|
دوو هفته‌نامه‌یه‌کی سیاسی گشتییه کۆمه‌ڵه ده‌ری ده‌کات |
|||||||
|
|||||||
|
بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له به‌رده‌م ئه‌زموونێكی دیكه‌ی سیاسی‌دا سالار پاشایی پێگه‌یشتنی نه‌ته‌وه‌یی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌كی سته‌مدیتوو و بێ ماف، پێویستی به گه‌لێك فاكته‌ری دیاریكراوی سیاسی هه‌یه. گه‌شه‌ی خۆوشیاری سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، سه‌رهه‌ڵدانی گوتاری شوناسخوازانه‌ی مودێرن، دامه‌زراندنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌زموونی مێژوویی و پارامێتره كولتورییه‌كان و هتد، له زومره‌ی ئه‌و فاكته‌ره پێویستانه‌ن له‌م بواره‌دا. چه‌نده ئه‌م فاكته‌رانه له هه‌لومه‌رجی جیاوازی زه‌مه‌نی و شوێن، هاوكات له‌گه‌ڵ قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته گونجاوه‌كان به یارمه‌تی یه‌ك بخه‌مڵێن، ئه‌وه پڕۆسه‌ی به نه‌ته‌وه‌بوون و سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وه‌و گه‌لێك، به شێوه‌یه‌كی خێراتر به‌سه‌ره‌نجام ده‌گات. گه‌لی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات له‌به‌رده‌م پڕوسه‌و ئه‌زموونێكی دیكه‌ی سیاسیدایه. دوو ئاسۆگه‌و رێچكه‌ی هاوته‌ریب له‌خزمه‌ت چاره‌نووسێكی دیاریكراوی سیاسی و له پێناو رزگاری یه‌كجاریدا له ئارادایه: یه‌كه‌م پڕۆسه‌ی به‌نه‌ته‌وه بوونی ته‌واو و كه‌ماڵی گه‌لی كورد و، دووهه‌م: دینامیك بوونی سیاسی له هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئاڵۆزی ئێستای ئێران‌دا و له‌ناو سه‌رجه‌م بزاڤه دینامیكه‌كانی دیكه كه ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه له هه‌یبه‌تی بزوتنه‌ه‌یه‌كی گشتی ئازادیخوازانه‌دا، به‌رهه‌ڵه‌ستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندیی زاڵ بۆته‌وه. بێ شك رۆچوون به ره‌هه‌نده جیاوازاه‌كانی ئه‌م دوو ئاسۆگه‌یه، هه‌ڵگری گه‌لێك باسی تێروته‌سه‌له كه له توانای ئه‌م كورته نوسینه‌دا نییه، لێره‌دا ده‌توانین بڵێین رێچكه‌ی یه‌كه‌م به ئه‌زموونی مێژوویی و سیاسی و فاكته‌ره دیاریكراه‌كانی خۆی وئاستێكی به‌رزتر له خۆوشیاری سیاسی گه‌لی كورد له رۆژهه‌ڵات، له بڕینی رێگه‌ی خۆی به‌رده‌وامه‌و بێگومان پێویستیه‌كانی ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ش، به پێداچوونه‌وه‌ی رێچكه‌ی دووهه‌م و دیاریكردنی ئه‌ركه سیاسییه‌كانی ئه‌م ده‌وره‌یه، ده‌توانێ به‌هێزتر و هاوئاهه‌نگتر بببێت. ئه‌م وردبوونه‌وه‌یش، ده‌بێ له هه‌ناوی ستراتێژ و تاكتیكی دیاریكراوی بزووتنه‌وه‌كه كه وه‌ك یه‌كێك له ئه‌كته‌رانی سه‌ره‌كی بزاوتی ئازادیخوازانه له هه‌موو ئێران سه‌یر ده‌كرێت، هه‌ڵێنجرێت. پاژه‌كانی گشتییه‌تی ستراتێژێكی نه‌ته‌وه‌یی ئاوایش بۆ گه‌لی كورد، به گشتی ده‌بێ هه‌ڵقوڵاوی هاوده‌نگی هێزه سیاسییه‌كان و ئۆپۆزسیۆنی كورد له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری گه‌لی كورد بێت له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا. بێشك پێویسته خاڵی ده‌سپێكی ره‌هه‌ند و پێویستیه‌كانی ئه‌م پرسه‌یش پێش هه‌موو شتێك دیاری بكرێت. ئه‌زمووونی سیاسی بزاوتی رزگاریخوازنه‌ی گه‌لی كورد له كوردستانی رۆژهه‌ڵات، له بڕگه جیاوازه مێژووییه‌كانی مێژووی هاوچه‌رخدا، ئه‌وه‌ی لێی ماوه‌ته‌وه بۆ جیلی نوێ، میراتی ئه‌م سه‌ده پڕهه‌وراز و نشێوه‌یه كه له ژێر چه‌پۆكی دیكتاتۆری و سه‌ره‌ڕۆییدا، سه‌ره‌ڕای قه‌ڵتوبڕو داپڵۆسینی تێكۆشه‌رانی سیاسی و خه‌ڵكی بێ تاوان، هه‌نگاوه بریندار و خوێناوییه‌كانی خۆی به‌ره‌و پێش پاڵده‌نێت. ئاوات و خواسته سه‌ركوتكراو و پۆنگ خواردووه‌كانی ئه‌م گه‌له‌و خولیای گه‌یشتن به رزگاری یه‌كجاری، هێشتاو ئه‌گه‌رچی سنوری بێ هیوایی و هیواداری بۆ خه‌ڵكێكی ره‌نجدیتوو رۆژانه یه‌ك ده‌به‌زێنن، هه‌ر له كه‌ف و كوڵی خۆیدایه. كوردستان هه‌میشه هه‌ڵگری فازێكی جیاوازی سیاسی له ئاست باقی بزاوته‌كانی دیكه‌ی ناوخۆی ئێران بووه، ئه‌وه‌نده‌ی شوناسخوازی و هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی له نێو بزوتنه‌وه‌ی كوردستان له دیالێكتیكی «حاشالێكردن» و «به‌رگری» دولایه‌نه و مێژویی دیكتاتۆرییه‌كان و خه‌باتی گه‌لی كورد سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به چه‌ند قاتیش پاش راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له‌ساڵی 57، دژ به سه‌ره‌ڕۆیی ئایینی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و نرخێكی گران و قوربانییه‌كی فروانی له‌م رێگه‌یه‌دا داوه. ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی كوردستان له ده‌وره‌ی ئه‌خیری خۆیدا، سڵی كردووه له هاتنه سه‌رشه‌قامی به‌رفراوانی جه‌ماوه‌ریی بۆ ده‌ربڕینی هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكارانه و ئازادیخوازانه‌ی هه‌ندێ له‌شاره گه‌وره‌كان، ئه‌وه له قووڵایی بزووتنه‌وه‌ی كوردستاندا هێشتا سوور بوون له‌سه‌ر به‌رده‌وامی خه‌بات بۆ نه‌مانی كۆماری ئیسلامی به ئاشكرا دیاره‌و هه‌ربۆیه‌ش، ده‌سه‌ڵات به بڕوبیانوی بێ ناوه‌رۆك و داتاشراوه‌وه، تێكۆشه‌رانی سیاسی (وه‌ك ئیحسان فه‌تاحییان) ده‌گرێ و ئێعدام‌یان ده‌كات و گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌و حوكمی درێژماوه به‌سه‌ر چالاكانی بواره جیاوازه‌كاندا ده‌سه‌پێنێ. ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به وردی توانایی هێزه‌كی بزوتنه‌وه‌ی كوردستان ده‌ناسێ و له ترسا هه‌ڵده‌كوتێته سه‌ر تێكۆشه‌ران و به‌ته‌مایه خه‌ڵكی پێ چاوترسێن بكات و به خه‌یاڵی خۆی، له ئه‌گه‌ری هه‌ر هه‌ستانێكی جه‌ماوه‌ری پێشگیری بكات. هاوكات بۆشایی گوتارێكی شوناسخوازانه‌ی به‌هێز و هاوبه‌ش، به‌ر له هه‌ر شتێك له‌به‌ر په‌ڕته‌وازه‌یی هێزه سیاسییه‌كانی كوردستان و له لایه‌كی دیكه‌وه، نه‌بوونی یه‌كگرتووییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی به‌هێز له‌م ده‌وره‌یه‌دا، كاریگه‌ری نێگه‌تیڤی له‌به‌رده‌م ئازادكردنی سه‌رجه‌م پۆتانسیه‌له‌كانی بزووتنه‌وه‌ی كوردستان بۆ به‌شداری جه‌ماوه‌ریی به‌رچاو له رووداوه سیاسییه‌كانی ئه‌م چه‌ندمانگه‌ی ئه‌خیردا به جێ هێشتووه، ئه‌م واقعییه‌ته تاڵه، هه‌لی بۆ ده‌سه‌ڵات ره‌خساندووه كه گوشارێكی زیاتر بخاته سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی كوردستان و چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی به تایبه‌ت. ره‌نگه گۆڕانێكی نوێ كه له‌م ده‌وره‌ی ئه‌خیردا چالاكانی سیاسی و مه‌ده‌نی و بواری مافی مرۆڤ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ هێزه سیاسییه‌كان توانیان له بواری راگه‌یاندن و چالاكی راگه‌یاندنی وه‌ك داهێنانێك بیهێننه كایه‌وه، وه‌گه‌ڕ خستنی شه‌پۆلێكی گه‌وره له له‌قاودانی ره‌هه‌نده جیاوازه‌كانی پێشێلكاری دژه ئینسانی مافی مرۆڤ له كوردستان له لایه‌ن ده‌زگای سه‌ركوتی كۆماری ئیسلامی روو به كۆمه‌ڵگای جیهانی و ریكخراوه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیفاع له مافی مرۆڤه. ئه‌مه ده‌توانین وه‌ك ده‌سكه‌وتێك و خاڵی ده‌سپێكێك چاو لێبكه‌ین بۆ به‌رده‌وام بوون له سه‌ر زیندوو راگرتنی پڕۆژه‌ی سیاسی و خه‌باتی مه‌ده‌نی له كوردستانی رۆژهه‌ڵات و هه‌روه‌ها بوار ره‌خساندن بۆ پرۆژه عه‌مه‌لییه‌كانی دیكه. ئاگادار كردنه‌وه‌ی رای جیهانی و ده‌وڵه‌تانی دونیا له ئاستی به‌ربڵاوی پێشێلكاری مافی مرۆڤ و له‌وه واوه‌تر، ناساندنی كێشه‌ی گه‌لی كورد له كانتێكستێكی (context) جیهانیدا، وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و هاوبه‌شی هه‌موو لایه‌نێكی به‌رپرس له‌م پانتایه‌دا، پێویستییه‌كی مێژووییه كه ده‌توانێ رای گشتی باقی گه‌لانی ئێران و پاشماوه‌ی كولتوری پان ئێرانیستی ئۆپۆزیسیۆنی سه‌راسه‌ریش بخاته ژێر كاریگه‌ری پۆزێتیڤی خۆیه‌وه. جه‌خت كردنه‌وه له‌سه‌ر پێویستی به‌رهه‌مهێنانی گوتارێكی شوناسخوازانه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و هاوبه‌ش، هاوكات له‌گه‌ڵ ره‌چاوكردنی سیاسه‌تی رادیكاڵ و رزگاریده‌رانه‌ی جه‌ماوه‌ریی، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی حه‌قیقه‌تی سیاسی هه‌موو بزاڤه ره‌سه‌نه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هاوكات یه‌كگرتوویی هێزه سیاسییه ره‌سه‌نه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه له‌م قۆناغه هه‌ستیاره‌دا، ده‌توانێ له به‌رهه‌مهێنانی ئه‌م گوتاره و راكێشانی سه‌رنجی جه‌ماوه‌ری كوردستان بۆ به‌شداری و پشتیوانی كردن له بزاڤی ئازادیخوازانه‌ی سه‌راسه‌ریی، به راگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و شوناسی سیاسی گه‌لی كورده‌وه، رۆڵێكی كاریگه‌ر بگێڕێت و ئه‌مه‌ش، پێویستیه‌كی سه‌ره‌كی ئه‌م قۆناغه له خه‌باتی رزگاریخوازانه و دێمۆكراسیخوازانه‌یه له ئێران. هه‌ڵسه‌نگاندنی سه‌رجه‌می ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ئێستا و داهاتووی سیاسی ئه‌م خه‌باته و هه‌ڵێنجاندنی ستراتێژێكی دیاریكراو و روونی نه‌ته‌وه‌یی بۆ گه‌لی كورد، به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی له‌و پێویستییه سه‌ره‌كییانه‌ی ئه‌م ده‌وره‌یه له خه‌باتی بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازانه‌ی كوردستان.
|
|||||||