|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
ئێران، گه‌وره‌ترین زیندانی رۆژنامه‌وانان
كه‌یهان وه‌له‌دبه‌یگی بێ شك دێمۆكراسی، پێوه‌ندی به شارۆمه‌ندانێكی زانا و تێگه‌یشتوو هه‌یه‌و ئازادی زانیارییه‌كان كه بناغه‌ی سه‌ره‌كی مافی ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به زانیاریه‌كانه، یه‌كێك له ژێرخانه‌كانی دێمۆكراسی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ئه‌م ئازادی‌و مافه، نه‌ته‌نیا پشتیوانی وه‌دی هاتنی دێمۆكراسیه، به‌ڵكوو یه‌كه‌مین خواست‌و چه‌مكی ناساندنی دیاری كراوی ئه‌م بواره‌یه. به‌م هۆیه " تێگه‌یشتن" مافێكی بنه‌ڕه‌تی مرۆڤه كه هه‌موو كه‌سێك ده‌بێت هه‌ستی پێ بكات‌و كه‌ڵكی لێ وه‌ربگرێت. ئه‌م خاڵه‌ی كه ئاماژه‌ی پێ كرا، به‌م مانایه كه پێوه‌ندی راسته‌وخۆی نێوانی ئه‌م پێویستیه سه‌ره‌كیه، بوونی هه‌یه‌و به كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌م مانایه كه رێژه‌ی دێمۆكراتیك بوون‌و نادێمۆكراتیك بوونی حكوومه‌تێك، به راده‌ی ئازادی راگه‌یاندنه‌كانی دیاری ده‌كرێت. ماوه‌یه‌كی زۆره كه ئه‌م پرۆسه‌یه، له‌لایه‌ن بیرمه‌ندانی لیبڕاڵَ له‌بواری زانیاری‌و پێوه‌ندییه‌كان دووپات ده‌بێته‌وه. سنووری جوگرافیایی ده‌وڵه‌ت‌و نه‌ته‌وه‌كان، لانیكه‌م بۆ زانیاری‌و پێوه‌ندییه‌كان، بێ مانا بۆته‌وه‌و ده‌وڵه‌ته‌كان زیاتر له‌وه ناتوانن شارۆمه‌نده‌كانی خۆیان له‌ناو تاریكی‌دا رابگرن. گه‌ر بمانهه‌وێت به شێوه‌یه‌كی ساده‌و ساكار باس له‌ده‌ست پێ راگه‌یشتنی خه‌ڵك به‌زانیاریه‌كان بكه‌ین، به له‌ده‌ستدابوونی موبایل، كامپیوتێر، دیش‌و سه‌ته‌لایت‌و رادیۆییه‌كی دیجیتاڵی یان په‌نجه‌ره‌یه‌ك، خه‌ڵك فێرێكانسه‌كان وه‌رده‌گڕن‌و ده‌یكه‌ن به زانیاری بۆ خۆیان‌و ئه‌وه به‌م ماناییه كه تێكنۆلۆژییه‌كانی پێوه‌ندی گرتن، خه‌ریكه ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر جیهاندا پێك دێنێت‌و حكومه‌ته دیكتاتۆره‌كان، وه‌له‌رزه ده‌خات. له‌وه هیچ شكێك نیه، كه تێكنۆلۆژییه‌كانی ئێستای دنیا گۆڕانكاریان به‌سه‌رداهاتووه، به‌ڵام ئه‌م كێشه‌یه، لێره‌دا كۆتایی پێ نایه‌و نابێت به هۆكارێك بۆ په‌ره‌ستاندنی تێكنۆلۆژییه‌كانی ئازادی راده‌ربڕین..! به هه‌ڵسه‌نگاندنی چاپه‌مه‌نی‌و زانیارێكان له‌سه‌ره‌تای هاتنه‌سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی به‌دوای شۆڕشی گه‌ڵان له‌ئێران، له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستای ئه‌م وڵاته، راست بوونی ئه‌م پرۆسه‌یه، گوماناوی ده‌كات. تێكنۆلۆژێیه‌كانی راگه‌یاندن، له‌ماوه‌ی 30ساڵی رابردوو له‌م وڵاته‌دا په‌ره‌ی نه‌ستاندووه، به‌ڵام رێژه‌ی ئازادی چاپه‌مه‌نیه‌كان‌و راگه‌یاندنه‌كان له ئێران، به هه‌مان شێوه به‌رته‌سكتر‌و بچوكتر بۆته‌وه. به‌هه‌مان شێوه كه تێكنۆلۆژییه‌كانی راگه‌یاندن به‌نیازی وه‌له‌رزه خستنی رژیمه دیكتاتۆره‌كانن، رژیمه نادێمۆكراتیكه‌كانیش، بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م تێكنۆلۆژیانه، چاكتر له‌جاران تێده‌كۆشن. له ماوه‌ی 2ساڵی رابردوو له‌ئێران، زیاتر له 63رۆژنامه، حه‌وتوونامه‌و گۆڤاری مانگانه، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی چاودێری به‌سه‌ر چاپه‌مه‌نیه‌كان، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئیرشادی ئیسلامی، ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه. له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگی رابردوودا، گۆڤاره‌كانی ( گزیده پژوهشهای جهان)، ( صبح ورزش) (ایمن گستر)و ( لاله) به بیانووی درۆ و بێ بنه‌مای بڵاوكردنه‌وه به شێوه‌كی نارێك‌و پێك ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا. به‌ر له‌م گۆڤارانه‌ش، چه‌ندین گۆڤار وه‌ك ( شرق، هم میهن، اریا، هادار، زنان، مدرسه، دنیای تصویر، هفت، بازنگری، تلاش، صبح زندگی، به‌سوی افتخار، ندای ایران و شوكا) ده‌ستی به‌سه‌ر داگیرابوو. نووسینی ورده‌كاری ژیانی ئه‌كته‌ره‌كانی هه‌رزه، نووسینی بابه‌تگه‌لێكی نا شارستانیانه، هه‌ڵخره‌تاندنی هه‌ستی قومه‌كان، نووسینی بابه‌تی درۆ و خیاڵاوی‌و پڕوپاگه‌نده‌كرن‌و هه‌ڕه‌شه له ئه‌منییه‌تی ره‌وانی كۆمه‌ڵگا (بۆ گۆڤاری ژنان) یه‌كێك له‌بیانووه‌كانی ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی ئه‌م گۆڤارانه له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی ئێران، راگه‌یاندرابوو. هه‌روه‌ها به پێی ئامارێك زیاتر 34له‌گۆڤاری خوێندكاری له‌ساڵی 85 و له‌ساڵی 86ی هه‌تاوی زیاتر له 44گۆڤاری خوێندكاری ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه. چالاكانی ئێرانی مافی مرۆڤ له‌ئۆرووپاو ئامریكای باكوور، به بۆنه‌ی رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ، له‌نێوان مانگی دێسامبری 2006 تادێسامبری 2007ی میلادی، راپۆرتێكیان ئاماده كردووه كه به‌م شێوه‌یه، بارودۆخی چاپه‌مه‌نیه‌كانیان له‌ئێران خستۆته به‌ر باس‌و لێكۆڵینه‌وه: بانگ كردن بۆ دادگا 283كه‌س، ده‌ستگیركردن 26كه‌س، لێكۆڵینه‌وه( بازجویی) 21كه‌س، دادگایی كردن 58كه‌س، حوكم له‌لایه‌ن دادگاوه بۆ 41كه‌س، ده‌ست به‌سه‌رداگرتن له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێب 13جار، ده‌ست به‌سه‌رداگرتن به چاپه‌مه‌نیه‌كان 25جار، به‌رگرتن له‌بڵاوكردنه‌وه‌ی فیلم 6جار، له‌سه‌ركارده‌ركردن 3كه‌س، هه‌ڕه‌شه‌و ترساندن 11كه‌س، ده‌ست به‌سه‌رداگرتن به دامه‌زراوه‌كانی چاپه‌مه‌نیه‌كان 65جار. هه‌روه‌ها راپۆرتی ساڵی 86ی هه‌تاوی هه‌واڵنێرانی بێ سنوور، رژیمی كۆماری ئیسلامی ئێرانی به یه‌كێك له‌رژیمه سه‌ركوت كه‌ره‌كان له‌بواری ئینتێرنێت له‌قه‌ڵه‌م دا‌و ناوی ئه‌م رژیمه‌ی له‌لیستی 13وڵات كه به " دوژمنانی ئێنتێرنێت" ناسراون، دیاری كرد. له‌درێژه‌ی راپۆرتی هه‌واڵنێرانی بێ سنوور ئاماژه به‌وه كراوه كه، له‌ماوه‌ی یه‌ك ساڵی رابردوو زیاتر له 10میلیۆن ماڵپه‌ڕی ئینتێرنێتی به‌بیانوی ناوه‌رۆكی نایاسایی‌و نائه‌خلاقی، فیلتێر كراون. كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ئینتێرنێت كه خێراییه‌كی باشی هه‌بێت، بۆ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی رژیمی كۆماری ئیسلامی، نایاسایی راگه‌یاندراوه‌و به زیندانی كردنی 15رۆژنامه‌وان‌و وێبلاگ نووس، كۆماری ئیسلامی ئێران، گه‌وره‌ترین گرتووخانه له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوڕاست بۆ رۆژنامه‌وانانه. رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌ساڵی 1993ی میلادی، سێیه‌مین رۆژی مانگی مه‌ی، به رۆژی ئازادی چاپه‌مه‌نییه‌كان له‌جیهاندا دیاری كرد‌و ئه‌م رێكخراوه‌یه تێكۆشاوه ئازادی چاپه‌مه‌نییه‌كان‌و پشتگیری له مافی رۆژنامه‌وانان‌و راگه‌یاندنه‌كان، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی له‌ته‌واوی دنیادا رابگه‌یه‌نێت. ئه‌م رۆژه، ده‌رفه‌تێكه تا به گشت جیهان بسه‌لمێنین كه كۆماری ئیسلامی ئێران، گه‌وره‌ترین دوژمنی راگه‌یاندنه‌كانی ئازاد‌و دێمۆكراتیك له‌جیهان دایه‌و دوژمنی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئازادی راده‌ربڕین، ئازادی چاپه‌مه‌نیه‌كان‌و ئازادی بیرووبۆچوونه‌كانه.
|
|||||||