|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
"مه‌ل به باڵێك نافڕێ" هیوا سه‌لیمی مێژووی ژنانی ئێران، مێژووی ئاپارتاید، كۆیله‌بوون‌و سه‌رئه‌نجام مێژووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌و خه‌بات‌و راسانه. لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م مێژووه به كۆیله‌بوون ئاخێندراوه، به له‌بیربردنه‌وه ئاخێندراوه و سه‌ره‌نجام له‌به‌رژه‌وه‌ندی بۆ ئه‌وانیدی نووسراوه. هه‌موو رۆژه‌كانی ئه‌م مێژووه، رۆژه‌كانی درووستكردنی خودوشیاری جنسییه‌تی‌و رۆژه‌كانی درووستكردنی به‌ستێن بۆ نه‌وه‌كانی ئاینده بووه، ئاینده‌یه‌ك كه وه‌ك هه‌موو تاكێكی كۆمه‌ڵگا خاوه‌نی پێناسه‌ی فه‌ردییه‌ت بن‌و چیتر خۆیان له قه‌واره‌ی ره‌گه‌زی دووهه‌مدا نبیننه‌وه. ئاینده‌یه‌ك كه به چه‌قۆی ده‌ستكردی باوك‌و برایان سه‌رنه‌بڕدرێن، وه‌ك ئه‌وان له ناوه‌ندی داهێنانی ژیان جمه‌یانبێت‌و وه‌ك ئه‌وان ته‌نیا بۆ یه‌كجار و ته‌نیا وه‌ك ئه‌وان بچه‌وسێنه‌وه. وه‌ك ئه‌وان بتوانن كرده‌ی به‌كۆمه‌ڵ بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وان بتوانن شۆڕش بكه‌ن‌و وه‌ك ئه‌وان له ده‌سكه‌وته‌كانی شۆڕش بچننه‌وه. له‌گه‌ڵ لێدانی چه‌خماخه‌كانی شۆڕشی مه‌شرووته‌و له گۆڕه‌پانی گشتی كۆمه‌ڵگا خۆیان نیشاندا، ده‌ستیان دایه كرده‌ی هاوبه‌ش‌و له لانكه‌ی ئه‌م شۆڕشه‌دا وه‌ك سه‌رجه‌می بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له دایك بوون. له‌دایك بوون‌و به‌ڵام قه‌ت په‌ره‌یان نه‌سه‌ند‌و قه‌ت به‌هه‌ندوه‌رنه‌گیران. قه‌ت قه‌ت له میرات‌و ده‌سكه‌وته‌كان به‌شدارنه‌كران، وه‌ك سیاهی له‌شكر كه‌ڵكیان لێ وه‌رگیرا‌و قه‌ت قه‌ت گوێ بۆ زمانی ماف‌و خواسته‌كانیان رانه‌گیرا. له شۆڕشی 57ی گه‌لانی ئێران‌دا به‌شداریان كرد، خواسته گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگایان ووته‌وه و خۆیان له چوارچێوه‌ی ئیدئۆلۆژیه‌كاندا رێكخست. ئه‌و ئیدئۆلۆژییانه‌ی كه هه‌موو ئاره‌زو و خواسته‌كانی ئه‌وانی له گه‌یشتن به ستراتژییه‌كاندا به‌سته‌وه‌و ده‌سته به‌ركردنی مافه‌كانی ئه‌وانی بۆ چه‌ندین قۆناغ دوای شۆڕش‌و كۆتایی هه‌موو رووداوه‌كان دانا. دوای هاتنه‌سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی بێ مافیان بۆ فرمووله‌كردن، هه‌موو ده‌رگای روانینیان لێداخستن و وه‌ك دایكی باش و خواهه‌ری زه‌ینه‌بی، هۆنراوه‌ی پیرۆزبوونی ماڵداری‌و منداڵدارییان بۆ هۆنیینه‌وه. هاوڕه‌گه‌زه كۆیله‌كانی 1000 ساڵ له‌مه‌وپێشیان بۆ كردنه ئوستووره، چواردیوارییه‌ك‌و ته‌شتێكی جل شتنیان به‌دیاری پێدان‌و دونیاكه‌یتریان بۆ كردنه دونیای ئاسووده‌بوون‌و خه‌ڵاتی وه‌زیفه‌شناس بوونیان. ئه‌وان بڕوایان به قسه‌ی ئه‌وانیدی نه‌كرد، پۆل پۆل له خوێندنگاكان خوێندیان‌و كرانه‌وه‌ی گوێ‌و چاویان وه‌ك دیاری وه‌رگرت. له گوتاری رۆشنبیری فێمنیستی‌و یه‌كسانی خوازی رۆژئاوا كاریگه‌ریان وه‌رگرت، له كرانه‌وه سیاسییه رێژه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌رفه‌تیان گواسته‌وه‌و چۆنیه‌تی خه‌بات‌و هێنانه ئارای دروشمه‌كانیان ئه‌زموون كرد‌و سه‌ره‌نجام میداڵی گه‌وره‌ترین‌و به‌هێزترین بزووتنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێرانیان وه‌رگرت. له‌فۆرمی پارتیزان‌و كه‌مپه‌ینی یه‌ك میلوێن ئیمزا‌و دایكانی ئاشتی‌و...هه‌تادواتر خواسته‌كانیان به‌گوێی كۆمه‌ڵگادا دا‌و ته‌نانه‌ت له چه‌شنی بیركردنه‌وه‌ی پیاواندا گۆڕانیان درووست كرد. ئیتر هه‌ر ئه‌وان له‌سه‌ر باسكردن له مافه‌كانیان ده‌ستگیر نه‌ده‌كران‌و پیاوانیش له‌سه‌ر باسكردن له مافی ئه‌وان و له راستیدا له ئاراسته‌ی رزگاربوونی خۆشیان ده‌ستگیر‌و ئه‌شكه‌نجه ده‌كران. ژنان به‌م ماندووبوونه‌یان گوتارێكیان خولقاند، ئه‌ویش شتێك نه‌بوو جیا له‌م دروشمه‌ی كه بێ ئازادبوونی ژن، كۆمه‌ڵگا ئازاد نابێت. رۆژه‌كانی دروستكردنی خودوشیاری‌و درووستكردنی به‌ستێنه‌كان بۆ ئاینده، له رابردووی شۆڕشی مه‌شرووته‌وه به‌ڕیۆه‌یه، له شۆڕشی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كوردستاندا خۆی ده‌وڵه‌مه‌ند كرد‌و ئه‌وا ئه‌مجاره ده‌یهه‌وێ له‌م به‌ستێنه‌دا ئه‌مڕۆ بكاته ئه‌و ئاینده‌یه‌ی كه پێشتر كاری بۆ كردووه. ئه‌مجاره ده‌یهه‌وێ مێژوو بنوسێته‌وه، ده‌یهه‌وێ له‌سه‌رده‌ستی خۆی مێژوو بنوسێته‌وه‌و ده‌یهه‌وێ لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م مێژووه نوێیه به شوناسێك بڕازێنێته‌وه. شوناسێك كه له ئه‌ده‌بیاتی مێژووه‌كه‌یدا به شوناسی فێمنیستی ناوبانگی ده‌ركردووه‌و به‌سه‌دان ساڵه بۆ ئه‌م شوناسه ئارق ده‌ڕێژێت. له‌پێش گاڵته‌جاڕی ناسراو به هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رۆك كۆماری ئێران‌و له‌كاتی له‌ئارادابوونی بانگه‌شه‌كانی ئه‌م شانۆگه‌رییه، له ده‌رفه‌ت كه‌ڵكیان وه‌رگرت، هه‌لومه‌رجه‌كه‌یان كرده گۆڕه‌پانی ده‌رخستن‌و نیشاندانی ئاره‌زوو خواسته‌كان‌و پاشه‌كشه‌یان به یه‌كێك له هێماكانی ئیسلامی سیاسی، واته حیجاب كرد. له كارنه‌ڤاڵه‌كانی سه‌رشه‌قام هه‌ڵاواردنی جنسییه‌تیان به‌گاڵته‌گرت‌و وه‌ك تاكێكی خاوه‌ن ئیراده‌و وه‌ك تاكێكی خاوه‌ن هێز خۆیان نیشاندا. ئه‌مجاره‌یان كه‌م نه‌بوون، ئه‌مجاره‌یان چه‌ندایه‌تییان بووه مانشێتی رۆژنامه‌كان‌و ئه‌مجاره‌یان وه‌ك زه‌نگێكی مه‌ترسی بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كانی دیكتاتۆر‌و كولتووری پیاوسالار پێناسه‌كران. هێنده زۆر‌و به‌هێزبوون كه بێ رارایی باسیان له پێداویستی چاوخشاندنه‌وه به‌سه‌ر یاسا‌و به‌سه‌رۆك كۆماربوونی ژن كرد. هێنده زۆر بوون كه دواكه‌وتووترین پاڵیۆراوانی سه‌رۆك كۆماریان ناچار به باسكردن له مافه‌كانی ژنان‌و گه‌ره‌نتی كردنی مافه‌كانیان كرد وسه‌ره‌نجام هێنده زۆربوون كه هاوسه‌ری پاڵیۆراوه‌كانیان وه‌ك یاریده‌ده‌ر و وه‌ك دروستكردنی سمپات بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ، په‌لكێشی شانۆی بانگه‌شه‌ی شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردن كرد. ئه‌وان له چه‌ندایه‌تیشدا گۆڕانه‌كانیان نمایشت كرد، رێپێوانی هێمنانه‌یان رێكخست‌و سنووری هه‌موو بڤه‌كان‌و هه‌موو حه‌رامكراوه‌كانیان به‌زاند. خواستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حیجابی زۆره‌مله‌یان به‌ده‌نگی به‌رز وته‌وه، نه‌ك له نووسراوه و له كۆڕی چه‌ندكه‌سی خۆیان، به‌ڵكوو له خۆپیشاندانی گه‌وره‌و له میتینگی چه‌ند هه‌زار كه‌سیدا. شانۆگه‌ری هه‌ڵبژاردن كۆتایی پێهات. هه‌موو رازی له‌وه‌ی نایه‌كی گه‌وره‌یان به ویلایه‌تی فه‌قیه داوه‌و بۆ جارێكی‌تر به ده‌نگدان، ده‌نگیان به خامنه‌یی نه‌داوه. ئه‌نجامه‌كانی به‌رایی هه‌ڵبژاردن راگه‌یه‌ندرا‌و وه‌ك هه‌میشه ساخته‌كاری كرا. ساخته‌كارییه‌كه گه‌وره‌تر له هه‌میشه بوو، تا شوێنێك زێده‌ڕۆیی كرا كه ته‌نانه‌ت هاواری وه‌فادارترین كه‌سانی دوێنێشی به‌رزكرده‌وه. كێشه و ناكۆكیی باڵه‌كانی ده‌سه‌ڵات هه‌موو سنووره به‌پێرۆزكراوه‌كانی 30 ساڵه‌ی به‌زاند‌و خامنه‌ی وه‌ك بكه‌ری سه‌ره‌كی‌و وه‌ك سه‌رۆكی كوده‌تا پێناسه كرا. سیسته‌می سیاسی دوو له‌ت كرا‌و ده‌رفه‌ت خولقا. ده‌رفه‌ت بۆ بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه 30 ساڵ بوو ورده‌ورده رێی ده‌كرد‌و له ناساندنی هه‌موو لایه‌ك به ژیله‌مۆ ناوزه‌د كرابوو. به نۆبه‌ش بووایه، نۆبه‌ی خه‌ڵك بوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان خه‌ڵك ته‌نیا پیاو نه‌بوون، ئه‌مجاره‌یان نیوه‌ی خه‌ڵك ژن بوون و ئه‌وان ده‌یانویست ئه‌مجاره‌یان گه‌وره‌بوون‌و به‌هێزبوونی خۆیان بخه‌نه روو. ئه‌مجاره‌یان ده‌یانوویست به‌ری ماندووبوونی چه‌ندین ساڵه‌ی خۆیان‌و بزووتنه‌وه‌كه‌یان بچننه‌وه ئه‌مجاره‌شیان دروشمه گشتییه‌كانی كۆمه‌ڵگایان وتووه‌و، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌وه نه‌ترسان كه به‌ری به‌شداریكردن‌و زه‌حمه‌ته‌كانیان به‌تاڵان ببرێت. چوون له‌و واقعییه‌ته تێگه‌یشتوون كه هێنده زۆرن‌و هێنده به‌هێزن كه چیتر كه‌س ناتوانێ به‌سه‌ریاندا باز بدات. كه‌س ناتوانێ دواڕۆژی ئه‌وان تاریك بكات‌و كه‌س ناتوانێ خواسته‌كانیان ژێرپێ بخات. كه‌س ناتوانێ بیانكاته سووته‌مه‌نی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی دیكه‌و ئه‌وانیش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان لێره‌دا ده‌بیننه‌وه. جیاكردنه‌وه‌و هه‌ڵاواردنی جنسییه‌تی، تایبه‌تمه‌ندی‌و خسڵه‌تێكی كۆمه‌ڵگای پیاوسالاری ئێران بووه و به هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی یاسا و ده‌وڵه‌ت به هه‌مو ئامرازه‌كانی زه‌برو زه‌نگی وه‌ك ئه‌رته‌ش و سپای پاسداران و هێزه ئینتزامییه‌كان، چوونه پشتی هه‌ڵاواردن و ستوونی ئه‌سلی مانه‌وه‌ی بیناكه‌یان له سه‌ر به یاسایكردن و چه‌سپاندنی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه، واته كۆمه‌ڵگایه‌كی پیاوسالار، دامه‌زراند. خوێندنگاكان، ئوتووبووسه‌كان، سه‌فی ئیداره‌كان‌و..سه‌رجه‌می مه‌یدانه مرۆییه‌كان، مه‌یدانی جیاكاری بووه. ته‌نانه‌ت له گۆڕه‌پانه‌كانی خه‌باتیشدا ئه‌م حاڵه‌ته بیندراوه. له كۆمه‌ڵگای ئێران پیاوان وه‌ك نه‌ریت، سوكاندار و جێبه‌جێكه‌ری پلانه‌كانی ناڕه‌زایه‌تی، شۆڕش، دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵات‌و هه‌تادواتر بوون. ئه‌مجاره‌یان‌و له رووداوه‌كانی پێش هه‌ڵبژاردن‌و دوای هه‌ڵبژاردن هاوكێشه‌كان گۆڕدرا. ژنان هاوشان له‌گه‌ڵ پیاوان جیاكردنه‌وه‌ی جنسییه‌تی داسه‌پاویان وه‌لانا‌و هه‌موو پلان‌و فه‌رهه‌نگی ئیرتجاعی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌یان وه‌ك خوری شی كرده‌وه. له ناره‌زایه‌تییه‌كان له ریزی پێشه‌وه‌ی ناڕازیان‌و تێكه‌ڵ له‌گه‌ڵ پیاوان بوون‌و ته‌نانه‌ت چه‌ندین شه‌هید‌و برینداریان له‌سه‌فی پیاوان‌و هاوشان له‌گه‌ڵ پیاوان پێشكه‌ش به شۆڕش كرد. له كولتووری پیاوسالار، جه‌ربه‌زه‌و جه‌نگاوه‌ربوون‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه تایبه‌تمه‌ندی پیاوانه‌و له پێناسه‌ی ئه‌م كولتووره‌دا ژن وه‌ك سه‌رچاوه‌و وه‌ك كانگای ته‌حه‌موول ناسێندراوه. پێشتر له بزووتنه‌وه‌ی كوردستان‌و له‌سه‌ر ده‌ستی نوێنه‌ری راسته‌قینه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه واته كۆمه‌ڵه، ژنان گۆڕه‌پانی خه‌باتی چه‌كداریان ئه‌زموون كرد، وه‌ك جه‌نگاوه‌ر‌و وه‌ك فه‌رمه‌نده‌ی سه‌ربازی ئه‌م قۆناغه‌ی بڕی‌و ئه‌م هاوكێشه‌یان له كوردستاندا گۆڕی. ئه‌مجاره‌یان نۆبه‌ی ژنانی هه‌موو ئێران بوو. ئه‌مجاره‌یان ژنانیش خاوه‌ن جه‌ربه‌زه بوون‌و وه‌ك جه‌نگاوه‌رێكی به‌ئیمان به‌ره‌نگاری دیكتاتۆر بوونه‌وه. ئه‌مجاره‌یان ته‌نانه‌ت مافی خاوه‌نداریه‌تی كردنی ئووستووره، كه پێشتر ته‌نیا مافی پیاوان بوو، بۆ ئه‌وان گه‌ڕایه‌وه‌و ندا ئاقا سوڵتان وه‌ك سومبوول‌و وه‌ك هێمای خه‌بات پێناسه كرا. تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هێمای ئه‌مجاره‌ی شۆڕش، واته ندا ئاقا سوڵتان ده‌توانێ ره‌نگدانه‌وه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌واقعییه‌كانی به‌شێكی به‌رچاو له ژنانی ئێران بێت‌و به‌شداریكردنی چالاكانه‌ی ژنان توانی ئه‌م واقعییه‌ته بۆ هه‌مووان ئاشكرا بكات. ندا ئاقاسوڵتان به‌پێی قسه‌كانی دایكی سه‌ر به‌هیچ ئیدئۆلۆژیه‌كی تایبه‌ت نه‌بوو، به‌ومانایه‌ی كه هه‌نگاوی ئه‌مجاره‌ی ژنان هه‌نگاوێكی بان ئیدئۆلۆژی كییه. ندا له كلاسی موسیقی ده‌گه‌ڕایه‌وه، له پاڵ مامۆستا موزیسییه‌نه‌كه‌ی شه‌هیدكرا‌و ئه‌مه‌ش ده‌توانێ هه‌ڵگری په‌یامێكی به‌هێز بێت. ئه‌و په‌یامه‌ی كه نه‌فیی كولتووری نه‌ریتی كۆمه‌ڵگاده‌كات‌و ئیتر فێربوونی مۆسیقا‌و زۆر شتی دیكه كه پێشتر له مۆنۆپۆلی پیاوانی كۆمه‌ڵگای ئێران بوو، ته‌نیا مافی پیاوان نییه‌و ژنانیش ده‌بێت‌و ده‌توانن كه له هه‌موو بواره‌كاندا چالاكانه به‌شداری بكه‌ن. له راپه‌ڕینی خه‌ڵكی ناڕازی، به‌شێكی به‌رچاو له هه‌واڵنێرییه‌كان باسیان له‌وه‌كرد كه به‌شێك له ژنانی تاران‌و له گه‌رمه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان، حیجابه‌كانیان سووتاندووه. له به‌شێك له خۆپیشاندانه‌كان باسكردن له لابردنی حیجابی زۆره‌ملی، بوو به دروشمی سه‌ره‌كی خۆپیشانده‌ران. ئه‌و دروشمه‌ی كه به‌درێژایی خه‌باتی به‌رده‌وامی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ئێران له‌ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتداری كۆماری ئیسلامی وه‌ك هێڵی سوور پێناسه كرابوو‌و هیچ كه‌سێك نه‌یده‌وێرا قسه‌ی له‌سه‌ر بكات. به‌شداریكردنی به‌رفراوانی ژنان‌و له‌هه‌مانكاتدا چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی وشیاری كۆمه‌ڵگا ئه‌م دروشمه‌شی هێنایه مه‌یدانی خه‌بات. باسكردن له‌وه‌ها خواستێك گرنگه، گرنگ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه مافێكی سه‌ره‌تایی بۆ ژنانه، گرنگ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه نماد‌و هێمایه‌ك به‌هێزی ئیسلامی سیاسییه‌و گرنگ له‌به‌رئه‌وه‌ی كه كولتووری ئیرتجاع‌و پیاوسالار به‌به‌رامبه‌ركێ ده‌كێشێ. ته‌نیا باس له لابردنی حیجابی زۆره‌ملی كرا، به‌ڵام خواسته تایبه‌تییه‌كانی دیكه‌ش به به‌شداریكردن‌و به هه‌ڵسووكه‌وت‌و ره‌فتار داواكرا‌و زۆر ئاوات‌و داواكاری له ره‌فتار و له كرده‌ی ژناندا ره‌نگی دایه‌وه. ژنان وشیاربوونه‌وه، ئه‌مه زه‌نگی مه‌ترسیدار بۆ ئیرتجاع‌و دیكتاتۆری ویلایه‌تی فه‌قیهه. به‌شداری ژنان گوڕوتینێكی تایبه‌تی به بزووتنه‌وه‌ی ئازادایخوازی ئێران داوه‌و وه‌ك نیوه‌ی كۆمه‌ڵ ئه‌ركی واقعیی خۆیان به‌جێگه گه‌یاندووه. بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی ئه‌مجاره نیشانی‌دا كه به‌شداریكردنی ژنان چه‌نده ده‌توانێ له‌سه‌ر چه‌ندایه‌تی‌و چۆنایه‌تی بزووتنه‌وه كاریگه‌ری دابنێت‌و ئاسۆكانی ئه‌م به‌شداریكردنه روونه‌و هیوابه‌خشه. "مه‌ل به باڵێك نافڕێ" و بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی ئێران به‌بێ به‌شداری ژنان‌و به‌بێ به‌شداركردنی ئه‌وان له پرۆسه سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی داهاتوو هیچ ئه‌نجامێكی موسبه‌تی لێناكه‌وێته‌وه. ئێرانی دواڕۆژ، ئێرانی هه‌مووانه به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی نه‌ته‌وه، ئایین‌و سه‌ره‌نجام به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ره‌گه‌ز. ژن له ژیان تۆرابوو، ئه‌مجاره‌یان ئاشت بووه‌وه‌و ئه‌م ئاشتبوونه‌وه له هه‌موو ژنان‌و له هه‌موو پیاوانی ئێران پیرۆزبێت.
|
|||||||