|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
سته‌می چه‌ن باره له كام ژن و بۆچی؟ ئا/ كه‌ژاڵ دره‌خشانی
قسه له‌سه‌ر سته‌می چه‌ن باره له ژن زۆر وتراوه‌و نوسراوه، مه‌به‌ست له‌م سته‌مه كه له‌كۆمه‌ڵگادا به تایبه‌ت له ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێشی ژێر ده‌ستی چینی ده‌سه‌ڵاتدار ده‌كرێت. له‌راستیدا ئه‌م ژنانه بێجگه له‌وه‌ی جارێك وه‌ك پیاوانی هاوچینی خۆیان سته‌می ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیان لێده‌كرێت (سته‌می چینی)، جارێكی دیكه‌ش به بۆنه‌ی ژن بوونیان ده‌چه‌وسێنه‌وه (سته‌می جینسی). ئه‌گه‌ر ژنێ كریكار وه‌ك پیاوی كرێكار له‌لایه‌ن سه‌رمایه‌داره‌وه زوڵم و زۆری لێ ده‌كرێت و هه‌روه‌ها به بۆنه‌ی ژن بوون زیاتر له‌پیاوه‌كه سته‌می لێ ده‌كرێت به‌و مانایه‌ی كه حه‌ق ده‌ستی كه‌متری پێده‌درێت واته چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتر له‌پیاوی هاوچینی خۆی. ژنی كرێكار له شوێنی كارگه و ناوه‌ندی به‌رهه‌م هێنان به شێوه‌ی جۆراوجۆر ئه‌زیت و ئازار ده‌درێت به تایبه‌ت له‌لایه‌ن خاوه‌ن كاره‌كه‌یه‌وه. ته‌نانه‌ت پیاوی هاوسه‌ری سووكایه‌تی پێ ده‌كات. سته‌م كردن له ژنی ژێر ده‌ست و داگیركراو به شێوه‌ی جۆراو جۆره‌و ئه‌م ژنانه ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی ماڵیش كار نه‌كه‌ن له ماڵه‌وه‌و له نێو ژیانی تایبه‌تی خۆیان باوك و برا و هاوسه‌ر سووكایه‌تی و بێحورمه‌تیان پێ ده‌كه‌ن. سته‌مێك كه له ژنانی كرێكار و زحمه‌تكێش ده‌كرێت نموونه‌یه‌كی دیتراوه بۆ تێگه‌یشتن له سته‌می چه‌ن باره. ئه‌م ژنانه جارێك به هۆكاری چینایه‌تی وه‌ك پیاوانی كرێكار و جارێكی دیكه‌ش وه‌ك ژن له ژیانی تایبه‌تی‌و كۆمه‌ڵایه‌تی رووبه‌ڕووی هه‌ڵاواردنی جینسی و بێ مافی ده‌بنه‌وه. پێناسه و شوناسی سه‌ره‌وه له كتێب وه‌رنه‌گیراوه به‌ڵكوو له ژیانی كرێكاران و زحمه‌تكێشان ده‌توانین نموونه‌ی زۆر بهێنینه‌وه كه سته‌می چه‌ن باره له‌ژنان نیشان ده‌دات. ژیانی رۆژانه‌ی هه‌زاران ژنی چینی زه‌حمه‌ت كێشی كۆمه‌ڵگا ئه‌م واقعیه‌ته‌مان پێده‌لێت. به گشتی لێكۆڵینه‌وه له باروودۆخی ژیانی ژنانی چینی كرێكار ده‌توانێت نموونه گه‌لێكی به‌رچاو بێت بۆ تێگه‌یشتن له سته‌می چه‌ن باره كه دژ به ژن ده‌كرێت. حه‌قده‌ستی ژن زۆر كه‌متر له پیاو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كار و پیشه‌كه‌یان وه‌ك یه‌ك بێت. ئه‌رك و كاری ناو ماڵ و په‌روه‌رده‌و بارهێنان و چاودێری كردنی منداڵ له ئه‌ستۆی ژنه، بۆیه سنوور و ته‌نگه‌ژه بۆ ژن درووست ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنی كار. ئاماری بێكاری له نێوان ژناندا به هۆی باروودۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و فه‌رهه‌نگی زۆرتر له‌پیاوانه. بۆ نموونه ده‌توانین وه‌بیری بهێنینه‌وه كه له‌سه‌ره‌تای سه‌ركار هاتنی كۆماری ئیسلامی كۆمه‌ڵێكی زۆر له سه‌ر كار ده‌ركران كه به‌شێكی زۆری ژنان پێكیان ده‌هێنا. دوور كه‌وتنه‌وه‌ی ژن له چالاكی كۆمه‌ڵایه‌تی و خانه‌نشین كردنی، له ژێر سێبه‌ری فه‌رهه‌نگی زاڵ له كۆمه‌ڵگاو یاسای دواكه‌وتوو و په‌سه‌ند كردنی یاسای سه‌ده ناوه‌ڕاستی، ده‌ره‌نجامێكی زۆر نیگه‌تیڤی بۆ ئه‌م ژنانه‌و كۆمه‌ڵگا به گشتی لێكه‌وتووه‌ته‌وه. زۆربه‌ی ئێمه له كتێب و نووسراوه‌كاندا كه باس له پرسی ژن ده‌كرێ، ده‌سته‌واژه‌ی "سته‌می جینسی" كه ته‌نیا له ژن به هۆی ژن بوونیه‌وه ده‌كرێت ده‌بینین. هه‌روا كه له سه‌ره‌تاوه ئاماژه‌مان پێ كرد به سه‌رنج دان له حاكمیه‌تی رژیمێكی ئایینی و دژه ژن له ئێران ئه‌م پرسه زیاتر هه‌ستی پێ ده‌كرێت. بۆنموونه له ئێران، ژن له ژێر یاسای كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی كۆماری ئیسلامی له هه‌موو بواره‌كاندا سنوور و ئاسته‌نگی بۆ داده‌نرێت و له زۆربه‌ی مافه‌كانی بێبه‌ش ده‌كرێت. بۆ وێنه ده‌توانرێت ئاماژه به یاسای مه‌ده‌نی له ئێران بكه‌ین كه ژن موڵكی تایبه‌تی پیاو به ئه‌ژمار دێت و بڕیارده‌ری سه‌ره‌كی ژیانی ژن باوك و مێرد و برایه .
یاسا گه‌لێكی وه‌ك یاسای هاوسه‌رگیری و مافی ته‌ڵاق له ئێران كه‌م تا زۆر هاوسه‌رگیری به شێوه‌ی زۆره ملیه‌و زۆر رێگر و به‌ربه‌ستی له‌گه‌ڵدایه. هه‌ر بۆیه بۆكۆنتڕۆڵی ته‌ڵاق، یاسای مافی ته‌ڵاق په‌سه‌ند ده‌كرێت. له ئێران مافی ته‌ڵاق بۆپیاوه و ئه‌مه به واتای ئه‌وه‌یه كه پیاو هه‌ر كاتێك پێی خۆش بێت ده‌توانێت ژنه‌كه‌ی ته‌ڵاق بدات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ژن بیهه‌وێت ته‌ڵاق وه‌رگرێت به راده‌یه‌ك مه‌رجی بۆ دانراوه كه ساڵانێكی زۆر ژنان سه‌ر لێشێواو ده‌كات تا ئه‌وه‌ی كه خۆی رێگا چاره‌یه‌ك به‌ده‌ر له یاسا بۆ رزگاری په‌یدا ده‌كات، دوور نییه كه ئه‌م رێگا خۆكوژی، هه‌ڵاتن له ماڵ و ئاواره بوون له ناو شه‌قام و كۆڵانه‌كان بێت. له یاساكانی دیكه‌ی مه‌ده‌نی وه‌ك سه‌رپه‌رستی منداڵ، مافی سه‌فه‌ر كردن، یاسای حیجاب و قه‌ده‌غه بوونی له‌نێو بردنی منداڵ به‌ر له دایك بوون‌و زۆر نموونه‌ی دیكه به شێوه‌ی جۆراوجۆر مافی ژنی پێشێل كردووه. له راستیدا له‌م یاسانه‌دا به گشتی شێوه‌ی به موڵك كردنی ژن بۆپیاو دیاری كراوه و ئه‌م یاسانه وه‌ك ئامێرێك له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامییه‌وه به مه‌به‌ستی پاراستنی پیاو سالاری كه‌ڵك وه‌ر ده‌گیرێت. به‌ڵام سه‌بارت به سته‌می جینسی ده‌بێت له‌م خاله ورد بینه‌وه كه راسته سته‌می جینسی هه‌موو ژنان له هه‌ر توێژ و چینێك ده‌گرێته‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه ئه‌گه‌ر له واقیعیاتی ژیانی ژن وردبینه‌وه دیسانه‌وه كاریگه‌ری كه‌م تا زۆری ئه‌م سته‌مه‌ش له سه‌ر ژنانی چینی سه‌رمایه‌دار و ژنی كرێكار وه‌ك یه‌ك نییه. بۆنموونه ئه‌گه‌ر له ئێران لێكۆڵینه‌وه‌مان هه‌بێت له یاسای دژه ژن و كاریگه‌ریه‌كانی له سه‌ر ئه‌م دوو چینه‌ی كۆمه‌ڵگا، به جیاوازییه‌كی زۆر ده‌گه‌ین. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ژنێك له چینی زه‌حمه‌تكێش له به‌ر چاو بگرین كاتێك كه سته‌مێكی زۆری له لایه‌ن هاوسه‌ره كرێكاره‌كه‌ی لێده‌كرێت، ده‌رفه‌تی هه‌ڵاتن له ماڵ و خۆ رزگار كردن له ئه‌زیه‌ت و ئازاری هاوسه‌ره‌كه‌ی نییه ژنانی چینی كرێكار به هۆی هه‌ژاری و ده‌ست ته‌نگییه‌وه له بارودۆخێكی زۆر پڕئازار به سه‌ر ده‌به‌ن. زۆر جار مافی خوێندن و به‌رده‌وام بوون له خوێندنی نییه، له ته‌مه‌نی كه‌مدا ده‌بێت هاوسه‌رگیری بكات و هیچ كات ته‌ڵاق وه‌رنه‌گرێت. ژن ئه‌گه‌ر بیهه‌وێت ئه‌م كاره بكات زۆر سه‌ختی ده‌یته سه‌ر رێگای و یا ئه‌گه‌ر توانی ته‌ڵاق وه‌رگرێت به هۆی ئه‌وه‌ی كه له باری ئابوورییه‌وه ته‌نیا پاڵپشتی مێرده‌كه‌یه‌تی له دوای جیابوونه‌وه، ناتوانێت سه‌ر په‌نایه‌ك بۆ خۆی و منداڵه‌كانی ده‌سته‌به‌ر بكات. به هۆی ئه‌و باروودۆخه‌ی كه ژنی كرێكار له باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه هه‌یه‌تی ئه‌گه‌ر زۆر سه‌ركه‌وتوو بێت، ده‌توانێت كار له كارگه‌یه‌گی بچووك و یان كاری پاك و خاوێن كردن له نێو ماڵی سه‌رمایه‌دارێك و دام و ده‌زگایه‌كی حكوومی بكات. ژنانی كرێكار به هۆی باری كۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌خوێنده‌واری ده‌رفه‌تی گونجاویان بۆ په‌یدا كردنی كار نییه و ئه‌گه‌ر توانیان كارێك په‌یدا بكه‌ن، حه‌قده‌ستێكی زۆر كه‌می پێده‌ده‌ن كه بۆ به‌رێوه‌بردنی ژیانێكی ساده و هه‌ژارانه‌ش نابێت. باروودۆخی ژیانی ژنانی كرێكار زۆر جیاوازی له گه‌ڵ چینی سه‌رمایه‌دار هه‌یه ته‌نانه‌ت به نیسبه‌ت چینی مام ناوه‌ندوه، ژیانی ژنانی كرێكار زۆر دژوارتر و سه‌خت تره. ده‌زانین ژنێك كه له باری ئابوورییه‌وه سه‌ربه‌خۆیه، راحتتر ده‌توانێت كێشه‌كانی چاره سه‌ر بكات به تایبه‌تی ژنانی خاوه‌ن سه‌رمایه كه كار و پیشه‌ی گونجاویان هه‌یه‌و له باری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رفه‌ت و ئیمكاناتی باشیان بۆ خوێندن هه‌یه. بۆنموونه كاتێ كه ژنی كرێكار ناچاره بۆ په‌یدا كردنی بژیوی ژیان، منداڵه‌كانی به ته‌نیا له ماڵ به جێ بهێڵێت، ژنی چینی سه‌رمایه‌دار منداڵه‌كانی له‌باخچه‌ی ساوایان داده‌نێت، بۆیه هه‌م خۆیان له دڵه‌ڕاوكێ و هه‌م منداڵه‌كانیان له كێشه‌ی ته‌نیایی و بێ سه‌ر په‌رستی ره‌نج ناكێشن، بۆیه ده‌بینین كه چلۆن ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌ت كێش و هه‌روه‌ها چینی مام ناوه‌ند وه‌ك پیاوان سته‌می ئابووری و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیان لێ ده‌كرێت و دووباره به هۆی ژن بوونیشه‌وه ده‌چه‌وسێنه‌وه، له كاتێكدا كاریگه‌ری سته‌می جینسی له سه‌ر ژنی چینی سه‌رمایه‌دار زۆر كه‌متر له ژنی كرێكاره. سه‌ره‌ڕای ئه‌و واقعییه‌تانه كه ئاماژه‌مان پێكرد ئێمه شاهیدی ئه‌وه‌ین كه له نێو بزوتنه‌وه‌ی ژناندا كه‌سانێك كه بانگه‌شه‌ی خه‌بات بۆ ئازادی ژن و نه‌هێشتنی ته‌واوه‌تی سته‌م له ژن ده‌كه‌ن ده‌ڵێن كه "سه‌ركوت و زه‌خت خستنه سه‌ر ژنان به هۆی سته‌می چینایه‌تییه‌وه نییه به‌ڵكوو سته‌می جنسییه و یان به گشتی چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن له كۆمه‌ڵگا له لایه‌ن پیاوانه‌وه ده‌كرێت "! بۆ وه‌ڵام دانه‌وه به‌م دوو خاڵه‌وه و ناسینی رووداوه‌كانی ده‌ورووبه‌رمان پێویسته وردتر و قووڵتر له‌م پرسانه بڕوانیین. ئایا شێوه‌ی ژیان و باری كۆمه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی ژن ته‌نیا جینس (واته ژن بوون) دیاری ده‌كات؟ سه‌ره‌نج بده‌ینه پیاوانی چینی كرێكار كه هاوجنسن له گه‌ڵ پیاوانی چینی سه‌رمایه‌دار. ئایا ئه‌م هاوجنسییه ده‌بێته هۆی به‌رابه‌ری حقوقی، كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ته‌نانه‌ت بایه‌خ پێدان و رێزی یه‌كسانی ئینسانی له نێوانیاندا؟ به‌راستی چ كه‌سانێك سوودمه‌ند ده‌بن له سته‌م كردن له ژنی كرێكار؟ بۆنموونه دانی حه‌ق ده‌ستی كه‌م به ژنی كرێكار ته‌نیا به هۆی ژن بوونه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی چ كه‌سانێكه؟ ئێمه له سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد كه زۆرینه‌ی ژنانی كۆمه‌ڵگای ئێران، ژنانی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش و ژنانی دیكه‌ی ره‌نج دیتوو، وێڕای پیاوانی هاوچینی خۆیان سته‌می چینایه‌تیان لێ ده‌كرێت. ئه‌گه‌رچی ژنان به هۆی ژن بوون سته‌مێكی دیكه‌شیان لێ ده‌كرێت (سته‌می جینسی). ره‌ت كردنه‌وه‌و له‌به‌رچاو نه‌گرتنی سته‌می چینایه‌تی كه ژیانی زۆرینه‌ی ژنانی كۆمه‌ڵگای ئێمه‌ی رووبه‌ڕووی ئازار‌و ره‌نجێكی فراوان كردۆته‌وه و قه‌بووڵ كردنی ئه‌وه‌ی كه سته‌م كردن له ژن ته‌نیا سته‌می جنسییه، ئه‌ومان بۆ روون ده‌كاته‌وه كه له چاویلكه‌ی ژنێكی بورژوازه‌وه سه‌یری ئه‌م پرسه‌مان كردووه. لێره دا باشتره كه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین له سه‌رچاوه‌ی سته‌می جینسی و رێگا چاره‌ی سه‌ره‌كی له نێو بردنی ئه‌م سته‌مه. بۆ رۆشن تر بوونه‌وه‌ی ئه‌م پرسه ئه‌بێت بزانیین كه سته‌می جنسی له كوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت چ به‌ستێنگه‌لێكی مادی هه‌یه كه ده‌بن به هۆی دروست بوونی ئه‌م سته‌مه. چونكه پێویسته بۆ خه‌بات كردن به دژی هه‌ر دیارده‌یه‌ك سه‌ره‌تا ده‌بێت هۆكاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی گه‌شه و پێكهاتنی ئه‌م دیارده‌یه به جوانی بناسین. راستی ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر له كۆمه‌ڵگای خومان به شێوه‌ی گشتگیر بڕوانین بۆمان ئاشكرا ده‌بێت كه هه‌ركام له‌و كێشه و گرفتانه‌ی كه ژنانی ئێمه له ئێران‌دا به هۆی ژن بوون رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، له واقیعدا به بۆنه‌ی كار كردنی سیسته‌می ناعادڵانه‌ی چینایه‌تیه‌و ئه‌مه به هۆی نیزامی ئابووری سه‌رمایه‌داریه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا كه وه‌ك بنه‌مایه‌ك بۆ به‌رده‌وام بوونی خۆی كار ده‌كات و بۆ په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌كانی، شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی و ره‌وای پێده‌دات. ئه‌مڕۆكه به هۆی بوونی ئه‌م نیزامه‌وه، رژیمی كۆماری ئیسلامی زۆڵم و سته‌مێكی یه‌ك جار فراوان له ژنان ده‌كات. له واقیعدا سته‌می جنسی نیشانه‌ی نابه‌رابه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگادایه. سته‌می جینسی سته‌مێكه كه ریشه‌ی له موناسباتی به‌رهه‌مهێنان و مالكیه‌تی تایبه‌تی دایه كه جۆر و عه‌قڵی ئینسانه‌كان دیاری ده‌كات. به پێی ئه‌م بنه‌مایه خه‌بات بۆگۆڕانی موناسباتی به‌رهه‌مهێنان و خه‌بات له دژی مالكیه‌تی تایبه‌تی به‌ده‌ر له خه‌بات بۆ نه‌هێشتنی نابه‌رابه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی به گشتی نابێت به هۆی له نێو چوونی به ته‌واوه‌تی سته‌می جینسی، روانگه‌یه‌ك كه سته‌می چینایه‌تی به هۆكاری چه‌وساندنه‌وه‌ی ژن نازانێت، ئاسائییه كه بۆ ئازادی ژن به دژی سته‌می چینایه‌تی خه‌بات نه‌كات. بۆ تێگه‌یشتن له ریشه‌ی هۆكاره‌كانی درووست بوونی سته‌می جنسی پێویسته بكۆڵینه‌وه له مێژوو و گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگای مرۆیی و ریشه‌و هۆكاره‌كانی پێوه‌ندی حاكمی نێوان ئینسانه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتر. له كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌هه‌موو شتێك ده‌بێت به شت و مه‌ك و خاوه‌نی بۆ په‌یدا ده‌بێت و كه‌سێك ده‌بێت به خاوه‌ن و یه‌كێكی دیكه بێبه‌ش ده‌بێت. لێره دا چینێك به خاوه‌نی هه‌موو شتێك (هه‌موو ئامێری به‌رهه‌مهێنان) ده‌بێت و هه‌موو ده‌سه‌ڵات و جێگه‌و پێگه‌ی به‌رزی ئابووری و سیاسی به ده‌سته‌وه ده‌گرێت و بۆ پاراستنی پێگه‌و ده‌سه‌ڵاتی به خواستی خۆی یاسا داده‌نێت و دام و ده‌زگا رێك ده‌خات و بۆ ئه‌م كاره‌ی په‌نا بۆ هه‌موو شتێك ته‌نانه‌ت خورافات و ئایین ده‌بات تا بێجگه له پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی ئابووری خۆی له باری زه‌ینی و مه‌عنه‌وییه‌وه چینی زه‌حمه‌ت كێشی كۆمه‌ڵگا كه هه‌موو شتێك به ده‌ستی ئه‌و دروست ده‌بێت بكێشێته ژێر ركێف و ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه. ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به بیرۆكه‌ی دواكه‌وتوانه‌ی وه‌ك (ژن نیوه‌ی پیاوه)، ژنانی سته‌م دیتووی كۆمه‌ڵگا واته نیوه‌ی كۆمه‌ڵگای ئینسانی بخاته ژێر ده‌ستی خۆی و به‌م بیانووه، ده‌ستی خۆی ئاوه‌ڵا بكات بۆ چه‌وساندنه‌وه‌ی زیاتری ژن. هه‌ر بۆیه تێده‌كۆشێت سته‌می چینایه‌تی له كۆمه‌ڵگادا به رووانگه‌یه‌كی ئیرتجاعی و دواكه‌وتووانه بسه‌لمێنێت. واته ئه‌م روانگه‌یه نابه‌رابه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌سه‌لمێنێ. روانگه‌یه‌ك كه ژن به پله دوو و كه‌م عه‌قڵ و هه‌ستیار و كه‌م توانا پێناسه ده‌كات، روانگه‌یه‌ك كه ئایین و فه‌رهه‌نگی دواكه‌وتووانه له ته‌واوی كۆمه‌ڵگا و له نێوان ژن و پیاودا ره‌واو به‌هێز ده‌كات و ژن به بێ بایه‌خ ده‌زانێت و هه‌موو بیرۆكه‌ی ئیرتجاعی و داب و نه‌ریتی نه‌شیاو و به گشتی له سه‌ر بنه‌ما و رێككه‌وتن له گه‌ڵ سیسته‌می ئابووری حاكم له كۆمه‌ڵگا درووست ده‌كات. هه‌ر بۆیه ده‌بێت ئامانجی ئێمه له گۆڕینی پێكهاته‌ی ئه‌م نیزامه ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تییه بێت و بۆ هه‌ر دیارده و رووداوێك كه له كۆمه‌ڵگا ئه‌نجام ده‌گرێت به شێوه‌ی دیاریكراو و رادیكاڵ روبه‌ڕووی ببینه‌وه.
سه‌رچاو؛
|
|||||||