کڕۆنۆلۆژی کردەوە تیرۆریستییەکان لە ٢٠١٥،٢٠١٦ لە ئەورووپا و ئەمریکا


ئا: مستەفا زاهیدی

بەرە بەیانی رۆژی 5 شەممە، 15 جوولای 2016، لە ڕۆژی جەژنی نەتەوەیی وڵاتی فەرانسە و لە شاری نیس هێرش كرایە سەر ئەو جەماوەرەی كە لەو ئاهەنگەدا بەشدار بوون و زیاتر لە 84 كەس كوژران و نزیك بە 100 كەس بریندار بوون كە تا ئێستە باس لەوە دەكرێت كە 18 كەس لە بریندارەكان، تەندروستییان ناجێگیرەو مەترسی مەرگیان لەسەرە.
بە پێی ئەو زانیاریانەی كە پۆلیسی فەرانسە بڵاوی كردۆتەوە، ئەو كەسەی ئەم كردەوە تیرۆریستییەی ئەنجام داوە پیاوێكی 31 ساڵەی موسوڵمانە وبە ڕەچەڵەك خەڵكی تونسە، ئەم تیرۆریستە بە لۆرییەكی پڕ لە تەقەمەنییەوە خۆی كردووە بە ناو بەشداربوانی ئەو ئاهەنگەدا و هاوكات دەستڕێژی كردووە لە خەڵك.

ئەم كردەوە تیرۆریستییە لە شاری نیس بەشێكە لەو زنجیرە كردەوە تیرۆریستییەی كە فەرانسە و بەشێك لە وڵاتانی ئورووپای گرتەوە لێرەدا هەوڵ دەدرێت كرۆنۆلۆژیەكی ئەو كردەوە تیرۆریستیانە بكرێت كە لە 2 ساڵی رابردوودا و لە ساڵەكان 2015-2016 لە ئورووپا و ئەمریكا ڕوویانداوە.
رۆژی چوار شەممە 7ی جێنیڤەری 2015، لە لایەن 2 كەسی موسوڵمانەو بە ناڕەزایەتی بە بڵاوكردنەوەی كاریكاتۆری محەممەد، هێرش كرایە سەر گۆڤاری تەنزی شارلی ئێبدۆ و 12 كەس كوژران و 10 كەس بریندار بوون و زۆربەی قوربانییەكانی ئەو كردەوە تیرۆریستییە، كاریكاتێریست و رۆژنامەنووسەكانی ئەو بڵاوكراوەیە بوون. دوای ئەم ڕووداوە داعش بەرپرسایەتی ئەم كارە تیرۆریستییەی گرتە ئەستۆ.
بكەرانی ئەو دوو كردەوە تیرۆریستییە كە دوو برابوون بە ناوەكانی " سەعید كواشی و شەریف كواشی" دوای هەڵهاتن لەو شوێنە دوای ئەوەی لە لایەن پۆلیستەوە شوێن پێیان هەڵگیرابوو، دوو رۆژ دواتر  هێرشیان كردە سەر چایخانەیەك لە 35 كیلۆمەتری باكوری پاریس و كەسێكیان بە بارمتە گرت. دوای هێرشی پۆلیس بۆ ئەم چایخانە برایانی كواشی كوژران و پۆلیس كەسە بارمتە گراوەكەی ئازاد كرد.

هەر لەم كاتەدا و لە حاڵێكدا سەدان پۆلیس برایانی كواشیان گەمارۆ دابوو، لە رۆژهەڵاتی پاریس، هێرش كرایە سەر سۆپەرماركتێكی جوولەكەكان و ژمارەیەكی زۆر بە بارمتە گیران، ئەو تیرۆریستەی كە هێرشی كردبووە سەر ئەم سۆپەرماركێتە كەسێك بوو بە ناوی (ئامدی كۆلیبالی) كە گەنجێكی 32 ساڵەی ئەفریقایی بوو، لە بەرامبەر ئازاد كردنی ئەو بارمتە گراوانەدا، خوازیاری ئەوە بوو كە پۆلیس نابێت كاری بە برایانی "كواشی" بێت و هەڕەشەی كرد كە ئەگەر پۆلیس ئەو دوو برا بكوژێت، سەرجەم بارمتە گیراوەكان دەكوژێت. لەم كردەوە تیرۆریستییەدا چوار كەس بوون بە قوربانی بە ناوەكانی یوهان كۆهن تەمەن 22 ساڵ، فیلیپ براهام تەمەن 40 ساڵ، فرانسوا- میشێل سادا تەمەن 60 ساڵ و جواو هاتاپ تەمەن 21 ساڵ. بە گشتی هێرشی تیرۆریستی شارل ئێبدۆ و رووداوەكانی دواتری كوژرانی 17 كەسی لێكەوتەوە.

رۆژی 14ی فێبریواری 2015 بەرامبەر بە 25ی رێبەندانی 1393 ی هەتاوی، لە شاری كۆپنهاگن لە وڵاتی دانمارك، هێرش كرایە كافێ – رێستوورانێك كە كۆبوونەوەیەكی كەلتووری تێدا بەڕێوە دەچوو لە ژێرناوی ، "ئیسلام، كوفر و ئازادی رادەربڕین" و بەهۆی ئەم كردەوە تیرۆریستییەوە كەسێك كوژرا و 3 پۆلیس بریندار بوون. ئەم كۆبوونەوەیە لەسەر بانگهێشتی "لارس ویلكێس"ی كاریكاتێریست بەڕێوەچوو. كاریكاتێرەكانی ئەم كاریكاتێریستە ساڵی 2007 ناڕەزایەتی گەورەی موسوڵمانەكانی لێكەوتەوە. چەند كاتژمێر دواتر لە ناوەندی شاری كۆپنهاگن هێرش كرایە سەر كەنیسەیەكی جوولەكەكان و پاسەوانی ئەم كەنیسەیە كوژرا.
رۆژی دواتر لە نزیك وێستگەی شەمەندەفەڕ لە كۆپنهاگن، بە هۆی تەقە كردن لە پۆلیس، پۆلیسێك بریندار بوو و سەرەنجام تیرۆریستەكە كوژرا. پۆلیس رایگەیاند ئەو كەسەی تەقەی لە پۆلیس كردوە هەمان ئەو كەسەیە كە دوو كردەوە تیرۆریستییەكەی رۆژی پێشتری ئەنجام داوە.

رۆژی هەینی ٢١ی ئۆگۆستی ٢٠١٥، کەسێکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی مەراکش هێرشی کردە سەر شەمەندەفەڕی ئامستردام پاریس و بەم بۆنەوە سێ کەس بریندار بوون، بە هۆی ئەم تەقە کردنەوە ناچار شەمەندەفەڕەکە وەستا. تیرۆریستەکە لە لایەن دوو سەربازی ئەمریکایەوە کە لە ناو شەمەندەفەڕەکەدا بوون و لە سەرنشینەکانی شەمەندەفەڕەکە بوون، دەستگیرکرا.
رۆژی 31ی ئۆكتۆبەری 2015، كاتژمێر 6:13 بەیانی بە كاتی میسر، فرۆكەیەكی رووسی لە فرۆكەخانەی شرم الشیخ لە میسر بەرەو پالكۆ لە سێن پێترزبۆرگ بەڕێوەبوو كە لە بیابانی سینا خرایە خوارەوەو 217 سەرنشین و 7 خزمەتگوزاری ئەم فرۆكەیە گیانیان لە دەستدا. 212 كەس لە سەرنشینەكانی ئەم فرۆكەیە خەڵكی رووسیا، 4 كەس خەڵكی ئۆكراین و 1 كەس خەڵكی بلارووس بوون. داعش ئەم كردەوە تیرۆریستییەی گرتە ئەستۆ و رایگەیاند ئەم كارەی لە تۆڵەی هێرشی رووسیە بۆ سەر هێزەكانیان لە سووریە ئەنجام داوە.

رۆژی 13ی نۆڤەمبەری 2015 لە شەش هێرشی هاوئاهەنگ و هاوكات، لە شاری پاریس، لانیكەم 120 كەس گیانیان لە دەستدا و 200 كەس برینداربوون. لانیكەم 100 كەس لەو كەسانەی لەم كردەوە تیرۆریستییەدا گیانیان لەدەستدا، ئامادەبووانی كۆنسێرتێك بوون لە هۆڵی "باتاكلان". ئەم كردەوە تیرۆریستییە بە خوێناویترین كردەوەی تیرۆریستی لە مێژووی فەرانسە دوای جەنگی جیهانی دووهەم ناوی دەركرد. ئەو كەسانەی ئەم كردەوە تیرۆریستییەیان ئەنجامدا، بە كەڵاشینكۆف دەستڕێژیان لە خەڵك دەكرد و هاوكات هاواریان دەكرد "الله اكبر". دەستبەجێ داعش ئەم كردەوە تیرۆریستییەی گرتە ئەستۆ.
رۆژی 2ی دێسمبەری 2015، بە هۆی هێرشی تیرۆریستی و دەستڕێژەوە لە ناوچەی ئینلەند سان برناندینۆی (San Bernardino) كالیفۆڕنیا، لە بەهۆی هێرش بۆ سەر ئاهەنگ و مەراسمێك كە بەبەشداری كارمەندەكانی بەشی تەندروستی شاری سان برناندینۆ بەڕێوە دەچوو لانیكەم ١٤ كەس كوژران و 18 كەس بریندار بوون. ئەنجامدەری ئەم كردەوە تیرۆریستییە كەسێك بوو بە ناوی سەید رزوان فارۆق، كە مەئمووری پشكنینی رێستۆرانتەكان بوو لە گەڵ ژنەكەی بە ناوی (تشفین مالك) ئەم كارەیان ئەنجامدا. رزوان فارۆق و هاوسەرەكەی كە خەڵكی پاكستان بوون لەم دەستڕێژكردنەدا زیاتر لە 75 فیشەكیان بەرەو دانیشتوانی ئاهەنگەكە تەقاند. پۆلیس رایگەیاند كە رزوان فارۆق و هاوسەرەكەی لە رێگای تۆڕە ئەنتەرنتێتییەكانەوە پەیوەندییان لەگەڵ داعش بووە.
رۆژی 5ی دیسەمبەری 2015 پیاوێك لە مێترۆ بە چەقۆ هێرشی كردە سەر خەڵك و بەهۆی ئەم كردەوەوە 3 كەس بریندار بوون و سەرەنجام كەسەكە لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.

 رۆژی 22 مارس 2016 سێ تەقینەوە لە برۆكسێل پێتەختی بەلجیكا (بلژیك) روویدا كە كوژرانی 34 كەس و برینداربوونی 136 كەسی لێكەوتەوە. دوو لەم تەقینەوانە لە فرۆكەخانەی برۆكسێل و ئەویتریان لە مێترۆ روویدا. ئەم تەقینەوانە خوێناویترین كردەوەی تیرۆریستین لە مێژووی بەلجیكا. داعش بەرپرسایەتی ئەم كردەوانەی گرتە ئەستۆ. بەرپرسانی بەلجیكا رایانگەیاند دوو كەس بە ناوەكانی (ئیبراهیم ئەلبەكراوی و نەجیم عەشراوی)ئەو كردەوانەیان ئەنجام داوە.  هەروەها دەركەوت بكەرانی ئەم كردەوە تیرۆریستییە پەیوەندییان لەگەڵ كردەوە تیرۆریستییەكەی پاریس بووە لە 13 نۆڤەمبەری 2015.

رۆژی 13ی جوونی 2016، بەرامبەر بە 24ی جۆزەردان، لە لایەن گەنجێكەوە بە ناوی (عومەر مەتین) هێرش كرایە سەر كلوووپێكی هاوڕەگەز بازەكان (Gay bar) و بە هۆی دەستڕێژی گوللەوە 50 كەس كوژران و 53 كەس برینداربوون. هەواڵنێری (اعماق) سەر بە حكوومەتی ئیسلامی (داعش)، رایگەیاند كە ئەنجامدەری ئەم كردەوە تیرۆریستییە سەر بە داعش بووەو بەم شێوەیە داعش ئەم كردەوە تیرۆریستییەی گرتە ئەستۆ.
لە دوای ساڵی 2001ەوەو دوای رووخانی تاوەرە بازرگانییەكان، ئەورووپا و ئەمریكا چەندین جار كەوتوونەتە بەر هێرشی تیرۆریستی كە بە زۆری لە لایەن ئەلقاعیدەوە رێك دەخرا، هەر لە نیۆیۆركەوە بگرە تا لەندەن و ئۆسلۆ و ... بەڵام لە 2 ساڵی رابردوودا و دوای سەرهەڵدانی داعش، كە دەكرێت بە نەسڵی سێهەم ئەلقاعیدەی بزانین كە سەرەتا لە عێراق و سووریە دامەزرا، ئەم هێرشانە بۆ وڵاتانی ئورووپایی و ئەمریكایی بەرفراوانتر بۆتەوە. لە دوایین نموونەشدا كە بەرەبەیانی پێنج شەممە 15ی جولای 2016 و لە رۆژی نەتەوەیی فەرانسە  روویدا، دەیانهەوێت ئەوان ئەو پەیامە بە ئاشكرا بە دونیای رۆژئاوا بگەیەنن، كە ئەوان لەگەڵ زات و جەوهەرەی دونیای رۆژئاواو لەم نموونەدا فەرانسە كێشەیان هەیە. فەرانسە شانازی دەكرد بەوەی كە بەری بە هەرچەشنە كردەوەیەكی تیرۆریستی گرتووە لە كاتی بەڕێوەچوونی یارییەكانی یۆرۆ 2016. بەڵام لە كەمتر لە 2 هەفتە دوای یارییەكان، ئەم كردەوە روویدا، ئەمەش بەو مانایە كە توندڕەوی ئایینی لە ئەورووپا و فەرانسە كۆتایی پێ نەهاتووە بەڵكوو بە شێوەیەكی رێكخراو هەر كات بیهەوێت و ئیرادە بكات چزی خۆی دەوەشێنێت.





ئه‌م بابه‌ته 2276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:41:15/07/2016