|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
خوێندنه‌وه‌یه‌كی سۆسیۆلۆژیانه بۆ ئیعتیاد و كۆمه‌ڵگا (له قوربانی بوونه‌وه بۆ جه‌للاد بوون!) ئازاد به‌هین كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی وه‌ك سیستمێكی ئاڵۆز به‌رده‌وام سه‌رده‌می هه‌وراز و نشێویی و خۆشی و ناخۆشی ئه‌زموون كردووه. وه‌ك سیستمێكی ئاڵۆز هیچ كات بێ به‌ری نه‌بووه له كێشه و ئاڵۆزی. له سه‌رده‌مێكدا به‌ره‌و گه‌شانه‌وه‌و واڵابوون رۆیشتووه و له قۆناغێكیشدا پێچه‌وانه‌ی ئه‌م وته‌یه ده‌سه‌لمێنێت. كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ئه‌و سیستمه ئاڵۆزه‌یه كه هه‌ر وه‌ك بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكه له پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا هه‌وڵ ده‌دا و تێده‌كۆشێت، گه‌شه ده‌كات و پیر ده‌بێ. زانای كۆمه‌ڵناسی "هێربێرت سپێنسێر" (1903-1820 herbert spencer) یه‌كێك له فیلسووفانی سه‌ده‌ی 19 كۆمه‌ڵگای به‌راوردی كردووه به له‌شی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی زیندوو. مه‌به‌ست له‌م به‌راورده ئه‌وه به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه كه كۆمه‌ڵگا هه‌ر وه‌ك له‌شی مرۆڤ گه‌شه ده‌كات و پیر ده‌بێت. ئاڵۆزی تێده‌كه‌وێت و تووشی نه‌خۆشی و ئازار ده‌بێت. له‌سه‌رده‌مێكدا سستی و ناوازه‌یی باڵی به‌سه‌ردا ده‌كێشێت و له سه‌رده‌مێكیشدا گه‌شانه‌وه و واڵایی پێیه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت. به‌ڵام جیاوازی نێوان كۆمه‌ڵگا و له‌شی مرۆڤ وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی زیندوو له‌وه‌دا خۆی ده‌بینێته‌وه كه كۆمه‌ڵگا هه‌میشه زیندوو و به‌رده‌وامه به‌ڵام مرۆڤ كۆتایی پێدێت و ده‌مرێت. به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگا واتای نه‌مرێتی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت و به واتای ئه‌وه‌یه كه هه‌میشه هه‌یه و هه‌میشه بێ كۆتایه. هه‌میشه له گۆڕاندایه كه‌چی هیچ كاتیش شوناسی خۆی ون ناكات. به‌ڵام مرۆڤ هه‌میشه هه‌یه و هه‌میشه‌ش كۆتایی پێدێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌و واتایه نییه كه كۆمه‌ڵگا وه‌ك له‌شی مرۆڤ نه‌خۆش ناكه‌وێت و ناوازه‌یی ئازاری نادات، به پێچه‌وانه‌وه كۆمه‌ڵگاش هه‌ر وه‌ك ئه‌و له‌شه لاواز ده‌بێت و قه‌یران دایده‌گرێت، نه‌خۆش ده‌كه‌وێت و بۆ سه‌رده‌مێك ئه‌م نه‌خۆشینه ئاسه‌واره‌كانی تیایدا ره‌نگ ده‌داته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه ئه‌وه هه‌ر كۆمه‌ڵگایه دوای ئه‌و پڕۆسانه سه‌رله‌نوێ زیندوو ده‌بێته‌وه و به‌رده‌وامی به خۆی ده‌به‌خشێت. ئه‌م به‌رده‌وامبوونه واده‌كات مرۆڤه‌كان زێده‌تر و زێده‌تر بن و مرۆڤی نوێ جێی مرۆڤی كۆن بگرێته‌وه. له‌شی نوێ بێته جێی له‌شی كۆن و به‌م ئاڵوگۆڕ و ئاڵووێربوونه‌ی مرۆڤه‌كان به‌رده‌وامبوونی كۆمه‌ڵگاكان هێنده‌یتر مسۆگه‌ر ده‌بێت. ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه بڕوانینه كۆمه‌ڵگای ئێران ده‌بینین كۆمه‌ڵگای ئێرانیش به‌ده‌ر له هیچ كام له‌م یاسا و رێسایانه نین و ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌ش خۆی له‌و چوارچێوه باسكراوه‌دا وێنا ده‌كات. له‌و چوارچێوه‌یه‌دا گه‌شه ده‌كات و پیر ده‌بێت و سه‌رله‌نوێ نوێ ده‌بێته‌وه. ناوازه‌یی به‌سه‌ردا دێ و تووشی نه‌خۆشی ده‌بێت و ئه‌م نه‌خۆشییانه ئازاری ده‌ده‌ن. له‌شی مرۆڤیش له‌م نێوه‌نده‌دا لاواز و پیر ده‌بێت و له‌گه‌ڵ نه‌خۆشییه‌كان ده‌ست و په‌نجه نه‌رم ده‌كات و له كۆتاییدا ده‌مرێت. ئه‌م نه‌خۆشبوونی مرۆڤ هێنده‌یتر كۆمه‌ڵگا له پڕۆسه‌ی نوێ بوونه‌وه هێوه‌رتر ده‌كاته‌وه. به‌ڵام له‌م چوارچێوه‌یه‌دا كۆمه‌ڵگا هه‌ر به‌رده‌وامه و واتاكانی زیندووێتی خۆی هێشتا له ده‌ست نه‌داوه. كه‌چی خه‌ساره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هاوئاهه‌نگی ئه‌م ئاڵوگۆڕه‌یان شێواندووه و ئیتر هه‌ر له‌شێكی نوێ جێی له‌شێكی كۆن ناگرێته‌وه و هه‌ر مرۆڤێكی نوێ ئه‌و واتا راسته‌قینه‌یه‌ی مرۆڤی كۆن به‌رجه‌سته ناكاته‌وه. ئه‌و خه‌ساره هێنده ئه‌م له‌شه‌ی ناوازه كردووه كه مرۆڤبوونی له بوونه‌وه‌رێكی ئه‌كتیڤه‌وه گۆڕیوه بۆ بوونه‌وه‌رێكی پاسیڤ. مرۆڤی له خولیایه‌كی گه‌وره‌وه و به‌رزه‌وه هێناوه‌ته سه‌ر خولیایه‌كی بچووك و نزم. ئه‌م په‌تایه چه‌نده له‌شی ئێمه‌ی داگرتووه ئه‌وه‌نده‌ش له‌شی كۆمه‌ڵگای خه‌وشدار كردووه و تێده‌كۆشێ بۆ سه‌راپاگیر كردنی. ئه‌و په‌تایه هه‌ر ئه‌و دیارده‌یه كه به ئه‌نفالی سپی ناوی ده‌ركردووه و قوربانییه‌كانی زێده‌تر و زێده‌تر ده‌بنه‌وه. ئه‌و خه‌ساره هه‌مان ئه‌و خه‌ساره‌یه كه له شه‌قام و كۆڵان و پاركه‌كاندا بوونێتی خۆی به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه. ئه‌وه هه‌مان ئیعتیاده (addiction) كه كۆمه‌ڵگا و له‌شی مرۆڤی زێده‌تر له ره‌وتی ئاسایی خۆی، لاواز و كز كردووه و هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كیش ده‌ست و په‌نجه له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه نه‌رم بكات، كۆمه‌ڵگایه‌كی پاسیڤ و بێ توانا ده‌بێت و ئه‌زموونێكی بایه‌خدار بۆ خۆی تۆمار و وێنا ناكات. كۆمه‌ڵناسیی لادان به‌كارهێنانی مادده هۆشبه‌ره‌كان وه‌ك پڕۆسه گه‌لێك ده‌بینێت كه پێویستی به چه‌ندین پێشه‌كی مێژوویی و خێزانی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بێته دونیای بوونه‌وه و له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌ر تێكچوونێكی كه‌سێتیش به تێكچوونی كۆمه‌ڵگا ده‌بینێت و پێداگری له‌سه‌ر به هه‌ند وه‌رگرتنی ئه‌م بابه‌ته ده‌كاته‌وه. به دڵنیاییه‌وه هیچ كۆمه‌ڵگایه‌ك نییه كه بێ كێشه و گرفت بێت، یان باشتر وایه بڵێین كه‌م كۆمه‌ڵگا هه‌ن له‌گه‌ڵ گرفتی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك بابه‌تی دیاریكراو به‌ره‌وڕوو نه‌بووبێته‌وه و له‌وانه‌ش گه‌ر باس له ئیعتیاد (addiction) بكه‌ین بوونێتی له زۆر كۆمه‌ڵگادا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه. بوونێتی ئه‌م دیارده‌یه به‌نده به بوونێتی تاكه‌كان له كۆمه‌ڵگادا. له‌گه‌ڵ ئه‌كتیڤ بوونه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه هێنده‌یتر تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا پاسیڤ ده‌بن و له‌گه‌ڵ هه‌ر پاسیڤ بوونێكی ئه‌و تاكانه‌ش هێنده‌یتر كۆمه‌ڵگا ره‌وتی ئاسایی خۆی وێڵ ده‌كات. لێره‌دا سۆسیۆلۆژیا (sociology) رۆڵی ده‌وڵه‌ت له به‌رامبه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌دا به گرینگ له قه‌ڵه‌م ده‌دات و به هه‌ند وه‌ری ده‌گرێت. زانای هیلێر (Wheeler) زیادبوونی رێژه‌ی لادان و تاوان له كۆمه‌ڵگه‌دا ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه كۆمه‌ڵگا رێوشوێنی چاكسازی نه‌گرتووه‌ته به‌ر و هێڵه‌كانی به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تی پته‌و نه‌كردووه و زیاتر له بیری سزادان دایه نه‌ك چاكسازی. راستییه‌تی ئه‌و وته‌یه‌ی هیلێر سه‌باره‌ت به كۆمه‌ڵگای ئێران ده‌رده‌كه‌وێت. هێڵی به‌رگریی كۆمه‌ڵایه‌تی چه‌نده لاواز و وێڵ كراوه ئه‌وه‌نده‌ش گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی چاكسازی له پێناو بابه‌تی مه‌به‌ستداردا بێ ده‌نگی لێكراوه و كارایی خۆی له ده‌ستداوه. ئه‌وه‌نده‌ی تاوان و توخم و ماكه‌كانی به‌رجه‌سته ده‌كرێته‌وه و پێناسه ده‌كرێن هێنده به شوێن حه‌قیقه‌تی لاداندا ناگه‌ڕێن و كۆمه‌ڵناسیی لادان ناده‌نه به‌رباس و لێكۆڵینه‌وه. له وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدا هه‌ر لادانێك به تاوان ده‌ژمێردرێت و هه‌ر تاوانێكیش سزای خۆی هه‌یه. تاوان ئیتر ئه‌و واتا راسته‌قینه‌یه‌ی خۆی له ده‌ست ده‌دات و مانایه‌كی ئه‌وتۆی نامێنێت و به‌شوێن ماناكانی ئه‌و دیوی خۆیدا عه‌وداڵ ده‌بێت. له وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كدا له‌گه‌ڵ بچووكترین لادان، خزاویته ناو سنوور و زێده‌كانی تاوانه‌وه و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا خۆت به‌رجه‌سته ده‌كه‌یته‌وه و هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا وێنا ده‌كرێیت. لادان به‌و پێیه‌ی هه‌ر شتێك كه له‌گه‌ڵ یاسادا نه‌گونجێت و نۆڕم و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌به‌زێنێت. ئه‌گه‌ر له‌م روانگه‌یه‌وه بڕوانینه ئه‌و تاكانه‌ی كۆمه‌ڵگا كه گیرۆده‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كانن، ده‌بینین هیچ كات وه‌ك تاكێك سه‌یر ناكرێت كه نۆڕم و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی به‌زاندووه و تووشی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتووه، به‌ڵكوو به تاوانبارێك ده‌ناسرێت كه هیچ كات نۆڕم و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تی نه‌ناسیوه و خۆی له دونیایه‌كدا ده‌بینێته‌وه كه هیچ كات خه‌یاڵی پێی نه‌گه‌یشتووه. به‌م هۆیه‌وه سزا ده‌درێت و ئازاره‌كانی هێنده‌یتر زیاد ده‌كه‌ن. وه‌ك تاكێك سه‌یر ناكرێت كه تووشی نه‌خۆشی بووه و پێویستی به چاره‌سه‌ر و هاوكاری هه‌یه، به‌ڵكوو وه‌ك تاكێك سه‌یر ده‌كرێت كه تاوانێكی گه‌وره‌ی ئه‌نجام داوه و پێویستی به زیندان و سزا هه‌یه. وه‌ها هه‌ڵسووكه‌وتێك له‌م وته‌یه‌ی ئێدڤین لێمێرتدا (Edvin lemert) خۆی ده‌بینێته‌وه كه یه‌كه‌مین كرداری هه‌ڵه كردن به لادانی یه‌كه‌م ناو ده‌بات و ده‌ڵێ لادانی دووهه‌م كاتێك روو ده‌دات كه تاك ئه‌و مۆركه‌ی لێی دراوه، قه‌بوڵی ده‌كات و خۆی وه‌ك لاده‌ر و له كۆتاییدا تاوانبار ده‌ناسێت. به‌م پێیه ئه‌و تاكه‌ی كۆمه‌ڵگا ئیتر ته‌نیا وه‌ك تاكێكی لاده‌ر له به‌ها و نۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌یری خۆی ناكات، به‌ڵكوو وه‌ك تاوانبارێك ده‌ڕوانێته خۆی و هێنده‌یتر به ئازاره‌كانی خۆیه‌وه كینگڵ ده‌دات. ئه‌و ئیتر ئه‌و تاكه نییه كه نه‌خۆش بووه، به‌ڵكوو كه‌سێكه هه‌موو یاساكان و نۆڕم و به‌هاكانی ژیانی به‌زاندووه و تووشی تاوان بووه. تاكی ئێمه كاتێك گیرۆده‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان ده‌بێت و له شه‌قام و كۆڵانێكی وڵات‌دا ده‌بیندرێت، له جیاتی ئه‌وه‌ی كه ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌كان بكرێت و چاره‌سه‌ری بۆ بكرێت، پۆلیس و هێزه‌كانی رژیمی لێ ئاگادار ده‌كرێته‌وه و لێره‌وه ئه‌م تاكه ئیتر خۆی له جۆری لادانی دووهه‌مدا ده‌بینێته‌وه و هه‌موو ئه‌و پڕۆسانه‌ی تێپه‌ڕ كردووه. ئه‌م تاكه له كۆمه‌ڵگادا وه‌ك تاوانبار ده‌ناسرێت نه وه‌ك نه‌خۆش. وه‌ك ئه‌وه سه‌یر ناكرێت كه به كام پڕۆسه‌دا هاتووه و به كوێ ده‌گات. ئه‌و تێگه‌یشتنه درووست نابێت كه گیرۆده بووان به مادده هۆشبه‌ره‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ن تووشی نه‌خۆشی هاتوون و پێویستیان به چاره‌سه‌ركردن و نه‌خۆشخانه هه‌یه نه‌ك پۆلیس و زیندان. پێویستیان به فه‌زایه‌ك هه‌یه بێزار بن له‌م ئازاره نه‌خوازراوه‌دا ئه‌زموونیان كردووه. ئه‌و تاكانه لای ئێمه هه‌میشه وه‌ك جه‌للاد سه‌یر ده‌كرێن نه وه‌ك قوربانی. به‌و پێیه‌ی بكوژێك تا راده‌یه‌ك هه‌ر ئه‌و سزایانه‌ی هه‌یه كه ئه‌و تاكه‌ی كۆمه‌ڵگا هه‌یه‌تی. ئه‌و تاكانه كه‌سێكن پێویستیان به پشتگیری و هاوكاری ئێمه هه‌یه نه‌ك ترساندن و تۆقاندن و بێزار كردن. ئه‌وانه خۆیان قوربانین نه‌ك جه‌للاد. ئه‌وانه ئه‌و تاكانه‌ن له لایه‌ن كه‌سانێكی ئازار نه‌دراوه‌وه بۆ پڕكردنی گیرفانی خۆیان بوونه‌ته نێچیر و ده‌سته‌مۆ كراون. ئه‌م ده‌سته‌مۆ كراوانه له كۆمه‌ڵگای ئێران‌دا زۆرن و له به‌رامبه‌ردا بڵاوكه‌ره‌وانی مادده هۆشبه‌ره‌كان سه‌د ئه‌وه‌نده زیاترن. ئه‌وانه وێڵ كراون به شه‌قامه‌كاندا تا ئه‌م نێچیرانه ده‌سته‌مۆ بكن ومۆركیان لێ بده‌ن. به‌م پێیه‌ش گیرۆده‌بووان به مادده هۆشبه‌ره‌كان له لایه‌ن پۆلیس و هێزه‌كانه‌وه ئازار ده‌درێن و مۆركیان لێ ده‌درێت. ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێن و ره‌وانه‌ی زیندانه‌كان ده‌كرێن. ئه‌و ئیتر نه وه‌ك تاكێكی لاده‌ر له به‌ها و نۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌یری خۆی ده‌كات و نه كۆمه‌ڵگاش به‌و چه‌شنه لێی ده‌ڕوانێت. زیندان (prison) له وه‌ها كۆمه‌ڵگایه‌كیشدا ئه‌و واتا راسته‌قینه‌یه‌ی خۆی ون ده‌كات. له بنه‌ڕه‌تدا مه‌حكووم بوون به زیندان (prison) و زیندانی كردن به ئامانجی چاككردنی ره‌فتاری تاوانباران له په‌یوه‌نددا بووه نه وه‌ك شوێنی ئه‌و كه‌سانه بێت كه تووشی لادانی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتوون. زیندان له حه‌قیقه‌تدا ده‌بێ فه‌زایه‌ك بێت بۆ په‌روه‌رده كردنه‌وه‌ی تاوانباران به مه‌به‌ستی بوونیان به‌و شارۆمه‌ندانه‌ی پێویسته هه‌بن. به‌ڵام له حه‌قیقه‌تدا له زیندانه‌كانی ئێران‌دا زیندانییه‌كان ئازار ده‌كێشن و به ئازاره نه‌خوازراوه‌كانی خۆیانه‌وه كینگڵ ده‌ده‌ن. ئه‌و تاكانه‌ی كۆمه‌ڵگا له حه‌قیقه‌تدا نه ته‌نیا له ئازادییه‌كه‌یان بێ به‌ش ده‌كرێن به‌ڵكوو دوور ده‌بن له هه‌رچه‌شنه نازێكی بنه‌ماڵه و ژیانی رۆژانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگا. زیندانی هه‌مان ئه‌و تاكه‌یه كه له كۆمه‌ڵگایه‌كی فراوان و سه‌ر ئاوه‌ڵادا ده‌كرێته ژوورێكی به‌رته‌سك و سه‌ر داپۆشراو. له كۆمه‌ڵگایه‌كی قه‌ره‌باڵغدا به فه‌زایه‌كی گه‌وره‌تره‌وه ده‌كرێته‌وه ژوورێكی قه‌ره‌باڵغ یان چۆڵ به فه‌زایه‌كی به‌رته‌سكتره‌وه. ژیان له‌م شوێنانه‌دا له جیاتی ئه‌وه‌ی ره‌فتاری زیندانییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ها و نۆڕمه‌كانی كۆمه‌ڵگادا ته‌با بكاته‌وه و پێكه‌وه كۆكیان بكاته‌وه، درزی زیاتر ده‌خاته نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه. ناته‌باییه‌ك له نێوان كۆمه‌ڵگای قه‌ڵه‌باڵغ و به‌رفراوان له‌گه‌ڵ ژوورێكی قه‌ڵه‌باڵغ یان چۆڵ و به‌رته‌سكدا درووست ده‌بێت. ئه‌و تاكانه‌ی ناو زیندان ناچار ده‌بن له‌گه‌ڵ شوێنێكی ته‌واو جیاواز له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه خۆیان بگونجێنن و ئه‌م خۆگونجاندنانه واده‌كات دووره په‌رێزی بكه‌ن له هه‌موو ئه‌و به‌ها و نۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه بوونیان هه‌یه و خۆیان به‌رجه‌سته ده‌كه‌نه‌وه. به گشتی گیرۆده بووان به مادده سڕكه‌ره‌كان نه شوێنیان زیندانه و نه دوور خستنه‌وه. نه چاره‌نووسیان ده‌ستبه‌سه‌ر كردن و بێ به‌ش بوونه له نازی بنه‌ماڵه و دوور كه‌وتنه له فه‌زای كۆمه‌ڵگا، نه ئازار و زه‌خت و گوشار ده‌بێ ببێته به‌شێك له ژیانیان. ئه‌وان ئه‌و تاكانه‌ی كۆمه‌ڵگان كه له‌گه‌ڵ هه‌ر تێكچوونێكیان كۆمه‌ڵگاش تێك ده‌چێت و له‌گه‌ڵ هه‌ر ناوازه بوونێكی ئه‌و تاكانه‌ش، كۆمه‌ڵگا به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا هه‌نگاو ده‌نێت. --- سه‌رچاوه‌كان: جامعه شناسی گیدنز، انتونی، ترجمه منوچهر صبوری، 1378، چاپ پنجم، انتشارات شابك، تهران. ده‌روازه‌كانی كۆمه‌ڵناسی، موحسنی، مه‌نوچێهر، و: كۆمه‌ڵێك وه‌رگێر، 2007، چاپی سێهه‌م، چاپخانه‌ی ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر.
|
|||||||