|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
28ی گه‌لاوێژ، مێژووی دروستكرده‌وه باران سه‌لیمی مێژووی مرۆڤایه‌تی پڕه له رۆژ، پڕه له رووداو و پڕه له تۆماركردنی رووداو. رۆژه‌كان ده‌توانن دووباره‌بوونه‌وه‌ی هه‌مان رۆژه‌كانی پێشووتر بن، رووداوه‌كانیش ده‌توانن دووباره‌بوونه‌وه‌ی رووداوه ئاساییه‌كان بن‌و كه‌چی هه‌موو رووداوه‌كان تۆمار ناكرێن. هه‌موو رۆژه‌كان له‌یه‌ك ناچن، رووداوه‌كانیش له‌یه‌ك ناچن‌و هه‌ر رووداوێكی رۆژانه‌ش تۆمارناكرێت. رووداوێك تۆمارده‌كرێت كه ئاسایی نه‌بێت، له‌بیرنه‌چێته‌وه‌و مێژوو دروستبكاته‌وه. رووداوێك تۆمارده‌كرێت كه سنگ به‌سنگ بگوازرێته‌وه، رۆژه‌كانی دواتر دروست بكات‌و وه‌ك هه‌وێنی به‌رده‌وامبوونی ژیان ده‌وربنوێنێت. ئه‌م رووداوانه مێژوون، به‌شێكی زۆری ئه‌و مێژوویه‌ش كێشمه‌كێش‌وململانێی به‌رده‌وام له نێوان چه‌وساوه‌و چه‌وسێنه‌ره، هێرش‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو واتایه‌یه‌و ئه‌و تیوه‌ره‌یه كه هه‌موو ژیان خه‌باته‌و خه‌باتیش بڕینی رێگه‌ی دژوار بۆ ئاسووده‌بوون‌و به‌خته‌وه‌ربوونی مرۆڤه. ئه‌م رۆژانه ده‌توانێ 18ی مارسی 1871ی پاریس بێت، ده‌توانێ ژیان‌و خه‌باتی رێبه‌رێكی وه‌ك فوئادی موسته‌فاسوڵتانی بێت، ده‌توانێ شۆڕشی گه‌لانی ئێران له ساڵی 57 بێت‌و سه‌ره‌نجام ده‌توانێ 28ی گه‌لاوێژی 58ی كوردستان بێت. 28ی گه‌لاوێژی 58 ده‌یتوانی وه‌ك هه‌موو رۆژه‌كانی دیكه‌ی ساڵ، رۆژێكی ئاسایی بێت، ده‌یتوانی پڕبێت له رووداوی ئاسایی‌و ده‌یتوانێ وه‌ك زۆربه‌ی رۆژه‌كانی دیكه له‌بیربكرێته‌وه. ده‌یتوانی له رۆژه‌كانی دیكه بچێت، تۆمارنه‌كرێت‌و نه‌بێته مێژوو. كه‌چی ئه‌م رۆژه خۆی له رۆژه‌كانی دیكه جیاكرده‌وه، رۆژه ناته‌واوه‌كانی پێش خۆشی پڕكرده‌وه‌و ته‌نانه‌ت بناخه‌ی رۆژه‌كانی دواتر‌و رووداوه‌كانی دواتریشی تۆمار كرده‌وه. ئه‌م رۆژه بوو به گۆڕه‌پانی كێشمه‌كێش‌و ململانێی، بوو به خاڵی لێكدادانی دوو واتا‌و بوو به مێژوو. 30 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌م رۆژه‌دا تێپه‌ڕبووه، كه‌چی هێشتا ئیۆاره به‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌دا نه‌هاتووه، هێشتا پرۆسه‌ی لێكدادانی ئه‌و دوو واتایه كۆتایی پێنه‌هاتووه‌و هێشتا ئه‌م رۆژانه‌مان بۆ به‌ڕۆژ ده‌كاته‌وه. ئه‌م رۆژه چ رۆژێك، ئه‌م رووداوه چ رووداوێك‌و ئه‌م مێژووه چۆن نووسراوه‌ته‌وه؟ ناره‌زایه‌تی، راپه‌ڕین‌و شۆرش له زۆر شوێنی جیهان كراوه، هه‌موو ئه‌م راپه‌ڕین‌و ئاخێزانه خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خاڵی هاوبه‌شن، بارودۆخی كۆمه‌ڵگاكانی دوای راپه‌ڕین‌و شۆرشیش خاڵی هاوبه‌شیان هه‌یه. زۆربه‌مان راپه‌ڕینه‌كه‌ی 1871ی پاریسمان له مێژوودا خوێندۆته‌وه، جێگۆڕگێمان له‌گه‌ڵ كۆمۆنارده لاوه‌كانی شاری پاریس كردوه‌و ئافه‌رینمان بۆ وره‌و جه‌ساره‌تی ئه‌و شۆڕشگێڕانه ناردووه. به‌ڵام ئێغراق نییه كه كه‌ش‌و هه‌وای ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردستان به پاریس بشوبهێنین. له كوردستانیش بیره‌وه‌ری له‌م چه‌شنه زۆرن، جموجۆڵی له‌و شیۆه زۆرن‌و خاڵی هاوبه‌ش زۆرن. گۆڕه‌پانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردستان، گۆڕه‌پانی داره‌داره‌كردن‌و ئه‌زموونكردنی سه‌ره‌تاكانی دیموكراسی بوو، هه‌وڵ بۆ ئاماده‌كردنی به‌ستێنی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بوو، خه‌مڵاندنی ئاوات‌و هیوا بۆ ژیانێكی باشتر بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا، مه‌یدان مه‌یدانی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی خۆوشیاری سیاسی كۆمه‌ڵگا بوو، مه‌یدانی ئاماده‌كردنی كۆمه‌ڵگا بۆ ده‌سه‌ڵاتێكی خه‌ڵكی‌و دێمۆكراتیك بوو، مه‌یدانی تئۆریزه‌كردنی چه‌مك‌و واتاگه‌لێكی وه‌ك چینه ئابووری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان‌و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاواز‌و هاوبه‌شه‌كان بوو، مه‌یدانی باسكردن له ته‌تبیقكردنی به‌ها دێمۆكراتیكه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ كوردستان بوو. ئه‌و سه‌رده‌مه له زۆربه‌ی شوێنه‌كانیتری ئێران باس له كۆتایی شۆڕش ده‌كرا، باس له ته‌واوبوونی پڕۆژه‌ی راپه‌ڕینی خه‌ڵك ده‌كرا. كه‌چی له كوردستان هێشتا سه‌ره‌تا بوو، هێشتا شۆڕش به‌رده‌وام بوو‌و باس له ماندووبوونی زیاتر بۆ گه‌یشتن به ده‌سكه‌وتی باشتر ده‌كرا. باس له چییه‌تی راپه‌ڕینی خه‌ڵك‌و باس له گۆڕانكاری ریشه‌یی ده‌كرا، باس له پێداویستی گه‌ره‌نتی كردنی مافه‌كانی خه‌ڵك‌و به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان ده‌كرا‌و باس له زه‌رووره‌تی درێژه‌ی ئه‌و شۆڕشه تا گه‌یشتن به شوێنی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌كرا. به‌پێچه‌وانه، له شوێنه‌كانیتر شۆڕشگێڕانی راسته‌قینه‌و رووناكبیرانی شۆرشگێڕ ته‌نیا مانه‌وه، سێكتاریزم، به‌رچاوته‌نگی و خیانه‌ت بووه پێناسه‌ی به‌شێك له پارته سیاسییه ناسراوه‌كان. پۆپۆلیزمی ئیسلامی سیاسی بردبوویه‌وه‌و باس له تاقانه‌بوون‌و دژایه‌تیكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو هێماكانی دونیای شارستانی ده‌كرا. له به‌ستێنی ناوشیاری ئه‌و كاتی كۆمه‌ڵگای ئێران‌و له نه‌بوونی به‌دیلی به‌هێزی سیاسی، هه‌موو ماندووبوونه‌كان بۆ گه‌یشتن به‌و خواستانه‌ی كه شه‌ڕی بۆكرابوو، كه ئاره‌قه‌ی بۆ رژابوو‌و كه خوێنی بۆ درابوو، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو مۆنۆپۆل كرا. دژه شۆڕش خه‌ریكی چه‌كه‌ره‌كردن‌و په‌لوپۆ هاویشتن بوو، خواهر زێنه‌به‌كانی داهاتوو هاوشان له گه‌ڵ برا ریشداره كۆنه‌په‌رسته‌كانیان تێزاب‌و ئه‌سیدیان به‌سه‌ر‌وچاوی ژناندا ده‌پڕژاند‌و به‌گشتی كۆمه‌ڵگا به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌تێكی ره‌ها‌و داخراو په‌لكێش ده‌كرا. رێبه‌رانی تازه‌به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتوو، ده‌یانویست ره‌گه‌و سه‌رچاوه‌ی ئه‌و تۆزه ئازادییه‌ی كه له شوێنه‌كانیتری ئێرانیش هه‌بوو، كۆیربكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كوردستان ده‌روازه بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه كوردستان مایه‌ی دڵگه‌رمی بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی كوردستان هه‌رێمی مه‌ترسی بۆ دواڕۆژی ده‌سه‌ڵات بوو. ده‌یانویست قه‌ڵای پشتیوانیكه‌ر‌و رێنوێنیكه‌ر‌و ئیلهامبه‌خش تێكبشكێنن. ده‌یانویست هه‌موو ئاسه‌وار‌و ده‌سكه‌وته دێمۆكراتیكه‌كان بستێننه‌وه‌و به‌گشتی ده‌نگی ئازادایخوازی له قازانج‌و به‌رژه‌وه‌ندی دروستبوونی توێژێكی نوێی ئه‌ریستۆكرات، بێده‌نگ بكه‌ن. له‌وه‌ها حاڵه‌تێكدا، كوردستان ته‌حه‌موول نه‌كرا، هه‌ربۆیه هه‌موو هه‌وڵه ئاشتیخوازانه‌كانی گه‌لی كورد به‌هه‌ندوه‌رنه‌گیرا‌و فه‌رمانی جیهاد له دژی گه‌لی كورد په‌سندكرا. فه‌رمانی هێرشێك كه پێش له په‌سندكردنی، له لایه‌ن رێبه‌رانی كۆمه‌ڵه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرا و له‌و باره‌وه وشیاری به خه‌ڵك ده‌درا. به‌مه‌به‌ستی هێرش، ژووری عه‌مه‌لیات سازكرا، سه‌رمایه‌ی مادی‌و مرۆیی ته‌رخان كرا، باس له نه‌كردنه‌وه‌ی به‌ندی پۆتینه‌كان تا سه‌ركوتی یه‌كجاره‌كی كوردستان كرا، چه‌واشه‌كاری كرا، كایه به عه‌قڵی جه‌ماوه‌ری ئێران كرا، جۆشدان‌و به‌سیجی جه‌ماوه‌ری له‌ژێر ناوی به‌رگریكردن له ئایین و له ئیسلام سازدرا‌و سه‌ره‌نجام هێرش كرا. له‌ده‌ركردنی فه‌رمانه‌كه‌دا هێنده په‌له‌كرا كه ته‌نانه‌ت هه‌ڵكه‌وته‌ی جوغرافیایی كوردستان له‌بیركرا‌و ئه‌م فه‌رمانه بۆ هێزی ده‌ریاییش به‌ڕێكرا. په‌له‌كرا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه پێیانوابوو ده‌بێ له كاری خێردا په‌له بكرێت، ئه‌م كاره‌ش بۆ ئه‌وان خێر بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه داهاتووی ئه‌وان‌و سه‌رجه‌می به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وانی ده‌خسته مه‌ترسییه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه بوونی هه‌رێمێكی ئازاد‌و دێموكرات‌و كراوه‌و ئه‌وه‌یش له‌پاڵ ده‌ستی ئه‌وان دواڕۆژی ئه‌وان‌و چییه‌تی ئه‌وانی ده‌خسته مه‌ترسییه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه په‌تای ئازادی‌و عه‌داڵه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و زۆربه‌های دیكه‌ی ئینسانی له كوردستانه‌وه هه‌نارده ده‌كرا‌و سه‌رجه‌می ئێرانی ده‌گرته‌وه. له‌به‌ستێنی بارۆدۆخی سیاسی تایبه‌ت، ناوشیاری ئه‌و كاتی كۆمه‌ڵگای ئێران، نه‌بوونی حیزبی سیاسی وشیار له ئاستی سه‌راسه‌ری كه ئه‌ویش خۆی به‌رهه‌می دیكتاتۆرییه‌تی درێژماوه‌ی پاشایه‌تی بوو و به‌كه‌ڵكوه‌رگرتنی ئه‌بزاری له مه‌زهه‌ب و حازروئاماده‌بوونی داموده‌زگای رووحانییه‌تی شیعه به مزگه‌وت و حوجره و حوسه‌ینییه‌كانییه‌وه، هێزێكی زه‌به‌لاح بۆ سه‌ركوت‌و بۆ داگیركردنی كوردستان به‌ڕێكرا‌و شوێنكه‌وتنی مه‌به‌سته‌كان نیشانه‌كرا. هێرش كرا‌و كه‌چی قه‌ت مه‌به‌سته‌كان نه‌پێكرا، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه هێزه‌كه گه‌وره نه‌بوو، نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه به‌زه‌یی‌و ره‌فتاری ئینسانی به‌هه‌ندوه‌رگیرا، مه‌به‌سته‌كان نه‌پێكرا له‌به‌رئه‌وه‌ی كه لایه‌نێكی به‌رامبه‌ریش هه‌بوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌م لایه‌نی به‌رامبه‌ره بزووتنه‌وه‌یه‌كی به‌هێزی پێكهێنابوو، له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌م لایه‌نی به‌رامبه‌ره به‌خۆوشیاری سیاسی گه‌یشتبوو و له‌به‌رئه‌وه‌ی كه ئه‌م لایه‌نی به‌رامبه‌ره بڕیاری دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆی دابوو. ئه‌م لایه‌نی به‌رامبه‌ره كوردستان بوو كه زۆرینه‌ی تاكه‌كانی له بزووتنه‌وه‌یه‌كدا له‌ژێر ناوی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستاندا رێكخستبوو. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه تا هه‌نووكه‌ش زیندووه‌و تا گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی زێندوو ده‌مێنێته‌وه. هاوكات له‌گه‌ڵ هێرش بۆسه‌ر كوردستان، كه‌ش‌و هه‌وای كوردستان له ته‌مرینكردنی دیموكراسییه‌وه بۆ به‌رگریكردن له ده‌سكه‌وته‌كان گۆڕدرا‌و وه‌ك عه‌بدوڵڵا موهته‌دی سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕ ده‌ڵێت، هه‌مووان له‌سه‌ر بناغه‌ی دیفاع له مافی ژیان‌و مافی مانه‌وه‌ی خۆیان، دیفاع له ئازادی‌و كه‌رامه‌تیان، دیفاع له باوه‌ڕ‌و پێناسیان ده‌ستیان دایه‌ده‌ست یه‌كتر‌و به‌ڵێنی ته‌سلیم نه‌بوونیان دا. پێشتر وشه‌گه‌لێكی وه‌ك بزووتنه‌وه،پێشمه‌رگه، به‌رگری، یه‌كێتی، كۆمه‌ڵه، پارتیزان‌و ز‌ور وشه‌یتر بوون، له زۆر كه‌س بیسترابوون، ناساندنیان بۆ كرابوو‌و كه‌چی ئه‌مجاره‌یان هه‌مووان ده‌یانویست خۆیان له‌و واتانه‌دا بتوێننه‌وه، ده‌یانویست ئاوێته‌ی ئه‌م وشانه بن‌و ده‌یانویست خۆیان ببنه بكه‌ر‌و كاره‌كته‌ری ئه‌م واتانه. ئه‌م ویستانه‌ش له پێداویستییه‌كه‌وه سه‌رچاوه‌ی ده‌گرت، له پێداویستییه‌ك كه هه‌وێنی شوناسی ئه‌وانی وه‌ك مرۆڤ و وه‌ك كورد پێكده‌هێنا، له پێداویستیه‌ك كه فه‌لسه‌فه‌ی بوونی ئه‌وان‌و مانه‌وه‌ی ئه‌وانی پێكده‌هێنا‌و پێداویستیه‌ك كه به‌نرخترین به‌هاكانی ئه‌وانی له مه‌حه‌كی تاقیكردنه‌وه ده‌دا. به‌ڵێن نه‌نووسرا، كه‌چی وه‌ك پیرۆزترین نووسراوه‌كان خۆیده‌رخست، زه‌رووره‌تی ته‌سلیم نه‌بوون نه‌نووسرابوو، كه‌چی وه‌ك زه‌رووره‌تی هه‌ناسه‌كێشان‌و خواردن پارێزرا‌و ئه‌م به‌سه‌رهاتانه ده‌ستی پێكرد‌و تا ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه. ئێستاش هه‌موو رۆژێكی ژیانی خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره، 28ی گه‌لاوێژه‌و ئه‌م رۆژه بۆته ژیانی هه‌موو رۆژێك. شۆرش لای گه‌لی كورد كۆتایی پێنه‌هاتووه‌و ته‌نانه‌ت به‌شه‌كانیتری ئێرانیش ده‌یانهه‌وێ وه‌ك كوردستان درێژه‌ده‌ری ئامانجه‌كانی شۆڕشی ناته‌واوی 57 بن. 28ی گه‌لاوێژ بووه ده‌روازه‌ی درێژه‌دانی شۆڕش‌و بێ گومان به‌سه‌ره‌نجامی شیاوی خۆی ده‌گات.
|
|||||||