پەیامی كومیسیۆنی راگەیاندنی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ بە بۆنەی ١١٨ هەمین ساڵیادی رۆژنامەوانی كوردیەوە


هاونیشتمانیانی ئازیز

هەر وەك ئاگادارن دیسانەوە ساڵێكی تر بەسەر ئەزموونی رۆژنامەوانی كوردی لە كوردستان تێپەڕی. پاش زیاتر لە سەدەیەك گەلی كورد بە هەموو كەم وكۆڕی، سەركەوتن و دواكەوتنەكانییەوە توانیویەتی دەستێكی هەبێت لە پێشڤەچوونی راگەیاندن لە ئاستی جیهانی و ناوچەیی و ناوخۆییدا. بێگومان بەشێكی زۆری ئەم ئەركە ئێستاكە لەسەر شانی كوردستانی باشوور و هەرێمی كوردستانە. بەڵام بەشەكانی تری كوردستانیش لەم هەوڵە بێبەری نەبوون. بە تایبەتی كوردستانی رۆژهەڵات لەم ئاراستەیەدا ئەزموونێكی پڕ ناوەڕۆك و جێگەی شانازی هەیە. سەرەڕای داخراوی ژینگەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی، كورد لە هەوڵەكانی خۆی پاشگەز نەبووەتەوەو لە بچوكترین دەرفەت بۆ پێشەوەچوونی رەوتی راگەیاندنی كوردی كەڵكی وەرگرتووە. چ راگەیاندنەكانی ناوخۆی كوردستانی رۆژهەڵات كە بە پێی دەرفەتی گونجاو بەرهەمی تایبەت دەخەنەڕوو و جێ پەنجەیان لە راگەیاندنی كوردیدا دیارە، چ راگەیاندنی لایەنە سیاسییەكانی، كاریگەری حاشاهەڵنەگریان هەیەو كاریگەریان لەسەر وێژەوە ئەدەبیاتی سیاسی و كۆمەڵایەتی میدیا و راگەیاندنی كوردیدا زەق و بەرچاوە. لەم ئاراستەیەدا راگەیاندنی كۆمەڵە دەستی باڵای هەبووە. كۆمەڵە وەك نەریتی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆی، لە سەرەتاوە گرنگییەكی زۆری بە راگەیاندن و كاریگەریەكانی داوەو لەم پێناوەشدا خاوەن مێتۆدو رێڕەوەی خۆیەتی. بەڵام سەرەڕای هەموو سەركەوتنەكان پێدەچێت راگەیاندنی كوردی لەم قۆناخەدا جۆریك بێسەروبەرەیی پێوە دیار بێت. هێشتا راگەیاندنی كوردی بە گشتی خاوەن ئەدەبیات و شێوازە نووسینێكی یەكدەنگ و هاوتا نییە. بەشێكی زۆر لە راگەیاندنەكان بە تایبەت لە باشووری وڵات كە خاوەن سەروەری و ئیمكانیاتی مادی تایبەتی خۆیانن، نەیانتوانییەوە ئاستی پرۆفێشناڵ لەو ئاستەی كە چاوەڕوان دەكرا بەدیبێنن. ئەمانەو كۆمەڵێك كەم وكۆڕیتر لە دەرفەتێكی گونجاودا دەكرێت ئاراستەی راگەیاندنی كوردی بكرێت، بەڵام سەرەكیترین كەم وكۆڕی یان رەخنە لە راگەیاندنی كوردی لەوانەیە ئەوە بێت كە رووی نیشتمانی و نەتەوەیی میدیاو راگەیاندنی كوردی لە نزمترین ئاستی خۆیدایە. لەم پێناوەشدا زیاتر لەهەموو لایەك كوردستانی رۆژهەڵات زەرەرو زیانی بەركەوتووە. هیوادارین راگەیاندنی كوردی بە تایبەت لەو بەشەی كە كیانێكی سیاسی بۆخۆی دەستەبەر كردوە و لەو بەشەی تریش كە خاوەن ئیمكانیاتی مادی و دەزگای راگەیاندنی پان وبەرینە لەم ئاراستەیەدا بەرپرسانەتر بجوڵێتەوە.

 

خەڵكی تێكۆشەری كوردستان

رۆژنامەنووسانی خۆشەویست

لەم یادە پیرۆزەدا ئێمە وەك كومیسیۆنی راگەیاندنی كۆمەڵە لە هەوڵداین بە راگەیاندنەكانی خۆماندا بچینەوەو قۆناخێكی نوێ دەست پێبكەین. سەرەڕای هەموو كەم وكۆڕییەكان و لانەكردنەوەی ئەو لایەنانەی كە دەبوو لە كۆمەڵەی بكەنەوە، هەوڵی خۆمان زیاتر لەجاران دەخەینەگەڕ بۆ پاراستنی رووی نیشتمانی و نەتەوەیی لە راگەیاندنی كوردیدا و هەوڵ ئەدەین زیاتر لەجاران لە راگەیاندنێكی پرۆفێشناڵ نزیك بینەوە.

لە كۆتاییدا، وێرای پیرۆزیایی ئەم رۆژە لە سەرجەم رۆژنامەنووسانی كورد، سڵاو دەنێرین بۆو رۆژنانووسانەی كوردستانی رۆژهەڵات كە لە پێناوی وتنی راستیەكاندا، لە زیندانەكانی كۆماری ئیسلامیدا بەند كراون و ئامادە نین لە پێناوی بەرگری لە گەلەكەیان قەڵەمەكانیان بخەنە خزمەت رژێمی داگیركەرەوە و خۆراگری و كۆڵنەدانی ڕوو سورانەیان بەرز رادەگرین.

 


كومیسیۆنی راگەیاندنی

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران

 


ئه‌م بابه‌ته 2557 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:13:28/04/2016