|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
به‌شداری نه‌كردنی كوردستان له‌رێفراندۆمی 12ی خاكه‌لێوه‌ی 58 و به‌هێزبوونی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان
ئه‌نوه‌ر ئه‌سه‌دزاده له‌راگه‌یاندراوێكی سپای پاسداران‌دا هاتووه كه خه‌ڵكی قارمانی ئێران له‌رۆژی دوازده‌ی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی 58 به به‌رێوه‌بردنی گرنگترین راپرسی لاپه‌ڕه‌یه‌كی زێڕێن‌و پرشنگداریان له‌مێژووی كۆماری ئیسلامی تۆمار كرد‌و هه‌روه‌ها له‌درێژه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌كه خه‌ڵكی ئێران له‌ژێر رووناكایی لێدوان‌و وته‌رێنوێنیه‌كه‌ره‌كانی خامنه‌یی رێبه‌ر له‌سه‌روبه‌ری رۆشتن به‌ره‌و ده‌یه‌ی چواره‌مه‌ی ئینقلاب به به‌شداری هه‌میشه‌یی‌و وشیاری سیاسی‌و ئایینی خۆیان، ئێران به‌ره‌و سه‌رنموونه‌یه‌كی جیهانی ده‌به‌ن. ئه‌وه‌ی به‌جۆرێك چاوێك به‌سه‌ر ئه‌م راگه‌یاندنه‌ی سپای پاسداراندابخشێنێت‌و هه‌روه‌ها تا راده‌یه‌ك ئاگاداری مێژووی ده‌سه‌ڵاتداری كۆماری ئیسلامی بێت، به‌روونی نێوه‌رۆكی هه‌لپه‌ره‌ستانه‌ی ئه‌م راگه‌یه‌ندنه‌ی بۆ ده‌رده‌كه‌وێ. 29ساڵ به‌سه‌ر رێفراندۆمی 12ی خاكه‌لێوه‌ی كۆماری ئیسلامی تێده‌په‌ڕێ، ئه‌و رێفراندۆمه‌ی كه به‌شێكی زۆر له‌خه‌ڵكی ئێران به بێ ناسینی شوناس و نێوه‌رۆكی واقیعی ئه‌م رژیمه چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌نگیان دا به‌هاتنه سه‌ركاری رژیمی كۆماری ئیسلامی. خه‌ڵكی ئێران له‌و سه‌رده‌مه‌دا به هۆی ناڕۆشنی سیاسی‌و وهه‌روه‌ها نه‌بوونی حیزبی پێشڕه‌و و رادیكاڵ له ئاستی سه‌راسه‌ری كه به‌ته‌واوه‌تی شوناسی دژه دیمۆكراتیك و دژه ئینسانی ئه‌م رژیمه‌یان بۆ روون كاته‌وه، به‌وشێوه‌یه چوونه پێی ده‌نگدانێك كه دوای ماوه‌یه‌ك په‌شیمانی‌و نائومێدی، بووه ئاكامی سه‌ره‌كی. یه‌كێك له‌وخاڵه نادیمۆكراتیكانه‌ی كه له‌و سه‌رده‌مه‌داو وله‌و هه‌ڵبژاردنه ده‌كه‌وته به‌رچاو، بوونی ریفراندۆمێكی دوو بابه‌تی بوو كه له‌لایه‌ن رژیمی ئیسلامی هاتبووه ئاراوه، ئه‌ویش ده‌نگ دان به كۆماری ئیسلامی "ئه‌رێ" یان "نا" بوو كه له‌ناخی خۆیدا پیشانده‌ری نادیمۆكراتیك بوونی رێفراندۆمه‌كه‌یه. هه‌ر له‌وكاته‌وه ده‌ركه‌وت كه هه‌ڵبژاردن له‌م رژیمه ته‌نیا مه‌سه‌له‌یه‌كی رواڵه‌تییه‌و جه‌ماوه‌ری ئێران رۆڵێكی به‌رچاویان له‌چاره‌نووسی خۆیاندا نییه. خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌وه‌یه كه له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م دا، نێوه‌رۆكی راسته‌قینه‌ی رژیم و به‌ڵێنه درۆیینه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ویلایه‌تی فه‌قیه بۆهه‌موو خه‌ڵكی ئێران به‌باشی ده‌ركه‌وت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ریفراندۆمه به‌گوێری دام‌وده‌زگاكانی رژیم، رێژه‌ی98% ده‌نگی خه‌ڵكی ئێرانی به‌ده‌ست هێنا، به‌ڵام له‌هه‌مان حاڵ‌دا له‌كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و بێ وێنه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌وه ته‌حریم كرا. بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی _ دێمۆكرات‌و پێشكه‌وتنخواز‌و هه‌روه‌ها بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رین و رزگاریخوازانه له‌كوردستان كه بێ هیچ چه‌شنه سڵ كردنێك له كۆماری ئیسلامی‌و بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه‌كانیان ده‌ستیان دابووه خه‌بات‌و تێكۆشان‌و به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕاگرانه به‌ره‌نگاری رژیمی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو ببونه‌وه، هه‌روه‌ها گرتنی میتینگ‌و كۆبوونه‌وه‌ی جۆراوجۆر له‌سه‌رجه‌م شار و دێهاته‌كانی كوردستان بۆ روون كردنه‌وه‌ی ماهییه‌تی كۆماری ئیسلامی و زه‌ره‌و ئاكامه خراپه‌كانی ئه‌م رێفراندۆمه بۆخه‌ڵكی كوردستان، بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵوێستی گونجاو و مێژوویی خۆیان له‌هه‌مبه‌ر ئه‌م رێفراندۆمه بگرن‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به دژی بوه‌ستنه‌وه. ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌كاتێك دا بوو كه زۆرینه‌ی خه‌ڵكی ئێران ئه‌م ریفراندۆمه‌ی له لا په‌سه‌ند بوو و هه‌روه‌ها ده‌نگیان پێدا بوو. پێویسته ئاماژه بگه‌ین به‌وه‌ی كه كۆماری ئیسلامی هه‌ر له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ركار و به‌ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات، مافیای رۆحانییه‌ت‌و دیكتاتۆرییه‌تی ئایینی ویلایه‌تی فه‌قیهی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران‌دا زاڵ كرد. ئه‌م رژیمه به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو ده‌ستی دایه سه‌پاندنی یاسای دواكه‌وتوو نادێمۆكراتیك به دژی خه‌ڵكی ئێران به‌گشتی‌و بیرجیاوازان ونه‌یارانی سیاسی به‌تایبه‌ت، له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا بۆ سه‌قامگیرتر كردنی خۆی، ده‌ستی دایه ره‌شه‌كوژی وپێشێل كردنی سه‌ره‌تایی ترین مافه‌كانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی ئێران. بۆنموونه ئیعدام وكوشت وبڕی بێ به‌زه‌ییانه‌ی نه‌یارانی سیاسی له‌ده‌یه‌ی شه‌ست‌و پێ شێل كردنی مافی ژنان و سه‌ركوتكردنی هه‌ر ده‌نگێكی جیاواز و هه‌روه‌ها هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ماڵوێرانكه‌ری 8ساڵه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و هێرشی بێ به‌زه‌ییانه‌ی بۆ سه‌ر خه‌ڵكی كوردستان. رژیم پاش كۆتایی شه‌ڕیش ده‌ستی له‌و جینایه‌تانه هه‌ڵنه‌گرت ویه‌كێك له نادێمۆكراتیكترین جینایه‌ته‌كانی خۆی به بڕیاری راسته‌وخۆی خومه‌ینی رێبه‌ری ئه‌وكات واته كوشتن و بێ سه‌روشوێن كردنی كۆمه‌ڵێك له‌تێكوشه‌رترین چالاكانی سیاسی كه به‌شێكی زۆریان خه‌ڵكی كوردستان بوون‌و تائه‌و ئه‌وكات له‌زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا له ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌دا خۆڕاگرانه راوه‌ستابوون به‌ڕێوه‌برد. ئه‌مانه‌وكۆمه‌ڵێك سیاسه‌تی گه‌نده‌ڵی دیكه‌ی وه‌كوو تێرۆری رێبه‌رانی كورد له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌و هه‌روه‌ها به ئه‌نجام گه‌یاندنی پرۆژه‌ی قه‌تڵه زنجیره‌ییه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئیتلاعاته‌وه‌وهتد، شوناس وماهییه‌تی راسته‌قینه‌ی جه‌لادانی كۆماری ئیسلامی زیاتر له‌هه‌میشه بۆ خه‌ڵكی ئێران‌و ته‌نانه‌ت بیروڕای گشتیش به‌باشی خسته‌ڕوو. ئه‌م رژیمه له‌كوردستان به‌رده‌وام وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر هێرش‌و سه‌ركوتكاری خۆی به دڕندانه‌ترین شێوه به‌ڕێوه‌بردووه‌و به‌رده‌وام له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دا بووه تاكوو كوردستان به‌ره‌و دواكه‌وتوویی و ماڵوێرانی وتێداچوون به‌رێت. رژیم له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان وه‌ك هێزێكی داگیركه‌رو دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد ناسراوه. خه‌ڵكی كوردستان به‌رده‌وام به‌ره‌نگاری سیاسه‌ته سه‌ركوتگه‌ره‌ییه‌كانی ئه‌م رژیمه بوونه‌ته‌وه‌و له‌هه‌ر ده‌رفه‌ت‌و مه‌جال‌و له‌بۆنه جۆراوجۆره‌كاندا سه‌لماندوویانه كه‌هیچ كات ئه‌م رژیمه له‌نێو خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه مه‌شروعییه‌تی نییه. نموونه‌ی هه‌ره به‌چاوی ره‌شه‌مه 77 بوو كه خه‌ڵكی زۆربه‌ی شاره‌كانی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕاگرانه هاتنه سه‌رشه‌قامه‌كان‌و به دژی كۆماری ئیسلامی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رینیان رێخست. بزووتنه‌وه‌ی به‌ربڵاوی هاوینی 84 له‌ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌مه‌رگی ناجوامێرانه‌ی شوانه سه‌ید قادر له‌شاری مه‌هاباد‌و پاشان به‌رین بوونه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له‌سه‌رتاسه‌ری شاره‌كانی كوردستان له‌لایه‌كه‌وه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه كه ره‌چاو كردنی سیاسه‌تی له‌وچه‌شنه له‌كوردستان نابێته رێگر له‌به‌رده‌م ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی خه‌ڵكی كوردستان‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه نیشانه‌ی یه‌كگرتوویی‌و به پیره‌وه‌چوونی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستانه به خه‌م‌و نیگه‌رانییه‌كانی یه‌كتر. سه‌رچاوه‌ی ئه‌م یه‌كگرتوویه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چوونه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی وشیاری سیاسی له‌نێو دانیشتوانی ئه‌م ناوچه‌یه‌و هه‌روه‌ها له‌ئارادا بوونی بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رینی رۆشنبیری كه توانیوویه‌تی له‌نێو خه‌فه‌قان‌و دیكتاتۆریدا كارتێكردنی باشی هه‌بێت له ناساندنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان به‌سه‌ر مافه ره‌واكانی خۆیان. رژیمی ئیسلامی ئێران له‌م ماوه‌ی 29 ساڵ ده‌سه‌ڵاتداریه‌تی خۆی له‌كوردستان به‌رده‌وام هه‌وڵی خۆی خستۆته گه‌ڕ تاكوو به‌هه‌رشێوه‌یه‌ك بۆی بلوێ بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان له‌بنه‌وه‌و بۆ هه‌میشه بنه‌بڕبكات. كاربه‌ده‌ستانی باڵای ئه‌م رژیمه له‌پێناو ره‌وایی سه‌ندنه‌وه‌ی خه‌بات‌و به‌ره‌نگاری خه‌ڵكی كورد بۆ مافه ره‌واكانی به‌رده‌وام‌و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی به جیایخواز و ئاژاوه‌گێڕ وشتی دیكه ناولێبردوه تاكوو ده‌ستی زاڵی خۆی به‌سه‌ر خه‌ڵكی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا بۆ هه‌میشه بكێشێ، به‌ڵام به‌خۆشییه‌وه بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان به چه‌شنێك له‌نێو دڵی جه‌ماوه‌ری كوردستاندا جێگه‌ی بۆته‌وه كه رژیم جیا له ریسوایی به‌ده‌ست نه‌هێناوه. ئێستاكه رژیم له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به هۆی ده‌ست تێوه‌ردان‌و ئاژاوه‌نانه‌وه له‌ناوچه‌كه‌و هه‌روه‌ها پێشێل كردنی مافی مرۆڤ‌و ئازادی كوژی‌و گه‌نده‌ڵی‌و خۆ ته‌یاركردن بۆ به‌ده‌ست هێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی، بووه‌ته هۆی نائه‌منی له‌ناوچه‌كه‌و به‌و بۆنه‌وه له‌لایه‌ن رۆژئاوا‌و و وڵاته یه‌كگرتووه‌كان، به‌ته‌واوی كه‌وتوه‌ته په‌راوێزه‌وه‌و تا هه‌نووكه سێ بڕیارنامه‌ی شۆرای ئه‌منیه‌تی به‌هۆی هه‌وڵدان بۆبه‌ده‌ست هێنانی چه‌كی ناوكی به‌سه‌ردا سه‌پاوه. جگه له‌مانه‌ش له‌ناوخۆدا‌و له‌هه‌موو بواره‌كاندا تووشی قه‌یرانێكی قووڵ بۆته‌وه‌و ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه رژیم له"29"ه مین ساڵیادی ریفراندۆمی 12ی خاكه‌لێوه‌دا له هه‌میشه زیاتر گڵۆڵه‌ی كه‌وتۆته لێژی. ئه‌وه‌ی لێره‌دا پێویسته ئاماژه‌ی پێ بكرێ ئه‌و هه‌ڵویسته مێژوویی‌و به‌نرخه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بوو كه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانه‌وه ده‌ركی به ماهییه‌تی نادێمۆكراتیكی ئه‌م رژیمه كردووه. ئه‌مه‌ش حه‌قانییه‌تی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستانی بۆ سه‌رجه‌م بیرۆڕای گشتی ئێران زیاتر له‌هه‌ركاتێك ده‌رخست‌و له هه‌مان حاڵ‌دا بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له‌م سه‌رده‌مه دا قورساییه‌كی زیاتر بۆ خۆی ده‌سته به‌ربكات‌و زیاتر له هه‌میشه هه‌وڵ بدات بۆ به‌ده‌ست هێنانی مافه ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان. ئێستاكه‌ش له‌كاتێكدا ئێمه ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی كورتمان له‌مه‌ڕ ئه‌و هه‌ڵوێسته بوێرانه‌ی كۆمه‌ڵانی تێكۆشه‌ری كوردستان باس لێ‌كرد كه كۆماری ئیسلامی ماوه‌یه‌ك له‌وه‌پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی هه‌شته‌می مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی به‌رێوه‌برد. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌و ته‌حریمه به‌ربڵاوه‌ی كۆمه‌ڵانی تێكۆشه‌ری ئێران بوو كه ئه‌م جاره‌و له‌هه‌ل‌و مه‌رجێكی به‌ته‌واوی جیاواز له‌به‌ناو رێفراندۆمه‌كه‌ی ساڵی 58ی هه‌تاوی سه‌لماندیان كه ئه‌گه‌ر ئه‌وكات به‌هه‌ندێك هۆ ناورۆه‌كی راسته‌قینه‌ی رژیمیان بۆ ده‌رنه‌كه‌وتبوو، ئه‌مجاره بوێرانه به‌نه‌هاتنه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان ئه‌و كه‌مه شه‌رعییه‌ته‌شیان بۆ هه‌میشه پێِڕوا نه‌زانی. به‌گشتی ئه‌مه‌ش له‌لایه‌كه‌وه ره‌وایی‌و هه‌روه‌ها لێكدانه‌وه‌ی قووڵی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان به‌نیسبه‌ت كۆماری ئیسلامیه‌وه ده‌خاته به‌رچاو و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه پیشانده‌ری ئاگابوونه‌وه‌یه‌كی به‌رینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێرانه به‌نیسبه‌ت ناورۆكی واقعیی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی.
|
|||||||