|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
مادده سڕكه‌ره‌كان‌و هه‌ڵوێستی به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت
ئاسۆی رۆژهه‌ڵات له‌رۆژانی رابردوودا به‌رپرسی گشتیی فه‌رهه‌نگی ناوه‌ندی ناسراو به خه‌بات له‌دژی ماده‌سڕكه‌ره‌كان، له وتووێژێك له‌گه‌ڵ هه‌واڵنێری فارس رایگه‌یاند كه ته‌مه‌نی زۆربه‌ی گیرۆده‌بووان به ماده‌سڕكه‌ره‌كان له‌ئێران، له‌خواره‌وه‌ی 30 ساڵدایه. ناوبراو له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا كۆمه‌ڵێك ئامار‌و ئه‌رقام ریزده‌كات‌و راده‌گه‌ێنێت كه ئه‌م مه‌سه‌له‌یه زه‌نگێكی مه‌ترسیدار بۆ كۆمه‌ڵگای ئێرانه‌و پێویسته به وشیاریه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت. هه‌رچه‌نده ئامارێكی راسته‌قینه‌و جێگه‌ی بڕوا له رێژه‌ی گیرۆده‌بووان به ماده‌سڕكه‌ره‌كان له‌ئێرانی ژێرده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا له‌به‌رده‌ستدا نییه، به‌ڵام راپۆرتێكی ریكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان باس له‌وه‌ده‌كات كه ئێران به‌رزترین پله‌ی گیرۆده‌بوون به تریاك و هێرۆئینی بۆخۆی تۆماركردووه‌و له‌لایه‌كیتریشه‌وه راگه‌یه‌ندراوه كه له‌هه‌ر سێ خوله‌كدا یه‌ك كه‌س به‌م به‌ڵا ماڵوێرانكه‌ره گرفتار ده‌بێت. كێشه‌ی تووشبوون به‌ماده‌سڕكه‌ره‌كان له‌ئێران بۆته قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و تادێت ئه‌م قه‌یرانه ره‌هه‌ندێكی ترسناكتر به‌خۆیه‌وه ده‌گرێت. راده‌ی كاریگه‌ری ئه‌م خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه هێنده به‌رفراوانه كه ئاسایش‌و ئه‌منیه‌تی له‌هه‌ر خێزانێكی كۆمه‌ڵگای ئێران هه‌ڵگرتووه‌و وه‌ك سه‌رچاوه‌ی گه‌ڵێك له‌خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی دیكه خۆ پێناسه كردووه. بۆ وێنه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌ڵاق له‌ئێران، پرسی ئیعتیاد‌و گیرۆده‌بوون به‌م ماده‌یه. له‌لێكدانه‌وه‌یه‌كی گشتیدا ده‌توانین په‌یوه‌ندیه‌كی راسته‌وخۆ له‌نیۆان هه‌ژاری‌و بێكاری‌و راده‌ی توشبوون به‌م به‌ڵاماڵوێرانكه‌ره ده‌ستنیشان بكه‌ین‌و به پێی شیكاریی پسپۆڕانی ئه‌م بواره یه‌كێك له‌گرینگترین هۆكاری بڵاوبوونه‌وه‌ی ئیعتیاد هه‌ژاری‌و بێكارییه. به تێگه‌یشتن له هۆكاری گیرۆده‌بوون‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی ماده‌سڕكه‌ره‌كان ئه‌م راستیه ئاشكراده‌بێت كه تاوانباری سه‌ره‌كی له‌م پرسه‌دا خودی كۆماری ئیسلامییه. له‌كاتێكدا كه هه‌ژاری تان‌وپۆی كۆمه‌ڵگای ئێرانی ته‌نیوه‌و رێژه‌ی بێكاران رۆژ له‌دوای رۆژ زێده‌ده‌كات، ئاساییه كه هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه رێژه‌ی گیرۆده‌بووان زیادبكات. هه‌ژاری فه‌رهه‌نگی، بڕوابه‌خۆنه‌بوون‌و زۆر دیارده‌یتر له‌ئاسه‌واره‌كانی هه‌ژارین و ئه‌م ئاسه‌وارانه ده‌توانن زۆر به سانایی تاك به‌ره‌و زلكاوی گیرۆده‌بوون به ماده‌سڕكه‌ره‌كان رێنۆینی بكه‌ن. هه‌روه‌ك باسكرا سه‌رچاوه‌ی ئه‌م مه‌ینه‌تیه خودی كۆماری ئیسلامییه‌و ته‌نانه‌ت له‌زۆر شوێنی وه‌ك كوردستان تاوانی كۆماری ئیسلامی زۆر له‌وه زیاتر و خودی ده‌زگا ئه‌منیه‌تیه‌كانی رژیم به فرۆشتنی ئه‌م ماده‌یه هه‌ڵده‌ستن‌و راسته‌وخۆ له‌پرۆسه‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ماده‌سڕكه‌ره‌كان به‌شداری ده‌كه‌ن. یه‌كێك له‌مه‌ترسیدارترین‌و كاره‌ساتبارترین هه‌واڵ‌و راپۆرت ده‌رباره‌ی ئه‌م قه‌یرانه له‌خواره‌وه‌بوونی ته‌مه‌نی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ماده‌سڕكه‌ره‌كان به‌كارده‌هێنن. له لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی" علومی بێهزیستی"دا ئاشكرابووه كه 25 له‌سه‌دی خوێندكارانی قۆناغی راهنمایی حه‌زیان له‌به‌كارهێنانی ماده‌سڕكه‌ره‌كان هه‌یه‌و ئه‌م مه‌سه‌له‌ش زه‌نگێكی مه‌ترسیدار بۆ ئاینده‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگای ئێرانه. به‌تێگه‌یشتن له‌م راستیانه‌و وردبوونه‌وه له‌م ئامار و ئه‌رقامانه، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جیدی له‌سه‌ر ئاینده‌ی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگای ئێران‌و به گشتیی ژیواری مرۆڤایه‌تی له‌م وڵاته‌دا هه‌یه‌و كارنامه‌ی تا ئێستاكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی نیشان ده‌دات كه تادێت بارودۆخه‌كه خراپتر ده‌بێت. كۆماری ئیسلامی توانای چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه ئابووریه‌كانی ئێرانی نییه‌و ئه‌م ناكارامه‌ییه‌ش له‌باشتركردنی ژیان‌و گوزه‌رانی خه‌ڵك له‌سه‌ر هه‌موو به‌شه‌كانیتری ژیانی خه‌ڵك كاریگه‌ری داده‌نێت. سه‌ره‌ڕای هه‌موو بانگه‌شه‌كانی دام‌و ده‌زگاكانی حكومه‌ت بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ماده‌سڕكه‌ره‌كان نه‌ك هه‌ر ده‌ره‌نجامی شیاوی لێ ناكه‌وێته‌وه، بگره بارودۆخه‌كه خراپتر ده‌كات. رادیكاڵترین كرده بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م خه‌سارانه هه‌ڵپێچان‌و كۆتایی هێنان به‌ده‌سه‌ڵاتی رژیمی ئیسلامییه.
|
|||||||