ئیسماییل سوڵتانی: لە کۆچی مێژوویی مەریوان بەشداریم کرد و کاک فوئادی رێبەرم بینی



بەشی یادەوەری سایتی کۆمەڵە، دیدارێکی  لە گەڵ کاک  ئیسماعیل سوڵتانی، پێشمەرگەی دێرینی کۆمەڵە  ئەنجام داوە، بێ گومان گێڕانەوەی هەموو ئەو حەماسەت و قارەمانەتیانەی کە لەسەر دەستی قارەمانانی بێ ناو و نیشانی هێزی چەوساوەکانی کوردستان خولقێندرا، لە توانادا نییە بەڵام بەهەزاران حەماسە و ئازایەتی و رەوایەتی جۆر بە جۆر لە مێشک و دڵی خەڵکانی ناوچەکە و دڵسۆزانی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان بەدڵنیاییەوە بە ئەمانەت رادەگیرێت و نەسڵی نوێ لە بەر رۆشنایی ئەم گێڕانەوانەدا درێژە بە خەباتی داهاتووی دەدات.


سازدان: شاهۆ مەحموودی


کاک ئیسماعیل لەساڵی چەن لەدایک بوون و دەورانی منداڵیت چۆن تێپەڕ کرد؟

من ئیسماعیل سوڵتانی ساڵی 1339 لە شاری بۆکان لە گەڕەکی خیابانی سەقز لە دایک بووم، بەداخەوە پێش لە دایکبوونم باوکم ماڵئاوایی لە ژیان کردبوو و دایکم لە گەورەکردنی من زەحمەتێکی زۆری کێشا، هەم  لە جێی باوک بوو هەم لە جێی دایک بوو بۆ من.
دەورانی منداڵی من زۆر تایبەت بوو، من و هاوڕێی گیانبەختکردوو "حسێن مستەفازادە" منداڵی یەک گەڕەک بووین، دەتوانم بڵێم زۆربەی  دەورانی منداڵیمان پێکەوە و لەو گەڕەکە تێپەڕکرد، ئەم پەیوەندی و دۆستایەتی من و بەڕێز کاک شەهید حسێن ئەوەندە چڕ و پڕ و تێکڵاو بوو لە زۆربەی عەلاقەکانمان نەزەرمان وەکوو یەک بوو، هەر ئەمەش بوو بە بەهۆی ئەوەیکە هەردووکمان عەلاقەمان بە مۆعەلمی پەیا کرد و ئیتفاقەن  هەردووکمان قەبووڵ کراین و  ڕۆشتین بۆ دانشسەرای مۆعەلمی و لەوێ ئیدامەمان بە خوێندن دا و کاریگەریەکی زۆری لەسەر من بوو، بە جۆرێک دەبێ بڵێم من دەورانی منداڵیم و گەنجیم تا بە ئێستا مەدیونی شەهید حسێن مستەفازادەم.

ئەو کاریگەریانەی کە باسی دەکەن چی و چۆن بوون؟


 کاتێک کە من نەڕۆشتبوومە ناو سیاسەتەوە، شەهید حسێن تێکەڵ بە مەسائێلی سیاسی بوو، بەر لە من لەگەڵ کەسایەتیگەلێکی بەناوبانگ وەکوو کاک سەلاح موهتەدی و چەند هاوڕێیەکی دیکە ئاشنایی و دۆستایەتی بوو بۆیە هەر بەر لە من ڕۆشتە ناو سیاسەت، بە دوای ئەوە بڕیاریاندابوو بە شەهید حسێن ببێت بە مۆعەرفی من و کار و باری  سیاسی بە  من ئاشنا بکات و وردە وردە پێشنیاری کاری سیاسی بدات بە من، مەسەڵەن نووسراوە و نەشریە و کتێبی دەهێنا بۆم، کتێبگەلێک وەکوو کتێبەکانی سەمەدی بێهرەنگی بۆ ئەهێنام و هانی دەدام بەرەو کار و چالاکی سیاسی و ئینسانی. ئەم تەمریناتە بەردەوام بوو تا کاتێک کە  شۆڕشی گەلانی ئێران دەستی پێ کرد و ئێمەش وەکوو خەڵکەکانی دیکە بەشداریمان لە شۆڕشەکە کرد، مەسەلەن وەکوو نموونە لە گرتنی چەندین شوێنی نیزامی و سیاسی وەکوو شارەبانی بۆکان و ژاندارمری بۆکان و...  هەروەها بەشداری خۆپیشاندانەکان بۆکان بووم، بە تایبەت لەو خۆپیشاندانانەی کە  دوکتور جەعفەری شەفێعی حزووری بوو و بۆخۆی لە پێشەوەی سەفەکەدا بوو بەشداریمان کرد.

کاک ئیسماعیل لە چ تەمەنێک و لە چ ساڵێک بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە پەیوەست بوون؟


کۆمەڵە لە ساڵی 1358 هەتاویی کە ئەوکات من تەمەنم 20 ساڵان بوو، سەرەڕای ئەوەش کە لە ئاوایی ئاجیکەندی بۆکان لەگەڵ شەهید حسێن موستەفازادە موعەلیم بووین و دەرسمان دەگووتەوە، کاتێک کە بڕیاری دروستبوونی جەمعیەتەکان لە شارەکانی کوردستان درا، ئێمەش بە پێویستمان زانی، خۆمان بە بەرپرس و پێشڕەو زانی و لە شاری  بۆکان لە جەمعیەتی زەحمەتکێشانی بۆکان بەشداریمان کرد، بەو بڕیارە پەیوەست بووین بە جەمعیەت و لە چالاکییە سیاسی و نیزامیەکان بەشداریمان کرد، بۆ نموونە لە شەڕەکانی مەهاباد، بۆکان عەمەلیاتی سیاسی و نیزامیمان بوو و لە ڕێگری کردن لە گرتنەوەی شاری سەقز ڕۆڵی بەرچاومان بوو.

دەکرێ زۆرتر باسمان بۆ بکەن، چالاکییەکانتان لە جەمعیەت چۆن بوو؟ یان گرینگترین چالاکیتان لە کوێ بوو؟


زۆربەی چالاکییەکان گرینگ بوون بەڵام یەک هەوڵ کە لە مێژوو مایەوە ئەوەبوو کە لەو ساڵەدا بە بڕیار جەمعیەت بۆ پشتیوانی کردن لە کۆچی مێژوویی خەڵکی شاری مەریوان، لە بۆکانەوە بەرەو مەریوان ڕێکەوتم و بەشداریم کرد و بەشداری ئەو ڕێپێوانە بووم و شانازی ئەوەم بوو لە نزیکەوە ڕێبەری خۆشەویستمان، کاک فوئاد ببینم و بەشداری ئەو زنجیرە سوخەنڕانیانەی کاک فوئاد لە ناوچەی مەریوان بم و دواجار گەڕاینەوە بۆ شاری بۆکان و سەرقاڵ بە باقی چالاکییەکانمان بووین.

بەدوای ئەوە کە گەڕایتەوە بۆ بۆکان هەر لەوێ مانەوە یان ئەرکی دیکەتان پێ سپێردرا؟


کە گەڕاینەوە بۆ بۆکان ماوەیەک لەوێ بووین بەدوای ئەوە ساڵی 1359 لەگەڵ چەندین هاوڕێی دیکە بە بڕیاری کۆمەڵە ئەوەڵین دەستەی پێشمەرگە بووین کە ڕوو بە ناوچەی سۆما و برادۆست وەڕێ کەوتین و لەوێشدا چالاکی تەبلێغی و چالاکی دیکەمان زۆر کرد، بۆ نموونە وەکوو دانانی بنکە و مەقەڕ لە ئاواییەکان و ناوچەکان، جەولەی نیزامی و سوخەنڕانی کردن . بە پێی زەرورەتێ،  جارێکی دیکە گەڕاینەوە بۆ ناوچەی گاڕانی مەریوان و لەوێ بۆ ماوەی مانگێک لە ناوچەی گاڕانی مەریواندا سازمان دراین و ماینەوە. بەدوای ئەوەیکە مائمووریەتی ناوچەی گاڕان بە ئەنجام گەیشت ئێمە ڕۆشتینەوە بۆ بۆکان و لەوێدا کۆمەڵە بڕیاری دا هێزی پێشڕەو درووست بکات و ئێمەش سازماندێهی هێزی پێشڕەو کراین، لەوانەیە لە زۆربەی شەڕەکانی هێزی پێشڕەو بەشداریم کردبێت بە تایبەت شەڕەکانی سەقز، بۆکان و مەهاباد.

کاک ئیسماعیل تاکوو ئێستا بریندار بوون؟


من لە جەریانی گرتنی پایەگای سەدی بۆکان لە 12 گەلاوێژی 1361 هەتاویی بریندار بووم، بەداخەوە لەو شەڕەدا هاوڕێیەکمان گیانی بەختکرد بەڵام عەمەلیاتەکە بە سەرکەوتووانە بە ئەنجام گەیشت.

دوکتور جەعفەر شەفێعی بەلای تۆوە چۆن کەسایەتیەک بوو؟


 کاتێک لەگەڵ دوکتور جەعفەر بووم بۆ گۆڕینەوەی دیدگاکان و موزاکراتەکان. دوکتور جەعفەر کەسایەتیەکی ڕاست و درووست و وەفادار بوو، حەتا لەگەڵ دوژمنانی میللەتی کوردیش ناڕاستی نەدەکرد و قەولی دابوو بە فەرماندەیەکی دەوڵەت خەشابێکی پەلاستیکی بداتێ ئێمەش گوتمان بۆ ئەیدەیتێ و ناڕەزایەتیمان دەربڕی و دوکتور وتی قەولم داوە و دەبێ عەمەلی پێکەین.

تایبەتمەندییەکانی پێشمەرگەی کۆمەڵە چی بوو؟ چی وەها کۆمەڵەی گەورە کردەوە؟ خەڵک چۆن دەتانیبینی؟


بەڕاستی ئوسووڵمان، سەداقەت و پاکی  بە ئامانجەکان و بە خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوە بوو پێشمەرگەی کۆمەڵە بەو بیر و باوەڕانەوە خزمەتی دەکرد، ڕوانینی خەڵک بۆ پێشمەرگەی کۆمەڵە دەقیق وەکوو کوڕ و کچی خۆیان بوو هەمیشە ئیتمینانێکی زۆریان پێمان بوو، بە پێی هەڵسووکەوتەکانمان، لە خزمەت بوونی خەڵک و کۆمەک کردن بە کاروباری خەڵک.
کاتێک هاوڕێیانت لە پەنادەستتدا شەهید دەبوون ناخۆشترین و تاڵترین کاتەکانی پێشمەرگایەتی بوو، بەڵام بەوەشەوە ئێمە هیچکات کۆڵمان نەدەدا و ئەوانەمان دەکرد بە ورەیەکی دیکە بۆ وەدەست هێنانی مافەکانمان.

چ پایەمێکت بۆ نەسڵی نوێ هەیە؟


نەسڵی نوێ، دەبێ ئوسووڵەکانی کۆمەڵە تا ئەو جێگایە کە دەتوانن بەڕێوە ببەن، پاک و سەداقەت لە سەروو هەموو شتێکەوەیان بێت، ئێستا ئەگەر کەسێک ئێحترامێک لە منەوە دەگرێت بۆ ئەو وەفاداریەمە بۆ کۆمەڵە و سەداقەتمە، مەبەستم ئەوەیە ئەمە دەبێت بە پێشینە بۆ ئینسان.

 


















































































ئه‌م بابه‌ته 3308 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:29:11/06/2016