|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
”هێشتا زوو بوو” بۆ یادی هاوڕێ دوكتۆر 'جه‌عفه‌ری شه‌فیعی' عه‌بدوڵڵای موهته‌دی یست‌ودوساڵ له‌وه پێش, له وه‌ها رۆژێكدا گه‌یشتنی هه‌واڵێكی كورت هه‌موومانی تاساند, به‌ندی دڵی هه‌مووانی پساند و یه‌كێك له رۆژه ره‌شه‌كانی ژیان و خه‌باتی كۆمه‌ڵه تۆمار كرا. رۆژی پێنج شه‌ممه 7ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی 1366ی هه‌تاوی رێكه‌وتی 19 ئۆكتۆبری 1987ی زایینی, سه‌عات شه‌شی دوانیوه‌ڕۆ, دوكتۆر جه‌عفه‌ری شه‌فیعی له ته‌سادوفێكی سه‌ختی ماشێن‌دا گیانی له ده‌ست دا. به‌م رووداوه دڵته‌زێنه, ئێمه ئینسانێكمان له كیس چوو كه به‌رهه‌م و نوێنه‌ری به‌رزترین و گه‌شترین لایه‌نه‌كانی بیروكرداری كۆمه‌ڵه بوو. كه‌سێكمان له نێو كۆڕی خه‌بات لێ چووه ده‌ر كه خۆی لووتكه‌ی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و ئاوێنه باڵانوێنی ره‌وتی سۆسیالیستی له‌م ناوچه‌یه بوو. مه‌رگی دوكتۆر جه‌عفه‌ری شه‌فیعی, شۆڕشگێڕی هه‌ره‌ناسراو و خۆشه‌ویستی كوردستانی ئێران, ماركسیستی پێشڕه و خه‌باتكار, له رێبه‌رانی كۆمه‌ڵه, بۆ هه‌موو ئه‌و كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشانه‌ی كه هیوای دوارۆژی خۆیان له وجوودی ئه‌و دا ده‌بینیه‌وه و له هه‌ڵسووڕان و هه‌ڵس‌وكه‌وتی ئه‌و بڕوا و ئیلهامیان وه‌رده‌گرت, داخ و په‌ژاۆه‌یه‌كی گه‌وره‌ی پێكهێنا. بۆ ئه‌وانه‌ی كه له نزیكه‌وه ده‌یاناسی و هاوكار و هاوخه‌باتی بوون, كاره‌ساته‌كه له‌وه‌ش گه‌وره‌تر بوو. هه‌ڵكردن له دنیای سه‌خت و پڕ له هه‌وراز و نشێوی تێكۆشانی شۆڕشگێڕانه, دوای ئه‌و و بێ‌ئه‌و, زۆر ئه‌سته‌م ده‌ینواند. به‌راستی كاك دوكتۆر جه‌عفه‌ری خۆمان نه‌ماوه؟ كام مێشك تیژ و كام دڵ به تاقه‌ت بوو, نه‌یده‌توانی ئه‌مه باوه‌ڕ بكا. ته‌نانه‌ت دوای ئه‌وه‌ش كه ته‌رمی ئازیزی, به خرخاڵی, له رێ‌وره‌سمێكی تایبه‌ت و شكۆدار دا, به ناو كۆڵانی پێشوازیی سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی ئاماده و ریزبه‌ستوو, له حاڵێكدا ده‌نگی ته‌پڵ و مۆسیقای ماته‌م, فه‌زای مه‌رگێكی به‌هه‌یبه‌تی شۆڕشگێڕانه‌ی بڵاو ده‌كرده‌وه, له سه‌ر شانی هاوڕێیان و هاوسه‌نگه‌رانی له‌مێژینه‌ی, به‌ڕێپێوان گه‌یشته‌وه بۆ لای هاوڕێیانی و بۆ لای هاوسه‌ری ئاور تێبه‌ربووی, له كاتێكدا كه ئاگرێكی به‌تین و بێ‌ده‌نگ ورده ورده كزه‌ی له جه‌رگان هه‌ڵده‌ستاند و فرمێسكی به چاوی خۆڕاگرترین كه‌سانیش دا ده‌هێنایه خوار, به‌ڵێ‌م ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ش باوه‌ڕكردنی مه‌رگی هاوڕێ جه‌عفه‌ر هاسان نه‌بوو. مێشك و زه‌ینی هه‌موو كه‌س ببوو به دوو پارچه و دوو كوته‌وه: لایه‌ك په‌ژاره و ماته‌م, لایه‌ك ناباوه‌ڕی و به‌خۆ نه‌قه‌بڵاندن, لایه‌ك هه‌ست به گه‌وره‌یی كۆستی كه‌وتوو و, لایه‌ك سه‌رپێچی كردن له قبووڵی قانوونی ته‌بیعه‌ت و ژیان كه مه‌رگی ئینسان به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه‌تی. جه‌عفه‌ری شه‌فیعی له ساڵی 1330ی هه‌تاوی، رێكه‌وتی 1951ی زایینی, له شاری بۆكان له بنه‌ماڵه‌یه‌كی مه‌لا و خوێنده‌وار, كه له باری ژیانه‌وه ناوه‌نجی بوو, چاوی به رووناكی دنیا پشكووت. خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی هه‌ر له‌و شاره ته‌واو كرد. شاگردێكی زۆر زیره‌ك بوو و, پێش ئه‌وه‌ی كه له به‌شی پزیشكی زانكۆی ته‌ورێز قبووڵ بێ و بۆ خوێندن ره‌وانه‌ی ئه‌و شاره بێت, سه‌ره‌تای بیری سیاسی له مێشكی دا چرۆی دابوو. به گه‌یشتنی بۆ زانكۆی ته‌ورێز له ساڵی 1349 (1970), تێكه‌ڵاو جووڵانه‌وه‌ی خوێندكاران بوو و زۆری پێ‌نه‌چوو كه بوو به یه‌كێك له هه‌ڵسووڕاوانی ئه‌و جووڵانه‌وه‌یه كه ئه‌و كات, سه‌ره‌ڕای زه‌بروزه‌نگ و بگره‌و لێده‌ی ساواكی شا, به‌پانایی شوێنه‌كانی خوێندن له ئێران خه‌ریكی ته‌شه‌نه كردن بوو. هه‌ر له زانستگای ته‌ورێز بوو كه بیر و فه‌لسه‌فه‌ی ماركسیزمی ناسی و له‌گه‌ڵ چه‌پی شۆڕشگێڕی ئه‌و سه‌رده‌مه, به تایبه‌ت هاوڕێیانی كۆمه‌ڵه كه ئه‌و كات پڕبه‌پڕ خه‌ریكی چالاكی نهێنی بوون, ئاشنایی په‌یدا كرد و ئه‌مه سووڕی به هه‌موو ژیانی دا. له ساڵانی خه‌باتی نهێنی كۆمه‌ڵه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی رژیمی پاشایه‌تی‌دا, چوونه ناو كرێكاران و زه‌حمه‌تكێشان و په‌یوه‌ندی گرتن له‌گه‌ڵ ئه‌وان یه‌كێك له ئه‌ركه هه‌ره گرینگه‌كانی هه‌موو هه‌ڵسووڕاوێكی كۆمه‌ڵه و, وه‌كوو جۆره ئیمتیحانێكی شۆڕشگێڕی وابوو كه تێپه‌ڕ كردنی سه‌ركه‌وتووانه‌ی, مه‌رجی وه‌رگیران له ناو رێكخراودا بوو. جه‌عفه‌ر, خوێندكاری گه‌نج و خوێن گه‌رم, به بێ‌ترس خۆی له‌و بوواره‌دا تاقی كرده‌وه و كۆمه‌ڵێك په‌یوه‌ندی و نێوانی له‌گه‌ڵ كرێكاران له شاری ته‌ورێز پێكه‌وه نا. ته‌نانه‌ت بۆ ماوه‌یه‌ك ژیانی كرێكاری گرته پێش. كرێكارانی كه‌وش, كرێكارانی فه‌رش, كرێكارانی كارخانه‌ی ماشێن سازی ته‌ورێز, هه‌روه‌ها كرێكارانی شار و لادێی كوردستان و به تایبه‌ت بۆكان كه بۆ كار ده‌چوونه شاران, بوون به خانه‌خوێی میوانێكی خوێندكاری قسه خۆش و روح سووك و, ورده ورده رایه‌ڵه‌ی په‌یوه‌ندی خۆشه‌ویستی و دۆستایه‌تی له به‌ینیاندا چڕوپڕتر و به‌هێزتر ده‌بوو. تێكۆشانی سیاسی له ساڵی 1351 واته (1972)دا, پێی خوێندكاری بزێوی بۆ زیندانی ساواك كرده‌وه و, ئه‌و شه‌ش مانگ له قوتابخانه‌ی زیندانی شادا ئه‌زموونی شۆڕشگێڕانه‌ی تێپه‌ڕ كرد, به بێ ئه‌وه‌ی كه بتوانن راز و نهێنی چالاكییه‌كانی پێ‌بدركێنن. وه‌كوو پزیشكێكی شۆڕشگێڕ و دۆستی دڵسۆزی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێش, دوكتۆر جه‌عفه‌ر بۆ ده‌رمان و خزمه‌تی خه‌ڵك له هیچ سه‌ختی و دووری و شه‌و و نێوه‌شه‌وێك سڵی نه‌ده‌كرد. كه‌م نه‌بوون ئه‌و باپیره و داپیرانه‌ی كه به نه‌خۆشی و بێ‌پوولی و بێ‌كه‌سی و زمان نه‌زانی له شار و دێهاته‌كانی كوردستان ڕا ئاواره‌ی ته‌ورێز ده‌بوون و له‌وێ «كاك دوكتۆره‌كه‌ی خۆمان»یان لێ ده‌بوو به به فریشته‌ی ره‌حمه‌ت, ئه‌م نه‌خۆش و ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی ده‌بردن, ته‌نانه‌ت جاری وابوو له كۆڵی ده‌كردن و ئه‌م شوێن و ئه‌و شوێنی ده‌گێڕان. كه‌م نه‌بوون ئه‌و دایكانه‌ی كه ژانی منداڵ بوون ده‌یگرتن، به‌ڵام چه‌وسانه‌وه و مه‌ینه‌تی ژیان توانایی كه‌ڵك وه‌رگرتن له دوكتۆری چاك و نه‌خۆشخانه‌ی پێ‌نه‌ده‌دان و دوكتۆر جه‌عفه‌ر به تاریكه شه‌و, به باران و كڕێوه, به سارد وسه‌رما سه‌ری لێ هه‌ڵدێنان و منداڵی پێ‌ده‌دیتن. به هۆی كرده‌وه‌ی ئینسانی و شۆڕشگێرانه‌ی, خۆشه‌ویستیی ئه‌و وه‌ها له دڵی خه‌ڵك چه‌قیبوو كه ساڵه‌ها دواتر, له كاتی پێشمه‌رگایه‌تی‌دا, زۆرجار كه له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان روویان له ئاواییه‌ك ده‌كرد و ده‌رگای ماڵانیان ده‌كوتا, له پڕدا یه‌كێك له له‌وان ده‌یناسییه‌وه و بێدرێغ ده‌رگای ماڵه‌كه‌ی وه‌كوو دڵی خۆی بۆ ئاوه‌ڵه ده‌كرد. به‌ڵام دوكتۆر جه‌عفه‌ر ته‌نیا حه‌كیمی له‌شی ئینسان نه‌بوو. زیاتر له‌وه ئه‌و ده‌رمانكه‌ری برینی كۆمه‌ڵایه‌تی بوو و, زامی دڵ و ده‌روونی جه‌ماوه‌ری به وشه‌ی پڕ له هیوا و وشیاری به‌خش سارێژ ده‌كرد. هێشتا هه‌زاران كه‌س ده‌نگی وتاره‌كانی ئه‌و, چ له كۆڕ و كۆمه‌ڵی خۆماڵی و چ له میتینگه گه‌وره جه‌ماوه‌رییه‌كان, له گوێیاندا ده‌زرینگێته‌وه. به وته‌ی نووسه‌رێك له یادی هاوڕێ جه‌عفه‌ردا, ئه‌و «نیگایه‌ك بوو كه ترووسكایی‌یه‌كی دڕی ده‌دا به شه‌وه‌زه‌نگ, زمانێك بوو كه گڕی هاواری به‌رده‌دایه جه‌سته‌ی جیهانی بێ‌ده‌نگ, قه‌ڵه‌مێك بوو كه وه‌كوو نه‌شته‌ر كوانی كۆنی كۆمه‌ڵی ده‌دركاند, داگیركه‌ر و چه‌وسێنه‌ری به یه‌كسان ده‌ترساند و رچه‌ی بۆ مێژووی نوێ ده‌شكاند.» ژیانی پڕ له رووداو و ئه‌زموون و ده‌وڵه‌مه‌ندی دوكتۆر جه‌عفه‌ر, ئه‌گه‌ر چی به‌داخه‌وه له سی وشه‌ش ساڵ زیاتری نه‌خایاند, له‌م ده‌رفه‌ته‌دا نایه‌ته باسكردن. مه‌گه‌ر به یادكردنێكی كورت ئاوپڕژێنێكی كوڵی دڵمان كه‌ین. له سه‌ره‌تای ساڵی 1357ی هه‌تاوی (1978)، به راسپارده‌یی له لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه, چوو بۆ لای یه‌كیه‌تی نیشتمانیی كوردستان، چ بۆ خزمه‌ت و چ بۆ فێربوون و تۆشه هه‌ڵگرتن بۆ دوارۆژێكی شۆڕشگێڕانه له كوردستانی ئێران. شێركۆ بێكه‌س شاعیری گه‌وره‌ی هاوچه‌رخی كورد له په‌خشانه شیعری شینی ئه‌ودا ئاوا باسی چوونه‌كه‌ی ده‌كا: «له‌و نه‌هاته ساڵانه‌وه, ئێمه بارانی ئه‌ومان ناسی. ئێمه زه‌وییه‌كی پێست قڵیشاو و ئه‌و ساڵاوی به‌هاری ئێمه بوو. بۆ پووش و په‌ڵاشی كۆكراوه‌ی سه‌ر سه‌هۆڵبه‌ندان و ده‌ست و پلی گۆنه‌كردوومان, ئه‌و به‌رده ئه‌ستێی ئاگركه‌ره‌وه‌ی به‌رده‌م ئه‌شكه‌وتی ته‌مه‌ن بوو. ئێمه زامی قووڵی خوێن له به‌ر رۆیشتوو, ئه‌ویش هه‌توانی برینی ئێمه بوو.» ساڵی تێوه‌ر نه‌سووڕا كه خه‌ونی دوكتۆر جه‌عفه‌ر و هاوڕێیانی هاته دی و شه‌پۆلی جه‌ماوه‌ر له ئێران كه‌وته هه‌ستان. به ده‌ركه‌وتنی سه‌ره‌تای بزووتنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ری له ئێران, دوكتۆر عه‌زیزی قه‌ندیل, به‌ره‌و شاره‌كان باڵی گرته‌وه. كاروهه‌ڵسووڕانی هاورێ جه‌عفه‌ر له سه‌رده‌می شۆڕشی ئێران و دواتریش له بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان بۆ هه‌مووان ناسراوه. به زوویی له رووی لێهاتوویی خۆی و بڕوای خه‌ڵكه‌وه بوو به رابه‌رێكی جه‌ماوه‌ریی جێگای رێز و بڕوا. بوو به ناتیقێكی باڵاده‌ست و به توانا. بوو به هانده‌ر و رێكخه‌ر له كۆڕ و كۆمه‌ڵه كرێكارییه‌كاندا, بوو به دامه‌زرێنه‌ر و به‌ڕێوه‌به‌ری «نه‌خۆشخانه‌ی گه‌ل», بوو به یه‌كێك له رابه‌رانی كۆمه‌ڵه كه ئه‌و كات به خێرایی به‌ره‌و به‌ده‌ست هێنانی پێگه‌یه‌كی به‌رین و پته‌وی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌نگاوی ده‌نا, بوو به یه‌كێك له ئه‌ندامانی« هه‌یئه‌تی نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی كورد» كه له كه‌سایه‌تی و هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان بۆ به‌ڕێوه بردنی وت‌ووێژ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی كۆماری ئیسلامی ئێران پێك هاتبوو, بوو به به‌ڕێوه‌به‌ر و سه‌ر نووسه‌ری رادیۆی تازه دامه‌زراوی كۆمه‌ڵه به ناوی «ده‌نگی شۆڕشی ئێران»، بوو به نووسه‌ر و سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری «پێشڕه‌و», بوو به ئه‌ندام له زۆر هه‌یئه‌تی كۆمه‌ڵه بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی ناوچه‌یی و ده‌ره‌وه, بوو به رابه‌رێكی سیاسی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه, بوو به مامۆستای مه‌دره‌سه‌ی كادره‌كانی كۆمه‌ڵه, و هی دیكه‌ی له‌م بابه‌ته. له هه‌موو ئه‌مانه‌دا, به شێوه‌یه‌كی بێ‌وێنه به‌گوڕوتین و ماندویی نه‌ناس بوو. ئه‌گه‌ر له كارێك رازی نه‌بووایه ئاماده بوو ده‌جار له سه‌ر یه‌ك دووپاتی كاته‌وه و جاری ده‌هه‌میش به هامان ئه‌ندازه‌ی هه‌وه‌ڵ جار سه‌ر و دڵ خۆش و قالب سووك بوو. وه‌ها به هه‌موو وجوودیه‌وه تێده‌كۆشا, چما ده‌یزانی مه‌رگی ناوه‌خت په‌كی ده‌خا و پێویسته هه‌رچی له ده‌ستی دێ له زووترین كات دا بیكا. له هه‌مان حاڵ‌دا, سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشی و زامی میعده, وه‌ها به كه‌یف و به‌ده‌ماخ و ئه‌هلی گاڵته و نوكته بوو و له‌زه‌تی له ژیان ده‌برد, چما مه‌رگ قه‌ت رووی تێناكا. ئه‌مڕۆ بیست‌ودوساڵ له‌و رۆژه تێده‌په‌ڕێ كه دڵی دوكتۆر جه‌عفه‌ری شه‌فیعی بۆ هه‌میشه له لێدان كه‌وت. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه, یادی ئه‌و له ده‌یان و سه‌دان هه‌زار ماڵی كوردستان سه‌وزه و, بیروباوه‌ڕی و رێبازی له مێشكی نه‌سڵی تازه‌ی خه‌باتكاراندا به پانایی هه‌موو كوردستان, وه‌كوو هاوڕێ و رێبه‌ر و نموونه, زیاتر له هه‌میشه چه‌سپاو و جێگیرتووه. یاد و كار و شوێنه‌واری ئه‌و, رێنوێنی‌كه‌ری رێگای داهاتووه و هێشتا به‌ره‌و ترۆپك هه‌ڵده‌كشێ. |
|||||||