|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ماركسیستی مسته‌فا پێشه‌كی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ماركسیستی، له سه‌ر بنه‌مای بۆچوونه سیاسی و ئابوورییه‌كانی فیلسووفی ئاڵمانی كارڵ ماركسه، ماركس له "ئایدۆلۆژیای ئاڵمانی" و"مانیفێستی كۆمۆنیست"دا كه له گه‌ڵ فریدریش ئه‌نگڵس نووسیویه‌تی، گریمانه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی مێژوو دێنێته گۆڕ كه هه‌لوومه‌رجی ئابووری و سیاسی و دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاری ده‌كات. له راستیدا ماركس و ئه‌نگڵس وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه به‌و قه‌یرانانه‌ی كه سه‌رهه‌ڵدانی بۆرژوازی ده‌یانخولقێنن. بۆچوونه‌كانیان به شێوه‌یه‌كی گونجا، به تایبه‌ت بۆ لێكدانه‌وه‌ی شێوه‌ی كاركردی كۆمه‌ڵگا له دۆخی هه‌ر ده‌م له گۆڕاندا به كار ده‌هێندرێ. روانگه‌ی ماتریالیستی بۆ مێژوو: ماركس و ئه‌نگڵس به كه‌ڵك وه‌رگرتن له تیۆری دیالكتیكی هێگل كه ده‌ڵێت مێژوو له شیته‌ڵ بوونی پاڕادۆكسه‌كان له لایه‌نێكی تایبه‌ت له واقع ده‌ڕواته پێش، لێكدانه‌وه‌یه‌كی ماتریالیستی له مێژوو ده‌ده‌ن به ده‌سته‌وه كه جه‌خت ده‌كاته‌وه له سه‌ر ئانتاگونیسمه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا. هه‌ر كات كۆمه‌ڵگا شێوه‌یه‌كی به‌رهه‌م هێنانی ئاڵۆزتر به خۆوه ده‌بینێ، توێژی زیاتر له‌ناو كۆمه‌ڵگادا سه‌رهه‌ڵده‌دا. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه، ئه‌و ململانێیانه‌ی له‌ناو توێژ‌و و چینه‌كاندا هه‌یه ده‌بێ به هۆی گۆڕان له كۆمه‌ڵگادا. بۆ وێنه، هاتنه ناوه‌وه‌ی ماشێنه گه‌وره‌و زه‌به‌لاحه‌كان بۆ ناو سیسته‌می ئابووری فئۆدالی، ده‌بێ به هۆی دابڕانێك له ناو پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مدا و ده‌بێ به هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و بۆرژوازی هه‌نگاو بنێت. گریمانه‌ی ژێرخان و سه‌رخان له لێكدانه‌وه‌ی دیالكتیكی ماركس بۆ مێژوو، بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی تاك، له لایه‌ن هێزه سیاسی و ئابوورییه‌كانه‌وه دیاری ده‌كرێ. ماركس ده‌ڵێت :" وشیاری مرۆڤ نییه كه بوونی ئه‌و دیاری ده‌كات، به‌ڵكوو به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وه بوونی كۆمه‌ڵایه‌تییه كه وشیاری ئه‌و دروست ده‌كات." كه وایه، ئه‌و چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی تاك تێیدا له‌دایك ده‌بێت، دیاریكه‌ری روانگه‌و بۆچوونه‌كانییه‌تی. لێره‌دا ماركس ، ئه‌م تێگه‌یشتنه له دیاری كردن په‌ره پێ ده‌دا و ده‌یكات به یه‌كێك له چه‌مكه بونیادییه‌كانی ماركسیزم. واته ژێرخان و سه‌رخان. هه‌ر ئه‌و سیسته‌مه ئابووریه‌ی كه سه‌رخان بونیاد ده‌نێت، چالاكییه كولتووری و رۆشنبیرییه‌كانی – وه‌ك فه‌لسه‌فه و ئه‌ده‌بیات - سه‌ر به سه‌رخانن. له روانگه‌ی ماركسیستییه‌وه، ژێرخانی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆمه‌ڵگا، دیاری كه‌ری روانگه‌و ستایله‌كانه له ئه‌ده‌بیاتدا، هه‌ر ئه‌م پێوه‌ندییه له نێوان ژێرخانی دیاری كه‌ر و سه‌رخانی دیاری كراودا هه‌یه كه گرینگ‌ترین بابه‌تی جێگای سه‌رنجی ره‌خنه‌گرانی ماركسیسته. ئایدۆلۆژیا له روانگه‌ی ماركسه‌وه، له‌و روه‌وه كه ژێرخان سه‌رخان دیاری ده‌كات، كه وایه به ناچاری لایه‌نگری ئایدۆلۆژیای ژێرخانه. ئایدۆلۆژیاكان، هه‌مان ئایدیا، به‌ها و هه‌سته له گۆڕانه‌كانن كه كه‌سه‌كان له رێگایانه‌وه كۆمه‌ڵگای خۆیان ئه‌زموون ده‌كه‌ن و لێی ده‌گه‌ن. ئایدلۆژی به‌ها و ئایدیاكانی زاڵ وه‌ك باوه‌ڕه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌خاته‌ڕوو. كه وایه، وا ده‌كات كه‌سه‌كان نه‌توانن به دروستی شێوه‌ی كاركردی راسته‌قینه‌ی كۆمه‌ڵگا ببینن. ئه‌ده‌بیات، وه‌ك به‌رهه‌مێكی كولتووری، جۆری ئایدۆلۆژیایه كه مه‌شرووعیه‌ت ده‌دات به هێزی چینی ده‌سه‌ڵاتدار. بۆ وێنه له سه‌رده‌ی هه‌ژده‌یه‌مدا، ئه‌ده‌بیات له‌لایه‌ن چینی سه‌ره‌وه‌ی كۆمه‌ڵگاوه‌و بۆ خسته‌روو و هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كانی به‌های زاڵ، بۆ چینه‌كانی خواره‌وه به كار ده‌هێنرا. جۆرج لۆكاچ و رئالیسته سۆسیالیسته‌كان. له‌ناو ره‌خنه‌گرانی ماركسیستدا، بۆچوونی جیاواز هه‌یه سه‌باره‌ت به پێوه‌ندی نێوان ئایدۆلۆژیا و ئه‌ده‌ب، له‌سه‌رده‌می نووسراوه‌كانی خودی ماركسه‌وه تا ئێستا، بیردۆزگه‌لێكی وه‌ك رئالیسته سۆسیالیسته‌كانی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت، جۆرج لۆكاچ و لۆیی ئاڵتۆسێر، گۆڕانیان پێك هێناوه له‌و چه‌مكانه‌دا كه مه‌به‌ستی ماركس بوون یان ئه‌وه‌یه گه‌شه‌یان پێداوه. رئالیسته سۆسیالیسته‌كان له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، چونكه ئایدۆلۆژیا به‌شێكه له سه‌رخان، ده‌بێ له سه‌رژێرخانی ئابووری كۆمه‌ڵگادا بگونجێ. به ناچار ئه‌ده‌ب ره‌نگدانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوورییه، ئه‌ده‌ب ته‌نها له چوارچێوه‌ی به‌رته‌سكی گریمانه‌ی ژێرخان و سه‌رخاندا ده‌توانێ كار بكات. جۆرج لۆكاچ ، وه‌ك رئالیسته سۆسیالیسته‌كان، له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه ته‌نها فۆڕمه‌كانی رئالیستی ئه‌ده‌بی گێڕانه‌وه، له باری هونه‌ری و سیاسییه‌وه جێگای باوه‌ڕن، به‌ڵام لۆكاچ و رئالیسته‌كانی یه‌كیه‌تی سۆڤیه‌ت، بۆچوونێكی به‌رچاو ته‌نگانه‌یان هه‌یه، ئه‌وان نه‌یانتوانیوه له‌و راستییه بگه‌ن كه كۆمه‌ڵێك به‌رهه‌م هه‌ن كه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی وه‌ها خوێندنه‌وه‌یه‌كی ئه‌ده‌بیه‌وه له ژێرخان و سه‌رخان. پێ ناچێت خودی ماركس و ئه‌نگڵس وه‌ها روانگه‌یه‌كی دۆگمایان به‌رامبه‌ر به ئه‌ده‌ب هه‌بووبێت. له به‌رهه‌مه‌كانی ئه‌واندا، ئه‌ده‌بیات شتێك نییه كه ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ی په‌سیڤی ژێرخانی ئابووری بێت. هه‌ر چه‌ن ئه‌وان جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه ئه‌ده‌ب خۆی له خۆیدا ناتوانێ خودی كۆمه‌ڵگا، یان ژێرخانی كۆمه‌ڵگا بگۆڕێ. به‌مه‌شه‌وه له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوون ئه‌ده‌ب ده‌توانێ توخمێكی چالاك بێت له وه‌ها گۆڕانێكدا. ئانتۆنی گرامشی بیرمه‌ندی ئیتالیایی، ئانتۆنی گرامشی، به هێنانه به‌ر باسی چه‌مكی "هێژمۆنی" ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی خولقاند كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی سه‌ر له نوێ بۆ گریمانه‌ی ژێرخان\سه‌رخان بكرێت. گرامشی له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه، ئایدۆلۆژیا به ته‌نها ناتوانێ شی كاته‌وه خه‌ڵك تا چه‌ن به‌ها زاڵه‌كانیان په‌سه‌ند كردووه. ئه‌و وێڕای ژماره‌یه‌كی زۆر له ره‌خنه‌گرانی ماركسیست، ده‌زانێ گریمانه‌ی ژێرخان\سه‌رخان دۆگماتر له‌وه‌یه كه بتوانێ باس له‌و به‌رهه‌مه كولتوورییانه بكات كه نابن به هۆی به‌هێز بوونی به‌ها زاڵه‌كان. له‌م روه‌وه تێگه‌یشتنی گرامشی له هێژمۆنی، درێژه‌ده‌ری چه‌مكه‌كانی پاش ئایۆلۆژیایه. هێژمۆنی ده‌بێ به هۆی ئه‌وه‌ی تاك بۆچوون و روانگه‌ی خۆی له بیر بكا و به‌هاكانی چینی زاڵ وه‌ك به‌هاكانی خۆی وه‌ربگرێ. بۆ وێنه، ره‌نگه كه‌سێك لای وای بێت چوون بۆ زانكۆ، هه‌ندێ جار باش و پێویسته له هه‌ر ژیانێكدا، ئه‌مه له حاڵێكدایه، ئه‌م باوه‌ڕه درووستكراوی كۆمه‌ڵگایه. كه وایه، ده‌كرێ وه‌ك شتێك چاو له ئه‌ده‌ب بكردرێ، كه هه‌م ده‌بێ به هۆی به‌هێز بوونی به‌هاو نۆرمه زاڵه‌كان و هه‌م ده‌یانباته ژێر پرسیاره‌وه. بۆ وێنه، نووسه‌رانی ژنی چیرۆكه ساندیمانتاڵه‌كان له سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌مدا، شێوازێكی تایبه‌تی گێڕانه‌وه به كار ده‌هێنن كه ده‌بێ به هۆی به هێز بوونی به‌ها زاڵه‌كان، ئه‌مه له حاڵێكدایه نووسه‌رێكی وه‌ك "جین ئاستین" به‌شێكی زۆر له‌م شێوازانه بۆ بێ هێز كردنی به‌هاكانی سیسته‌می زاڵ به‌كار ده‌بات. لۆیی ئاڵتۆسێر بیرمه‌ندی فه‌رانسه‌وی، لۆیی ئاڵتۆسێر، پێوه‌ندی نێوان ئه‌ده‌ب و ئایدۆلۆژیا ئه‌داته به‌ر باس. ئاڵتۆسێر له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه، ئه‌م پێوه‌ندییه، تێگه‌یشتنێكیشی له هێژمۆنی له گه‌ڵدایه. ئه‌و له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌یه، ئایدۆلۆژیا و هێژمۆنی، وه‌ك ئه‌ده‌بیات، وێنه‌یه‌كی كۆپی كراوی واقع ده‌خه‌نه‌ڕوو كه مه‌رج نییه ره‌نگدانه‌وه‌ی له سه‌دا سه‌دی هه‌لوومه‌رجی ژیانی رۆژانه بێت. كه وایه نه ئه‌ده‌ب خۆی له خۆیدا ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی ئایدۆلۆژیایه‌و نه ده‌كرێ دایبه‌زێنن بۆ ئاستی ئایدۆلۆژی. ره‌نگه بكرێ ئه‌ده‌ب بخرێته ناو ئایدۆلۆژیاوه، به‌ڵام ده‌شكرێ له ئایدۆلۆژی دوور كه‌وێته‌وه. به‌م شێوه‌یه خوێنه‌ر ئاگادار ده‌كاته‌وه به‌رامبه‌ر به‌و ئایدۆلۆژیایه‌ی كه باوه‌ڕی پێیه‌تی و پشتی پێ به‌ستووه. بۆ وێنه ره‌نگه رۆمانێك جیهان به شێوه‌یه‌ك وه‌سف بكات كه ئایدۆلۆژیای زاڵ په‌سه‌ند بكات، به‌ڵام به هه‌ر حاڵ، وه‌ك به‌رهه‌مێكی گێڕانه‌وه، ئه‌م ئایدۆلۆژیانه‌ش ده‌خاته‌ڕوو . كه وایه هه‌مدیسان ناكرێ بڵێین ئه‌ده‌ب خۆی له خۆیدا ناتوانێ جیهان بگۆڕێ، به‌ڵام ده‌توانێ ده‌ورێكی كاریگه‌ری ببێ له وه‌ها گۆڕانێكدا. چه‌مكه سه‌ره‌كییه ماركسیستییه‌كان. هه‌ر چه‌ن ره‌خنه‌گرانی ماركسیست، به شێوه‌ی جیاواز بۆچوونه‌كانی ماركسیان ته‌فسیر كردووه، به‌مه‌شه‌وه، ئه‌وان سه‌رجه‌میان له كۆتاییدا، سه‌رنجیان داوه‌ته چه‌ند چه‌مكی گرینگ و سه‌ره‌كی ماركسیستی. دیالكتیكی مێژوویی، ئه‌و باوه‌ڕه كه بوونی كۆمه‌ڵایه‌تی دیاری كه‌ری وشیارییه، گریمانه‌ی ژێرخان و سه‌رخان، له پله‌ی یه‌كه‌مدا، چه‌مكگه‌لێكی وه‌ك هێژمۆنی كه له لایه‌ن ماركسه‌وه نه‌هاتوونه‌ته به‌ر باس كردن، له لایه‌ن ره‌خنه‌گرانه‌وه به كار ده‌برێ بۆئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كه‌ڵك وه‌رگرتنی زیاتر له چه‌مكه ماركسیستییه‌كان بخولقێنن. ماركسیزم و ئه‌ده‌بیات ره‌خنه‌گرانی ماركسیست ده‌یانهه‌وێ له به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بیه‌كاندا به شوێن ناكۆكییه‌كانه‌وه بن، چونكه خودی ماركسیزم، له راستییدا بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م ناكۆكی و ململانێیانه‌ی نێوان كۆمه‌ڵگا داڕێژراوه. هه‌روه‌ها ره‌خنه‌گرانی ماركسیست، وه‌ك دیسكۆرسێك كه پێوه‌ندییه‌كی قووڵی له گه‌ڵ هێزی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه چاو له ئه‌ده‌ب ده‌كه‌ن، كه وایه لێكدانه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ ئه‌ده‌ب، پێوه‌ندی‌داره له گه‌ڵ پرسه كۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌كاندا. له‌و رووه‌وه كه ماركسیزم، سیسته‌مێكی باوه‌ڕییه كه ده‌توانرێ بۆ لێكدانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگا، له به‌رزترین ئاستدا به كار بهێنرێ، له كۆتاییدا، به‌شێكی له‌هه‌وڵێكی زۆر گه‌وره‌تر كه ئامانجه‌كه‌ی، خسته‌ڕووی كاركرده‌كانی ناو كۆمه‌ڵگایه. ماركسیزم و روانگه‌كانی‌تر. ره‌نگه بكرێ ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی ماركسیستی وه‌ك په‌رچه كردارێك به‌رامبه‌ر به‌شێكی زۆر له روانگه وشكه‌كانی "ره‌خنه‌گرانی نوێ" به كار بهێنرێ. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌مانه، كه ده‌ق به گشتییه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌زانن، ده‌توانین لێره‌دا ئاماژه بكه‌ین به بۆچوونی كه‌سانێكی وه‌ك رۆلان بارت كه باس له مه‌رگی نووسه‌ر ده‌كات و ته‌نها ده‌ق به سه‌نتراڵ ده‌زانێ، یان باس له بۆچوونی فۆڕمالیسته رووسییه‌كان بكه‌ین، ماركسیسته‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی به‌ها ده‌ده‌ن به ململانێ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌كانی ناو به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كان. هه‌روه‌ها هه‌ر چه‌ن ره‌خنه‌ی ماركسیستی كاریگه‌ری بووه له سه‌ر بونیاد گه‌راكان و پاش بونیاد گه‌راكان و هه‌م كاریگه‌ری لێ وه‌رگرتوون، به‌ڵام جیاوازی زۆری له گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونه ره‌خنه‌ییانه‌دا هه‌یه، به تایبه‌ت له‌و شوێنه‌دا كه جیا كردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌ب و زمان له به‌ستێنی كۆمه‌ڵایه‌تی ره‌ت ده‌كاته‌وه. ره‌خنه‌ی ماركسیستی، ره‌خنه‌یه‌كی ماتریالیستییه، كه وایه خاڵی هاوبه‌شی زیاتری هه‌یه له گه‌ڵ ئه‌و بۆچوونانه‌دا كه جه‌خت له سه‌ر شێوه‌ی كاركردی ئه‌ده‌ب ده‌كه‌نه‌وه له ناو بونیاده كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، ئابوورییه‌كاندا له چاو ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه ته‌نها سه‌رنج ده‌ده‌ن به ده‌ق. ره‌خنه‌ی ماركسیستی كاریگه‌ری زۆری بووه له سه‌ر فێمنیسم، مێژوو خوازی نوێ و به‌م دواییانه‌ش خوێندنه‌وه كولتوورییه‌كان ره‌خنه‌ی ماركسیستی وه‌ك سیسته‌مێك كه به شوێن دال و مه‌دلووله‌كانی ناو كۆمه‌ڵگاوه‌یه، خاڵی هاوبه‌شی زۆره له گه‌ڵ ره‌خنه‌ی ده‌روونشیكاری. له راستییدا، تا راده‌یه‌كی زۆر ده‌كرێ به‌راوردێك بكه‌ین له نێوان گریمانه‌ی ماركسیستی ژێرخان\سه‌رخان و گریمانه‌ی فرۆیدی هه‌ست \نه‌ست.
سه‌رچاوه: ماركسیسم و نقد ادبی : تری ایگلتون ترجمه به فارسی: اكبر معصوم بیگی نشر دیگر 1383
|
|||||||