|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
به‌كرده‌وه ده‌رهێنانی گه‌ڵاڵه‌ی 31 سپای ئۆستانی له‌ئاستی ئێران‌دا
لوقمان ره‌زایی هاوكات له‌گه‌ڵ لێدوانه‌كه‌ی محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری فه‌رمانده‌ی گشتی سپای پاسداران بۆ ڕۆژنامه‌ی جام جه‌م كه باسی له جیدیی بوونی هێرش‌و قووڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌كان‌و هه‌روه‌ها باس له ئاماده‌ی كۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ر رووداوێك كرد، ناوبراو له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م فه‌رمانده‌كانی سپای سه‌ر به ئۆستانه جیاجیاكانی ئێران، باسی له‌وه‌ڕێخستنی عه‌مه‌لیاتی ئیجرایی سپای پاسداردان له 31 ئۆستانی ئێران كردووه. به‌وته‌ی ناوبراو له‌پێناو به‌هێز كردنی هێزی نیزامی سپا له‌ساڵی به‌ناو نوێگه‌ری، گه‌ڵاڵه‌ی پێكهێنانی 31 سپای له ئۆستانه‌كانی ئێران‌دا به په‌سه‌ندی خامنه‌یی رێبه‌ریش گه‌یشتووه. جه‌عفه‌ری ئامانجی له عه‌مه‌لیاتی ئیجرایی سپای له ئۆستانه‌كان گه‌ڕانده‌وه بۆ " هاوئاهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی زه‌وینی‌و هێزی مقاومه‌تی به‌سیج." ئێمه له‌كاتێكدا رووبه‌ڕووی هه‌ڵوێستی له‌و جۆره له‌لایه‌ن فه‌رمانده‌ی گشتی سپای پاسداران ده‌بینه‌وه كه كۆماری ئیسلامی له‌ئاستی نێوده‌وڵه‌تی‌و له‌ئاستی ناوخۆشدا توشی كێشه‌و گرفت‌و ئاسته‌نگی زۆر هاتۆته‌وه. له‌ئاستی ده‌ره‌كی گوشاره‌كانی ئامریكا‌و باقی وڵاتانی هاوپه‌یمان‌و هه‌روه‌ها به‌دناو بوونی له‌هه‌میشه زیاتری كۆماری ئیسلامی به‌هۆی كاری تێكده‌رانه‌و راهێنانی هێزه میلشیاو تێرۆریسته‌كان بۆته هۆی ئه‌وه‌ی رژیم له‌هه‌میشه زیاتر بكه‌وێته په‌راوێزه‌وه. له‌لایه‌كی دیكه به‌هۆی نه‌بوونی سیاسه‌تێكی شیاوی ئابوری ڕۆژانه له‌ئاستی ناوخۆدا شارۆمه‌ندانی ئێران ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زیاتر له‌گه‌ڵ بێكاری‌و هه‌ژاری‌و گرانی كه‌ل‌و په‌ل‌و زۆرشتی دیكه رووبه‌ڕووده‌بن. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا هه‌ر وه‌ك ڕۆژانه ده‌بیندرێ ئاستی ده‌نگهه‌ڵبڕینه‌كان له‌ئاستی ناوخۆ‌و له‌ژێر ناڕه‌زایه‌تی پیشاندان‌و گه‌شه‌ی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هه‌ر له‌بزووتنه‌وه‌ی خوێندكارانه‌وه بگره تا بزووتنه‌وه‌ی كرێكاران، ژنان، نه‌ته‌وه سته‌ملێكراوه‌كان‌و زۆر ده‌نگ‌و ئیعترازی ناوبه‌ناوی دیكه ته‌نگی بۆكۆماری ئیسلامی هه‌ڵچنیوه. كۆماری ئیسلامیی‌و شه‌خسی جه‌عفه‌ری فه‌رمانده‌ی سپا‌ش له‌ژێر ناوی ئاماده‌یی بۆ به‌ره‌نگاری له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری هێرشی نیزامی خه‌ریكه له‌بنه‌وه هێواش هێواش كه‌شی وڵات میلیتاریزه ده‌كات‌و 31 سپای ئۆستانی له‌ئاستی ئۆستانه‌كان داده‌مه‌زرێنێ. روون‌و ئاشكرایه كه‌مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی رژیم‌و به‌تایبه‌تی سپا له‌م كرده‌وه‌ی كۆنتڕۆڵی هه‌رچی زیاتری كه‌شی ئۆستانه‌كان‌و به‌تایبه‌تی شارۆمه‌ندانی ئێرانه. بۆهه‌مووان روونه كه گه‌ڵاڵه‌ی پێكهێنانی 31 سپا به ئاگاداری شه‌خسی خامنه‌یی له‌درێژه‌ی گه‌ڵاڵه نادێمۆكراتیكه‌كانی دیكه‌ی رژیمه. ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ش ته‌واوكه‌ری گه‌ڵاڵه‌ی نادێمۆكراتیك‌و گرتن‌و بێسه‌روشوێنكردن‌و سووكایه‌تی پێكردنه به شارۆمه‌ندانی ئێرانی له‌ژێر ناوی بردنه سه‌ره‌وه‌ی ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی. جێبه‌جێكردنی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه ئه‌و كه‌مه ئاسایشه‌ش كه ره‌نگه شارۆمه‌ندانی ئێرانی بویان، لیانی سه‌نده‌وه. كۆماری ئیسلامی له‌كاتێكدا به‌م شێوه‌یه دێت‌و بوودجه‌یه‌كی زۆری وڵات بۆ كاروباری نیزامی‌و بۆ میلتاریزه كردنی ناوچه‌كانی ئێران به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌یی بۆ هێرشی ده‌ره‌كی دابین ده‌كات، كه ڕۆژانه‌و به پێی ئاماره‌كان شاهیدی چوونه سه‌ره‌وه‌ی نرخی بێكاری‌و هه‌روه‌ها چوونه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی هه‌ژاری‌و ده‌ست كورتی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێرانین. چوونه سه‌ره‌وه‌ی خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش كه ڕۆژانه به‌شێوه‌ی ناوبه‌ناو گیانی ده‌یان‌و سه‌دان لاوی وڵات ده‌گرێت با له‌جێی خۆیدا لێكبدرێته‌وه. جه‌عفه‌ری له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانی ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كه ئه‌ركی سپای پاسداران ته‌نیا ئه‌ركێكی نیزامی نییه‌و به‌ڵكوو مه‌ئمورییه‌تی سه‌ره‌كی ئه‌م هێزه رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه ناوخۆییه‌كانه. به‌شێكی زۆر له‌كارناسانی سیاسی مه‌به‌ستی قسه‌ی ناوبراویان گه‌ڕاندۆته‌وه بۆ پشتیوانی‌وده‌خاله‌ت دانی سپای پاسداران له ئه‌حمه‌دی نژاد‌و باڵه‌كه‌ی له‌ئاستی ناكۆكییه‌كان ناو باڵه‌كانی رژیم. به‌ڵام لایه‌نێكی دیكه‌ی باسه‌كه ئه‌وه‌یه كه جه‌عفه‌ری به چی ده‌ڵێت هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیی؟ هه‌ڕه‌شه‌ی ناوخۆیی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی ئێران بێت، ئه‌وه ئاشكرایه كه‌هه‌میشه سیاسه‌تی سه‌ركوت‌و دامركاندنه‌وه‌یان له‌لایه‌ن رژیم به‌خراپترین شێوه بۆی ره‌چاو كراوه. به‌ڵگه‌ی سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستیانه‌ش رووداوه‌كانی 3ی ره‌شه‌مه‌ی 77ی شاری سنه‌و هاوینی 84ی شاره‌كانی كوردستان‌و له‌م دواییانه‌ش رووداوه‌كانی ئیلام‌و تاران‌و مه‌شهه‌د بوو كه به‌نادێمۆكراتیكترین شێوه‌سه‌ركوت كران. هه‌روه‌ك ئاماژه‌ی پێدرا مه‌به‌ست له‌دامه‌زراندنی 31 سپای ئۆستانی ته‌نیاوته‌نیا بۆ گوشاری زیاتر‌و گرتن‌و له‌به‌ند كردنی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه‌به جۆرێك ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی هه‌ڵده‌ده‌ن به‌دژی سیاسه‌ته‌كانی رژیم. به‌گشتی لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی نیزامی كۆماری ئیسلامی له‌م یه‌ك دوحه‌وتووی رابردوو ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ كه له‌هه‌وڵی سه‌پاندنی كه‌شێكی نیزامی له‌ژێر پاراستنی چوارچێوه‌ی سنووره‌كانی ئێران تا كوو به‌م شێوه‌یه ئاستی ره‌خنه‌و ئیعترازه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران به‌نیسبه‌ت سیاسه‌ته شكستخواردووه‌كانی ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م بكه‌نه‌وه. له‌كۆتاییدا پێویسته بوترێ میلتاریزه‌كردن‌و توندتركردنه‌وه‌ی كه‌شی سیاسی-كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن رژیمه‌وه هه‌ڵوێستێكی نوێ نییه‌و رژیم له چه‌شنی وڵاتانی دیكتاتۆر هه‌ركات گڵۆڵه‌ی به‌ره‌و لێژی رۆشتبێت ده‌ستی داوه‌ته ئه‌م شێوه رووبه‌ڕووبوونه‌وانه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه هیچ كات نه‌یتوانیوه بیری ئازادیخوازی‌و كرده‌وه‌ی رزگاریده‌رانه بۆ هه‌میشه بنه‌بڕ و بخه‌سێنێت.
|
|||||||