|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له ئێران (ئیعدام وه‌ك زه‌قترین وێنا)2-2 "چاو له به‌رامبه‌ر چاودا، هه‌موو جیهان كوێر ده‌كات" گاندی ئه‌رده‌ڵان فه‌ره‌جی له به‌شی یه‌كه‌می ئه‌م وتاره‌دا تیشك خرایه سه‌ر چه‌ند ئامارێكی گشتی ئیعدام له ئاستی جیهاندا و هه‌روه‌ها ئه‌و تاوانانه‌ی كه له ئایینی ئیسلام دا به ئیعدام سزا ده‌درێن و شێوه‌ی هه‌ڵسووكه‌وتی ده‌سه‌ڵاته‌كان له وڵاتانی جۆراوجۆر و به ده‌سه‌ڵاته ئیسلامییه‌كانه‌وه به‌رامبه‌ر به‌و تاوانانه. به چاوخشاندنێكی كورت به‌و تاوانانه‌ی كه له ده‌سه‌ڵاته جۆراوجۆره‌كان به ئیعدام سزا ده‌درێن، ئێعدام كراوه‌كان به دوو ده‌سته‌ی گشتی دابه‌ش ده‌كرێن: قوربانیانی تاوانه تاكه كه‌سییه‌كان ئه‌م ده‌سته‌یه له قوربانیان بریتین له‌و كه‌سانه‌ی كه به هۆی تۆمه‌ت و ئه‌نجامی كرده‌ی نایاسایی دژی باقی تاكه‌كانی تر به ئێعدام مه‌حكووم ده‌كرێن. ئه‌م تۆمه‌تانه پانتاییه‌كی به‌رینی هه‌یه و له وڵاتێكه‌وه بۆ وڵاتێكی تره‌وه جیاوازه. بۆ وێنه: كوشتی مرۆڤێك به ئه‌نقه‌ست، په‌یوه‌ندی سێكسی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی یاسایی و خێزان و هتد. به‌ڵام به‌و پێیه‌ی كه ئه‌نجام و سه‌پاندنی توندوتیژی له لایه‌ن ده‌وڵه‌ت و یاساوه، نرخ و به‌های یاسا هاوئاستنی ئیعدام كراوه‌كان ده‌كات و ده‌وڵه‌تیش هه‌روه‌ك ئه‌و یان خراپتر له‌و ده‌سه‌پێنێت، جگه له‌وه‌ش ده‌وڵه‌ت ئه‌ركی سه‌رشانییه‌تی گیانی هه‌موو تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگا و یه‌ك له‌وان تۆمه‌تباران بپارێزێت و كوشتن له لایه‌ن یاساوه قبووڵنه‌كراوه. ئه‌مه له كاتێكدایه كه له ئه‌نجامی ئیعدام و له سێداره‌دان ئه‌و بوار و به‌ستێنه كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی كه بوونه‌ته هۆی روودانی تاوانه‌كه سزا نادرێت و بۆیه‌ش سوودێكی نابێت. قوربانیانی تاوانه گشتی و عه‌قیده‌تییه‌كان ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه بریتین له‌و كه‌سانه‌ی به هۆی جۆری بیركردنه‌وه‌یان (كه له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یاسا دارێژه‌ره‌كان هاوته‌ریب نه‌بێت) و كرده‌ی له پێناو ئه‌وه‌دا به ئێعدام سزا ده‌درێت. سه‌ردێڕی ئه‌و تاوانانه ده‌كرێ ئاماژه به‌مانه بكرێت: خیانه‌ت له وڵات، كفر كردن و سیخوڕی و جاسووسی. به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌به‌ر چاو بێت كه مه‌حكوومكراوه‌كیش به‌شێكه له كۆمه‌ڵگا و روانگه‌ی ئه‌ویش ده‌بێت له لایه‌ن یاساوه پارێزراو بێت و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له ئارادایه كه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆمه‌ڵگا له روانگه‌ی كه‌سه مه‌حكوومكراوه‌كه ده‌كرێت جیاواز بێت. جگه له‌مه‌ش تاكه‌كان كۆمه‌ڵگا پێك دێنن و كه‌س ناچار نییه به ئه‌نجامی باوه‌ڕه‌كانی كۆمه‌ڵگا واته دیكتاتۆری زۆرینه. تاوانبارانی ناباڵغ (منداڵ) ئایا ده‌بێت منداڵان و مێرمنداڵه ناباڵغه تۆمه‌تباره‌كانیش ئێعدام بكرێن؟ یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی كه له ته‌وه‌ره‌ی ئێعدام له ئێران و له ناو كۆڕ و كۆمه‌ڵه‌كانی پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ له ئاستی ناوخۆیی و جیهانی له ئارادایه، پرسی ئێعدامی منداڵانه. له ساڵی 1990 كه‌متر له 10 وڵات مێرمنداڵانیان به‌هۆی تاوانی كوشتن ئیعدام كردووه و ئێران یه‌كێك له‌و نموونه ده‌گمه‌نانه‌یه. له ساڵی 1990ی زاینییه‌وه تا ساڵی 2009، 81 مێرمنداڵ له سه‌رتاسه‌ری جیهان ئیعدام كراون كه 42 له‌و مێرمنداڵانه له لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه ئیعدام كراون. جێی ئاماژه‌یه كه ئه‌م دۆخه ناڕه‌زایه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر به كۆماری ئیسلامی هه‌ڵخراندووه. به پێی جاڕنامه‌ی گه‌ردوونی مافی مرۆڤ هه‌ر مرۆڤێك ژێر 18 ساڵ منداڵه و به پێی مادده‌ی 6 له به‌شی 5 جاڕنامه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ماف مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كان نابێت تاكه‌كانی ژێر 18 ساڵ و ژنانی دوو گیان كه تووشی تاوانی كوشتن ده‌بن به مه‌رگ سزا بدرێن. ئه‌مه له كاتێكدایه كه منداڵان كه‌متر له تاكه باڵغه‌كان سزاواری ته‌مێ كردنن – هه‌ر بۆیه سزادان پاساوێكی باش نییه بۆ ئێعدامی تاكه ناباڵغه‌كان (منداڵان) و مێرمنداڵان زیاتر تاكه گه‌وره‌كان بێ‌عه‌قڵی ده‌كه‌ن – ئه‌وان كه‌متر بیر له پاشی كرده‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه و كه‌متر ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه كه ترس له سزای ئیعدام ئه‌وان له ئه‌نجامی تاوان بگه‌ڕێنێته‌وه و له هه‌مانكاتدا ئه‌گه‌ری تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و خوێنخوازی سه‌باره‌ت به ئیعدامی مێرمنداڵان زۆرتره. ئیعدامه سیاسییه‌كان ئه‌گه‌رچی له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوو هه‌ندێك لایه‌نی قه‌زایی كۆماری ئیسلامی باسی له‌وه كردووه كه له هه‌وڵی گه‌ڵاڵه كردنی «تاوانی سیاسی»ـن. به‌ڵام له ماوه‌ی 30 ساڵی رابردووی پاش هاتنه سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی به هه‌زاران كه‌س له‌و كه‌سانه‌ی كه عه‌قیده و بیروباوه‌ڕی جیاوازیان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی بووه له سیاچاڵه‌كان و به شێوه‌ی به كۆمه‌ڵ گولله باران یان ملیان به په‌تی سێداره‌وه كرا. گۆڕستانی خاوه‌ران كه به هێمای ئیعدامكراوه‌كانی سیاسی ده‌یه‌ی 60ی هه‌تاوی ئێران ده‌ناسرێت، گومانی ئه‌وه هه‌یه كه ته‌رمی 5 هه‌زار كه‌س له نه‌یارانی ئیدئۆلۆژیكی كۆماری ئیسلامی تێدا چاڵ كرابێت. به پێی لێكۆڵینه‌وه‌كان بڕیاری كوشتنی ئه‌م كه‌سانه له لایه‌ن شه‌خسی خومه‌ینییه‌وه له دادگایه‌كی چه‌ند ده‌قه‌یی و چه‌ند پرسیار له زومره‌ی ئه‌وه‌ی كه ئایا باوه‌ڕت به خودا هه‌یه؟ نوێژ ده‌كه‌ی؟ له بنه‌ماڵه‌یه‌كی موسڵمان له دایك بووی؟ و ئایا ئاماده‌ی بۆ هاوكاری له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی و تۆبه بكه‌ی؟دراوه‌و و له ئه‌گه‌ری «نا» بوونی هه‌ر كام له‌م پرسیارانه كه‌سی ناوبراو ده‌كوژرا. هه‌روه‌ها له تیرۆره‌كان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات كه زۆربه‌ی نه‌یارانی سیاسی كۆماری ئیسلامی ده‌گرته‌وه كه ده‌كرێت ئاماژه به عه‌بدولره‌حمانی قاسملوو، سادقی شه‌ره‌فكه‌ندی، سدیقی كه‌مانگه‌ر، غوڵامی كه‌شاوه‌رز و... له ده‌یه‌ی 70 ی هه‌تاویش دۆسییه‌ی قه‌تڵه زنجیره‌ییه‌كان هه‌ر له محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری پویه‌نده، موختاری، فرووهه‌ره‌كان و ... و به دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی خولی ده‌یه‌می سه‌رۆك كۆماری له ئێران و ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی كه له ئاستی ئێران هاته ئاراوه، هه‌ڵسووكه‌وتی توندوتیژانه‌ی هێزه‌كانی لایه‌نگری ده‌وڵه‌ت و ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ ناڕازیان كه به ده‌یان كه‌س له سه‌ر شه‌قامه‌كان له سیاچاڵه‌كان ته‌نیا له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه داوای ده‌نگه‌كانیان ده‌كرده‌وه گیانیان لێسه‌ندرایه‌وه. هه‌موو ئه‌مانه له كاتێكدایه كه به درێژای پاش هاتنه سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی و به تایبه‌تی به دوای هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر كوردستان له 28ی گه‌لاوێژی 1358 ئێعدام و تیره‌باران كردنی نه‌یارانی كۆماری ئیسلامی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه وه به بزووتنه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری گه‌لی كورد بووه. به سه‌دان رۆڵه‌ی كورد له سیاچاڵه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌وپه‌ڕی بێ‌ده‌نگیدا به په‌تی سێداره هه‌ڵواسران و یان له‌شیان كه‌وته به‌ر ده‌سرێژی گولله ته‌نیا به تاوانی ئه‌وه‌ی كه داوای مافی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان كردووه. هه‌تا ئێستا و تا ئه‌م ساته‌وه‌خه‌ته‌ش كه ئه‌م بابه‌ته ده‌نووسرێت ئیعدامی سیاسی له كوردستان به‌رده‌وامه. نموونه‌ی نزیكی ئه‌و ئیعدامه، له سێداره‌كانی تێكۆشه‌ری لاوی كورد «ئیحسان فه‌تاحییان» بوو كه له به‌ره‌به‌یانی رۆژی 20 خه‌زه‌ڵوه‌ر له زیندانی شاری سنه ناجوامێرانه ئه‌نجام درا. جگه له ئیحسانیش كۆمه‌ڵێكی ده، دوازده كه‌سی دیكه له هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی و مه‌ده‌نی كورد مه‌ترسی جێ به‌جێ كردنی حوكمی ئیعدامه‌كه‌یان هه‌یه كه له لایه‌ن دادگاكانی ده‌زگای قه‌زایی كۆماری ئیسلامییه‌وه به سه‌ریاندا سه‌پاوه. به‌ڵام جێی خۆیه‌تی له‌م وتاره‌دا ئاماژه‌ی پێبكرێت كه له سه‌ر داوا و پێشنیاری به‌ڕێز مام جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق ئیعدامی دوو هه‌ڵسووڕاوی سیاسی كورد به ناوه‌كانی «شێركۆ مه‌عارفی و حه‌بیب له‌تیفی» هه‌ڵوه‌شایه‌وه. هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه ئاماژه‌ی پێدرا كه پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامییه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌كی جیهانی هه‌ڵخراندووه و له دوایین بڕیارنامه‌ی كومیته‌ی 3ی رێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئیدیعایه‌ك له سه‌ر ئه‌و راستییه.
|
|||||||