|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
سه‌باره‌ت به ئاسایش و تیرۆر
جۆرجۆ ئاگامبێن وه‌رگێڕان له ئینگلیزییه‌وه: فواد كه‌ریمی, به‌فرین زه‌مانی ئاسایش وه‌ك بنه‌مای رێشانده‌ری ده‌وڵه‌تی سیاسی، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ له‌دایكبوونی ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن. هابز پێشتر ئاسایشی به‌رامبه‌ر به ترس پێناسه كردووه، ترس وه‌ك ئه‌و هۆكاره‌ی مرۆڤ بۆ پێكه‌وه ژیان له شێوه‌ی كۆمه‌ڵگادا پاڵده‌نێ. به‌ڵام تاكوو سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م بیری ئاسایش نه‌هاتۆته ئاراوه. میشێل فۆكۆ، ساڵی 1978 له‌لێدوانێكی خۆیدا له‌كۆلێژ دۆفرانس (كه هێشتا هه‌ر ده‌بێ بڵاوبكرێـته‌وه) نیشانی داوه كه چۆن كرداری سیاسی‌و ئابووری فیزیۆكراته‌كان دیسیپلین‌و یاسا وه‌ك كه‌ره‌سه‌كانی حوكمداری، له‌به‌رامبه‌ر ئاسایش‌دا داده‌نێ. تۆرگۆت‌و كوێسنه‌ی1 رێك وه‌ك كاربه‌ده‌ستانی فیزیۆكرات، هیچكات بنه‌بڕكردنی برسیه‌تی‌و رێك‌وپێككردنی به‌رهه‌مهێنانیان مه‌به‌ست نه‌بووه، به‌ڵكوو به له به‌رچاوگرتنی په‌ره‌سه‌ندنه‌كه‌ی خۆیان دواتر داوای رێككردن‌و "پارێزران"ی ئه‌نجامه‌كانیان ده‌كرد. كاتێ هێزێكی دیسیپلینكه‌ر هه‌رێمه‌كانی خۆی جوێده‌كاته‌وه‌و دایده‌خات، پێوه‌ره‌كانی ئاسایش روو له په‌لهاویشتن‌و جیهانیبوونه‌وه ده‌كه‌ن، له كاتێكدا یاسا ده‌یهه‌وێ به‌ربگرێت و رێكبكات، ئاسایش ده‌یه‌وێ ده‌سكاری ئه‌وپڕۆسانه بكات كه له كاردان‌و ئاراسته‌یان پێبدات. به كورتی، دیسیپلین ده‌یه‌وێ ده‌ستوور به‌رهه‌م بێنێ، به‌ڵام ئاسایش ده‌یه‌وێ بێده‌ستووری رێك بكات. لێره‌وه‌ش، پێوه‌ره‌كانی ئاسایش ته‌نیا له ناوكۆیی ئازادیی‌و هاتوچۆ یان ئاڵوگۆڕ، بازرگانی‌و داهێنانی فه‌ردیدا ده‌توانێ كاربكات، فۆكۆ ده‌توانێ پیشانی بدات كه په‌ره‌سه‌ندنی ئاسایش له‌گه‌ڵ ئایدیاكانی لیبرالیزم هاوڕێیه. ئه‌وڕۆكه ئاگامان له په‌ره‌سه‌ندنێكی تاداویی ترسناك‌و بێكۆتای بیری ئاسایشییه. له درێژه‌ی له‌كارخستنی به‌ره‌به‌ره‌ی سیاسه‌ت‌و وازهێنانی زێده‌گاڤ له ئه‌ركه سوننه‌تیه‌كانی ده‌وڵه‌ت، ئاسایش ده‌بێته بنه‌مای سه‌ره‌كی چالاكیی ده‌وڵه‌ت. ئه‌وشته‌ی تاكوو نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م ته‌نیا یه‌كێك بوو له پێوه‌ره بنه‌بڕه‌كانی حوكمكردنی گشتی، ئێسته گۆڕاوه بۆ تاقه پێوه‌ری شه‌رعییه‌تی سیاسی. بیری ئاسایش مه‌ترسییه‌كی جه‌وهه‌ری له خۆیدا هه‌ڵگرتووه. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی دابینكردنی ئاسایش تاقه ئه‌رك‌و ئاسایش سه‌رچاوه‌ی شه‌رعیه‌تیه‌تی، ئۆرگانیسمێكی ناسك‌و تورته، ئه‌م جۆره ده‌وڵه‌ته هه‌میشه به تێرۆریزم هه‌ڵده‌خڕێ‌و ده‌گۆڕێ بۆ ده‌وڵه‌تێكی تێرۆریستی. بیرمان نه‌چێ، یه‌كه‌م رێكخراوی گه‌وره‌ی تێرۆر له پاش جه‌نگ، رێكخراوی oas بوو كه له لایه‌ن ژه‌نه‌ڕاڵێكی فه‌ڕه‌نسیه‌وه كه خۆی به نیشتمانپه‌ره‌ست ده‌زانی دامه‌زراو لای وابوو تیرۆریزم تاقه وڵامی دیارده‌ی گه‌ریلایه له ئه‌لجه‌زیره‌و هێندوچین. كاتێ زانستی سیاسه‌ت، به‌وجۆره‌ی كه بیریارانی سه‌ده‌ی هه‌ژده وه‌ك"زانستی به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگا" بیریان لێده‌كرده‌وه، خۆی بۆ پۆلیس داده‌به‌زێنی، جیاوازی نێوان ده‌وڵه‌ت‌و تێرۆریزم له به‌ره‌ده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی تێداچووندایه. له دواییدا، ئاسایش‌و تێرۆریزم له‌وانه‌یه سیستمێكی كوشنده‌ی یه‌كه پێك‌بێنن، كه تێیدا كرده‌وه‌كانی یه‌كتر پاساو و شه‌رعی ده‌كه‌ن. مه‌ترسیه‌كه ته‌نیا په‌ره‌سه‌ندنی رێكه‌وتنێكی نهێنی(دوو) نه‌یار نییه، به‌ڵكوو ئه‌مه‌شه كه گه‌ڕان بۆ ئاسایش ده‌بێته هۆی جه‌نگێكی ناوخۆیی جیهانی كه هه‌موو پێكه‌وه‌بوونێكی مه‌ده‌نی نه‌كرده ده‌كاته‌وه. له‌ودۆخه تازه‌دا كه زاده‌ی كۆتایی شێوه‌ی كلاسیكی جه‌نگی نێوان دوو ده‌وڵه‌تی حاكمه، ئاشكرا ده‌بێت كه ئاسایش ئامانجی خۆی له جیهانیبوونه‌وه‌دا ده‌دۆزێته‌وه: ئه‌مه ته‌عبیره له ئایدیای ده‌ستورێكی نوێی هه‌ساره‌یی كه له حه‌قیقه‌تدا خراپترین شێوه‌ی بێده‌ستوورییه. به‌ڵام ترسێكی دیكه‌ش له ئارادایه. مادام ئه‌مانه پێویستیان به‌وه‌یه به‌ره‌ده‌وام بگه‌رێنه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی نائاسایی، پێوه‌ر ئاسایش به ئاراسته‌ی ناسیاسیكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگادا كارده‌كات. له ره‌وتێكی به‌رده‌وامدا ئه‌مانه وایان لێدێت چیدی له‌گه‌ڵ دێمۆكراسی كۆنه‌كرێنه‌وه. هیچ شتێك نییه ئه‌وه‌نده‌ی پێداچوونه‌وه به‌چه‌مكی ئاسایش‌دا وه‌ك بنه‌مای بنه‌ڕه‌تی ده‌وڵه‌تی سیاسی، گرنگ بێ. سیاسه‌توانانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی له دواییدا ده‌بێ ئاگایان له ئه‌نجامه كاره‌ساتاویه‌كانی كاركردنی هه‌مه‌گیر به‌م سیمایه‌ی بیركردنه‌وه بێ. ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه دیمۆكراسیه‌كان ده‌بێ واز له به‌رگریكردن له خۆیان بێنن: به‌ڵكوو ره‌نگه كاتی ئه‌وه هاتبێ به ئاراسته‌ی به‌رگرتن به‌ڕوودانی بێده‌ستووری و كاره‌ساته‌كاندا كاربكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا (لێبگه‌ڕێین بێده‌ستووری‌و كاره‌سات رووبده‌ن‌و ئه‌وسا) كۆنتڕۆلیان بكه‌ین. به پێچه‌وانه‌وه ده‌توانین بڵێین(له ئێسته‌دا) سیاسه‌ت به نهێنی به ئاراسته‌ی به‌رهه‌مهێنانی دۆخی نائاساییدا كارده‌كات. ئه‌وه ئه‌ركی سیاسه‌تی دیمۆكراته به‌ر به ته‌شه‌نه‌ی ئه‌و دۆخانه بگرێ كه نه‌فره‌ت‌و تیرۆر‌و رووخان ده‌خه‌نه‌وه، نه‌ك خۆی بۆ ئه‌وه كورت بكاته‌وه كه پاش روودان كۆنتڕۆڵیان بكات.
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ری egs.com ، ناونیشانی سه‌ره‌كی وتاره‌كه: Agamben,Giorgio.”on security and terror”. Trans. By soenke zehla, frankfurter allgemeine zeitung, September,20,2001.
|
|||||||