ڕاگەیاندنی کومیتەی دەرەوەی وڵاتی کۆمەڵە لە سەر حوکمی ئێعدامی ڕامین حسێن‌پەناهی

كۆمەڵانی خەڵكی ئازادیخواز!

حزب و رێكخراوه سیاسی و مەدەنییەكان!
كۆڕ و كۆمەڵه ئازادیخواز و مرۆڤدۆستەكان!
كەسایەتی و تێكۆشەرانی سیاسی و مەدەنی!
نووسەران، شاعیران، رۆژنامەنووسان و هونەرمەندانی ئازادیخواز!
رۆژی پێنجشەممه رێكەوتی ٢٥ی ژانویە بەرامبەر به ٥ی رێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی حوكمی ئێعدامی لاوی تێكۆشەری سیاسی رامین حسێن پەناهی له لایەن بێدادگای شۆڕشی سنەوه به وەكیلەكەی راگەیەندرا. شایانی باسه رامین حسێن پەناهی رێكەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٣٩٦ به دوای ئەوەدا كە بۆ سەردانی دایك و باوكی پیری دەچۆوه له شاری سنه كەوتە ناو كەمینی هێزەكانی سپای پاسداران و به برینداری به دیل گیرا. لەو كاتەوه تا ئێستا له زینداندا ئەشكەنجه و ئازاری زۆر دراوه. دەركردنی حوكمی ناعادڵانەی ئێعدام لە لایەن بێدادگای رژیمەوه بۆ ڕامین حسێن پەناهی به جورمی ئەندامەتی كۆمەڵه بووه و چەند تاوانی دیكەشیان داوەته پاڵی بەڵام هاوڕێ رامین له كاتی دادگاییدا هەموو تۆمەتەكانی دیكەی رەت كردووەتەوه.
له وڵاتێكی وەك ئێراندا كه هیچ ئازادییەكی سیاسی و مەجالێك بۆ دەربڕینی بیره جیاوازەكان نییه، لاوانی كورد بۆ هەڵسووڕانی سیاسی روو دەكەنه حزبە سیاسییەكان و هیوا و ئاواتەكانی خۆیان به ئامانجی حزبەكانەوه گرێ دەدەن. به پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ كه كۆماری ئیسلامیش واژۆی كردووه، بوونی بیروباوەڕی سیاسی یا ئەندامەتی له حزبێكی سیاسیدا به جورم حیساب ناكرێ و ئەمرێكی ئازاده. هەروەها به پێی یاسای وڵاتانی دێموكرات و پێشكەوتوو، هەڵسووڕانی سیاسی تاوان نییه.
پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ له لایەن رژیمی ئیسلامییەوه له ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا له ئێران و به تایبەت له كوردستان له هیچ كەس شاراوه نییه. بەڵام ئەزموون نیشانی داوه ناڕەزایەتی بەرین له ئاستی جیهانیدا به حوكمی ئێعدامی چالاكێكی مەدەنی یا سیاسی، كاریگەریی ئەرێنی بووه و حوكمەكەی گۆڕیوه. ئێمه داوا له كۆمەڵانی خەڵكی ئازادیخواز، حزب و رێكخراوه سیاسی و مەدەنییەكان، كۆڕوكۆمەڵەكانی پارێزەری مافی مرۆڤ و كەسایەتییەكان و چالاكانی مەدەنی و نووسەران و شاعیران و رۆژنامەوانان و هونەرمەندانی ئازادیخواز دەكەین بە هەوڵ و هیممەتی هەموو لایەك بەر به ئێعدامی رامین بگرین و نەهێڵێن رژیمی ئیسلامی ئێران بۆ نیشان دانی چنگ و ددانی خۆی به خەڵكی تووڕه و ناڕازی، گیانی رامین و لاوانی كوردستان بستێنێ.  

كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
كومیتەی دەرەوەی وڵات
 ٢٦ی ژانوییەی ٢٠١٨


ئه‌م بابه‌ته 396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:02:16:30/01/2018