|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
10ی خه‌رمانان، بیست و یه‌كه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی قه‌تڵی عامی زیندانیانی سیاسی ئا: رێبوار
ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی له سه‌ر هه‌ڵوێستی خۆیان سوور بوون و نه‌چوونه ژێر باری ویسته‌كانی ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی و له سه‌ر خواستی ره‌وای خۆیان پێداگریان كرد، به"محارب"ناویان لێ برا و به ئیعدام مه‌حكووم كران. له هه‌موو بابه‌ته‌كانی هاوشێوه هه‌ر كه‌س له هه‌ر یه‌ك له‌م قۆناغانه‌دا به‌شداری بكات و دژوازی له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا هه‌بێت سزای ئیعدامه. به فه‌رمانی خومه‌ینی رێبه‌ری ئه‌وكاتی كۆماری ئیسلامی، له دوایین رۆژه‌كانی ژیانی، گه‌وره‌ترین كوشتاری زیندانیانی سیاسی له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌ستی پێكرد. له ماوه‌ی چه‌ند مانگدا سێ تا پێنج هه‌زار كه‌س له ناڕازیانی ده‌سه‌ڵات كه زۆربه‌یان له بێدادگاكانی كۆماری ئیسلامی لێكۆڵینه‌وه‌یان له گه‌ڵدا كرا و له حاڵی تێپه‌ڕكردنی سزای حوكمه‌كانیان بوون، وێڕای ئه‌و به‌شه‌ی دیكه‌شیان كه چاوه‌ڕێی ئازاد بوونی خۆیان بوون، به گوێره‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كانی لێژنه‌یه‌كی سێ كه‌سی له باوه‌ڕپێكراوه‌كانی خومه‌ینی به ناوه‌كانی "نه‌یێری، پوورمحه‌مه‌دی و مورته‌زا ئه‌شراقی" پاش دادگایكردنیان، له دادگایه‌كی چه‌ند خوله‌كی‌دا مه‌حكووم به ئیعدام كران. ئیعدامه‌كانی ساڵی 67 به كوشتاری ئه‌ندامانی موجاهیدین ده‌ستی پێكرد، له مانگی خه‌رماناندا نۆبه‌ی چه‌په‌كان هات و تا مانگه‌كانی پاییزی ئه‌و ساڵه درێژه‌ی كێشا و پاشان دوایین به جێ ماوه‌كانی لیستی مه‌حكووم كراوه‌كان له زستانی ساڵی 67 دا ئیعدام كران. قوربانیانی ئه‌م قه‌تڵی عامه گه‌وره رێبه‌ران، ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی رێكخراوه چه‌په‌كان، موجاهیدین خه‌لق و رێكخراوه نه‌ته‌وه‌یی ناوچه‌ییه‌كان بوون. به‌شێكی زۆر له‌م زیندانیانه له گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا به خاك سپێردران كه شوێنی به خاكسپاردنیان تا ئه‌مڕۆكه‌ش بۆ خه‌ڵك و بنه‌ماڵه‌كانیان نادیاره. هه‌رچه‌ن بیره‌وه‌ری ئه‌و زیندانیانه‌ی كه له‌م قوربانگایه رزگاریان بوو، گۆشه‌یه‌ك له‌و مانگ و رۆژه ره‌شانه‌ی خسته به‌ر چاوی خه‌ڵك و چۆنیه‌تی ئه‌م كوشتاره كه‌م وێنانه‌ی نیشان خه‌ڵك دا به‌ڵام، له دیدی گشتیدا هێشتا زۆر شت ناڕۆشنه، له‌وانه: چۆنیه‌تی وه‌ها بڕیاردانێك سه‌باره‌ت به‌م جه‌نایه‌ته دڵته‌زێنه له ئاستی ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌ت كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌وانه‌وه هه‌یه. ته‌نیا زانیارییه‌ك كه له‌م باره‌وه هه‌یه، بیره‌وه‌رییه‌كانی ئایه‌توڵڵا مونته‌زریه كه بۆ یه‌كه‌مین جار باس له بڕیاره راسته‌وخۆ و حاشاهه‌ڵنه‌گره نهێنییه‌كانی خومه‌ینی ده‌كات، كه تێیدا به روونی بڕیاری كوشتنی ناڕازیانی خۆی له زیندانه‌كان داوه. بێجگه له ئایه‌توڵڵا مونته‌زری، له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی دیكه‌ی حكوومه‌ته‌وه باسێكی لێ ناكرێت و هیچ كه‌س نایهه‌وێت جوابی ئه‌م جینایه‌تانه بداته‌وه. بێده‌نگی كاربه‌ده‌ستانی ئه‌م جینایه‌ته، بوه‌ته به‌شێك له خودی جینایه‌ت، به جۆرێك كه شه‌پۆلی ئیسڵاحاتیش نه‌یتوانی، دیواری ئه‌م بێ ده‌نگییه به‌رانبه‌ر ئه‌م جینایه‌ته بشكێنێت. رێكه‌وتنێكی نه‌وتراو یان نه‌نوسراو، هه‌موو باڵه‌كانی رژیم"ئیسڵاح خواز و محافیزه‌كار"ی به‌رانبه‌ر به حاشا كردن له‌م جینایه‌ته گه‌وره رێكخستوه. له مه‌جلیسی "ئیسڵاحات"وه‌كوو مه‌جلیسه‌كانی پێشتر‌و مه‌جیلسه‌كانی دواتریش، هیچ قسه‌یه‌ك سه‌باره‌ت گه‌وره‌ترین جینایه‌ته‌ی مێژوی زیندانه‌كانی ئێران نه‌كراوه‌و ناكرێت، ده‌سه‌ڵاتدارانی حكوومه‌ت هه‌ر جار كه لێویان ده‌كه‌نه‌وه باس له نیزامێكی خه‌ڵكی ده‌كه‌ن، چاویان له حاست دۆسیه‌ی جینایه‌ته‌كانی خۆیان له‌وانه: جینایه‌تی قه‌تڵی عامی هاوینی 67 و سه‌دان جینایه‌تی دیكه داده‌پۆشن، ئه‌و جینایه‌ته‌ی كه حاشاهه‌ڵنه‌گره‌و له مێژوی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌دا تۆمار كراوه. ئه‌م بێ ده‌نگییه لۆژیكێكی تێدایه، كوشتاری هه‌زاران زیندانیانی سیاسی نه‌ته‌نیا له گه‌ڵ هه‌موو پێوه‌ره‌كانی مافی مرۆڤ ناته‌بایه به‌ڵكوو، له گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی ده‌سه‌ڵاتێك وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیش نایه‌ته‌وه. ئه‌م جینایه‌تانه به‌رهه‌می بڕیارێكی سه‌ره‌ڕۆیانه بوو كه هیچ كه‌س له رۆحانییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدار له ئێران، ناتوانن پاساوی بۆ بیننه‌وه یان دیفاعی لێ بكه‌ن. بێ ده‌نگی ده‌سه‌ڵات به نیسبه‌ت كاره‌ساتی نه‌ته‌وه‌یی ساڵی67، بوو به هۆی درێژه كێشانه‌ی هه‌ر رۆژه‌ی ئه‌م جینایه‌ته. له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه جوابێك به سروشتیترین، ئاسایترین و ئینسانیترین خواستی به جێ ماوانی قوربانیانی ئه‌م كاره‌ساته نه‌درایه‌وه‌و هه‌ر چه‌شنه لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كیان سه‌ركوت كرا، مافی هه‌زاران بنه‌ماڵه‌ی قوربانیانی ئه‌م قه‌تڵه عامه سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی و هۆكاره‌كانی ئیعدامی رۆڵه‌كانیان، شوێنی ناشتنیان، وه‌سیه‌تنامه‌كانیان و....هتد، پێشێل كرا و بنه‌ماڵه‌و به جێ ماوی ئه‌م قوربانیانه ته‌نانه‌ت نه‌یانتوانی به دانانی به‌ردی قه‌برێك له سه‌ر گۆڕی رۆڵه‌كانیان خۆ‌یا دڵخۆش بكه‌ن. حكوومه‌ت نه‌ته‌نیا جوابێكی به خواسته سه‌ره‌تایی و ئینسانییه‌كانی به جێ ماوانی قوربانیانی ئه‌م جینایه‌ته نامرۆڤانه‌یه نه‌دایه‌وه‌و سه‌باره‌ت به ئیعدامی ئازیزانیان و شوێنی ناشتنیان هیچ زانیارییه‌كی پێ نه‌دان به‌ڵكوو، چه‌ندین جار هه‌وڵی داوه"گوڵزاری خاوه‌ران"ته‌نیا هێما و بیره‌وه‌ری ئه‌م جینایه‌ته نامرۆڤانه‌یه به جۆرێك چه‌واشه بكات كه، نیشانه‌یه‌ك له جینایه‌تی خۆی به‌جێ نه‌هێڵێت و ته‌نانه‌ت ئه‌م ته‌نیا نیشانه بۆ به‌جێ ماوانی ئه‌م قوربانیانه له ناو ببات. ئێستاكه‌و پاش سی ساڵ، زۆرێك له به‌جێ ماوانی ئه‌م جینایه‌ته تاڵه، سیمای شێوه خاكیان به خۆیان گرتووه‌و به روخساری خه‌ماوی زۆرێكی دیكه‌یان تۆزی پیری و تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌نی لێ نیشتوه. به‌ڵام بیری ئه‌وه‌ی كه به تێپه‌ڕبوونی كات، به جێ ماوانی ئه‌م جینایه‌ته بێده‌نگ ده‌بن، نه هاتوه‌ته‌دی و نه دێت. ئێستاكه مناڵانی ئه‌م هه‌زاران قوربانییه، پێگه‌شتوون و خوازیاری لێپرسینه‌وه له‌م جینایه‌ته‌ن. به‌ره‌ی نوێ وه‌ك نه‌سڵی پێشوو و به هه‌مان وره‌وه، شوێن چۆنییه‌تی ئه‌م رووداوه‌و لێپرسینه‌وه‌ی ده‌كه‌ون. رووداوه‌كانی ساڵی 67 نه‌ته‌نیا جێگه‌ی باسی هه‌زاران بنه‌ماڵه‌یه كه له‌م رووداوه دڵته‌زێنه‌دا ئازیزانیان له ده‌ست داوه به‌ڵكوو، بوه‌ته پرسیارێكی سه‌ره‌كی بۆ به‌ره‌ی نوێی پێگه‌یشتووی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش. خاوه‌ران دووپات ده‌بێته‌وه كۆماری ئیسلامی تێده‌كۆشێ به‌ر به گشتگیر بوونی ئه‌م پرسیارانه بگرێت. ده‌ڵێن خاوه‌ران په‌یوه‌ندی به رابردو و به مێژوی كۆماری ئیسلامییه‌وه هه‌یه‌و كاتی باس كردن له سه‌ری تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام راستیی ئه‌مه نییه. خاوه‌ران ناسنامه‌ی كۆماری ئیسلامییه‌وه و به‌رده‌وام له گه‌ڵیدا دووباره ده‌بێته‌وه. ئه‌مڕۆكه له گۆڕه به كۆمه‌ڵه بێ ناونیشانه‌كانی پارچه‌ی 302ی "به‌هه‌شتی زه‌هرا"و به‌یانی له شوێنێكی دیكه. ئه‌وانه‌ی كه خاوه‌رانیان بونیات ناوه، ئیستاكه‌ش ده‌سه‌ڵاتیان به ده‌سته‌وه‌یه‌و شێوه‌ی جینایه‌تی ساڵی 67 له‌گه‌ڵ كچان و كوڕانی ئازادیخوازی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش دووپات ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وان زیندوون: نه‌سڵی تازه‌لاوی كۆمه‌ڵگا ئه‌مڕۆكه هه‌مان ئامانجانه‌یان ده‌ستنیشان كردوه‌و هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ن كه ئه‌وكات خومه‌ینی و ده‌ست و په‌یوه‌نده‌كانی به به‌ڕێوه‌بردنی قه‌تڵی عامی ساڵی 67 له هه‌وڵی بنه‌بڕ كردنی له ئاو و خاك و سنووره‌كان بوون. ده‌نگێكی ئازادی خوازانه كه به قه‌تڵی عامی 67 له قوڕگدا خنكا، ئه‌مڕۆكه خواستی به‌ره‌ی لاوی له‌خۆبردوو و نه‌ترسێك كه وه‌ك یه‌كێك له هێماكانیان ده‌توانین ئاماژه به"ندا ئاقاسوڵتان و سۆهراب ئه‌عرابی بكه‌ین" دوباره به‌رهه‌م هاتۆته‌وه، ئازادی سه‌ركوت ده‌كرێت به‌ڵام، بنه‌بڕ ناكرێت. شه‌پۆڵ شه‌پۆل دێت تا ئه‌وكاته‌ی قه‌ڵاو له‌مپه‌ره‌كانی سه‌ر رێگای تێك ده‌شكێنێت و له سه‌رتاسه‌ری ئێران‌دا په‌ره ده‌ستێنێت. ئه‌مه‌ش شتێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره. ئه‌وكاته‌ی دایكانی پیر سه‌رله‌نوێ پێكه‌نین دێته‌وه سه‌ر لێویان و دڵه كۆسكه‌وتووه‌كانیان ئۆقره ده‌گرێت و رۆڵه‌كانی له خاك خه‌وتووه‌یان له لاوانی ئه‌مرۆدا ده‌بیننه‌وه. 10ی خه‌رمانان له لایه‌ن زۆرێك له بنه‌ماڵه‌كانه‌وه وه‌ك رۆژی قه‌تڵی عامی زیندانی ساڵی 67 دیاری كراوه. جێگه‌ی خۆیه‌تی له‌م رۆژه‌دا وێڕای هه‌موو ئازادیخوازانی ئێران بیره‌وه‌ری رۆڵه تێكۆشه‌ره‌كانیان رێزی لێ بگیردرێت و هه‌موو كه‌س خۆی له پاڵ به‌جێ ماوه‌كانی قوربانیانی جینایه‌تی كۆماری ئیسلامی‌دا ببینێته‌وه‌و هه‌ستی هاوخه‌می و هاوخه‌باتی خۆی له گه‌ڵیان ده‌رببڕێت. سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی "اخبار روز"
|
|||||||