ڕاگواستنی "ڕامین حسێن پەناهی" بۆ قەرەنتینە و ئەگەری لە سێدارەدانی!

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی
ڕاگواستنی "ڕامین حسێن پەناهی" بۆ قەرەنتینە و ئەگەری لە سێدارەدانی!

 


بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بە بنەماڵە و پارێزەرەکەی دراوە ئەمڕۆ سێ شەممە ١ی مەی ٢٠١٨ (١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧هـ.) زیندانی سیاسی کورد "ڕامین حسێن پەناهی" بە مەبەستی جێ بەجێ کردنی حوکمی لە سێدارەدانی بۆ قەرەنتینە گوازراوەتەوە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ڕۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە ڕۆژانی ئیعدامی زیندانیانی سیاسی و بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی کورد بووە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

لە ماوەی نزیک بە یەک ساڵی ڕابردوو و بە دوای دەستگیربوونی "ڕامین حسێن پەناهی" و بێ سەروشوێن بوونی بۆ ماوەی ٢٠٠ ڕۆژ لە لایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕژیمەوە، لە یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی ڕامین لە ڕێکەوتی ٢٥ فێبریواری ٢٠١٨ حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپا، تەنانەت پاش دەربڕینی سکاڵا لە سەر ئەو حوکمە، جارێکی دیکە لایەن دیوانی باڵای ئێران حوکمەکە پشتڕاستکرایەوە.

شایانی باس و پێزانینە بە هەوڵی چالاکانی مەدەنی، مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێران، کەیسی زیندانی سیاسی ڕامین بوو بە کەیسێکی جیهانی و تەنانەت سێ ڕێپۆرتێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر ناعادڵانە بوونی حوکمەکەی ڕامین هاتنە دەنگ و خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی حوکمی لە سێدارەدانەکەی بوون.

ئێمە جارێکی دیکە داوا لە هەموو چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی سیاسی، مەدەنی و کۆڕ و کۆمەڵ و ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکەین هەموو هەوڵی خۆیان بۆ گوشار هێنان بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی ئەو حوکمە ناعادڵانەیە و ڕزگارکردنی گیانی ڕامین حسێن پەناهی بخەنەگەڕ.

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

١ی مەی ٢٠١٨ی زایینی

١١ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی


ئه‌م بابه‌ته 800 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:52:01/05/2018