راگەیاندنی سکرتێری گشتی کۆمەڵە لە بابەت رووداوەکانی ئەم دواییانەی نێو کۆمەڵە

راگەیاندنی سکرتێری گشتی کۆمەڵە
لە بابەت رووداوەکانی ئەم دواییانەی نێو کۆمەڵە

راگەیاندنی سکرتێری گشتی کۆمەڵە
لە بابەت رووداوەکانی ئەم دواییانەی نێو کۆمەڵە


•  ‎کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، 
•  ‎دۆستان و دڵسۆزانی کوردستان و کۆمەڵە

‎هەموان ئاگادارن کە لە ڕۆژانی ڕابوردوو لە زنجیرە ڕووداوێکی دڵتەزێن و نەخوازراوی دەرگیری لە یەکێک لە ئوردووگانی کۆمەڵەدا، بەداخەوە دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە گیانیان لە دەست دا. پێشەکی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێزی هاوڕێیان هیوا سادقی و سامان ئیبراهیمی و لەهەموو پێشمەرگەکان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم و ڕایدەگەیەنم ئەو کۆستە لە گشتمان کەوتووە، ئەوشەهیدانە هی هەموومانن و خەفەت و زیانە مرۆیی و رۆحیەکەش بۆ هەموومانە. 
‎بەڵام ئێستا کە ئەو  کارەساتە ڕووی داوە و زیانە گیانی و رۆحیەکەمان بەرکەوتووە، دەبێ بەردەام بین بۆ پێشگیری کردن لە تەشەنە سەندن و قووڵتر بوونەوەی گرژی و بشێوە. هەڵسوکەوت و زمانی، دوانی هەموو لایەن و کەسێکی دۆست و دڵسۆزیش پێویستە لە پێناو هێور کردنەوەی زیاتری بارودۆخەکە و ساڕێژ کردنەوەی برینەکان بێت، نەک خۆش کردنی ئاگرەکە و کولاندنەوەی زامەکان.
‎هاوکات لەگەڵ ئەوە، هەوڵێکی دیکەمان دەبێ، لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی خوڵقانی ڕووداوەکە، دەسپێشخەران و خەتابارانی تەقە کردن، چۆنیەتی شەهید بوونی ئەو دوو هاوڕێیە و باس کردن و دەرخستنی ئەو ڕاستیانە بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان بێت.

‎ئێمە لەمڕۆوە بە دیاری کردنی کۆمیسیۆنێک لە چوارچێوەی حیزبی خۆمان و بە ئیمکاناتی خۆمان ئەو کارە دەکەین و ئەوپەڕی هەوڵیشمان دەدەین ئەو لێکۆڵینەوەیە ڕاستگۆیانە و پشت بەستوو بە واقیعییەتەکان بێت، بەڵام بۆ ئەوەی بێلایەنی تەواو لە لێکۆڵینەوەکەدا لە بەر دڵی هەموان مسۆگەر و گومانهەڵنەگر بێ، هەر لێرەوە پێشنیار دەکەم کۆمیتەیەکی ڕاستیدۆز (حقیقت یاب)، پێکهاتوو لە پسپۆڕان و شارەزایانی بواری مافناسی، چالاکانی بڕواپێکراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستانی ڕۆژهەڵات و هەروەها کەسایەتی تێکۆشەر و پێشمەرگەی دێرین، بە ڕەزایەت و موافەقەتی هەموو لایەک، پێک بهێندرێت و ئەرکی لێکۆڵینەوەی زانستیانە و بێلایەنی ڕووداوەکانی کۆمەڵە، هەڵسەنگاندنی ئیدیعاکانی هەرتک لا و دەرخستنی ڕاستیەکانی پێ بسپێردرێت و ئیختیاری لێپرسین و لێکۆڵینەوە لە هەموو کەس و لایەنێکیشی پێ بدرێت. ئێمە بەنۆبەی خۆمان بۆ قبووڵ کردنی دەرئەنجامەکان و ڕەچاو کردنی ڕێنوێنییەکانی وەها کۆمیتەیەک ئامادەین. 

‎هەرچەند ئەو دزێوییە بەداخەوە لەناو کۆمەڵە ڕوویداوە و ئەم خەسارە ئەوڕۆ لە ئێمە  کەوتووە، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەڵێین کە بۆ ئێمەش ڕووداوێکی نامۆ و دوور لە فەرهەنگ و لە بەها ئەخلاقییەکانی کۆمەڵەیە و هەر بۆیەش هەموانی بردۆەتە نێو حاڵەتی شۆک. بێگومان دەشبێ و لەسەرمانە سەرجەمی ڕووداوەکە و زەمینە و هۆکارەکانی بەوردی خەسارناسی بکەین و دەرسی شیاویان لێ وەربگرین. 

‎هەروەها هیوادارین بە دەرس وەرگرتن لەم ئەزموونە تاڵە و ئەزموونە تاڵەکانی پێشووی گۆڕەپانی سیاسەتی کوردی، لە هەنگاوێکی دیکەدا حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بتوانن مانێفێست یان بەڵێننامەیەک ئامادە و واژۆ بکەن کە بۆ هەمیشە لەم بەشەی کوردستان ڕێگە لە بەکار بردنی چەک و دەست بردن بۆ توندوتیژی، چ لەناو حیزبەکان و چ لە نێوانیاندا، بگرن. 

‎بەڵام ئەو ڕووداوە ئەگەر بۆ ئێمە و هەموو دڵسۆزانی نیشتمانپەروەر بوو بە مایەی خەفەت و نیگەرانی، لەلایەن ژمارەیەک نەیارانی سوێندخواردووی کۆمەڵە وەکوو دەرفەتێک قۆزرایەوە و بێ لێکۆڵینەوە و بێ سێ و دوو دەستیان کرد بە درۆ و نەفرەت پژێنی و هاندان و چەپڵە تەقاندن بۆ دووبەرەکایەتی. لە حاڵێکدا خێری ئەم گرژی و ناخۆشیانە بەخڕی دەچێتە کیسەی کۆماری ئیسلامییەوە.

‎کۆمەڵە هەمیشە ئاڵاهەڵگری خەبات لەپێناو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی گەلی کورد و پێشەنگی وەستانەوە بەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بووە و باجەکەشی بە خوێنی گەشی هزاران ڕۆڵەی شەهید داوە. بست بە بستی ئەم کوردستانە شانۆی حەماسەی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە، شار بە شار و گەڕەک بە گەڕکی ئەم نیشتمانەش شانۆی خەباتی مەدەنی و جەماوەری بە پێشەنگایەتی چالاکانی ماندوویی نەناسی کۆمەڵە بوون و هەن. ئاخرین نموونەشی بەشداری چالاکانە و شوێندانەر لە هەموو مەیدانەکان و هەموو بووارەکانی شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادییە. 

‎حیزبێک و ڕەوتێک و گوتارێکی وەها ریشەداکوتاو و تاقیکراو، کە زۆر هەوراز و نشێوی سەختی بڕیوە و بەسەر زۆر کارەسات دا زاڵ بووە، ئەمجارەش بە تێکۆشانی بێ وچانی هەڵسووڕاوانی خۆی و بە هاوکاری دۆستان و دڵسۆزان، نەک هەر لەو گرفتە دێتە دەر، بەڵکوو بەهێزتر و بەتواناتر لە جاران دەوری مێژوویی خۆی دەگێڕێت.

‎داهاتوو نیشانی دەدا چ دەستگەلێک لە زەمینە خۆش کردن، دنەدان و خوڵقاندنی ئەوکارەساتەدا لەکاردا بوون، بەڵام با گلەیی لە دۆژمن نەکەین، حیزبەکەی خۆمان پتەوتر و کارامەتر و بێ کم و کووڕیتر بکەین.
پەیامی من بۆ هەموو تێکۆشەرانی کۆمەڵە لە شار و دێهاتەکانی وڵات، بۆ هەموو ئەندامان و پێشمەرگەکان و هەموو کۆمیتەکان ئەوەیە کە یەکگرتووتر و یەکڕیزتر لە هەمیشە دەسکەوتەکانی یەکگرتنەوە بپارێزن. 
بانگەوازیشم بۆ ناوەندی هاوکاری و حیزب و لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانمان داوای یەکگرتوویی زۆرتر و پتەوترمانە. بارودۆخمان زۆر هەستیارە و پیلانەکانی رژیم ڕووی لە هەموومانە.  
‎ 
‎تەنیا بە یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی دەتوانین سەرکەوتووانە، بەرەنگاریان بینەوە.

عەبدوڵلا موهتەدی، سکرتێری گشتی کۆمەڵە
‎یازدەی پووشپەڕی ۱٤٠۲ی هەتاوی
دووی ژوئیەی ۲٠۲۳ی زاینی



ئه‌م بابه‌ته 93 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:08:33:05/09/2023