|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
هۆكاره‌كانی سه‌فه‌ره‌كه‌ی خامنه‌یی بۆ كوردستان ئه‌نوه‌ر ئه‌سه‌دزاده
سه‌ره‌تا ئه‌گه‌ر سه‌رنجمان دابێته به‌شێكی زۆری وڵاتانی جیهانی سه‌ردان‌و سه‌فه‌ركردنی به‌رپرسانی باڵای وڵاتان بۆ شار‌و پارێزگا‌و ئیاله‌ته جیاوازه‌كانیان هه‌ر له سه‌رۆك كۆمار‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه بگره تا پله‌كانی خوارتر شتێكی ئاساییه. هه‌روه‌ها رۆژانه له‌ژێر سایه‌ی راگه‌یاندنه‌كان به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان ورده‌كاری ئه‌م سه‌فه‌رانه روون ده‌بێته‌وه. مه‌به‌ست له‌م سه‌ردانانه‌ش زۆر جار مانای سیاسی په‌یدا ده‌كات‌و زۆر جاریش به‌مه‌به‌ستی پڕوپاگه‌نده یان خود به‌مه‌به‌ستی ئاگادار بوون له‌حاڵ‌و وه‌زعی شارۆمه‌ندانی شاره جیاوازه‌كان له‌و وڵاته‌دا رووده‌دات. به‌و مه‌به‌سته سه‌ردان‌و سه‌فه‌ركردنی حاكمانی باڵای كۆماری ئیسلامیش بۆ شار‌و ناوچه جیاوازه‌كان به‌رده‌وام له‌ئارادابووه‌و ئێمه وه‌ك خه‌ڵكی كورد تا هه‌نووكه شاهیدی هاتنی چه‌ندین سه‌رۆك كۆمار له‌ئێران بووین بۆ كوردستان. به‌ڵام له‌تازه‌ترین رووداوی ئه‌م جۆره سه‌فه‌رانه، سه‌فه‌ره‌كه‌ی عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری كۆماری ئیسلامییه پاش به‌ده‌سته‌وه گرتنی نزیك به 23 ساڵی ده‌سه‌ڵاتی رێبه‌ریی له رژیمی كۆماری ئیسلامی‌دا بۆ كوردستان. هۆی ئه‌م سه‌ردانه‌ی ناوبراو هه‌روه‌ها ده‌ره‌نجامه‌كانی به‌تایبه‌تی له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه كۆماری ئیسلامی پێیدا گوزه‌ر ده‌كات جێگه‌ی تێڕامانه‌و هه‌وڵ ده‌درێ له‌م بابه‌ته‌دا به‌كورتی ئاماژه به‌هۆكاره‌كانی سه‌فه‌ره‌كه‌ی عه‌لی خامنه‌یی بۆ كوردستان بكرێت. مێژووی كورد له كۆماری ئیسلامی گومان له‌وه دانییه كه كۆماری ئیسلامی به‌درێژایی ده‌سه‌ڵاتی سی ساڵه‌ی خۆی دژی سه‌رجه‌م مافه‌كانی گه‌لی كورد بووه‌و له‌پێناو سه‌ركوت‌و له‌نێوبردنی ئه‌م خواستانه‌ی له‌شێوه‌ی جیاواز چی بۆ كرابێت دریغی نه‌كردووه. كۆماری ئیسلامی‌و رێبه‌رانی وه‌ك خومه‌ینی‌و ئێستاكه‌ش خامنه‌یی تا بۆیان كرابێت ده‌ستیان له‌دژومنایه‌تی‌و كوشتن‌و له‌نێوبردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد نه‌پاراستووه. مێژووی گه‌لی كورد له‌كوردستانی ئێران پاش هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، هاتنه ئارای سه‌دان شه‌ڕو كوشت‌و كوشتار‌و هێرشی بێ به‌زه‌ییانه‌ی هێزه‌كانی ئه‌رته‌ش‌و سپای ته‌یار به چه‌كی سوك‌و قورس‌و تاڵانكردن‌و كاولكردنی سه‌دان گوند‌و سه‌پاندنی كه‌شی حكوومه‌تی نیزامی به‌سه‌ر شاره‌كانیدا سه‌لمێنه‌ری ئه‌و په‌ڕی دوژمنایه‌تی حاكمانی ده‌سه‌ڵاتدار له‌دژی خه‌ڵكی كورد نیشان ده‌دات. له فه‌زایه‌كی له‌و جۆره كه سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی گشت ئه‌م نه‌هامه‌تییانه‌ی توشی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد بۆته‌وه كۆماری ئیسلامی‌و حاكمانییه‌تی، هۆی هاتنی خامنه‌یی بۆ كوردستان له‌م ساته‌وه‌خته‌دا جێگه‌ی پرسیاره. خامنه‌یی بۆچی ده‌بێت سه‌ردانی ئه‌و كوردستانه بكات كه هه‌ر ئێستاكه زیاتر له‌هه‌موو ئۆستانه‌كانی دیكه زیندانی سیاسی له‌زیندانه‌كانی به‌سه‌رده‌به‌ن؟ بۆچی ده‌بێت سه‌ردانی كوردستانێك بكات كه هه‌ر ئێستاكه چه‌ندین رۆژنامه‌نووس‌و چالاكانی ژن‌و خوێندكاری‌و كرێكاری‌و مامۆستایان‌و كه‌سایه‌تی دیكه‌ی به‌تاوانی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ داڕێژه‌ری سه‌ره‌كی سیاسه‌تی كۆماری ئیسلامی كه شه‌خسی خامنه‌ییه له‌زینداندا به‌سه‌ر ببه‌ن؟ هۆی سه‌ردانه‌كه‌ی خامنه‌یی بۆ كوردستان ده‌بێت چی بێت له‌كاتێكدا شه‌خسی ناوبراو چ له‌سه‌رده‌می سه‌رۆك كۆماریداو چ له‌ده‌سه‌ڵاتی رێبه‌ریدا بڕیارده‌ری سه‌ره‌كی قه‌ڵاچۆكردن‌و كوشتن‌و فه‌وتاندنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردبووه؟ عه‌لی خامنه‌یی به‌م سه‌فه‌ره‌ی بۆ كوردستان مه‌به‌ستییه‌تی به جۆرێك روو به‌خه‌ڵكی كوردستان ئه‌و په‌یامه‌ی بنێرێت كه روانینی حاكمانی ئاینی بۆ كوردستان گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه. به‌ڵام ئه‌وه له‌بیر ده‌كات كه پێش هاتنه‌كه‌ی زیاتر له 15 هه‌زار كه‌س له هێزه‌كانی سپای پاسداران بۆ تۆقاندن‌و میلیتاریزه كردنی كوردستانی ره‌وانه كردووه. ئه‌گه‌رچی تا هه‌نووكه حاكمانی ده‌سه‌ڵاتدار به‌چاوی دوژمن‌و كه‌سانی بێگانه سه‌یری كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردیان كردووه‌و سیاسه‌تی میلیتاریزه كردنی كوردستانیان گرتۆته‌به‌رو ئه‌م سیاسه‌ته‌شیان له‌ئاستی ئابووری‌و سه‌رمایه‌گوزاری‌و په‌ره‌سه‌ندنی سه‌ركوت‌و گوشار ره‌نگدانه‌وه‌ی بووه، به‌ڵام ئێستاكه‌و له‌و په‌ڕی رواڵه‌تییدا به بیانووی هاتنی خامنه‌یی بۆ كوردستان وا نیشان بده‌ن كه كوردستان ناوچه‌یه‌كی ئارامه‌و ملكه‌چی ته‌واوی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی بووه. كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد‌و هێزه پێشكه‌وتنخوازه‌كانی كورد به‌هۆی چوونه سه‌ره‌وه‌ی ئاستی وشیاری‌و له‌هه‌مانكاتدا كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌زموونێكی به‌نرخ له‌به‌ربه‌ره‌كانێی له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی شاره‌زاییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌م رژیمه به‌ده‌ستهێناوه. به‌م بۆنه‌وه سه‌فه‌ری به‌رپرسانی كۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر خامنه‌ییش بێت كه له‌لایه‌ن خه‌ڵكی كورده‌وه وه‌ك دیكتاتۆر سه‌یر ده‌كرێ‌و به‌یه‌ك له‌هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی گشت نه‌هامه‌تییه‌كانی خۆیانی ده‌زانن، نابێته هۆی گۆڕینی روانینیان به‌نیسبه‌ت كۆماری ئیسلامی. خامنه‌یی به‌هۆی ئاگاداربوون له‌هه‌ستان‌و وه‌ڕێخستنی ئیعترازی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد و به‌ره‌نگاری له‌مێژینه‌یان به سه‌فه‌رێكی له‌و جۆره هه‌ستاوه‌و به‌ناردنی هێزێكی زۆری نیزامی بۆ كوردستان و نمایشدانی هێزه‌كانیان، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد چاوترسێن بكات. سه‌ردانه‌كه‌ی عه‌لی خامنه‌یی بۆ كوردستان‌و كردنی قسه‌ی دڵخۆشكه‌رو و وه‌سف كردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد به سنورپارێزه‌رانی به ئه‌مه‌گ‌و چاوترسێنكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد ماوه‌ی به‌سه‌ر چووه‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد به‌شتی له‌و جۆره روانینیان گۆڕانی به‌سه‌ردا نایه‌ت. خامنه‌یی له‌قسه‌كانیدا چی بۆكرا هه‌وڵیدا تاكوو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك هیوابڕوا بكات له بزووتنه‌وه‌كه‌یان‌و پاشگه‌زیان بكاته‌وه له‌خواستی ره‌وای نه‌ته‌وه‌ییه‌یان‌و به‌م شێوه‌یه ده‌یهه‌ویست له‌م سه‌فه‌ره‌یدا ژه‌هری خۆی بڕژێنێت. به‌ڵام مێژووی دوژمنایه‌تی كۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌جال به‌و پیلانه تازه‌ی خامنه‌یی‌و باقی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌تی ئێران نادات تاكوو به رێكخستنی سه‌فه‌رێكی خامنه‌یی به‌زۆر سه‌پاندوویانه، ببێته هۆی پاشگه‌زبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكی كوردستان له‌بیرۆبۆچوونه پێشكه‌وتنخوازه‌كانیان. هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری خولی ده‌هه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه‌كی خێرا له دۆخی هه‌نووكه‌یی كۆماری ئیسلامی له‌بواره جیاوازه‌كاندا تا راده‌یه‌ك ده‌بێته هۆی ئاسانكاری بۆ دۆزینه‌وه‌ی هۆكارێكی دیكه‌ی هاتنه‌كه‌ی خامنه‌یی بۆ كوردستان. كۆماری ئیسلامی ئێستاكه له‌م ساته‌وه‌خته‌دا كه به‌ته‌واوی له‌ژێر گوشاری وڵاتانی ده‌ره‌كییه بۆ مل دان به وت‌و وێژو به‌مه‌به‌ستی ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌هه‌ندێك له سیاسه‌ته ده‌ره‌كییه‌كانی‌و به‌تایبه‌تی ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌چه‌كی ناوكی. پێویسته بوترێ كه سه‌ردانه‌كه‌ی خامنه‌یی بۆ كوردستان كه 8 رۆژی بۆ دیاری كرابوو له‌كاتێكدابوو كه رژیم به‌ره‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی گرنگی وه‌ك هه‌ڵبژاردن هه‌نگاو ده‌نێت. هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م ده‌وره‌ی سه‌رۆك كۆماری له‌ئێران به‌هه‌ندێك هۆ جیاوازتر خۆی ده‌نوێنێ‌و به‌م بۆنه‌وه حاكمانی باڵای كۆماری ئیسلامی به‌تایبه‌تی عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ر كه خۆی به‌لایه‌نگری ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد ده‌زانێ، به‌هۆی مه‌ترسی له شكستی ده‌وڵه‌تی ئه‌حمه‌دی نژاد باڵی لێهه‌ڵماڵیوه بۆ پشتگری له ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م. ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت سه‌ر پێیش سه‌رنجمان دابێته قسه‌كانی خامنه‌یی له‌میانه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی بۆ چین‌و توێژه جیاوازه‌كانی كوردستان ده‌یكرد، به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وت كه ناوبراو ته‌پڵی پشتیوانی له ئه‌حمه‌دی نژاد لێده‌دات‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی به ده‌وڵه‌تێكی سه‌ركه‌وتوو و خه‌ڵكی ناو لێده‌بات. خامنه‌یی به‌م جۆره به‌نیازه سه‌رنجی خه‌ڵكی بۆ پشتیوانی له‌ئه‌حمه‌دی نژاد رابكێشت‌و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌یهه‌وێ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان هان بدات بۆ سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان. ئاشكرایه كه به‌درێژایی سی ساڵ ته‌مه‌نی كۆماری ئیسلامی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد كه‌مترین به‌شداریان له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی كۆماری ئیسلامی‌دا بووه‌و به‌م جۆره خامنه‌یی مه‌به‌ستیه‌تی به‌م سه‌ردانه‌ی بۆكوردستان ببێته هانده‌رێك بۆ راكێشانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد بۆ سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگ له‌پێناو پشتیوانی له ئه‌حمه‌دی نژاد. له‌قسه‌كانی خامنه‌ییدا روونه كه ناوبراو ئه‌گه‌رچی له‌كوردستانیشدا ئه‌م قسانه ده‌كات، به‌ڵام به‌ته‌واوی پشتیوانی له سه‌ركوتی بزووتنه‌وه‌ی هاوینی 84ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد‌و كوشتاری كاسبكارانی سه‌ر سنووره‌كان‌و زیندانی كردن‌و سه‌پاندنی حوكمی چالاكانی بواره جیاوازه‌كان ده‌كات. هیچ گله‌ییه‌كی ساكاریش له‌قسه‌كانی خامنه‌یی له ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م‌و ره‌فتاره دژومنكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م له‌كوشتنی شوانه‌ی سه‌ید قادر‌و ئیبراهیم لوتفوڵڵاهی‌و سه‌پاندنی حوكمی زیندان‌و ئیعدام بۆ سه‌ر چالاكانی بواره جیاوازه‌كان له‌كوردستانتدا نه‌كه‌وته به‌رچاو. عه‌لی خامنه‌یی له‌ده‌وڵه‌تێك پشتیوانی ده‌كات كه تا سه‌ر ئیسقان دژی مافه‌كانی گه‌لی كورده‌و له ماوه‌ی ئه‌م چوارساڵه‌ش دا به پشتیوانی شه‌خسی خامنه‌یی ده‌ستی له‌هیچ سه‌ركوت‌و دوژمنكارییه‌ك نه‌پاراستووه. دۆخی مه‌ترسیداری كۆماری ئیسلامی به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وانه‌ی باسی هات ده‌توانین هۆكارێكی دیكه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی خامنه‌یی بۆ كوردستان بگه‌ڕێنێنه‌وه بۆ ئه‌و راستییه‌ی كه كوردستان وه‌ك ناوچه‌یه‌ك به‌رده‌ودام به‌ره‌نگاری سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆته‌وه‌و ئاكامی ئه‌مه‌ش شه‌ڕو ئاڵۆزی زۆری لێكه‌وتۆته‌وه. دۆخی هه‌نووكه‌یی كۆماری ئیسلامی سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه هه‌ڕه‌شه جیهانییه‌كان پاش هاتنه سه‌ركاری ئۆباما به‌ره‌و كزبوونه‌وه رۆشتووه، به‌ڵام به‌گشتی كۆماری ئیسلامی به‌ته‌واوی مانه‌وه‌ی خۆی له‌مه‌ترسیدا ده‌بێنێت. كۆماری ئیسلامی هۆكاری نائه‌منی‌و سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر جۆره كێشه‌و گرفتێك له‌ناوچه سنووریه‌كان‌و به‌تایبه‌تی كوردستان ده‌بینێت. به‌م مه‌به‌سته ده‌یهه‌وێ به‌سه‌فه‌ری خامنه‌یی بۆ كوردستان به‌م شێوه روو به وڵاتانی جیهانی بسمه‌لمێنێت كه ئه‌و شوێنه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌كی به ته‌مان سه‌رمایه‌گوزاری له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ زه‌بر وه‌شاندن له كۆماری ئیسلامی، به‌ته‌واویی جێگه‌ی متمانه‌یه له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه به‌جۆرێك كه ته‌نانه‌ت شه‌خسی خامنه‌یی سه‌ردانی ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه‌وه سه‌ركه‌وتنی كورد له كوردستانی عێراق‌و له‌هه‌مانكاتدا سه‌ركه‌وتنی كورده‌كانی باكووریش له‌دوایین هه‌ڵبژاردنه‌كانی شاره‌وانییه‌كان له توركیه بۆته جێگه‌ی نیگه‌رانی هه‌رچی زیاتری كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی. كۆماری ئیسلامی ده‌یهه‌وێ به‌م سه‌ردانه‌ی خامنه‌یی‌و له‌هه‌مانكاتدا به دروست كردنی سێنارێوی پێشوازی له‌لایه‌ن ئه‌و كۆمه‌ڵه خه‌ڵكه‌ی كه له‌باقی ناوچه‌كانی دیكه‌ی ئێرانه‌وه بۆ كوردستانیان هێناون‌و جلی كوردیان له‌به‌ر كردوون ئه‌و په‌یامه بنێرن بۆ بیروڕای گشتی جیهانی كه ئه‌گه‌ر كێشه‌ی كورد له وڵاتێكی وه‌ك توركیه له‌ئارادا بێت له‌كۆماری ئیسلامی شتێك به‌ناو كێشه‌ی كورد له‌ئارادا نییه. دوا وته به‌له به‌رچاوگرتنی ئه‌وانه‌ی باسی هات‌و هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوانده‌كرا سه‌فه‌ره‌كه‌ی خامنه‌یی وه‌ك باقی سه‌فه‌ره‌كانی دیكه‌ی كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی هیچ قازانجێكی بۆ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد لێ به‌دی ناكرێت. ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین ئه‌م سه‌فه‌ره بووه كێشه‌و گرفت‌و سه‌پاندنی كه‌شێكی میلیتاری زیاتر به‌سه‌ر كوردستان‌و گرتنی به‌شێكی زۆری چالاكان‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی شاره كوردییه‌كانی لێكه‌وته‌وه. به‌خۆشیه‌وه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك كورد وره‌ی به‌ره‌نگاری‌و راوه‌ستانین هێنده تێدا به‌هێز بووه كه سه‌فه‌ری رواڵه‌تی له‌چه‌شنی خامنه‌یی‌و قسه‌و پێداهه‌ڵگوتنه مه‌به‌ستداره‌كانی نابێته هۆی له‌بیربردنه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ی پڕئ له سه‌ركوت‌و كوشتن‌و قه‌ڵاچۆكردنی خه‌ڵكی كورد.
|
|||||||