ئەبوبەکر مودەرسی
چەمکی حاکمی عادڵ تایبەتە بە کۆمەڵگایەک کە تێیدا یاسا سەروەر نیە، هیچ جۆرە بەربەست و سنوورێک بۆ سەرەڕۆیی دەسەڵاتداران لە ئارادا نیە ..." />

حاکمی عادڵ و کۆمەڵگای مەدەنی


ئەبووبەکر مودەڕسی

چەمکی حاکمی عادڵ تایبەتە بە کۆمەڵگایەک کە تێیدا یاسا سەروەر نیە، هیچ جۆرە بەربەست و سنوورێک بۆ سەرەڕۆیی دەسەڵاتداران لە ئارادا نیە. بۆیەش دانیشتووان بەتەواوی لەژێر روحم و بەزەیی سەرۆکدا ژیان دەبەنەسەر، خوو و خدە و هەڵسوکەوتی حاکم، دەسەڵاتدار، رێبەر، وەلی فەقیهە یان لەژێر هەر ناوێکی دیکە، دەورێکی کاریگەر و زیادەرۆیانە و نائاسایی لەسەر رەوتی رووداوەکان و ئاسایشی خەڵک دەگێڕێ. لەو کۆمەڵگایەدا لە ئاستی جۆراوجۆر هەر لە پاسەوانی گەڕەکەوە و هەر لە کارمەندی ئیدارەیەک تا بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتخانەیەک، هەر کامیان بەپێی ئەوەی کە چەندە بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیان وەپێش ئەرکی خۆیان دەخەن، دەتوانن کاریگەریان لەسەر ئاسایش و ئارامشی خەڵک ببێت، تا ئاستێک کاری خەڵک جێبەجێکەن یان لە بەرژەوەندی خۆیان ژیان بە خەڵک تاڵ کەن.


ئاشکرایە کە هۆکارەکانی بوون و بەردەوامی کۆمەڵگایەکی بەوجۆرە، فرەچەشنە و یەک هۆکاری نیە، بەڵام تا ئەو جێگایەی بۆ باسەکەی ئێستامان دەگەرێتەوە، نەبوونی دیمۆکراسی، پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و سەروەرنەبوونی یاسا یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانە. دەتوانین سەروەرنەبوونی یاسا، تەنانەت ئەگەر قسە لەسەر یاسایەکی پێشێلکار و ناعادڵانە بێت، بە هۆکاری سەرەکیتر دانێین. بەشيکی زۆری وڵاتانی ئوروپایی لە سەدەی نۆزدە و تەنانەت هەندێکیان وەک پورتەغاڵ و ئیسپانیا تا دوای شەڕی دووهەمی جیهانیش لەژێر نەزمێکی سیاسی نادیمۆکراتیک و بەشێوەیەکی دیکتاتۆڕی بەرێوەدەچوون. هەرچەند یاساکان هەر بەو جۆرەی ئاماژەی پێکرا یاسای پێشێڵکار و دژەدیمۆکراسی بوون، بەڵام بەڕێوەچوونی وڵات نە لەسەر ئەساسی سەرەڕۆیی بێسنووری دیکتاتۆر بەڵکوو بە پاڵپشتی ئەو یاسایانە و هەروەها دامەزراوەکانی پيوەندیدار بەو یاسایانە، کاریدەکرد. دەتوانین بەکورتی ناوی بنێین دیکتاتۆرییەکی یاسامەند. لە کۆمەڵگایەکی ئاوەهادا حاکمی عادڵ و یان زاڵم مانای نیە، بەس ئەوەی هەیە سیستم یان یاسای ناعادڵانەیە. بۆیەش خەبات بۆ دیمۆکراتیزەکردنی وڵات زۆرجاران لە رێگای خەبات بۆ گۆڕینی یاساکان بەرێوەچووە نەک لە رێگەی شۆڕشێکی چەکدارانەوە. لە وڵاتانی دیکتاتۆریی مۆدێرنی ئوروپایی بەشێکی هەرە زۆری دیکتاتۆرییەکان لە رەوتێکی ئاوەهادا بوون بە وڵاتانی دیمۆکراتیک. ئەوەی لە وڵاتانی وەک ئێران سەروکارمان لەگەڵی هەیە تێکەڵاوێکە لە دیکتاتۆری بەمانای سەرەوە و ئیستبداد و سەرەڕۆییەکی بێسنووری وەک وڵایەتی فەقیهە کە لە سەدەکانی ناوەراست باو بوو. لەو سیستمەدا هەرچەند پێشێلکارییەکان تا ڕادەیەک بە پاڵپشتی یاسا دەکرێ بەڵام دەسەڵاتی حاکمی سەرەڕۆ هەموو ئەو یاسایانەش کە خۆیان دایانناوە تێدەپەڕێنێ و یان باشترە بڵێین یاسا زۆرجاران بۆ جوانکاری رواڵەتی و وەک زینەت بەکار دەهێندرێ.


هەر بۆیەش خەبات بۆ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و کاردانەوە بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی رژیمی سیاسی، مەترسی ئەوەی لەسەرە بڕواتە خانەی بانگەواز بۆ حاکمی عادڵ و رەخنە لە "بێعەداڵەتیی" ئەو کەسە. حیکایەتی خامنەیی وەک شيوەیەکی زێدەرۆیانە فۆکوسەکان دەخاتە سەر یەک نەفەر و پاڵنەرە دەرونییەکانی بۆ خەراپەکردن و زوڵمکردن. زێدەڕۆیی لەوبارەوە دەتوانێ سەرمایەگوزارییەکی باش بێ بۆ لایەنگرانی بەردەوامی ئیستبدادی ئایینی دوای مەرگی خامنەیی. سەرجەم ئەوەی لەو ساڵانەدا چاومان لێی بووە ئەوەیە ئاستی تەحەمولی دەزگای سەرکووتگەر لەبەرامبەر هێرشی شەخسی بۆ سەر دەسەڵاتدار زۆرترە لە تەحەمول بەرامبەر هەڵخراندنی خەڵک بۆ گۆڕینی یاساکان و خەبات بۆ مافە سەرەتاییەکان، چوونکە بە حوکمی ئەوەی زاڵمترین دەسەڵاتداریش هەر مرۆڤە، ئەگەر لە تەمەنی خۆیدا نەیکێشنە خوارەوە و چارەنووسێکی وەک قەزافی بەرۆکی نەگرێ، مەرگی سرووشتی و نەخۆشی ئەو ئەرکە وەئەستۆ دەگرێ. نە کوشتنی قەزافی بەو شێوەیەی دیتمان و نە مەرگی خۆمەینیش بەو جۆرەی روویدا هیچکام دەردەی کۆمەڵگای لیبی و ئێران و کێشەی خەڵکی دانیشتووی ئەو وڵاتانەی چارەسەر نەکرد.


لە حەفتەکانی ئەم دوایانەدا دوو دەنگی بەرجەستە لەو چواچێوەیەدا بیسرا. یەکیان موحسینی میردامادی کە خزمی خامنەییە، وەلی فەقیهە نەسێحەت دەکا کە ئێستا بە تایبەت لە کاتێکدا وەزعەکە بەرەو ئاڵۆزی دەچێ، بە هەڵسوکەوت و رەفتاری خۆیدا بێتەوە و لانیکەم لە ساڵەکانی ئاخری ژیانیدا دەوری حاکمێکی عادڵ بگێڕێ. هەڵبەت زۆر کەس لەوانەیە پێوەندی خزمایەتی بە هۆکارێک بزانن و نموونەی میردامادی بە نمونەیەکی باش بۆ ئەو باسە نەزانن، بەڵام دەنگی دووهەم لەوبارەوە پاساوی وا هەڵناگرێ. محەمەدی خاتمی بەناوبانگترین رواڵەتی رێفۆرمخوازی دەوڵەتی و سەرۆک کۆماری پێشوو داوا لە خامنەیی دەکا بە چاو و هەستێکی لێبوردەیی بڕوانێتە کێشەکان و مەجالی ئەوە بۆ رێفۆرمخوازان برەخسێنێ تا بۆ جارێکی دیکەش بێنەوە ناو شانۆی سیاسی لە ئێران. نە لە نەسیحەتەکانی میردامادی و نە لە پارانەوە و بانگەوازەکەی خاتەمی تەنانەت یەک وشەی رەخنەئامێز لە رێسا و یاساکانی زاڵ بەسەر نیزامی سیاسیی ئێراندا نابیندرێ.


لە راستیدا تەنانەت هەڵپێچانی دامودەزگای رژیمیش گەر تەنیا بە واتای فیزیکی ئەم دامودەزگایە و کەرەسەکانی بە کردەوە دەرهێنانی زوڵم و پێشێلکاری چاوی لێبکرێ، ناتوانێ بەستێنەکانی سەرهەڵدانەوەی دیکتاتۆری و سەرەڕۆیی وشک بکات. لەقاودانی زۆڵم و زۆری رژیمی سەرکووتگەر و حاکمی سەرەڕۆ هەڵبەت خۆی کارێکی باش و پێویستە ئەگەر لەپێناو بردنە سەری ئاستی وشیاریی سیاسی جەماوەر ئەنجام بدرێ. لەم کات و ساتەدا کە قسە و قسەلۆکی نەخۆشیی کوشندەی خامنەیی لە لایەک و مەترسی فراوان بوونەوەی قەڵشتەکانی نیوان باڵەکانی دەسەڵات رۆژ بە رۆژ زیادتر دەبێسترێ، ئەگەر بە وتەی میردامادی ئەرکی دەسەڵاتداری زاڵم ئەوەیە کە هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێ و بەو جۆرە دڵخۆشی خەڵک بداتەوە، ئەرکی خەڵک دەبێ ئەوە بێ ئەو دۆخە بکەنە هەلێک بۆ ئەوەی یەکجار بۆ هەمیشە رێگای سەر‌هەڵدانەوەی دەسەڵاتی سەرەڕۆی سەدەکانی ناوەراست لەژێر هەر ناوێک کوێرکەنەوە و کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ئازاد دامەزرێنن کە تێیدا هەم یاسا سەروەری هەیە و هەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە مافی خۆیان بێبەری نەبن و نە نەتەوەبندەستەکان وەک شارۆمەندی پلە دوو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێ و مافیان پێشێل بکرێ. واتە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و خەمڵاندنی بزووتنەوەیەکی پێشکەوتوو لە کوردستانی رۆژهەڵات کە خەبات بۆ مافی نەتەوەیی شان بەشانی بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکان بباتە پێش. لە ڕاستیدا درووستکردنی کۆمەڵگایەکی ئاوەها، لەناو زۆر شتی دیکەدا پێویستی بە دامەزراوە مەدەنییەکان هەیە کە بەردەوام کاری دەسەڵاتداران بخەنە ژێر چاودێری و پێشێلکارییەکان لە قاودەن. حیزبە سیاسییەکان لە رەوتی بە دمۆکراسی کردنی کۆمەڵگا دەورێکی کاریگەر دەتوانن بگێڕن. ئەوەمان لە بیر بێ لە کەش و هەوایەکی ئازاد دا هیچ حیزبێک هەرچەند جەماوەری هەمیشە لە دەسەڵاتدا نیە و زۆرجار لەوانەیە لە دەرەوەی دەسەڵات بێ و دەوری ئۆپۆزیسۆن بگێڕێ. تەنیا لە جێگایەک کە دامەزراوە مەدەنییەکان پێگەیەکی قایمیان هەیە حیزبی لە دەرەوەی دەسەڵات دەتوانێ، دەور و ڕۆڵی خۆی هەبێ و دەرفەت و شانسی بەرەو پێشچوون پەیدا بکات. لە هەمان کاتدا حیزبەکان دەبێ بەرنامەیەکی شەفافیان بۆ ئیدارەی کۆمەڵگا هەبێ. خەڵک لە زوڵم و زۆر و نادادپەروەری بێزارن بەڵام ناڕەزایەتی هێشتا واتای ئەوە ناگەیەنێ کە ئەو بێزارییە بۆتە تێگەیشتنێکی قووڵ لە مافەکانی ئێمە وەک تاک و وەک ئەندامێکی ووشیار و بە ئاگای ناو کۆمەڵگا.


بۆیەش کۆمەڵە کە لەو بارەوە شەفاف و بێ گرێ و گۆڵە و خۆی بە حیزبی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەزانێ، دەبێ گرینگی زۆرتر بدات بە کاری بێوچانی راگەیاندن، و بردنە سەری ئاستی ووشیاری سیاسی. بە داخەوە ئێمە لەوبارەوە هەموو توانایەکانی خۆمان وەگەڕ نەخستووە و ئەرکی خۆمان بە تەواوی بە جێ نەهێناوە. ئەرکی بردنە سەری ووشیاریی سیاسی تاکی کۆمەڵگا و بەرچاوروونی زۆرتری لەهەمبەر مافەکانی خۆی لە هەڵخراندنی قین و تووڕەیی، هەرچەند بەرحەق، لە دژی حاکمی سەرەڕۆ زۆر پیرۆزترە. حاکمی زاڵم و سەرەڕۆ دیاردەیەکی گوزەرایە لەحالێکدا دەسەڵاتی سەرەڕۆ دەتوانێ بەردەوام بێ.


ئه‌م بابه‌ته 854 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:01:33:09/02/2017