ڕاگەیاندنی كومیتەی دەرەوەی وڵاتی كۆمەڵه بۆ پشتیوانی له چالاكانی مەدەنی رۆژهەڵات و مەحكوم كردنی هەڕەشەكانی سەر كوردستانی باشوور

گەلی كوردی ئازادیخواز له تاراوگه
حزب و لایەنە سیاسی و مەدەنییەكانی كوردستان
كەسایەتی و تێكۆشەرانی كورد له تاراوگه
دۆستان و پشتیوانانی گەلی كورد
 رۆژی ٢٥ی سیپتەمبر گشتپرسی گەلی كورد له كوردستانی باشوور به سەركەوتوویی بەڕێوەچوو. گەلی كورد له باشوور له رێی هەڵبژاردنەوه كه له بنەماكانی دێموكراسی و دنیای مودێرن و پێشكەوتوویه، داوای مافی چارەی خۆی بەرز كردەوە. بەڵام ئێستا له لایەن داگیركەرانەوه كه هیچكات باوەڕیان به دێمۆكراسی و ئازادی نەبووه و پێشلكاری سەرەكی مافەكانی مرۆڤن و سەرتاپای مێژوویان رەش و پڕ لە جینایەته، هەڕەشەی لێ دەكرێ. رژیمی ئیسلامی و داگیركەرانی كوردستان هەڕەشەی جۆراوجۆر دەكەن و خەریكی گەلەكۆمەكین له دژی گەلی كورد له باشوور و چاویان به كوردستانێكی ئازاد و سەربەخۆ هەڵنایا.
 هەروەها له كاتی خرۆشانی گەلی كورد له رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی له باشوور، رژیمی ئیسلامی چاوی بەرایی نەدا هاتنە مەیدانی بەرینی ئەم خەڵكه به شێوەی مەدەنی و سەردەمییانه بۆ دەربڕینی شادی و پشتیوانی له هاوچارەنووسەكانیان ببینێ و هێزی سەركوتگەری له شارەكانی دیكەوه رژانده كوردستان و به پێی ئاماره نافەرمییەكان زیاتر له ٨٥٠ كەس له چالاكانی مەدەنی و خەڵكی رۆژهەڵات له لایەن هیزه داگیركەرەكانی رژیمەوه دەسبەسەر كراون.
 ئێمه پێمان وایه چارەنووسی گەلی كورد و خەباتەكەی لێك گرێ دراوه و ئەم قۆناغه له خەبات ئەركی گەوەره دەخاته سەر شانی گشت لایەكمان و حەق وایه به دڵی گەوره و هەست به بەرپرسیارێتی له حاست وڵات و نەتەوەكەمان یەكگرتوو و یەكدەنگ بین و مێژووش هەر ئەوەمان لێ دەخوازێ. هەروەك ژمارەیەك له چالاكانی مەدەنی پێشتر داوایان كردبوو، كومیتەی دەرەوەی وڵاتی كۆمەڵە داوا له گشت حزب و رێكخراوە سیاسی و مەدەنییەكانی كورد و هەموو كەسایەتی و تێكۆشەرانی سیاسی و چالاكانی مەدەنی و ئازادیخوازان دەكا، بۆ پشتیوانی له مافی رەوای گەلی كورد و دەسكەوتەكانی و مەحكوم كردنی هەر جۆره هەڕەشه و زەبروزەنگێك بۆ سەر باشووری كوردستان، بۆ پشتیوانی له بەندكراوانی كوردستانی رۆژهەڵات و ئازادی دەستبەجێی چالاكانی مەدەنی، بۆ گەیاندنی دەنگی مافخوازی و دێموكراسیخوازی  گەلی كورد و دەنگی ئازادیخوازانەی بەندكراوانی رۆژهەڵاتی كوردستان به گوێی دامودەزگا و پاڕلمانەكان و كۆڕ و كۆمەڵه مرۆڤدۆستەكانی جیهان، له وڵاتانی جۆربەجۆر به وەرێخستنی ئاكسیۆن و خۆپیشاندانی بەرین، ببینه دەنگی هەقخوازانەی نەتەوەكەمان له باشوور و هاواری كپ كراوی بەندكراوان له رۆژهەڵات.
 
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
كومیتەی دەرەوەی وڵات
 ٢٩ی سیپتەمبری ٢٠١٧


ئه‌م بابه‌ته 161 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:12:13:01/10/2017