پەیامی نەورۆزیی هاوڕێ عەبدوڵڵا موهتەدی "سكرتێری گشتی كۆمەڵە"


كۆمەڵانی تێكوشەری خەڵكی كوردستان، خۆشك و برایانی خۆشەویست، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە نەبەزەكان، دایک و باوكە بەڕێزەكان، كچان و كوڕانی كوردەواری، دۆستان و ئازیزان، جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی تازەتان لێ پیرۆز، بەهاری جوانی‌ و سرووشتی كوردەواریتان لێ پیرۆز، جەژنی سەركەوتن‌ و سەوزایی ژیان و بووژانەوە بە سەر سەرما و سۆڵە، جەژنی سەركەوتنی رووناكی، درەوشانەوە بەسەر تاریكی و سارد و سڕیتان لێ پیرۆز، جەژنی سەركەوتنی شادی بەسەر غەم ‌و پەژارە، سەركەوتنی پەری بەسەر دێوزمە، جەژنی سەركەوتنی کاوەكانی سەردەم بەسەر ئەژدەهاكانی رۆژگار، جەژنی كۆنی كوردیتان لێ پیرۆز، جەژنی فڕێدانی بەرگی كۆن و پۆشینی بەرگی نوێتان لێ پیرۆز، جەژنی نوێبوونەوە، جەژنی بووژانەوە و هەستانەوە، جەژنی بەرەو پیریی چوونی ئازادیتان لێ پیرۆز، جەژنی سەركەوتنی هات بەسەر نهامەتی‌ و نەهاتیتان پیرۆز.


نەورۆز هەمیشە لە كوردەواریدا خۆشەویست بووە، هەمیشە رێزی لێ‌گیراوە، هەمیشە ئاگری نەورۆز لەسەر بەرزایی‌ و بڵندان كراوەتەوە و موژدەی خۆشی و شادی هێناوە، هەمیشە ڕەمزی نوێبوونەوە بووە و دڵانی گەرم كردۆەتەوە.

بەڵام لەم ساڵانی دواییدا بوو كە بە هیمەتی كوڕان و كچانی پێشكەوتنخوازی كوردەواری جارێكی دیكە نەورۆز كرایەوە بە ڕۆژی هەست و هەناسەی كوردایەتیمان، كرایە رۆژییەكگرتووییمان، رۆژی پێكەوەبوون و هاوپشتیمان، رۆژی خەبات و تێكۆشانمان؛ كرایە رۆژێك كە دامودەزگای داپڵۆسێنەری ئیستبداد كە پێیوابوو دونیای تووقاندووە لە حاست ئیرادە و یەكگرتووییمان كۆڵ‌دەدا و بە چۆكدا دێ، رۆژێك كە بانگی دادخۆازی و ئازادیخۆازی گەلی دێرینی كورد بە گوێی منداڵ و زارۆكانماندا دەدرێت و بە بیری سەربەرزی و سەربەستیخۆازیی گۆشیان دەكات، كرایە رۆژێك كە هێزی لەبنەهاتووی خۆمان، بەچاوی خۆمان دەبینین، كرایە رۆژی بڕوابەخۆهێنان و لە خۆڕاسان، رۆژی لە خۆداتەكاندنی تۆزی دیلی و ژێردەستی، كرایە رۆژی هەڵكردنی ئاڵای سەوز و سوورمان.


سپاس بۆ ئێوە لاوانی تێكوشەری سیسێر و نستان و دەڤەری سەردەشت كە مەشغەڵی دەستپێكی قۆناغی نوێی ڕێوڕەسمی نەورۆزتان لەبەرچاوی چڕی، ئاڵی، زاڵی شەو داگیرسان، سپاس بۆ ئێوە مەریوان، ژاوەرۆ، هەورامان، جوانڕۆ، سنە، مەهاباد، موكریان، ئەردەڵان، كرماشان، تەرگەوەر، مەرگەوەر، پیران و لاجان، سۆما و برادۆست، شكاكان، سپاس بۆ ئیلامی دێرین، بۆ كوردی خۆراسان، بۆ خەڵكی گوند و شاران بەپانتایی هەموو وڵاتی كوردان كە لەم ساڵانەدا نە لە سەرما و سۆڵە سڵتان كرد و نە بە هەڕەشە و گوڕەشە تۆقان. سپاس بۆ ئێوە ژینگەپارێز و نەمامچێنان، ئەم ساڵیش سرووشتی كوردەواری بە دەست و پەنجەی خۆتان ڕنگین كەن.

سپاس بۆ ئێوە ئەمەگناسانی خەباتی نەوەكانی پێشوو، ئەمساڵیش سەری رێز لەبەر دەرگای ماڵی بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختكردوان دانەوێنن، با دونیا بزانن "نامرێ ئەوانە وا لە دڵی ئێوەدا دەژین"، كرێكارانی پێشڕەو كە كلیلی ژیانی كۆمەڵگا بەدەستی ئێوەیە، مامۆستایانی تێكۆشەر كە نەوەی داهاتوومان بۆ پەروەردەدەكەن، ژنان و كچانی كۆڵنەدەری كوردستان، لاوانی دوژمنبەزێن، دایكان و باوكە بە تەمەنەكان كە ئێمەتان پێگەیاندووە، فێری خۆشەویستی وڵات و ئەخلاقی بەرزی مرۆڤانەتان كردووین، لەم نەورۆزەدا پێشمانكەون، خوێندكارانی هوشیار و وریامان ئێوە دەبێ لە ریزی پێشەوە بن. كاسبكار و بازاڕی و بازرگانە نیشتمانپەروەرەكان، پزیشكان، كارمەندان، كۆڵبەران، نەوجەوانانی هیوای دواڕۆژمان، مناڵە چاوگەشەكان، پێشمەرگەدێرینەكان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگەی نوێ و نەسڵی نوێی خەباتكار، پیر و گەنج، ژن و پیاو، نەورۆز هی هەر هەموومانە، بەهەموو ناوچە و زاراوە و چین‌وتوێژ و بیر و سیاسەتێكمانەوە. نە پاوانی كەسێكە و نە كەسی لێ بێبەشە، بەپێچەوانە، ئەوڕۆ رۆژی پێكەوەبوونمانە، رۆژی نیشاندانی یەکگرتووییمانە، هیچتان درێغی لێمەكەن، با دروشمی ئەم نەورۆزەمان یەكگرتوویی و بڕوابەخۆیی بێت

.

خۆشەویستەكانم، هیواتان بە خۆتان و چارەنووسی دەست و هیمەتی خۆتان هەبێ، دڵنیابن تەنگانە بەریان كورتن و رۆژی ئێمەش دادێ، دڵنیابن دوژمنانی ئازادی و بەختەوەریمان لە ئێستادا گەورەترین تەنگژەی هەموو ژیانی نگریسیان تێپەڕدەكەن، زۆری نەماوە جێیان پێ لەق بێ و شیرازەیان لێ تێكبچێ، دڵنیابن ئەوكاتەی قەڵای بەڕواڵەت لەشكان‌نەهاتووی دیكتاتۆریهاتە داڕمان خۆتان پێتان سەیر دەبێ تا چ رادەیەك كوڵۆڵ و پرتوكاو بووە، بە خۆتان دەڵین بۆ ئێمە وا دێر جوڵاوینەتەوە، هەر وەك بەچاوی خۆتان لە نەورۆزدا دەیبینن گۆڕان و نوێبوونەوە قانوونی تەبیعەتە و نیزامی گەندەڵ و بێبناغە و كۆنەپەرەستیش هەر دەبێ بڕوات و جێی‌خۆی بە ئازادی و دادپەروەری بدات؛ شنەی ئازادی میللەتی ئێمەش دەگرێتەوە و دەبینین كە كوردستانی رۆژهەڵات دەبێتە پێشەنگی خەباتی هەموو كوردستان و هەموو گەلانی ناوچەكەش

.

ئازیزانم، رۆڵەكانم، رۆژهەڵات و رزگارییەكەی بكەنە تەوەر و ئامانجی خەبات و تێكۆشانتان، مەهێڵن خەباتتان بەلاڕێدابەرن و دوژمنی راستەقینەتان لەبەرچاو ونكەن، مەهێڵن بەرچاوتان لێڵكەن و رێبازی رۆژهەڵات تەوەریتان لێ بشێوێنن. ئێوەی كوردی رۆژهەڵات خاوەنی پێشكەوتووترین سوننەت و فەرهەنگی خەبات و خاوەنی گەورەترین سەروەری و پێشینەی پڕ لە شانازین، بڕواتان بەخۆتان، بە مێژووی خەباتتان، بە داهاتووتان هەبێ، مەچنە ژێر كاریگەریی ئەو بیرە چەوتەوە كە لەبن‌ گوێتان چپەدەكا و پێتان دەڵێت رۆژهەڵات بێدەنگ و كزوو بێخەبات كەوتووە و كوردی ئێران هیچیان پێناكرێ، باشتروایە قیبلە بگۆڕن. بە قسەی ئەو دۆستە درۆیینانە خۆتان مەدۆڕێنن و ئامانجی خۆتان ون مەكەن با كەس نەتوانێ چەواشەمان بكا، با كەس نەتوانێ هەڵنەكەوتنی هەلی كونجاومان لێبكا بە گورزێك و بیكوتێتەوە سەری خۆمان و بەناوی دڵسۆزی سەركوێرمان کا و ورەمان دابەزێنێ. داهاتووی كوردستانی رۆژهەڵات روونە، با بەهێزی یەكگرتووی هەموومان ئەو داهاتووە گەشە وەدی بهێنین. جارێكی دیكەش نەورۆزتان لێ پیرۆز دەكەم، هیواداری شادی و تەندروستیتانم و نەورۆزێكی گەرم و گەش و ساڵێكی بە خێر و خۆشیتان بۆ بە ئاوات دەخوازم.


ئه‌م بابه‌ته 848 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:17:03/04/2017