پەیامی کومیتەی تەشکیلاتی نهێنی کۆمەڵە(زاگرۆس) بە بۆنەی گیان لەدەست دانی هاوڕێ محەممەد کۆنەپۆشی




کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
هاوڕێیانی کۆمەڵە
خوێندکارانی خەباتکار


هەروەک هەمووان ئاگادارن بەداخەوە ڕێکەوتی 25ی جۆزەردان بەرامبەر بە 14/6/2016ی زایینی هەواڵمان پێگەیشت کە هاوڕێ موحەمەد کۆنەپۆشی لە کاتی سەیران کردندا لە نزیک گوندی بنۆڵ سەر بە شاری سەوڵاوا لە شاخ دادەکەوێت و گیانی ئازیزی لەدەست دەدات. هاوڕێ موحەمەد وەک لاوێکی خوێن گەرم و خەباتکار هەمیشە روخۆش پەرەپێدەری سیاسەتەکانی کۆمەڵە بوو. زۆر زوو جێگای خۆی لە دڵی هاوڕێ و دۆستانی لە دەبیرستانەکانی مەریواندا کردەوە. لە زۆربەی چالاکیە مەدەنیەکاندا بەشداری دەکرد و هەمیشە لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە دەبێت هەر هەنگاوێکی مەدەنی و سیاسی هاوڕێیانی کۆمەڵە پێشڕەوی بن. لەو سەردەمەدا کە  لە زانستگای ورمێ لە بواری جۆغرافیا دەرسی دەخوێند هەوڵی دا لەناو خوێندکارە کوردەکانی ئەو زانستگایە سیاسەتەکانی کۆمەڵە پەرە پێبدات و لەو ئەزمووونەیشدا سەرکەوتوو بوو.
 هاوڕێ موحەمەد ساڵی 1391 لەلایەن هێزەکانی رژیمەوە دەسگیر و بۆ ماوەیەک لە ئیتلاعاتی شاری مەریوان دەستبەسەر کرا. پاش هاتنە دەری لە زیندان پێوەندیی گرتەوەو بە باشترین شێوە ئەرکە حیزبی و تەشکیلاتیەکانی بەڕێوە دەبرد. بەهۆی بەردەوامی لە خەبات و تێکۆشانی لە لایەن کۆمیسیۆنی ئەندامییەتی کۆمەڵەوە کرایە ئەندامی کۆمەڵە. دواتر وەک ئەندامێکی چالاک و بوێر زیاتر لەجاران هەست بە بەرپرسایەتی دەکردو چالاکتر خۆی نواند. بە مەرگی ئەم هاوڕێ خۆشەویستە،کۆمەڵە ئەندام ،دڵسۆز و خەباتکارێکی خۆی لەدەست دا. تەشکیلاتی زاگرۆسی کۆمەڵە وێڕای ڕێزگرتن لە خەبات و تێکۆشانی بێ وچانی هاوڕێ موحەمەد کۆنەپۆشی سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاراستەی بنەماڵە، هاوڕێێان و هەروەها هاوڕێ ئیبراهیم کۆنەپۆشی و سەرجەم هاوڕێیانی کۆمەڵە دەکات و شەریک و بەشداری خەم و پەژارەیانە .

   
تەشکیلاتی زاگرۆسی کۆمەڵە
16/6/2016 بەرامبەر لەگەل 27ی جۆزەردانی 1395ی هەتاوی



ئه‌م بابه‌ته 3342 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:26:18/06/2016