه و باره‌هاش وه‌كوو پره‌نسیپێكی سیاسی ئێمه ته‌ئكیدی له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه. هاوڕێیانی كه‌مینه ئه‌و باسه‌یان به‌هه‌ندێك كه‌م و كووڕیشه‌وه له‌وێ هه‌ڵگرتووه و به‌ته‌مان بیكه‌ن به دیاری ده‌ستی خۆیان. ئه‌مه سیاسه‌تی ره‌سمی و هه‌روه‌ها عه‌مه‌لیی ده‌فته‌ری سیاسی و كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی كۆمه‌ڵه بووه، كه‌س بۆی نییه موساده‌ره‌ی كا و به‌دژی خه‌ڵكی دیكه به‌كاری بێنێت. مه‌به‌ستی ته‌لویحی ئه‌و جۆره باس كردنه ئه‌وه‌یه كه گۆمانێكی لێڵ و دیارینه‌كراو بخانه سه‌ر سیاسه‌تی سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه كه گۆیا ئه‌وان وا ناڵێن و وا ناكه‌ن. به‌ڵام ئاخر ئه‌مه واقیعی نییه، ئه‌مه راست نییه. ئه‌م سیاسیه‌ته چاكتر به‌یانیش كراوه و ره‌چاویش كراوه و هه‌مووی به‌ڵگه‌شی له‌سه‌ر هه‌یه. له ساڵی رابردوودا چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی پاڵتاكی یان حوزووری له‌گه‌ڵ ئوپۆزیسیۆنی ئێرانی كراوه، بڕۆن له هه‌موو به‌شداربووانی ئه‌و كۆنفرانسانه و له‌وانه حیزبی دێمۆكراتی ئێران كه رێكخراوێكی ئۆپۆزیسیۆنی نێوخۆیین له ئێران و نهێنین و له‌و كۆبوونه‌وانه‌دا به‌شدار بوون و له حیزبی دیموكراتی كوردستانیش و له زۆر كه‌سی دیكه بپرسن، له‌و كه‌سانه‌ی كه له داخڵی ئێرانه‌وه له سێمیناره‌كاندا به‌شدار بوون بپرسن بڵێن نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵه به‌راشكاوی و به شه‌فافیه‌تی ته‌واوه‌وه له ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد، له فره‌نه‌ته‌وه بوونی ئێران، له فێدرالیزم دیفاعیان كردووه یان نا؟ بپرسن بزانن ئایا هه‌ر كه نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵه هاتنه نێو باسه‌كان یه‌كسه‌ر رای گشتی و گوتاری ناو ئه‌و جه‌له‌ساته‌ی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانیان گۆڕی یان نا؟ ئایا له كاتی پێویستدا به ئیعتیراز چوونه ده‌رێ یان نا؟ دوایه كه هاتنه‌وه ئایا رێك هه‌ر ئه‌و پاراگرفه پێشنیاركراوه‌كه‌ی نوێنه‌ری كۆمه‌ڵه له‌لایه‌ن حیزبی دیمۆكراتی كوردستانیش و زۆرێك له به‌شداربووانی دیكه‌شه‌وه وه‌كوو بنه‌مایه‌ك قبووڵ كرا یان نا؟ ئێستاش ئه‌و مادده‌یه وه‌كوو فورمولبه‌ندیی كورده‌كان له‌حاست ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هه‌یه، ئایا كه‌ستان هه‌بوو یا هه‌یه ره‌خنه‌ی لێبگرێ؟ ئه‌مانه هه‌موو ده‌سكه‌وتی كۆمه‌ڵه‌ن و هاوڕێیانی كه‌مینه‌ش وه‌كوو من ده‌زانن و كاتی خۆی هه‌موومان به نوخته‌یه‌كی به‌هێزمان ده‌زانی، ناكرێ ئێستا بۆ ئه‌وه‌ی خۆ به ئۆپۆزیسیۆن نواندنه‌كه‌ت به مه‌شرووع له قه‌ڵه‌م بده‌ی، راستییه‌كان له‌به‌ر چاوی خه‌ڵك بگۆڕی و گوێشت له‌وه نه‌بێ ئه‌مه چ زیانێك به كۆمه‌ڵه ده‌گه‌یه‌نێ. ده‌پرسم خۆشیی پێكهێنانی ئه‌و دڵ كرمۆڵییه بێ‌بنه‌مایه له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵه چییه؟ بڵاو كردنه‌وه‌ی دوودڵی به‌رامبه‌ر به سیاسه‌تی شه‌فافی كۆمه‌ڵه له ده‌ره‌وه‌ی خۆمان چ خزمه‌تێك ده‌كا؟ ئه‌ی بۆ كاتی خۆی كه ئه‌مانه گوزارش ده‌كرا، هیچ ره‌خنه‌یه‌ك له‌لایه‌ن ئه‌م هاوڕێیانه‌وه نه‌گیرا؟ یا خێر دیسانه‌وه خاڵێكی دیكه‌ی تێدایه له‌و نه‌وعه‌ی كه ته‌لویحه‌ن و به‌خشكه خه‌ریكه شتێكت به‌سه‌ردا ببڕێ. ده‌نووسن كه ئێمه ده‌بێ به‌شه‌فافییه‌ته‌وه له نیزامی كۆماری داكۆكی بكه‌ین و هه‌ڵوێستی روونمان به‌دژی نیزامی پاشایه‌تی هه‌بێت! بابه له شاخ و داخی ئه‌فغانستان پاشایه‌تی نه‌ماوه، له عیراقێك كه سه‌رتاسه‌ر عه‌شائیری و تائیفییه پاشایه‌تی نه‌ماوه، قابیله له كۆمه‌ڵه‌دا و ئه‌ویش له سه‌ركردایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌دا كه‌س له فه‌رهه‌نگی پاشایه‌تی دیفاع بكات؟ ئه‌و لێڵ كردنه به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌ڕاشكاوی و به رۆشنی مه‌به‌ستت له‌و باره‌یه‌وه بڵێی ته‌نیا مانای ئه‌وه‌یه كه خه‌ریكی ئیتیهام ده‌خه‌یه پاڵ خه‌ڵكی. كه‌مینه دروست كردن ئاوا نابێت، پلاتفۆرم و نه‌زه‌ردان ئاوا نه‌بێت. ئاخر تۆ ده‌بێت رێز له حه‌ریفه‌كه‌ت بگری و نه‌زه‌ری واقیعی حه‌ریفه‌كه‌ت چییه ره‌خنه له‌وه بگری، ده‌نا به‌خشكه قسه‌ی بۆ هه‌ڵبه‌ستی و بیخه‌یه سه‌ر زار و زمانان خۆ ئه‌وه نه‌بوو به ره‌خنه گرتن. نووسراوه‌كه‌ی هاوڕێیانی كه‌مینه له‌سه‌ر "كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران" كۆمه‌ڵێك ره‌خنه و تێبینی باس ده‌كا و وای ده‌رده‌بڕێ كه كه ئێمه ده‌بێ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كان به‌جێ بهێڵین، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌ك دوو گرووپی تێدایه به دڵی ئێمه نییه. ده‌كرێ بڵێی له هه‌موو راگه‌یاندنه‌كه‌ی كه‌مینه‌دا ئه‌مه یه‌كێك له‌و دوو سێ خاڵه‌یه كه سیاسه‌تێكی جیاواز له خه‌تی ره‌سمی كۆمه‌ڵه ده‌رده‌خا. به‌ڵام رێك یه‌كێك هه‌ر ئه‌و خاڵه‌شه كه به‌ئاشكرا هه‌ڵه‌یه و به‌زیانی كۆمه‌ڵه و به‌زیانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كان و به‌زیانی بزووتنه‌وه‌ی دێمۆكراسیخوازی و بزووتنه‌وه‌ی دژی كۆماری ئیسلامییه. لاواز كردنی "كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كان" و هاتنه‌ده‌ری كۆمه‌ڵه له‌و ئیئتیلافه سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌یه. به‌ره‌یه‌ك بۆ گه‌لانی بنده‌ستی ئێران پێشنیاری ئێمه بوو، بیرۆكه‌ی ئێمه بوو، زه‌حمه‌تمان بۆ كێشاوه، دۆستمان پێ په‌یدا كردووه، چۆن ده‌بێت هه‌روا لێی بێینه ده‌رێ؟ تازه ورده ورده خه‌ریكن له‌دنیادا فره‌نه‌ته‌وه بوونی ئێران ده‌ناسن. ده‌ڵێن به‌عزێكیان نفووزیان كه‌مه، وایه و هه‌ر له سه‌ره‌تاشه‌وه ده‌مانزانی زۆرێكیان پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیان كه‌مه. بۆ نه‌مان ده‌زانی؟ هیچ كه‌س له ئێران بۆ پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری ناگاته ئۆپۆزیسیۆنی كورد، جا ئه‌گه‌ر وابێت ده‌بێ له‌گه‌ڵ هیچ كه‌س هاوكاری نه‌كه‌ین، چونكه هیچ كه‌س له ئێران نه به‌قه‌ده‌ر كورد پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری هه‌یه، نه ئه‌وه‌نده‌ش له‌سه‌ر پێیه بۆ رووخاندنی ئه‌و رژیمه، ... ئه‌گه‌ر وابێ له گه‌ڵ هیچ كه‌سدا له ئێران هاوكاری نه‌كه‌ین. ده‌ڵێن كه‌سایه‌تی یان گرووپی وای تێدایه كه گونجاو نین، ره‌ئی خراپیان هه‌یه، ئه‌مه‌ش وایه و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر یه‌ك دوو گرووپی بچووكی ئازه‌ربایجانی. هه‌موومان ئه‌وه ده‌زانین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تۆ چوویه نێو ئیئتیلافێكی فراوانه‌وه دیاره هه‌موویان به‌دڵی ئێمه نابن، به وته‌ی كوردی "زۆڵه‌ك"یشی تێده‌كه‌وێ. نه‌ك هه‌ر به‌ره‌ی گه‌لانی ئێران به‌ڵكوو له ئیئتیلافی دێمۆكراسیخوازی فراوانی ئێرانیشدا هه‌ر وا ده‌بێ، له‌وێش كه‌س یان لایه‌نی وای تێده‌كه‌وێ كه خاوه‌نی پێگه‌یه‌كی راسته‌قینه‌ی جه‌ماوه‌ری نین، دێمۆكراسیخوازی راسته‌قینه نین، خاوه‌ن پێشینه نین، به‌ڵام مه‌جبووری قبووڵی بكه‌یت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حاڵه‌ته‌كه‌ت ئیئتیلافییه، له‌سه‌ر ئه‌وه په‌كی ئه‌سڵی پرۆژه‌كه‌ت ناخه‌یه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌وه لێی نایه ده‌رێ، به‌ڵام به خه‌باتی خۆشت له‌دژی ئه‌و دیارده نیگه‌تیڤانه درێژه ده‌ده‌ی، خه‌ڵك روون ده‌كه‌یه‌وه، خه‌ڵك كۆ ده‌كه‌یه‌وه، یانی له راستیدا خه‌بات له نێوخۆی ئه‌و جۆره ئیئتیلافانه‌شدا هه‌ر به‌رده‌وامه، مه‌گه‌ر هیچ رێگه‌ی كاركردنمان له‌وێدا نه‌مێنێ. له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ڵوێستی نووسراوه‌كه‌ی هاوڕێیانی كه‌مینه به نه‌زه‌رێكی مه‌سئوولانه و جیدی له رووی تاوتوێكردنی مه‌سه‌له‌كه‌وه نابینم. ئه‌مه بۆ فشار هێنان بۆ ئه‌م وئه‌و نووسراوه. به‌م جۆره ده‌بینن كه نووسراوه‌كه‌ی هاوڕێیانی كه‌مینه نیوه‌ی زیاتری خاڵه هاوبه‌شه‌كانن، به‌شێكی ئه‌سڵه‌ن نه‌زه‌ری هیچ كه‌س نییه له‌خۆڕا حه‌مله‌ی پێده‌كه‌ن، به‌شێكی ئه‌م جۆره ئیبهام په‌راكه‌نییانه‌ی تێدایه كه به‌داخه‌وه بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك كراوه به به‌رچه‌سپ و به گورچووی خه‌ڵكی دادراوه. ئه‌وانه خۆ نابن به پلاتفۆرمێكی راسته‌قینه. ئه‌و كارانه‌ش سادقانه نییه، هاوڕێیانه نییه، له باری ئاستی زانستی و ئه‌خلاقی سیاسیشه‌وه نزمه. راستییه‌كه‌ی، من ئه‌و جۆره هه‌ڵوێست وه‌رگرتنانه كه هیچ ره‌سه‌نایه‌تییه‌كیان تێدا نییه و بۆ جه‌وسازی و فشارهێنان خراونه‌ته پاڵ یه‌ك هیچیان به‌جالب نازانم. من قسه‌كانم به‌وه كۆتایی پێ‌دێنم كه ئه‌و هاوڕێیانه نه مه‌واد و كه‌ره‌سه‌ی كافیان بۆ ئه‌وه هه‌یه كه له باری ناوه‌رۆكه‌وه بتوانن كه‌مینه‌یه‌ك بده‌ن و نه مه‌سڵحه‌تی سیاسی و حیزبیی ئێمه له دانی كه‌مینه‌یه‌كی ئاوا دایه، بێجگه له دانی ته‌سویرێكی خراپ به خه‌ڵك، بێجگه له نیگه‌ران كردنی خانه‌واده‌كان، ئه‌ندامان، دۆستان و لایه‌نگران له كوردستانی ئێران هیچ فایده‌یه‌كی نه‌بووه. بڕۆن له هاوڕێیانی زاگرۆس بپرسن ده‌ڵێن كه‌سانی وا بوون له‌هاوڕێیانی خۆمان له كوردستانی ئێران كه ته‌واوی خانه‌واده‌یان زۆرزۆر گریاون. كوتویانه ئێمه روومان نییه، ئاخر چۆن سه‌رمان به‌رز بكه‌ینه‌وه ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵه جارێكی دیكه شتێكی دیكه‌ی لێبێت، چۆن سه‌رمان به‌رز بكه‌ینه‌وه له به‌رابه‌ر ده‌ر و دراوسێی خۆماندا. خه‌ڵكانێكی زۆرتان شۆكه كردووه به‌و كاره، چ پێویست بوو ئه‌وكاره بكه‌ن؟ ئه‌م كاره ناپێویست بوو، نامه‌سئوولانه بوو، جێگه‌ی خۆی نه‌بوو، له‌پێناو ته‌قویه‌تی كۆمه‌ڵه‌دا نه‌بوو، به‌داخه‌وه. كۆتایی
|
|||||||