ڕاگەیاندن هاوبەشێ کۆمەڵە و حدکا: "پێش بە ماشینی کوشتاری رژیم بگرن!"

پێش بە ماشینی کوشتاری رژیم بگرن

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

نەتەوە مافخوزەکانی ئێران

خەڵکی ئازادیخواز

کۆڕو کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان

 

هەروا کە بینیمان لە میانەی چەند ڕۆژ خۆپێشاندانی ئێعترازی جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و هاواری مافخوازیی نەتەوەکان لە ئێراندا، کۆماری ئیسلامی ئەمجارەش بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە جگە لە سەرکوت و داپڵۆسین، هیچ وەڵامێکی دیکەی بۆ داخوازیی ڕەوا و مەدەنییانەی خەڵکانی ناڕازی نەبوو.

لەم ماوەیەدا بەپێی ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان بە هەزاران کەس لە لایەن دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژیمەوە دەسبەسەر کراون و سەدان کەس بریندار و دەیان کەسیش لە سەر ناڕەزایی دەربڕین لە شەقامەکان، بە دەستی هێزەکانی ڕژیم کوژراون.

لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی ناڕازیان، بەوپەڕی توندوتیژییەوە هەموو مافە ئینسانی و یاساییەکانی دەسبەسەرکراوان پێشێل کراون.  کۆماری ئیسلامی ئەمجارەش تەنیا به ئەشکەنجە و سەرکوت و داپڵۆسین وڵامی داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵک دایەوە. لەم ڕۆژانەشدا، خامنەیی ڕێبەری ڕژیم ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بوون مۆرەی دوژمنن و وێڕای بە "وەحشی" ناوی بردنیان، فەرمانی سەرکوتی توندوتیژتری دەرکرد و بۆیەش مەترسیی گیانی دەسبەسەرکراوان و خەڵکی ناڕازی و زیندانیانی سیاسی زۆرتر بۆتەوە.

بە پێی هەواڵەکان چەند کەس لە دەسبەسەرکراوان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بەنیازی وەڕێ خستنی شەپۆلێکی دیکەی ئێعدامی زیندانیانی سیاسییە.

ویژدانە ئازادیخوازەکانی جیهان!

ڕژیمی کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە و خەڵکی ڕاپەڕیو وئازادیخوازی ئێران پێویستیان بە پشتیوانیی هەموو جیهانە تا بە دەستی بەتاڵ بەڕەوڕووی ئەم ڕژیمە نەبنەوە. ئەم ڕژیمە لە رابردووشدا نیشانی داوە و ئیستاش هەمان ڕەوت درێژە دەدا و تۆڵەی هەموو شکستە سیاسی و پووچەڵبوونەوەی پیلان و ئاژاوەگێڕییەکانی لە خەڵکی بێ دەسەڵاتی وڵاتەکەی خۆی دەستێنێتەوە و بۆ ئەمەش لە زیندانییەکانەوە دەست پێ دەکات. بۆیە پێویسته هەرچی زووتر کۆمەڵگای جیهانی هەڵوێستی هەبێ و پێش بە ماشینی کوشتار و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بگرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، وەزیری ئیتلاعاتی ڕژیمی تاران، هەڕەشەی لە حیزبەکانی کوردستان کردووە و رایگەیاند کە گورزی قورسیان لێ دەوەشێنن. ئێمە نیگەرانی کردوە و پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامین، بەتایبەت بەرامبەر به ژن و منداڵی کوردانی ئێران کە لە کوردستانی عێراق نیشتەجێن. جێی وەبیرهێنانەوەیه پێشتریش بە دەیان کەس ئەندام و ڕێبەرانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تیرۆر کراون و هەمیش کردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوە بەدژی ژن و منداڵی کوردەکانی ئێران لە کوردستانی عێراق ئەنجام دراوە.

خاوەن هەڵوێست بوونی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و وشیاری ڕای گشتی جیهانی و میدیاکان بۆ بەهاناوە چوونی خەڵکی بێ دەسەڵات و ناڕازی ئێران دەتوانێت یارمەتیدەرێکی بەهێز بێت بۆ وەستانی ماشێنی کوشتار و داپڵۆسینی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.

 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی بەفرانباری ١٣٩٦

١١ی ژانویەی ٢٠١٨

 

 


ئه‌م بابه‌ته 567 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:02:12/01/2018