|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
كۆنه‌په‌ره‌ستی ئایینی‌و ئاژاوه‌گێڕی له‌كوردستان
س. پارسا به پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌كوردستانه‌وه بڵاوده‌كرێنه‌وه، وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی رژیم به‌ته‌مایه زیاتر له‌رابردوو ئاژاوه‌گێڕی ئایینی‌و كۆنه‌په‌ره‌ستی ئیسلامی له‌كوردستان په‌ره‌پێبدات. دوایین كۆبوونه‌وه‌ی نهێنی چه‌ند رۆژ له‌وه‌پێشی به‌رپرسی گشتی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی له‌كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی له‌شكه‌ری 28، فه‌رمانده‌ی سپا و به‌سیج‌و جه‌نابی ئوستاندار، خه‌ریكی داڕشتنی پیلانێكی دیكه‌ن بۆ سه‌ركوتی كه‌مه ئایینیه‌كان‌و په‌ره‌پێدانی كۆنه‌په‌ره‌ستی له‌ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستاندا. هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆبوونه‌وه نهێنیانه، كۆمه‌ڵێك ئاخوند له‌خوراسان‌و ئیسفه‌هانه‌وه به‌ره‌و قوروه‌و بیجار و ئه‌و شوێنانه‌ی فره‌چه‌شنی ئایینی تێدایه، به‌ڕێكراون و مه‌ئمورییه‌تیان ئه‌وه‌یه كه به دژی كه‌مه ئایینیه‌كان‌و كێشه نانه‌وه، پڕوپاگه‌نده‌ی كۆنه‌په‌ره‌ستانه بكه‌ن. هه‌روه‌ك پێشوتریش ئاماژه‌مان پێدابوو، ئیداره‌ی ئیتلاعات‌و گه‌وره به‌رپرسانی رژیم، ده‌مێكه‌یه كه به شێنه‌یی ره‌وته ئیسلامییه سه‌له‌فییه‌كان به‌هێز ده‌كه‌ن‌و له‌م رێگه‌وه دژایه‌تی ئایینی‌و كێشه له‌نێو بیروڕای خه‌ڵك بۆ مه‌به‌سته دیاریكراوه‌كانی خۆیان په‌ره‌پێده‌ده‌ن. له‌راستیدا هه‌رگیز نه‌ته‌نیا به‌رپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی به‌ڵكوو مه‌رجه‌عه ئایینیه‌كانیشیان زیاتر له‌وه‌ی پابه‌ندی بیروباوه‌ڕی ئایینی خۆیان بن، ئایینیان كردۆته ئامرازێك بۆ سه‌ركوتی باوه‌ڕی جیاوازی خه‌ڵكی دیكه‌و شێواندنی واقعییه‌ته‌كانی كۆمه‌ڵگا به تایبه‌ت له‌كوردستان. ده‌مێك ساڵه سناریۆی ئاژاوه نانه‌وه‌ی ئایینی له كوردستان به‌وردی پیلانی بۆ داڕێژراوه‌و هه‌ر چه‌شنه كۆنه‌په‌ره‌ستییه‌ك كه بتوانێت ببێت به فاكته‌رێك بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌م پیلانه، ده‌وڵه‌ت كه‌ڵكی لێ وه‌رده‌گرێت‌و پشتیوانی لێده‌كات. بنه‌ڕه‌تی ترین ئامانجێك كه ئیداره‌ی ئیتلاعات‌و به‌رپرسانی رژیم له‌م ئالۆزكردنه ئایینیه ده‌یانهه‌وێ بیپێكن، له‌راستیدا په‌ڕته‌وازه‌كردنی شوناسی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵكه بۆ به‌رگرتن به یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی كه له‌ساڵانی رابردوودا هه‌تا هاتووه به پشت ئه‌ستوری بزووتنه‌وه‌ی كوردستان‌و حیزبه سیاسییه‌كانی نه‌یاری ده‌وڵه‌ت، شانۆی خه‌باتێكی سیاسی به‌رینی، زیاتر له‌جاران هێناوه‌ته ئاراوه. به‌م پێیه سه‌ره‌كیترین ئامانج بۆ كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی، كێشه نانه‌وه‌ی ئایینی به زه‌ربه لێدان له‌یه‌كگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كوردستانه‌و شێواندنی راستییه‌كان له‌به‌رچاوی خه‌ڵك. ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێك كۆماری ئیسلامی وه‌ك گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی نوێنه‌ری ئیسلامی سیاسی له ناوچه‌كه، ده‌سه‌ڵاتی كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی خۆی زاڵكرد به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا، ئه‌وه هێشتا حافزه‌ی مێژوویی خه‌ڵكی كوردستان له‌بیری نه‌چووه‌ته‌وه كه كۆمه‌ڵگای كوردستان، كومه‌ڵگایه‌كی مه‌ده‌نی‌و بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی لاییك‌و رادیكاڵی، كرد به هێمای خه‌بات له‌دژی ئه‌م نوێنه‌ره‌ی ئیسلامی سیاسی‌و كۆنه‌په‌ره‌ستی له ئێران‌و كوردستان. مه‌ده‌نییه‌ت‌و روناكبیریی له كوردستان، ئه‌گه‌رچی له چه‌قی دواكه‌وتویی ئابووری‌و هه‌ژاری گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵێك گرفتی گه‌وره‌یه، به‌ڵام له‌م ململانێ مێژووییه‌دا، ئه‌وه بزووتنه‌وه‌ی كوردستان‌و خه‌ڵكی ئازادیخواز، تاقه رۆژێكیش كۆڵیان نه‌داوه‌و دژایه‌تی كۆنه‌په‌ره‌ستی ئیسلامی سیاسی به هه‌موو لقه‌كانیه‌وه ده‌كه‌ن. بێگومان پیلانه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعات‌و به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت بۆ شێواندنی جیاوازی ئایینی له كوردستان‌و ئاژاوه نانه‌وه‌و هه‌روه‌ها به مه‌به‌ستی لێكترازاندنی یه‌كگرتوویی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان هه‌ر له ئیلام‌و كرماشانه‌وه هه‌تا سۆماو برادۆست، ناتوانێ هیچ سه‌ركه‌وتنێك به‌ده‌ست بێنێت‌و هه‌ر ئاكامه‌كه‌ی شكست‌و ریسواییه. باوه‌ڕی ئایینی هه‌موو تاكێَك ده‌بێ رێزی لێبگیرێت‌و نه‌توانرێ به سه‌ر كۆمه‌ڵگادا بسه‌پێت. له‌ده‌وره‌ی نوێی خه‌باتی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كوردستان، به خۆشییه‌وه یه‌كگرتوویی سیاسی‌و نه‌ته‌وه‌یی له‌دژی دیكتاتۆری به هه‌موو شێوازه‌كانی خه‌باته‌وه، به‌هێزتر له‌رابردووه. ئه‌مه‌ش نیشانده‌ری وشیاری‌و مه‌ده‌نییه‌تی هه‌رچی زیاتری كۆمه‌ڵگای كوردستان‌و هیوا به رزگاری‌و ئازادی سبه‌ی رۆژه.
|
|||||||