|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
بزووتنه‌وه‌ی ژنان و سه‌ركوتگه‌ریی كۆماری ئیسلامی ئاسۆی ڕۆژهه‌ڵات ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه ده‌وری نوێی توند كردنه‌وه‌ی به‌ندی سه‌ركوت له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد زیاتر له هه‌ر توێژێك له نێو كۆمه‌ڵگا، ژنان‌و كچانی خوێندكاری داوه‌ته به‌ر په‌لاماری خۆی. ته‌رحی ئه‌منییه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی كه پاسداران‌و هێزی ئینتزامی رژیم ئه‌مساڵ به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، له بنه‌ڕه‌تدا ته‌رحێكی دژی مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی ژنانه. تایبه‌تیترین بواری ژیانی تاكه‌كه‌سی ژنان، بۆته ئامانجی كۆنترۆلی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. سه‌ركوتی خواسته‌كانی ئه‌م نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا بۆ كۆماری ئیسلامی، ده‌مێك ساڵه پڕه‌نسیپێكی نه‌گۆڕه كه لوتكه‌ی هه‌ره‌به‌رزی كۆنه‌په‌ره‌ستی ئه‌م رژیمه‌ی هێناوه‌ته سه‌ر شانۆی پێشێلكاری مافی مرۆڤ. سه‌ركوتی ژنان بۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد ره‌نگه هاسانترو بێبه‌زه‌یانه‌تر بێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ساڵه‌هایه یاسا‌و باوه‌ڕی ئایینی، شه‌رعییه‌تی ده‌وڵه‌تیی به دژایه‌تی كۆنه‌په‌رستانه‌ی نیوه‌ی كۆمه‌ڵگا داوه‌و وه‌ك ئه‌ركێكی ئایینی لێی ده‌ڕوانێت. هه‌ر ئێستاش سه‌نگسارو شه‌لاق لێدان‌و باقی سزا سه‌ده‌ناوه‌ڕاستییه ئیسلامییه‌كان، له پاڵ زیندان‌و ئه‌شكه‌نجه‌و بازجویی‌و سوكایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی، ته‌واوكه‌ری ئه‌م پڕۆژه‌ی سه‌ركوته‌ن. له‌وكاته‌وه كه ژنان له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه به‌زۆر خرانه گۆشه‌ی ماڵه‌كان‌و پۆششی ئیسلامی‌یان به‌سه‌ردا سه‌پا، گه‌لێك گۆڕانكاری گه‌وره هاتۆته ئاراوه. سی ساڵی رابردوو هێمای ته‌وه‌حوشی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئایینی كۆماری ئیسلامی به دژی ژنان‌و كچانی ره‌نجدیتوی كۆمه‌ڵگا بووه. به‌ڵام ئه‌وه خه‌بات‌و خۆوشیاری سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م توێژه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌تا زه‌مه‌ن ده‌ڕوات، زۆرتر پاشه‌كشه به كولتورو یاسای كۆنه په‌ره‌ستانه ده‌كات. بزووتنه‌وه‌ی ژنان به‌رهه‌می ئه‌م خه‌باته وشیارانه‌و لێبڕاوانه‌یه. بزووتنه‌وه‌ی ژنان به ناچار ده‌بێت له دووبواری سه‌ره‌كیدا خه‌باتی خۆی درێژه پێبدات‌و ئه‌زموونی خه‌باته‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندتر بكات: یه‌كه‌م خه‌بات به دژی پاشماوه‌ی كوولتوری كۆنه‌په‌رستانه‌و پیاوسالارانه‌ی كۆمه‌ڵگاو دووهه‌میش، خه‌بات له دژی ده‌وڵه‌تی دیكتاتۆری ئایینی دژه ژن. ئه‌م ئاڵۆزی‌و سه‌ختییه‌ی خه‌بات بۆ بزووتنه‌وه‌ی ژنان، وای كردووه كه راوه‌ستاوتر له هه‌ركاتێك خه‌باتی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی خۆیان بۆ پاراستنی ده‌سكه‌وته‌كان‌و به‌ره‌وپێش چوونی خه‌باته‌كه‌یان درێژه پێبده‌ن. جێگای شانازییه كه نه هه‌ڵاواردنی جنسی، یاسایی، كولتوری، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی، نه‌یتوانیوه ژنان‌و كچانی ئازادیخواز له خواسته ره‌واكانیان پاشگه‌ز كاته‌وه. ڕۆژانه له سه‌رتاسه‌ری شوێنه جیاوازه‌كانی ئێران‌و به‌تایبه‌ت له‌شاره‌گه‌وره‌كان، له زانستگاكان، له شوێنی كار، له‌سه‌ر خیابان‌و گه‌ڕه‌كه‌كان، ژنان‌و كچان ده‌درێنه به‌ر په‌لاماری سوكایه‌تی. ته‌نانه‌ت دیتنی رواڵه‌تی ژنان‌و كچانی ئازادیخواز بۆ كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت له شه‌قامه‌كان عه‌زاب هێنه‌ره. له كوردستان ئه‌م سته‌م‌و هه‌ڵاواردنه، لایه‌نی سیاسی‌تر و ئه‌منییه‌تی تری به خۆوه‌گرتووه. واته سته‌م به چه‌ند قات قورستر‌و كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌تر له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئیتلاعات‌و ده‌زگا ئه‌منییه‌تییه‌كانی رژیم به دژی ژنان‌و كچان به‌ڕێوه ده‌چێ. تاوانی ئیقدام به دژی ئه‌منییه‌تی میللی، هاوكاری حیزبه سیاسییه‌كانی كوردستان‌و ئیخلالگه‌ری، سه‌رباری هه‌موو تاوانه‌كانی دیكه، له‌لایه‌ن دادگاكانی ئینقلابی شاره‌كانی كوردستانه‌وه ده‌خرێته سه‌ر په‌روه‌نده‌ی ژنان‌و كچانی زیندانی كورد. له‌م نێوه‌دا په‌لامار بۆ سه‌ر خوێندكارانی كچ له‌هه‌موو لایه‌ك زیاتره. به هه‌مان ئه‌ندازه خۆڕاگری له لایه‌ن خوێندكارانی كچی ده‌سگیركراو به دژی سه‌ركوتگه‌ری له نێو زیندانه‌كانی رژیم به‌رده‌وامه. له راستیدا ئه‌م خۆڕاگرییه له نێو بزووتنه‌وه‌ی ژنان له‌م ده‌وره‌یه دا، هێمای تێكۆشان‌و كۆڵنه‌دانه به دژی كۆنه‌په‌ره‌ستی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد. هه‌رچه‌ن سه‌ركوت‌و دژایه‌تی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی كۆماری ئیسلامی، ساڵانێكی زۆره پێناسه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌م رژیمه‌یه، به‌ڵام ناته‌باییه‌كانی ئه‌م سیاسه‌ته سه‌ده نێوه‌راستییانه له‌گه‌ڵ دنیای ئه‌مڕۆ له‌هه‌موو كاتێك زیاتر ده‌ركه‌وتووه. ئه‌مه ده‌خوازێ كه بزووتنه‌وه‌ی ژنان و باقی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به پشتیوانی یه‌كتر، كۆنه‌په‌ره‌ستیی ده‌سه‌ڵات راشكاوانه‌تر به‌رپه‌رچ بده‌نه‌وه. هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵاواردنانه له سه‌ر ژنان ده‌بێ له بنه‌ڕه‌تدا به خه‌باتی بزووتنه‌وه‌ی ژنان هه‌ڵته‌كێت. ئه‌قڵییه‌تی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی پیاوسالاریش به بێ پشتیوانییه‌كی به‌هێزی یاسایی،له كه‌ف وكوڵی ئه‌م گۆڕانكارییه كولتوری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كۆمه‌ڵگاو بیرۆكه‌ی پێشكه‌وتنخوزانه‌ی ژنانی ئازادیخواز، زیاتر هه‌ره‌س ده‌هێنێت. بێگومان زیندان‌و ئه‌شكه‌نجه‌و سوكایه‌تی‌و كۆنه‌په‌ره‌ستی، ناتوانێ هه‌لومه‌رجی كۆمه‌ڵگا بۆ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌و به‌رابه‌ریخوازانه‌ی ژنان، بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئیرتجاعی سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست.
|
|||||||