|
دووهفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه - کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
جوانی یاخود راستی؟ رۆژیار سه‌عیدی یوونانییه‌كان سێ بابه‌تیان وه‌كوو هه‌وێنی ئۆقره‌و هێمنی مرۆڤ ره‌چاو ده‌كرد، "حه‌قیقه‌ت"،"خێر"و"جوانی"، به دواداچوونی حه‌قیقه‌ت له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا، "زانست"ی به‌دیهێنا‌و، گه‌ڕان له خێر "ئه‌خلاق"ی پێشكه‌ش كرد‌و به‌دوای جوانییه‌وه بوون "هونه‌ر"ی لێكه‌وته‌وه. كه بگه‌ینه ده‌سنیشانكردنی پله‌و پێگه‌ی ئه‌م بابه‌تانه، حه‌قیقه‌ت یاخۆد"راستی" له پله‌ی یه‌كه‌مدا داده‌نرێ‌و پله‌ی دووهه‌م تایبه‌تی خێر یان "چاكه"یه‌و "جوانی"ش له ژێر تیشكی حه‌قیقه‌ت‌و خێردا پێناسه ده‌كرێت. له‌و رووه‌وه كه فه‌لسه‌فه سه‌رترین‌و یه‌كه‌م ده‌سكه‌وت‌و دواهاتی حه‌قیقه‌ته كه‌واته ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به هونه‌ر یان جوانی له لایه‌ن فه‌لسه‌فه‌وه دێـته پانتای مه‌عریفه‌و ناسین "حه‌قیقه‌تی جوانی"یه. ده‌كرێ گه‌لێك پرسیار له‌مه‌ڕ "حه‌قیقه‌تی جوانی" گه‌ڵاڵه بكرێـت: یه‌كه‌م خاڵ ته‌رخانه بۆ پرسیار له شوێن‌و ئاخێزگه‌ی جوانی، ئاخ‌و جوانی له‌شتی به جوان پێناسه‌كراودایه‌یان بینه‌ر ده‌بێ خاوه‌نی سروشتی جوانیبین‌و جوانیناس بێت؟! دیاره وڵامی ئه‌م پرسیاره دوو ره‌هه‌ندی سوبژكتیڤ‌و ئۆبژكتیڤ ده‌گرێته‌وه، ته‌نانه‌ت شیمانه‌ی بڕوا به ئاوێته‌یی ئه‌م دوو چه‌شنه بینینه‌ش ده‌كرێت. ئه‌گه‌ر جوانی له شته‌كه خۆیدا به‌دیبكرێ‌و وڵامی پرسیاره‌كه به‌م شێوه بدرێته‌وه، جوانی بابه‌تێكی objective له‌قه‌ڵه‌م دراوه‌و كه وه‌كوو بابه‌تێكی subjective دانرا، مانای قایل بوون به ئاماده‌یی جوانی له بینه‌ردا ده‌گه‌یه‌نێت. پرسیاری دووهه‌م ئه‌وه‌یه كه ئاخۆ جوانی جۆراوجۆره یاخود ته‌نیا یه‌ك جۆر جوانی له ئارادایه؟ ئاخۆ جوانی ئاسمان‌و مرۆڤ‌و بینا‌و ته‌لارێك یه‌ك ما‌نایان هه‌یه؟ ئاخ‌و جوانی له بنه‌ڕه‌تدا چۆناوچۆن‌و به هۆی چ هۆكارێكه‌وه به دیهاتووه؟ ئایا به‌ری دژبه‌ره‌كییه‌كانه یا خود رێككه‌وتن‌و گونجاون؟ ئایا جوانی پێناسه هه‌ڵده‌گرێت؟ ئاخ‌و هه‌ر دیارده‌یه‌كی جوان به پێی سروشت له ده‌روونێكی جوانه‌وه هه‌ڵقولاَوه؟ ئه‌مانه‌و ره‌نگه زۆرپرسیاری دیكه‌ی سه‌ربه‌م ره‌نگاله باسكراوه ئه‌و كۆمه‌ڵه پرسیاره‌ن ده‌كرێ له جوانی وه‌كوو دیارده‌یه‌ك بێته مه‌یدان. به‌ڵام جوانی ئێجگار رێژه‌ییه، بابه‌تێكه له گه‌لێك رووگه‌و سۆنگه‌ی جۆراوجۆره‌وه ده‌كرێ تاوتوێ بكرێ‌و ژماره‌یه‌كی هه‌ره زۆری هۆكاره‌كان تێیدا كاریگه‌ر بن. بۆ نموونه، بونیادی میتافیزیكی جوانی، ئاكامی ره‌هه‌نده‌كانی روانین له شتی جوان، فۆڕمه‌كانی جوانی‌و پێوه‌ندی سته‌تیكا‌و سیمبۆلیزم، پێوه‌ندی ستاتیكا‌و ئه‌خلاق، جوانی‌و زه‌وق و سه‌لیقه، جوانی له ئایین و ئایینزا جۆراوجۆره‌كاندا‌و جوانییه پیرۆزه‌كان‌و هتد. دیاره پێناسه‌و لێكدانه‌وه‌ی چڕوپڕی سه‌رجه‌م ئه‌م ته‌وه‌رو بابه‌تانه له‌روانگه‌ی بیرمه‌ندان‌و فه‌یله‌سووفانه‌وه به ده‌سته‌وه دراوه‌و ته‌نانه‌ت جارجاره‌ش روونكردنه‌وه‌و به‌ڵگاندنه‌كانیان، مشت‌و مڕی گرژ‌و به ته‌وژمی له‌گه‌ڵ بووه. به‌ڵام به ڕای من دووره‌په‌رێز بوون له پشتبه‌ستن به تیۆری‌و بۆچوونه پێشووییه‌كان سه‌باره‌ت به جوانی‌و جوانیناسی‌و ئاماژه به گوته‌و بیروڕاكانی ئه‌وان له‌مه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌وه وه‌كوو بابه‌تێكی فیكریی سه‌یرو جێی رامان بۆ هێنانه به‌رباس‌و نووسینی وتارێك به‌م شێوه‌و ناوه‌رۆكه‌وه كه مه‌به‌ستیه‌تی له دیارده‌یه‌كی تاڕاده‌یه‌ك نوێی پانتای رۆژنامه‌گه‌ری‌و ژورنالیزمی نێوانی بدوێ، گرینگی تایبه‌تی هه‌یه. چونكه خستنه به‌ر باسی سیما‌و رواڵه‌ت له باتی لێكدانه‌وه‌ی زانستیانه‌و گرتنی هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر پرسی مه‌به‌ست، یه‌كێكه له‌و تازه‌گه‌رییانه‌ی هه‌نووكه له میدیا‌و چاپه‌مه‌نییه‌كانی ئێران‌دا له نێوان باڵ‌و لایه‌نه جیاوازه‌كان روون‌و گه‌ش به‌دیده‌كرێ‌و به‌شی هه‌ره پڕڕه‌نگی ئه‌م ئه‌م شه‌پۆله‌ش ژنان‌و كچانی رۆژنامه‌نووس ده‌گرێته‌وه وه‌كوو جنسی مێینه‌و پێویستی ئاماده‌یی‌و بوونی سه‌رجه‌م ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی له ژن وه‌كوو جنس چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كه ئه‌گه‌ر وا نه‌هاته‌وه ده‌كه‌ونه به‌ر په‌لاماری سه‌ركۆنه‌و تانه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان. مادام ئه‌و كه‌سه‌ی له سیما‌و رواڵه‌تیدا به دڵی ئه‌وان نه‌بوو، ده‌بێ بێ ده‌نگی هه‌ڵبژێرێت‌و خۆی یان باشتر بدوێین جوانی‌و ناشرینی خۆی له مه‌حه‌كی دیترانی به‌ده‌ر له بازنه‌كه‌ی خۆی نه‌دات. پێویسته بكوترێ ئه‌م بابه‌ته له‌وه‌ی له پرسێكی ناوخۆ‌و تایبه‌ت به سنووره‌كانی ئه‌م ولاَته بێت ده‌رچووه‌و كه‌سانی به‌ده‌ر له‌م چوارچێوه‌ش بۆ نموونه سیاسه‌توانه یۆنیورساڵه‌كانیش كراونه‌ته به‌شداری ئه‌م ئاهه‌نگه‌و پرشه‌ی وه‌ها هه‌ڵسه‌نگاندنێكیان به‌ركه‌وتووه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی رامان‌و پرسیاره ئه‌وه‌یه‌كه ئاخۆ ئه‌م هه‌رێمه له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی هزریی دامه‌زراوه؟ ئایا ئه‌م باس له جوانی كردنه، چه‌نده حه‌قیقه‌تی له‌خۆگرتووه‌و تا چ راده‌یه‌ك راستی‌و واقیعه‌كان بۆ بینه‌رو خوێنه‌ر دیاری ده‌كات‌و ئاخۆ نواڕین له بابه‌ته‌كان له‌م روانگه‌وه چه‌ند جێی متمانه‌و بڕوایه؟! دوهات‌و ئه‌نجامه‌كانی وه‌ها كه‌ش‌و هه‌وایه‌ك له كۆمه‌ڵگادا چیه‌و له‌سه‌ر كام یه‌ك له لایه‌ن‌و ره‌هه‌نده‌كانی كۆمه‌ڵگا كاریگه‌ری به جێدێڵێ؟
به شێعرێكی فریتیۆف شوان دێینه كۆتایی:
ئه‌گه‌ر رۆح گرینگ نه‌بوایه ئه‌گه‌ر نه‌بوایه، گه‌ڕانه‌وه بۆ ناخ‌و ده‌روون وهه‌روه‌ها بۆ قه‌دروگه‌وره‌یی، ره‌خنه له كه‌س ناگرم مرۆڤ چاری ناچاره به‌ڵام پیرۆزییان بێت ئه‌وانه‌ی وێڕای جوانی شه‌ریف‌و بالاَن.
|
|||||||