|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
كۆماری ئیسلامی‌و دیاری‌كردنی لانی كه‌می حه‌قده‌ست؟ هووشیار مه‌حموودی
لانی كه‌می حه‌قده‌ستی ئه‌مساڵیش واته ساڵی 1388 له‌لایه‌ن رژیمی ئیسلامیه‌وه دیاری كرا‌و به شێوه‌یه‌كی منه‌تبارانه به كرێكاران‌و مووچه‌بگیران راگه‌یاندرا. رێكخراوه كرێكارییه‌كانیش به‌رامبه‌ر به‌م رێژه‌یه هه‌ڵوێستیان گرت‌و مه‌حكوومیان كرد. له‌وانه كرێكارانی سه‌ندیكای واحیدی ئوتوبووسڕانی تاران‌و كرێكارانی سه‌ندیكای كرێكاری رستن‌و چنینی كرماشان‌و... هه‌ر كامه‌و به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر به‌دژی ئه‌م بێ‌مافیه هه‌ستان. به‌گوێره‌ی راگه‌یانراوی خۆیان هه‌ر بنه‌ماڵه‌یه‌كی چواركه‌سی پێویسته یه‌ك ملیۆن تمه‌نی ببێ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت لانی كه‌می پێداویستیه‌كانی خۆی دابین بكات‌و درێژه بدات به كاری پڕچه‌وسانه‌وه‌ی خۆی، واته بۆ ئه‌وه‌ی زیندوو بمێنێته‌وه‌و بتوانێ دووباره بچێته‌وه سه‌ركار، پێویستی به‌و رێژه پاره هه‌یه. به‌ڵام شوورای باڵای كار‌و بانكی ناوه‌ندی‌و "نوێنه‌ری كرێكاران"و نوێنه‌ری خاوه‌نكاریش، پێكه‌وه رێژه‌ی ئه‌مساڵیان به 274 هه‌زار تمه‌ن دیاری كردووه. واته به پێی به‌راورده‌كانی خۆشیان له‌گه‌ڵ كرێكاراندا نه‌جووڵاونه‌ته‌وه‌و كه‌متر له‌وه‌ش حیسابیان بۆ زۆرترین حه‌شیمه‌تی ئێران -كه كرێكاران‌و زه‌حمه‌تكێشانن -كردووه. ئه‌وان به‌م هاوكێشه‌یه لانی كه‌می حه‌قده‌ست دیاریده‌كه‌ن. بنه‌ماڵه‌یه‌كی 4 كه‌سی ده‌گرنه نه‌زه‌ر و لانی‌كه‌می پێداویستیه‌كان بۆ زیندوومان له‌لایه‌ك‌و رێژه‌ی هه‌ڵاوسانیش له‌لایه‌كی دیكه له‌گه‌ڵ یه‌كتر به‌راورد ده‌كه‌ن: واته ئه‌گه‌ر هه‌ڵاوسان زیاتر بچێته سه‌ره‌وه، ئه‌وا ئیتر ئه‌و حه‌قده‌سته ڕاسته‌قینه نیه‌و به‌هۆی دابه‌زینی نرخی پاره له ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵاوساندا شتی كه‌می پێ‌ده‌كڕدرێت. "حه‌قده‌ست راسته‌قینه نیه" مانای ئه‌وه‌یه به‌ناو حه‌قده‌سته. واته ئه‌گه‌رچی خاوه‌ن كار ئه‌و رێژه دیاریكراوه له‌پاره به كرێكار ده‌دات، به‌ڵام شت گران بووه، به‌های كار وه‌كوو شمه‌كێك(كاڵا) كه‌متر ده‌مێنته‌وه له‌ئاست شمه‌ك‌وكاڵاكانیتر. ئه‌و رێژه له‌وه پێشتر له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه دیاركراوه، به‌ڵام رێژه‌ی شمه‌كه‌كانتیر دیارینه‌كراوه. بۆیه هاسان ده‌توانن هه‌ڵكشن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر نرخی كاڵایه‌ك به‌ناوی (كار) بچێته‌سه‌ره‌وه ده‌بێ كرێكار هه‌م به‌دژی سه‌رمایه‌و هه‌م ده‌سه‌ڵاتی رژیمه پشتیوانه‌كه‌ی سه‌رمایه خه‌بات بكات. ئه‌وه له‌كاتێكدایه كاڵاكانیتر به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك ببێته له‌مپه‌ر له‌به‌رابه‌ریاندا، به‌رده‌وام بۆ قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌ی بێ‌به‌هایی پاره هه‌ڵده‌كشێن‌و ئه‌مه به‌ئازادی بازار ناوی لێده‌برێت. واته ئه‌گه‌ر شمه‌كه‌كانیتر نرخی بچێته‌سه‌ره‌وه به‌ناوی ئازادی بازار، كه‌س به‌ره‌نگاری نابێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌م هه‌لومه‌رجه خنكێنه‌ره‌دا بێتوو كرێكار باسی ئه‌وه بكات كه ئه‌و پووڵه‌ی كه پێی ده‌درێت ژیانی دابین ناكات، خاوه‌نكار پشتبه‌ستوو به‌یاسای كار دژایه‌تی ده‌كات‌و یاسای دیاریكراوی حه‌قده‌ستیش له‌پشتیه‌تی. ئه‌وه ئیتر كه‌مترین رێژه‌یه كه ناكرێ پێی بڵێن ژیان، به‌ڵكوو زیندوومانی پێ‌ده‌وترێت. پاره‌كه له‌سنه كه‌سێك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی به‌ڕێوه به‌رێت خۆی كوشت، له‌كرماشان ساڵی رابردوو كابرایه‌ك مناڵه‌كه‌ی سه‌ربڕی چوونكوو داوای برنجی كردبوو... زۆر جاریش زیندوومان مسۆگه‌ر نابێت. به‌م جۆره بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وه‌ی كه بۆ شمه‌ك‌وكاڵایه‌ك ره‌وایه بۆ شمه‌كێكیتر ناڕه‌وایه‌و لێره‌شه‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ بازاری ئازاد بۆ هه‌ژاران نائازاده. گۆیا ئه‌م نیزامه ئابووریه له‌سه‌ر به‌رابه‌ری به‌های شمه‌كه‌كان ده‌ڕوات به‌ڕێوه! ئیتر نابه‌رابه‌ری ئینسانه‌كان پێشكه‌ش، چوونكوو به‌به‌زه‌قی بۆ هه‌موان ده‌ركه‌وتوه كه به‌رابه‌ری له‌م سیسته‌مه‌دا له ئارادا نیه. ئه‌وه‌یه كه ماركس باسی كه‌مووكۆڕیه‌كانی لیبرالیزمی وكوو پێكهاته‌یه‌كی سازێنه‌ر وه‌كوو توخم‌و ره‌گه‌زه پێكهینه‌ره‌كانی به‌درووست داوه‌ته‌به‌ر ره‌خنه. واته ئازادی له كرۆك‌و دڵی خۆیدا تووشی هاودژی نائازادكردنی رێژه‌یه‌كی فراوانه له تۆخمه‌كانی خۆی‌و له‌پێناوی ئازادكردنی كه‌مینه‌یه‌ك، تۆخمی ناڕه‌سه‌نی ململانێكاردا. ئه‌وه‌ی بۆ كرێكار وه‌كوو خاوه‌نی كاڵای كار ناڕه‌وایه، بۆ خاوه‌نی شمه‌ك‌وكاڵاكانیتر ره‌وایه‌و وه‌كوو شتێكی سرووشتی جێكه‌وته‌وه. به‌ڵام سه‌بارت به دیاری‌كردنی لانی كه‌می حه‌قده‌ست له ناو رژیمی ئیسلامی ئێران‌دا، ئه‌وه‌ی له‌یه‌كه‌مین چاوپێداخشاندندا به‌رچاو ده‌كه‌وێت، ئه‌و به‌ڕواڵه‌ت مشت‌ومڕه‌یه كه گۆیا له نێوان بانكی مه‌ركه‌زی‌و شۆرای باڵای كاردا رووی داوه. واته سه‌ره‌تا بانكی مه‌ركه‌زی رایگه‌یاندوه كه ئه‌مساڵ هه‌ڵاوسان ده‌گاته 24% و دواتر كه رێژه‌ی حه‌قده‌سته‌كه دیاریكراوه‌و كرێكاران ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تیان به‌رز كردووه‌ته‌وه‌و چالاكیان به‌دژی نواندووه، ئه‌وجار بانكی مه‌ركه‌زی كه یه‌كێكه له گۆپاڵه‌كانی ده‌ستی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵك رایگه‌یاندووه كه ئه‌و بڕه له هه‌ڵاوسان هه‌ڵه‌بووه‌و رێژه‌ی هه‌ڵاوسان ره‌نگه 16% بێت. ئه‌م كاره به‌ئاشكرا‌و به بێ لێكدانه‌وه‌یه‌كی قووڵ، دیاره بۆ فریوی كرێكارانی ناڕازی بووه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تێڕوانیه بخاته مێشكیانه‌وه كه ده‌وڵه‌ت به‌هه‌ڵه‌دا چووه له دیاری‌كردنی حه‌قده‌ستدا‌و ئه‌گه‌ر بێتوو دووباره حه‌قده‌ست دیاری بكه‌نه‌وه ئه‌وا ئه‌مجاره ئێتر به‌گوێره‌ی هه‌ڵاواسانێكی كه‌متر دیاری ده‌كه‌ن‌و به‌و پێ‌یه‌ش حه‌قده‌سته‌كه كه‌متر دیاری ده‌كه‌ن. ئه‌مه له حاڵێكدایه كه ساڵی پاریش رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌وه‌ی كه رایانگه‌یاندبوو زیاتر به‌رز بووه‌وه. پرسیارێك كه لێره‌دا دێته ئاراوه ئه‌وه‌یه كه هه‌ڵاوسان بۆ رووده‌دات؟ بێ‌گۆمان بێ هیچ قووڵ‌بوونه‌وه‌یه‌ك بۆ جه‌وهه‌ر‌و سرووشتی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری، هۆكاره‌كه بوونی مووچه‌بگێرێكی فراوانه، واته ده‌سه‌ڵات‌و ده‌وڵه‌ت له نیزامی سه‌رمایه‌داریدا با ئه‌كات‌و ورگ زلده‌كات. هه‌ر كه‌س له نزیكه‌وه رژیمی ئیسلامی ئیرانیش بناسێت ده‌زانێـت، "ئه‌رته‌شی بیست میلیۆنی" _ كه ساڵه‌ها به‌شانازیه‌وه باسده‌كرا_ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م هه‌ڵاوسانه‌یه. واته رێژه‌یه‌كی فراوان پاسدار1و به‌سیجی‌و ئیتلاعاتی‌و هیزه‌ئینتزامیه‌كان‌و... داهاتی نه‌ته‌ویی خه‌ڵكی ئێران بۆ خۆیان قۆرخ ده‌كه‌ن‌و ده‌وڵه‌ت وه‌كوو ئینسان حیساب بۆ خۆیان‌و خانه‌واده‌كه‌یان ده‌كات. به‌ڵام به‌نیسبه‌ت كرێكارانه‌وه هه‌زار هاوكێشه‌ی‌و فورمولی ئابووری دێنێته كایه‌وه‌و واخۆده‌رئه‌خات كه گۆیا زانستیانه له‌گه‌ڵ چه‌مكی حه‌قده‌ست ده‌جووڵێته‌وه. كه‌چی به چاوخشاندنێك به‌سه‌ر راپۆرته‌كانی شورای به‌ناو عالی كار‌و ته‌نانه‌ت ئیداره‌كانیتری خۆیان له‌م باره‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م ئۆرگانانه‌ش بڕیارده‌ر نین. به‌ڵكو له‌م باره‌وه له لیژنه‌ی دیاری‌كردنی حه‌قده‌ستدا كه وه‌زیری كار یان جێگره‌كه‌ی تێیدا به‌شداره ئه‌وه‌ی دوایین بڕیارده‌دات لایه‌نی ده‌وڵه‌ته، نه‌ك هاوكێشه ئابووریه‌كان و نه‌ك كرێكاران. به‌م پێ‌یه هه‌ڵاوسانێك كه هۆكاره‌كه رژاندنی پاره‌ی زۆره بۆ به‌سیجیه‌كان، له سه‌ر حیسابی بێ‌پاره كردنی چینی كرێكار‌و مووچه‌بگیرانی مه‌ده‌نی قه‌ره‌بوو ده‌بێته‌وه. 1- جه‌ماوه‌ری كوردی رۆژهه‌ڵات ئه‌م وشه بۆ چه‌كدارانی كوردی سه‌ربه‌ڕژیم به‌كارده‌هێنن كه هه‌ڵگری واتا‌و مانایه‌كی سووكه. زۆرجاریش به وشه‌ی "جاش" ده‌شۆبهێندرێت. له‌كاتێكدا خۆی وشه‌كه له "پاسدار"ی فارسیه‌وه وه‌رگیراوه‌و له ڵای ئه‌وان وشه‌كه له‌باری زمانه‌وانیه‌وه مانایه‌كی خراپی نیه، به‌ڵام چوونكوو له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسیه‌وه خزمه‌تكردنی به سیسته‌مێكی خوێنڕێژ‌و خۆێنمژ ده‌وترێت، مانای زمانه‌وانیه‌كه‌ی فه‌رامۆشكراوه.
|
|||||||