ڕاگەیاندنی هاوبەشی کۆمیتەی گشتیی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکرات



 ڕاگەیاندنی هاوبەشی کۆمیتەی گشتیی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و کۆمیتەی دەرەوەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
 
بۆ ڕای گشتی:
کۆماری ئیسلامیی ئێران و پیلانەکانی لە کوردستان و سەراسەری ئێران، لە ئاستی جیهاندا زیاتر خۆی دەردەخا و  بیری تۆندئاژۆ و تۆتالیتر و پاوانخوازیی ئەو رێژیمە وەک مەترسییەکی گەورەترو بەربڵاوتر لە جاران خۆی نیشان داوە.
ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە هەست بە ئەوە دەکرێ کە سیستیمێکی نوێی هاوکاری بۆ هەمووان، واتە هاوکاریی نێوان لایەنەکانی دژبەری ئەو رێژیمە، بۆتە پێداویستییەکی هەنووکەیی و لە درێژخایەنیشدا دەتوانێ ببێتە بەردی بناغەی کۆمەڵگایەکی نۆێتر و پێشکەوتووتر .
بە هەستکردن بەو راستییە و لە سەر بنەمای هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە ئاست خەڵکەکەماندا، رێبەریی هەردوو حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران لە چوارچێوەی رێکەوتننامەیەکی ستراتیژیدا وەک دوو حیزبی هاوپەیمان رێچکە و رێبازێکی نوێی هاوکاریی نێوان لایەنەکانی بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتیان داڕشت.
ئەم هاوکارییە دەتوانی بە کردەوە توانا و وزەیەکی زۆرتر بدا بە خەبات و بەربەرەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران  و پوچەڵ کردنەوەی پیلانەکانی بۆ بێ‌هیواکردنی خەڵک و دابەزاندنی ئاستی داخوازییەکانیان و لێک پچران لە ناو بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا.
لە سەر بنەمای ئەو رێکەوتننامەیە و بە مەبەستی هاوکاریی زیاتر نێوان هەر دوو حیزب، کۆبونەوەیەکی هاوبەشی ڕێبەریی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز ئەحمەدی مورتەزایی و رێبەریی  دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرەستی بەڕێز مەنسوور عەزیزی، رۆژی شەممە، رێکەوتی ١٨ی ٦ی٢٠١٦ی زایینی، لە ستۆکهۆڵمی پێتەختی وڵاتی سوئید پێکهات و لەوێدا بریار درا هەرچی زووتر ئەم هاوکارییانە بە کردەوە بێنە بواری ئەنجامدان و ئاستی هاوکاری و دانانی پلاتفۆرمی هاوبەش لە ناو هێزە دەربەستەکانی دیکەی کوردستانیش، بە پێی رێکەوتننامەی ستراتیژیی نێوان دوو لایەنی ناوبراو،پەرەی پێ بدرێ.
بۆ ئەو مەبەستە کۆمیتەیەکی هاوبەشی بەینی دو حیزب پێکهات کە لە داهاتوویەکی نێزیکدا ئاستی ئەو هاوکارییە هەمەلایەنانە زۆرتر ڕوون  دەکاتەوە و دەیهێنێتە بواری کردەیی.
لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانیشمان دەوێ کە بە ڕوحیەیەکی پڕ لە هەستی بەرپرسایەتی ئەم دۆخە بقۆزنەوە و ئەم هاوکارییانە بەرینتر و پتەوتر بکرێن،تا بتوانین خزمەتی زۆرتر بە بزوتنەوە ڕەواکەمان بکەین و  لە دەرەوەی وەڵاتیش کەش و هەوایەکی پڕ لە دۆستایەتی  و هیوا بخۆڵقێنین.


سەرکەوتوو بێت بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات

کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی  دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران
رێکەوتی ٢٠ی٦ی٢٠١٦ی زایینی











ئه‌م بابه‌ته 6272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:02:56:25/06/2016