|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
بزووتنه‌وه‌ی هاوینی 84 هێمای به‌رده‌وامی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان گرووپی سیاسی
قۆناغه ناو به‌ناوه‌كانی مێژوو شاهیدیی له‌سه‌ر پێداگری‌و شێلگیربوونی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد ده‌ده‌ن كه هه‌رده‌م‌و له‌بڕگه جیاوازه‌كانی مێژوودا توانیویانه خۆیان له‌ژێر هه‌ندێك دروشمی خه‌باتگێڕانه‌دا رێكبخه‌ن‌و بێنه مه‌یدان‌و ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی له‌دژی سیاسه‌تی داگیركه‌رانی گه‌لی كورد هه‌ڵببڕن. ئه‌م بزووتنه‌وانه ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی ده‌ربازبوون‌و هاتنه‌ده‌ره له‌ژێر پۆستاڵی داگیركه‌رانی كوردستان‌و گه‌یشتن به‌مافی ره‌وای نه‌ته‌وه‌ییی گه‌لی كورد، به‌ڵام مه‌رج نییه هاتنه‌مه‌یدانه‌كان تایبه‌ت به‌م ئامانجه رێكخرابێت. مێژوو پێمان ده‌ڵێت هه‌ندێك رووداوی جۆراوجۆر هه‌ن كه بوونه‌ته بیانوویه‌ك به‌ده‌ست كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورده‌وه‌و ئه‌وه‌ش له‌ئه‌نجامدا ناڕه‌زایه‌تی‌و زۆرجار بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌رینی لێكه‌وتۆته‌وه‌و له‌ئاكامداو ئه‌گه‌ریش ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌بوبێته هۆی رووخان‌و تێكه‌وه‌پێچانی ده‌سه‌ڵاتی زاڵ، به‌ڵام به‌گشتی گوزارشتی كردووه له‌بوونی ئیراده‌یه‌كی به‌هێز كه وه‌ك ژیله‌مۆو به‌چكۆله‌ترین جووڵه، كڵپه‌ی سه‌ندووه‌و بۆ ماوه‌یه‌ك بۆته هۆی ترس‌و شڵه‌ژانی داگیركه‌ران. یه‌ك له‌و بزووتنه‌وانه‌ی كه به‌حه‌ق توانی بۆ ماوه‌یه‌ك خۆی وه‌ك شه‌پۆلێكی به‌هێزی جه‌ماوه‌ری پێناسه بكات‌و كه‌متر له‌مانگێك سه‌رجه‌م شار‌و پارێزگاكانی گرته‌وه، بزووتنه‌وه‌ی هاوینی 84 بوو كه به‌بیانووی كوژران‌و ئه‌شكه‌نجه‌ی كردنی وه‌حشیانه‌ی شوانه‌ی سه‌ید قادر له‌شاری مه‌هاباده‌وه سه‌ریهه‌ڵداو باقی ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی گرته‌وه. ئه‌حمه‌دی نژادی پاسدار تازه هه‌وساری ده‌سه‌ڵاتی گرتبووه ده‌ست‌و هێشتاكه ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر كابینه پاسدارییه‌كه‌یدا تێپه‌ڕنه‌بوو كه ده‌ستیدایه جێبه‌جێكردنی سیاسه‌ته دوژمنكارانه‌كانی له‌كوردستان. كوشتنی شوانه‌ی سه‌یدقادرو بێڕێزی كردن به‌ته‌رمی ناوبراو‌و پاشان دانه‌وه‌ی به بنه‌ماڵه‌ی بووه هۆی توڕه‌یی‌و بێزاری زیاده له‌حه‌دی خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری شاری مه‌هابادو له‌ئاكامدا ئه‌مه‌ش بووه بیانوویه‌ك بۆ خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مه‌دا شه‌قام‌و كۆڵانه‌كان بوونه پانتایی به‌ره‌نگاری‌و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌دژی ئه‌شكه‌نجه‌گه‌رانی كۆماری ئیسلامی. ئه‌حمه‌دی نژاد‌و باقی داروده‌سته‌كه‌ی پاش ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی نۆهه‌میان بایكوت كرد‌و سه‌لماندیان كه ئه‌م رژیمه به‌هه‌موو باڵه‌كانیه‌وه هیچ جێگه‌یه‌كی له‌كوردستاندا نییه، ده‌ستبه‌جێ‌و پاش ده‌سبه‌كاربوونی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت له‌رێگه‌ی پێكهێنانی كه‌شێكی پڕ له‌ترسه‌وه جێی پێی خۆی قایم بكات‌و كۆنتڕۆڵی خۆی زاڵ بكات به‌سه‌ر ناوچه كوردییه‌كاندا، به‌م كرده‌وه قێزه‌ونه هه‌ستانه‌وه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ئه‌م كرده‌وه پڕ له‌جینایه‌ته‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد‌و نوێنه‌رانی، نه‌ك نه‌بووه هۆی پێكهێنانی ترس‌و تۆقاندن له‌نێوان خه‌ڵكی شاری مهاباد‌و باقی شاره‌كانی دیكه‌ی كوردستان، به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه بۆماوه‌ی نزیك به‌یه‌ك مانگ شانۆیه‌ك له‌خه‌باتگێڕی‌و ململانێی له‌دژی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی له ناوچه جیاوازه‌كانی كوردستان هاته ئاراوه كه ترسی خسته دڵی دڵڕه‌شان‌و داگیركارانی كوردستان. خۆپیشاندانی هاوینی 84 هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جیاوازبوو كه ده‌یتوانی به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان خۆی له‌باقی بزووتنه‌وه‌و ناڕه‌زاییه‌تیه‌كانی دیكه جیابكاته‌وه: یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه توانی زۆربه‌ی سنوره‌كان ببه‌زێنێت‌و خۆی به‌هه‌ناوی شاربه‌شاری كوردستاندا بكات‌و خه‌ڵك بێنێته سه‌ر شه‌قامه‌كان. بۆنموونه به‌شداری به‌رینی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی پارێزگاكانی كرماشان‌و ئیلام له‌خۆیدا گوزراشت له‌هاوپشتییه‌كی بێ‌وێنه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه ده‌كرد له‌كوردستاندا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنج بوو بزووتنه‌وه‌یه‌ك بوو كه به‌ته‌واوی ئاشتیخوازانه‌و له‌رێگه‌ی هاتنه سه‌رشه‌قام‌و مانگرتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد بوو كه ئه‌مه ده‌كرێت وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی به‌هێز بنرخێندرێت. ئه‌گه‌رچی كه‌سانی گێره‌شێوێن‌و ئاژاوه‌گێڕی سه‌ربه رژیمی كۆماری ئیسلامی هه‌وڵی زۆریاندا كه ئاقاری بزووتنه‌وه‌كه چه‌واشه بكه‌ن‌و له‌ئه‌نجامیشدا ئه‌مه بووه هۆی تێكهه‌ڵچوون له‌نێوان هێزه داگیركه‌ره‌كان‌و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورددا‌و كوژراو برینداری زۆریشی لێكه‌وته‌وه، به‌ڵام به‌گشتی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه توانی ببێته نوێنگه‌ی ئیراده‌ی پته‌وی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد بۆ سووربوون‌و پێداگری له‌سه‌ر هه‌ر جۆره پێشێلكارییه‌ك كه له‌لایه‌ن رژیمه‌وه ده‌كرێته سه‌ریان. كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد له‌چوار ساڵ له‌وه پێشه‌وه شانۆیه‌كیان له‌یه‌كڕێزی‌و هاوپشتی‌و ئه‌مجاره‌یان له شێوه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كی هێمنانه‌و مه‌ده‌نیانه له‌دژی كۆماری ئیسلامی خسته‌ڕوو كه ئێستاكه بۆته هێمایه‌كی شیاو له‌چوونه سه‌ره‌وه‌ی وشیاری سیاسی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد. ئه‌گه‌رچی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه به‌داخه‌وه ته‌نیا مایه‌وه‌و له‌لایه‌ن باقی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێرانه‌وه پشتیوانییه‌كی ئه‌وتۆی لێنه‌كرا، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ئه‌وه‌ی به‌هه‌مووان سه‌لماند كه كۆمه‌ڵگای كوردستان كۆمه‌ڵگایه‌كی سیاسییه‌و به‌م بۆنه‌شه‌وه وه‌ك هه‌میشه زووتر له‌هه‌موو كه‌س‌و لایه‌نێك دركی به هه‌ناوی دوژمنكارانه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد كرد‌و ده‌ستبه‌جێیش په‌رچه‌كرداری شیاوی له‌خۆی پیشاندا. ئه‌مه‌ش گوزارشته له‌بوونی ئه‌زموونێكی به‌نرخی چه‌ندین ساڵه‌و له‌هه‌مانكاتدا وڵامێكیشه بۆ به‌رچاوڕوونی‌و ئه‌و كه‌س‌و لایه‌نانه‌ی كه تازه په‌ی به جه‌وهه‌ری تۆتالیته‌رانه‌ی كۆماری ئیسلامی ده‌به‌ن. ئێستاكه‌و پاش چوار ساڵ تێپه‌ڕبوون له‌م بزووتنه‌وه‌یه، له‌وماوه‌یه‌دا چه‌ند جاری دیكه ئێمه مانگرتنی مه‌ده‌نی‌و شارستانیانه‌مان له‌كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد بینیوه. بۆ نموونه مانگرتنی مه‌ده‌نیانه‌ی مامۆستایانی ناڕازی له‌سه‌رجه‌م شاره‌كانی كوردستان‌و هه‌روه‌ها هاتنه سه‌رشه‌قامی هێمنانه‌ی خه‌ڵكی مه‌ریوان له ناڕه‌زایه‌تی به‌داخستنی سنووره‌كان‌و له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا داخستنی دووكان‌و بازاڕه‌كان له بۆنه جیاوازه‌كانی خه‌باتی گه‌لی كورد له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستان ناو لێببه‌ین. گشت ئه‌مانه‌ش نیشانه‌ی ده‌ركێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌و قووڵی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورده له‌م سه‌رده‌مه له‌بزووتنه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی ژیرانه‌یان بۆ گۆڕانی شێوازه‌كانی به‌ره‌نگاری له‌دژی داگیركه‌رانی كوردستان. ئێستاكه‌ش له‌كاتێكدا باس‌و لێكدانه‌وه بۆ بزووتنه‌وه‌ی هاوینی 84 ده‌كرێ كه كۆماری ئیسلامی به‌ته‌واوی كه‌وتۆته قه‌یرانێكی قووڵی ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كییه‌وه. ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد‌و كرده‌وه دوژمنكارانه‌كانی چوار ساڵی رابردووی زیاتر له‌هه‌میشه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تی‌و بێده‌ره‌تانیی‌و بێ مافی له‌هه‌موو بواره‌كاندا رووبه‌ڕووكردۆته‌وه. ئه‌وه‌ی ئێستاكه كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی شاره‌گه‌وره‌كانی ئێران له‌دژی ئه‌نجامی ساخته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی ده‌هه‌می سه‌رۆك كۆماری ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ته‌نیا خۆی له ساخته‌كاری‌و هه‌ندێك دروشمی ئاسایی ریفۆرمخوازانی حكوومه‌تیدا نابینیته‌وه. ریشه‌ی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه خاوه‌ن مێژوییه‌كی چه‌ندین ساڵه‌یه له‌سووكایه‌تی‌و بێڕێزی پێكردن له‌لایه‌ن رژیمی كۆماری ئیسلامی‌و به‌تایبه‌تی ئه‌زموونی ئه‌م چوارساڵه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد به مافه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك. ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران له پاش كۆتایی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاده‌وه هه‌ستیان پێكردووه‌و له‌دژی هاتوونه‌ته سه‌رشه‌قام، كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد هه‌ر له‌سه‌ره‌تاكانه‌وه له‌دژی هاتنه شه‌قام‌و توانیان سه‌رباری به‌ڵێنه درۆیینه‌كانی، جه‌وهه‌ری دوژمنكارانه‌ی ده‌وڵه‌ته پاسدارییه‌كه‌ی بخه‌نه ژێر پرسیار‌و یه‌كده‌نگ‌و یه‌كڕیز شاربه‌شاری كوردستان ده‌نگی هاواریان له‌دژی ده‌ربڕی. ئێستاكه‌ش‌و له‌م بارودۆخه‌دا كه كۆماری ئیسلامی‌و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئه‌حمه‌دی نژاد‌و شه‌خسی رێبه‌ر به‌ته‌واوی ره‌وایی خۆیان نه ته‌نیا ئه‌م جاره له‌كوردستان به‌ڵكوو له‌باقی شاره‌كانی دیكه‌ی ئێران له‌ده‌ستداوه، ده‌توانین بڵێن كوردستان جارێكی دیكه سه‌نگه‌ری خۆڕاگری‌و راوه‌ستانه له‌دژی رژیمی كۆماری ئیسلامی. ئه‌م گه‌له بۆ ماوه‌ی سی ساڵ ده‌چێت ده‌سته‌ویه‌خه‌یه له‌گه‌ڵ حاكمانی رژیم‌و له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێكدا دژایه‌تی خۆی له‌شێوه‌ی جیاواز ده‌ربڕیوه. ئه‌م مێژووه پرشنگداره‌شه ئێستاكه وای كردووه كه به‌شێكی زۆری چاوه‌دێران‌و باقی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئێران‌و كه‌سانی شاره‌زای بواری سیاسه‌ت، روویان كردۆته خه‌ڵكی كوردستان به شێوه‌ی جۆراوجۆر خوازیاری هاوكاری‌و هاتنه مه‌یدانیان ده‌كه‌ن.
|
|||||||