ڕاگەیەندراوی هاوبەشی کۆمەڵەی شۆڕشگێر و حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

 

ڕاگەیەندراوی هاوبەش

کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان

کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان،

دۆستان و دڵسۆزان،

هێرشی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆسەر ناوچە کێشە لەسەرەکانی کوردستانی باشوور نەک هەر هەرێمی کوردستانی تووشى ئاڵۆزى و دووبەرەکایەتى و زەرەر و زیانى زۆر کردووە، دەرفەتێکیشى بۆ رژیمى کۆمارى ئیسلامى ئێران و هێزە تێرۆریستەکانى خولقاندووە کە لەو ئاڵۆزیانە کەڵکی نابەجێ وەر بگرن و هەوڵ بدەن زەربە لە حیزبەکانى کوردستانى رۆژهەڵات بدەن.

لەم پەیوەندەدا بەپێویستى دەزانین رایبگەیەنین کە:

یەکەم، ئێمە هەموو دەستدرێژى و پیلانگێڕییەکى کۆمارى ئیسلامیى ئێران لە هەرێمى کوردستان مەحکووم دەکەین. رژیمى ئێران نەک هەر دوژمنى نەتەوەکانی ئێران بەڵکوو سەرچاوەى نائارامى و قەیران لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە و لە کوردستانى باشووریش جگە لە ئاڵۆزى و دووبەرەکایەتى نانەوە هیچ خێرێکی بۆ کورد نابێت.

دووهەم، ئێمە بە مافى خۆمانى دەزانین بە هەموو توانامانەوە بۆ پووچەڵکردنەوەى هەر پیلانێکى ئەو رێژیمە و بەرپەرچ دانەوەى هەوڵ بدەین و هەموو هەنگاوێکى پێویست لەم بارەیەوە هەڵبگرین.

سێهەم، خەڵکى خەباتکار و بوێرى کوردستانى رۆژهەڵات لە ئەگەرى هەر پیلانێکی کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر حیزبەکاننی رۆژهەڵات، وەڵامیان دەدەنەوە و بێدەنگ نابن. دڵنیایان دەکەینەوە کە رۆڵە پێشمەرگەکانى ئەوان ، لە هەر ئەگەرێکدا وەکوو هەمیشە حەماسەی پڕ لە شانازى بەدژى دوژمنانى گەلى کورد دەخوڵقێنن.

چوارەم، داوا لە هەموو کوردانى دەرەوەى وڵات بەگشتى و بەتایبەت کوردانی رۆژهەڵات دەکەین کە بە  شێوازی مەدەنی و ئەمڕۆییانە بەدژى پیلانە گڵاوەکانى رژیمى کۆمارى ئیسلامى بۆ سەر حیزبە رۆژهەڵاتییەکان و کوردانی رۆژهەڵاتی دانیشتووى باشوور بوەستنەوە.

پێنجەم ـ داوا لە حکوومەتی هەرێمی باشووری کوردستان و خوشک و براکانمان بەتایبەتی لاوەکان، ئازادیخوازان، ناوەند و کەسایەتییە ئایینییەکان لەو بەشە دەکەین کە ئیزن نەدەن رژیمی کۆماری ئیسلامی هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان وەک دەرفەتێک بقۆزێتەوە بۆ هێرش کردن بۆسەر کەمپەکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات و ئەندامان و لایەنگرانیان لە باشوور و، لەبەرانبەر دەستدرێژییەکانی ئەو رژیمە بێدەنگ نەبن.

شەشەم، داوا لە ئەندامان و لایەنگرانى هەموو حیزبەکان دەکەین لەگەڵ ئامادەبوون و لەسەرهەست بوون، خۆ لە زمانی زبر و سووکایەتی بەنیسبەت یەکتر و ئەندام و لایەنگرانی پارچەکانیتردوور بگرن و هەوڵ بدەن زمانی پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و گشتییان هەبێ تاکوو بریندارکردنی یەکدی.

حەفتەم، داوا لە کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرایەتیی وڵاتان لە کوردستانی باشوور دەکەین کە لە بەرامبەر دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە عێراق  وکوردستان و کردەوەکانی سوپای پاسداران و هەڕەشەیان بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵات و گیانی خەڵکی نێو کەمپەکان بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێ.

 

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕیزەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

٣٠ی رەزبەری ١٣٩٦

٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧

 


ئه‌م بابه‌ته 1977 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:06:22/10/2017