گۆڕەمەڕ

بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی كۆمەڵە

سوڵتان خوسرەوی

 ڕێبەندانی ساڵی ١٣٥٧ كە ڕژیمی شای ئێران ڕووخا بەشی زۆری بنكە و بارەگاكانی حكوومەتی شا لە سەرتاسەری ئیران لە لایەن خەڵكەوە دەستی بە سەردا گیرا و خەڵكێكی زور چەكدار بوون. بووژانەویەكی سیاسی دەستی پێكرد و حاڵ و ھەوای ئازادی ڕەنگ و ڕوخسارێكی تازەی بە وڵات بەخشیبوو. لە كوردستانیش ئەو وەزعە دەستی پێكردبوو، لە شارەكان حیزب و كۆڕ و كومەڵ پێكدەهێندرا و بناغەی شۆڕشی نوێی كوردی خەریكی سەر ھەڵدان بوو. دەكرێت بڵێین لەم دەورەیەدا زۆرترین ئاڵوگۆڕی سیاسی لە كوردستانی ڕۆژھەڵات پێك ھات.
حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئیران كە حیزبی سوننەتیی كوردستان بوو، خەریكی خۆ ساغ كردنەوە و ڕێكخستنی خۆی بوو و لە زۆربەی شارەكان لە نێو كومیتە ئینقلابیەكانی كە تازە خەریك بوون لە شارەكان دروست دەبوون و پێوەندیان لەگەڵ حكوومەتی ئینقلابی تازە دامەزراوی ئیران ھەبوو، دەستیان بە مەقەڕ دانان كرد و ھیزی پیشمەرگەیان سازمان دەدا. بەڵام كۆمەڵگای كوردستانی ئێران ئاڵوگۆڕێكی زۆری بە سەر داھاتبوو، ھەرچەند حیزبی دێمۆكرات ناسراوترین حیزبی كوردستان بوو بەڵام جوابدەرەوەی ھەموو ئەم ئاڵوگۆڕە سیاسیانە نەبوو كە لە كوردستاندا لە جەریاندا بوو. ڕووناكبیرانی كوردستان كە بیرو بۆچوونێكی تازەتریان ھەبوو باسی ئاڵوگۆڕی كۆمەڵایەتی و ھێنانە مەیدانی كرێكاران، زەحمتكێشان، ژنان و ئازادی بێ قەیدوشەرتیان دەكرد. بەشی زوریان خویان لە جەمعیەتی دیفاع لە خەڵكی كورددا ڕێكخست. ئەو ڕێكخراوە لە جەریاناتی جۆراوجۆری چەپ لە كوردستان پێك ھاتبوو، بەڵام ماتۆڕی ئەسڵی ھاوڕێیانێك بوون كە دواتر بەشی زۆریان بوون بە كومەڵە.
حكوومەتی ئیسلامیی تازە پێگەیشتوو لە شارەكانی ئیران خەریكی ھێرش بۆ سەر دەسكەوتەكانی شۆڕش بوو. ڕۆژانە لە تاران و شارەكانی دەرەوەی كوردستان خۆپیشاندان دژی حكووموت دەكرا. ئێسلام لەكوردستان پێگەیەكی سیاسیی نەبوو، بەشی زۆری كوردستان لە دەست خەڵك و ھێزی پێشمەرگەدا بوو، فەزایەكی دێمۆكراتیك لە كوردستان حاكم بوو. بەھاری ساڵی ١٣٥٨ دوای شەڕی نەورۆزی سنە و شەڕی نەغەدە پێشبینیی ئەوە دەكرا كە حكوومەتی ئێران خەریكە ئەو شەرایەتە دێمۆكراتیكە كە لە كوردستان ھاتووەتە پێش مەحدوود یا سەر كوتی بكات و بە تووندی لە كوردستان خەریكی پیلان گێڕان و تەبلیغات دژی گەلی كورد و ھێزە سێكۆلارەكان بوو. ھەر بەم بونەوە یەكەمین ڕێكخراوی ئێسلامی لە لایەن ئەحمەد موفتی‌زادەوه لە سنە دامەزراند. تەشكیلاتی كۆمەڵە بەپێی بەرنامەیەك كە لە لایەن ھاوڕێیانی مەركەزیەوە داڕێژرا بوو لە مەنتەقەی سەردەشت، بنكەیەكی نیزامییان دانابوو. ئامانج لە پێكھێنانی ئەو بنكەیە ئەوە بوو كە ھاودەنگیەك لە نێوان جەمعیەتەكان لە ھەموو كوردستان پێك بێنێت و ھەروەھا ئەوەڵین دەستەكانی پێشمەرگەی لێ ئامووزش و سازمان بدات و ھێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە بۆ بەرەنگاریی ھەر ھێرشێك بۆ سەر كوردستان ئامادە بكات... ئەو شوێنە ناوی گۆڕەمەر بوو.
گۆڕەمەڕ دارستانێكە لە ناوچەی سەردەشت لەبەینی گوندی بێلۆكێ، چەكۆ و ئاڵۆتان دایە .لە مانگی گوڵانی (اردبھیشت) سال ١٣٥٨ لە ناوچەی شنۆ ونەغەدە ئاگادار كراین كە جەماعەتێك لە ھاوڕێیان سازكەین دەچن بۆ گۆڕەمەڕ بۆ فێرگە. نزیك ١٥ نەفەر دەبووین بە ٢ تویتای سەر ئاوەڵا وەڕێ كەوتین .بە داخەوە بەشیك لەو ھاورێیانە ئێستا لە ژیاندا نەماون بەڵام ئەوانەی لەبیرم ماون بریتین لە:١- حوسێن مووسەوی ٢- مەناف گەجەنی٣- خالید خزرپوور ٤- سەید ئەبووبەكر شوكری ٥- موحەممەد ...٦-ئەبووبەكر سوور٧- عبداللە م٨- حەسەن زەلیلان ٩- سوڵتان خوسرەوی١٠- ئەحمەد سوڵتانی١١-ئەبووبكر فەتاحی ١٢- موحەممەد كەلھوڕی١٣- ڕەحیم . م ١٤- عومەر. ش.
وەختێك وەڕێكەوتین ھاوڕی حوسێن موسەوی گوتی دەچین بۆ گۆڕەمەڕ. منیش لە زەینی خۆمدا گۆڕەمەڕ شارە یا گەورە دێەكە كە ئێمە دەچین و دەبێ شوێنێكی ئێگجار خۆش و پێداویستی و ئیمكاناتی سەرەتایی لێیە (پێخەو، جێگای سازكردنی خواردەمەنی...) ساعەت ٩ی بەیانی ھاوڕێیانی شنۆ ھاتبوون لە گوندی قاڕنێ یەكترمان گرتەوە. ساعەت ١٠ی بەیانی ڕێكەوتین. جادەی ئەسڵی گیرابوو، دەبوایه بە ڕێگای پەسوێ‌دا كە ڕێگایكی دوورتر بوو و دەكەوته دەشتی لاجان و بە ناوچەی پیرانشاردا چووباینایە جادەی سەردەشت پیرانشار. وەك لە بیرم بێ ٢٠ —١٩ مانگی گوڵان بوو. گەرما لە كوردستان دەستی پێكردبوو و ئێمەش لە پشت ماشێنی تویتای سەر ئاوەڵادا، لە بەیانیەوە گەرمایەكی زۆر لێی دابووین و بێ تاقەتی كردبووین. ساعەت ٤ی چوار ئێوارە گەیشتینە خدرئاوێ لە نیزیك گۆڕەمەڕ. خدرئاواێ گوندێكی خوش و پڕ دار و درەخت و جۆگەلە ئاوی زۆر لە سەروخواری گوندەكەوه دەھاتە خوار و فێنكایی لە ھەموو لایەكەوە دەھات. ماشێنمان ڕاگرت و سەروچاومان شت و فێنكایەكمان ھاتەوە بەر. خەریك بووین پرسیاری دوكانمان دەكرد كە ھەوادارێكی خۆمان خەڵكی كانی ئەشكەوتە كە من پێشتر دەمناسی، بە پەلە ھات بۆ لامان گوتی دەبێت ھەرچی زووتر لێرە بڕۆن. منیش گوتم بۆچی؟ گوتی قیادەی موەقەت لێرە مەقەڕیان ھەیە. ئەو سەردمە ئێمە لەگەل قیادەی موەقەت بەینمان خۆش نەبوو. ئیمە پێوەندیمان زۆرتر لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی خۆش بوو و ئەو دوو ھێزەش زور دژی یەكتر بوون. ھەروەھا قیادەی موەقەت ئەو سەردەم لەگەڵ حكوومەتی تازەی ئێران بەینیان خۆش بوو. بە پەلە سواری تویتا بووینەوە و بەرەو گۆڕەمەڕ وەرێ كەوتین. كە گەیشتینە نیزیك گۆڕەمەڕ سەید حوسێن كە مەسئوولی كاروان بوو، گوتی ھاوڕێیان له ئێستاوه ھەموومان لە ژێر ئۆتۆریتەی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ داین. ئیتر من ھیچ مەسئوولیەتێكم لەسەر شان نیە. دوای خدرئاوێ لە ھەورازیك وەسەركەوتین و لە دوڵێك ماشێنەكانیان ڕاگرت و وادیار بوو ئێینتزاریان دەكردین. ھاوڕێیەك وەپێشمان  كەوت و بە بناری كێوێكدا ئێمەیان بردە نێو دارستانێك كە چەند خێوەتی شڕی ناڕێكوپێكی  لێهەڵدرابوون. ئەوەڵین كەس كە ھاتە پێشوازمان ھاوڕێی زۆر خۆشەویستم سولەیمان كاشانی بوو. سولەیمانم لە مێژ بوو نەدیبوو، نەم دەزانی لە كوێیە ئەگەر پرسیاریشت كردبا كەس پێی نەدەگوتی. فەرھەنگی ئەو وەختی تەشكیلات وابوو. ئێمە ئەو ھەمووە لە ناوچەی نەغەدە نیگەرانی بووین كە چی كاكم لە گۆڕەمەر ببووه شۆفیری زرێپۆش و كەیفی زۆر ساز بوو. وەختێك ئێمە گەیشتین ھەر ئەو ڕۆژە جەماعەت لە ناوچەكانی دیكەی كوردستانیشەوه پێش ئێمە گەیشتبوون و ھێندێكیش دوای ئیمە گەیشتنێ و ژمارەمان زۆر بوو، نیزیك ٨٠ كەس دەبوین. مەسئوولەكانی ئەو وەختەی گۆڕەمەڕ ھاورێیان عومەر ئێلخانیزادە، بە نێوی نھێنیی (جەعفەر) حەمەی موهتەدی بە نێوی نھێنی (عەزیزه سور) بوون. مەسئولی تەدارۆكات مام برایم بو كە پێیان دەكوت پیرۆت. لە ناوچەی سەردەشت كۆرێك تێكۆشەری دێرین كە تەجروبەی شۆرشیان لە ئێمەمانان زۆرتر بوو ھاتبوونه نێو ڕیزەكانی كۆمەڵە. مام بڕایم یەكێك لەوانە بوو. ئێنسانێكی زەحمەتكێش و بە بیروباوڕ، كۆمەڵەی خۆش دەویست و زۆریش دڵسۆز بوو. مام حسێن بێلۆكێ كادری قەدیمیی كۆمەڵە بوو لە مەنتەقەی سەردەشت زۆر خۆشەویست و ناسراو بوو. ھەروەھا مام برایم مەشھوور بە برایم پێخواس، مام ئەحمەد نێوەژ و جەمعێكیتر كە خەڵكی مەنتەقە بوون بەشیك لە ئەرك و كارەكانیان بەرێوه دەبرد. گوڕەمەر نە شار بوو نە گەورە دێ، دارستانێكی ڕەق و ڕووت كە لەوێ دوو كەپریان لێ ساز كردبوون پێیان دەگوتن تەدارۆكات. ھاوڕێ عومەر ئێلخانیزادە، لە كۆبوونەوەیەكی كورتدا شەرایەتی ئەو مەنتەقە و وەزعی خۆمانی بۆ تەوزیح داین. ئەوەی لەبیرم بێ گوتی ئێڕە دیارە مەقەڕی ئێمەیە، بەڵام دەبێ زۆر وریا بین قیادە موەقەت لە ئێمە زۆر دوورنین و ئێحتمالی دەرگیر بوونمان ھەیە بە تایبەت شەوانە دەبێ زۆر وریا و ئامادە بن بە ھیچ شێوەیەك نابێ ئاور ھەڵكەن یان بە تاریكی جگەرە بكێشن. دواتر ئێوارەكەی ئەو ڕۆژە ئێمە دابەش بووین بە چەند دەستە و ھەر دەستەیەك بەشێك لە پاریزگاری گۆڕەمەڕی پێ‌سپێردرا. پێداویستیی نووستنمان نەبوو. شەو بۆ دەستەكەی ئێمە كە ١٨ نەفەر دەبووین، چەند پەتووی سەربازیان داینێ كە پێی بخەوین. ئێمە مەجمووعەمان ھیچ تەجروبەیەكی نیزامیمان نەبوو. بە حوكمی ئەوی من دە مانگم سەربازی كردبوو و ھێندێكم لە چەك دەزانی منیان وەك مەسئوولی نیزامیی دەستەیەك لە ھاوڕێیان دانابوو .
ئەو سەردم كۆمەڵە لە گۆڕمەر لە باری چەك و چوڵەوە زۆر فەقیر بوو ھەر بەم بۆنەوە دەستەكەی ئێمە كه 18 نەفەر بووین، ٥ چەكمان بۆ پارێزگاری هەبوو. ئێمە و ھاورێیانی ناوچەكانیتریش ڕێگایەكی زۆر ھاتبووین و زۆریشمان بڕسی بوو .ئێوارێ نان و تەماتەیان داینێ. ھیچی دیكەی لێ دەست نەدەكەوت. ئێستا ھەوا تاریك نەببوو كە بەرەو جێگای دیاریكراو وەرێ كەوتین پەتوكانمان ڕاخست. ئێمە ھەموومان یەكترمان نەدەناسی، بۆیە نێوی ھەموو ھاوڕێیانمان پرسی، لیستی نیگەھبانیی شەومان نووسی و كوتمان بەپێی نێوەكان بە ڕیز بخەون بۆ ئەوەی موشكیلەیەك نەیەتە پێش. نیگەھبانی دوو سەعاتیە و دوو نەفەرەشە كە ھەر وەخت تەواو بوون دوو نەفەری دوای خۆیان ھەستێنن. پرسیارم كرد كەس سەعاتی پێیە، لەم ١٨ كەسە یەك كەسمان سەعاتی پێ بوو. گوتمان ھەر وەختێ ویستتان بزانن سەعات چەندە بۆ ئەوەی كەسی دوای خۆتان لە خەو ھەستێنن چاو لەدەستی ئەو ھاوڕێیه بكەن.
دامان نابوو سەعات ٦ بەیانی نیگەھبانی تەواو بێت. بەدەلیلی ئەوەی زۆر ماندوو بووین بێجگە لە نیگەھبانەكان ھەموومان زۆر زوو خەومان لێكەوت. ئەو دارستانەی گۆڕەمەڕ بە شەو زۆر تاریك بوو؛ كورد گوتەنی چاو چاوی نەدەدی .
شەو نازانم چ ڕوویدا بوو، دوو نیگابانی ئەووەڵ كە ھەوا ھێندێك ڕووناك دەبێت دەتوانن چاو لە سەعات بكەن دواتر كە تاریك دادێ ھاوڕێی سەعات لە دەست نابیننەوە و دەبێتە تێكەولێكە. من و سەیدحوسێن مووسەوی كه بهپێی لیستەكه دەكەوتینه دوایین پۆست، سەعات 11ی شەو هاوڕێی "خاوەن سەعات" هەڵیستاندین. دیار بوو لەو بێ سەعاتیەدا ھەر كەس بەسەللیقەی خۆی كاتی دیاری كردبوو. مەجبوور بووین جارێكی دیكە لیستی نیگەھبانی بنووسینەوە.
كوردستانی ڕۆژھەڵات كەش و ھەوای فێنكترە لە باشوور، بەتایبەت مەنتەقەی سەردشت كە ڵێڕەوارە شەوانە زور فێنكتر دەبێت. ڕۆژی دوایی بەرە بەیانی زوو لە سەرمان ھەموومان وەخەبەر ھاتبووین. ھەر كەس بەشێوەیەك ھەوڵی دەدا خوی گەرم كاتەوە هەڵات هەڵات و خۆبادانێك بوو هەر مەپرسە. شەوانە ھەر دەستەیەك دەبا له كتری یان دبەدا ئاوی خوی لەگەڵ خۆی بردبا دەنا ئەو جیگایەی شەو لێی دەماینەوە ئاوی خواردنەوەی لێ دەست نەدەكەوت. ئیوارەی ڕۆژی پێشوو وا بڕیار درابوو كە ناوچەی شنۆ و نەغەدە دەبێ نانی بەیانی بۆ جەماعت ساز بكەن. ھاوار ھاواری عبدالە .م یەكێك لە ھاورێیانی ناوچەی نەغەدە لە دوورەوە دەھات كه دەیگوت جەماعەت ڕەحمەتی خواتان لیێ بێت، كتریە ڕەش لای كام دەستەیە بۆمان بێننەوە و دەستەی ئێمە ئاشپەزین و چای لێدەنێین. ئێمە بۆساز كردنی نانی بەیانی چووینە تەدارۆكات و سڵاومان لە مام برایم كرد و گوتمان ئیمە قەرارە ئاشپەزی نانی بەیانی بین. مام برایم چاوێكی لێكردین ھەموومان سەر ڕووت و منداڵكاریش بووین. وەك ئەوەی بڵێ كوا شۆڕش بەم دەمڕووتانە دەكرێ، سەرێكی ڕاوەشاندوو وەك خێرمان پێ بكات تەنەكێك پەنیری تەورێز و ھێندێك نانی ساجی بۆ دیاری كردین و گوتی دەستی پێوه بگرن. ئەو ھاورێیانەی كە ھاتبوون بۆ گۆڕەمەڕ بەشی زۆریان لە بنەماڵەی مامناوەندی كوردستان بوون و ئەو جۆرە ژیانەیان بۆ یەكەم جار بوو كە ھەڵبژاردبوو و تاقییان دەكردەوە. سفرەی ماڵیان بێ نان یان كەم نان نەببوو .شەوی پێشووش تێریان نەخواردبوو و زۆریان برسی بوو. بە ھەزار چەرمە سەری نانی بەیانیمان ساز كرد و جەماعەت دەستیان بەنان خواردن كرد و ھەر چی نان و پەنیر و قەند و چای مام بەرایم پێی دابووین ھەموومان خوارد و بەشی نەكرد و ھیچ نەمابوو. من چووم بۆلای مام برایم ھێندێكی دیكە نان بێنم. سڵاوم كرد و گوتم ھاتووم ھێندێك نان بۆ ھاوڕێیان بەرم .مام برایم چاوێكی لێكردم، جامانەی سەری ڕاست كردەوە و دەستێكی بۆ پشت ئەستۆی برد و ھێندێكی خوراند و گوتی: كاكە ئێوە ھاتوون ببنە پێشمەرگە یان بە تەمان ماڵێ كۆمەڵەی خرا كەن؟ منیش زۆرم شەرم كرد و ھاتمەوە گوتم كاكە نان نیە، دەبێ فێر بین، پێشمەرگایەتی وایە، بێ ئیمكاناتی تێدایە، ئیتر كەس ئیعتراز یان قسەیەكی نەكرد. بەرنامەی ڕۆژانەیان دیاری كرد و قەرار بوو چەند پیشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانی ئێمە ئاموزشی نیزامی بدەن. لە كوردستانی باشوور ھێلیكۆپتەر (ئەوان پێیان دەكوت كۆپتەر) لە شەڕی پێشمەرگەدا زۆر كاریگەر بوو و پیشمەرگەی یەكێتی زۆری لێ دەترسان. بەڵام لە كوردستانی ڕۆژھەڵات، كوپتەر لای ئێمە زۆری كاریگەریی نەبوو بۆیە ئێمەش زۆر نیگەرانی نەبووین. بەرنامەی ئامووزشیی ئەو ڕۆژە زۆرتری لەسەر كۆپتەر بوو كە دەبی چ بكەین، نابێ چاو لە كوپتەر بكەین چونكە چاومان بەریقە دەدا، نابێ ناخونت دیار بێ، دەمو چاوتان بە ھیچ شێوەیەك نابێ ڕوو له حەوا بێ و لە كاتێكدا كه كوپتەر دێ چەكەكانتان دەبێ بخەنە ژێر خۆتان و تەكان نەخۆن. بو بەدبەختی لە بەری نەڵێن ڕا دەنگی كۆپتەرێك دەھات كە وادیاربوو دەچوو بۆ سەردەشت. ھەر گوێیان لە دەنگی كوپتەرەكە بوو كوتیان ڕاكەن ھات، ئێمەش بڵاو بووین و ھەر كەس بۆلایەك ھەڵاتین و خۆمان شاردەوە. دوكتۆر شاكری مەسئوولی پزشكیی گۆڕەمەڕ بوو، زوریش جیددی بوو، ھەر پێنەدەكەنی و ئوبووھەتێكی زۆری ھەبوو. لە كاتی خۆ شاردنەوەدا لەگەڵ ھاوڕێ سەیدحوسێن مووسەوی لە نیزیك یەك دەبن. سەیدحوسێن گەنجێكی خوێن شیرین و جوان چاك بوو.  مووی سەری ھێندێك ھەڵكشابوو و نێو چاوانێكی ڕوون و پان و جوانی ھەبوو، دەتگوت مانگی چاردەیە. دەنگی كوپتەرەكه نیزیكتر دەبۆوە. دوكتۆر شاكری بە سەیدحوسێن دەڵێ دایپۆشە! چەند جاری پێدەڵێ بەڵام سەیدحوسێن له مەنزووری دوكتۆر شاكری تێناگات. دوكتۆر شاكریش لقەدارێك بە گەڵاوە دێنێ و لەسەر سەری سەیدحوسێن دادەنێ و دەڵێ دەڵێم دایپۆشە! وەختیك ھێلیكۆپتێرەكه ڕۆیی و ھەموو شتێك ئارام بۆوە سەیدحوسێن ڕەنگی گۆڕابوو و ڕقی ھەستابوو ھەر بوڵە بۆڵی دەھات. لێمان پرسی چ بووە؟ ھیچی نەدەگوت دوایی كوتی پێم وایە ئەو كابرایە شێتە بە من دەڵێ نێو چاوانت داپۆشە با ھێلیكۆپتێر نەیبینێ. ئێمەش زۆر پێكەنین و ھەتا ئەوڕۆشی لەگەڵ بێ جار و بار وەختێك یەكتر دەبینین باسی ئەو بیرەوریه دەكەین و پێدەكەنین.
بە ڕۆژ زۆر ماندوو دەبووین، شەوانەش لەبەر بێ ئێمكاناتی خەومان زۆر باش نەبوو و تێر خەو نەدەبووین. شەوێكیان من و سەیدحوسێن نیگەھبان بووین نیگەھبان دەبا ڕووبەڕووی یەكتر ھاتبان بۆ ئەەوی پشت سەری یەكتر ببینن. من ئێحساسم كرد سەیدحوسێن خەوی دێ چووم بۆلای و پێمگوت كاكە جەنابت خەوت دێ، تووڕە بووم كە بۆ ئێحساسی مەسئولییەت ناكەی؟ ئەویش گوتی ببوورە ھەوڵدەدم خەوم نەیە. نێو سەعاتی پی نەچووبوو وادیار بوو منیش خەوم ھاتبوو بە لادا ھاتبووم و لابەلا ڕۆیشتبووم، سەیدحوسێن كوتی فڵانكەس پێم وایە ئەتۆش خەوت دێ. پرسیم بۆ؟ كوتی لارەولار دەڕۆی. منیش نەمھێنا سەرخۆم گوتم نا مارپێچ دەڕۆم ئەگەر تەقەیان كرد بەرم نەكەوێ. نازانم سەیدحوسێن ئەو شەوە قانع بوو یان نا بەڵام ھیچی نەگوت. دواتر من و سەیدحوسێن وەك نوكتەی خۆش لە كۆروكۆمەڵی ھاوڕێیانی پیشمەرگەدا دەمانگێڕاوە.
ئامووزشیی ئێمە بە پێی بەرنامە دەچووه پێش و ڕێخستی دەستە و پەلمان تاقی دەكردەوە و ھەروەھا شێوەی شەڕی پارتیزانی و خۆئامادەكردن بۆ شەرایەتی سەختتر ساز دەكرد. ئێمە ماوەی دوو ھحەفتە لە گۆڕەمەڕ ماینەوە. ڕۆژانێكی زۆر سەخت بوون، ھەموومان لە باری جسمیەوە زۆر زەعیف ببووین بەڵام ھاودڵی و یەكتر ناسین و ئومێد بە دوا ڕۆژی خەبات ئینرژیی زۆری پێدەداین و ڕۆژ لە ڕۆژ كارامەتر دەبووین. لەو ماوەیەدا ھاوڕێیانی دیكەی كۆمەڵە وەك حسێن مرادبیگی (حەمەسور) ئیبراھیم عەلیزادە ھاتوچۆی گۆرەمەڕیان دەكرد. ھەروەھا سازمانی چریكه فیداییەكان بو قسە و باس دەھاتنە ئەو بنكەیە. ڕۆژێكیان كە جاریكتر كه نۆبه ئاشپەزیی ناوچەی شنۆ و نەغەدە بوو، گوتیان نێوەڕۆ میوانمان ھەیە دەبێ خواردن سازكەن. ئێمەش لە مام برایممان پرسی چ لێبنێین؟ مام برایمیش گوتی برینج و تەماتە. گوونیەك برینج و سندوقێك تەماتەی داینێ. پرسیارمان كرد لە ھاورێیانی لای ئێمە كێ دەزانێ برینج لێنێ، كەس نەبوو بزانێ! ئەی تەكبیر چیە؟ لە خۆڕا من گوتم من برینج لێدەنێم! لە ماڵێ خۆمان دیتبووم كە برینج دەكوڵێنن بەڵام بەشی دەم پێكێشانەكەییم نەدزانی. ھەر خواردبووم قەت لێم نەنابوو. بەڵێ، سەرتان نەھێنمە ئێش، مەنجەڵێكی گەوری فافۆنی لێ بوو، زۆر گەورە بوو، ھێنام تەلیسه برینجەكەم ھەموو تێكرد و ئاومان تێكرد و ئاورمان وەبەردا. گوتمان دەچین ھێندێك داردێنین ھەتا دێینەوە برینج سازە. ھێندێك زۆرمان پێچوو وەختێك ھاتینەوە لە دوورڕا دیار بوو برینج ھاتبووە سەر و هەڵچووبوو. یادی بەخێر لەگەڵ سەید ئەبووبەكر ھەڵاتین دیتمان بۆنی سووتاوییش دێ. شانسی ئێمە مام برایم لەوێ نەبوو. بە دزی مەنجەڵێكی دیكەمان ھێناو بە كەوگیر برینجمان لە مەنجەڵەكەی دیكە كردو نیوەی سووتابوو بۆنیشی دەھات. ھێندێك بیرمان كردەوە كە چ بكەین؟ دواتر ھاتین سندووقە تەماتەكەمان لەناو برینجەكە كرد و كردمان بە ئێستانبولی، بەڵام ھێندێك بۆنی دەھات. ئێستانبولیەكە بە دەلیلی ئەوی برینجەكە زۆر كوڵیبوو وەك قوڕی دیواری لێھاتبوو. بەڵێ، نیوەڕۆ میوان ھاتن. مەركەزیەتی چریكھای فەدایی لەگەڵ كاك سەید ئێراھیم علیزادە و كاك حەمەسوور و دوكتۆر جەعفەر شەفیعی و كاك عومەر ئێلخانی‌زادە كوبوونەویان ھەبوو. ھاتن و ئێمەش خواردنمان تەقسیم دەكرد. ھەر كەوگیرێك ھەڵت دەگرت وەك تۆپی قوڕ ھەڵگری وابوو. لەسەر دەوریەكی فافۆن یا ڕۆح داماندەنا و لە پێش جەماعەت دادەندرا. چاوڕێ بووین بڵێن ئەوە چیە لێتان ناوە، كوا ئەوە خواردنە؟ ھەر ئەوندەم زانی یەكێك لە چریكەكان دەیكوت لە مێژە خواردنی واخۆشم نە خواردوە. دەتوانم بڵێم ھەر لەو دەمەوە من و ھاوڕێیانی ئاشپەز باوەڕمان بە سەداقەتی چریكەكان شك و پرسیاری تێكەوت. برینجە سووتاوەكەمان لە ترسی مام بڕایم لە ٢ تەنەكەی ٥ كیلویی ڕون كردبوو لە نێو لێڕەوار شاردبوومانەوە. دوای چەند ڕۆژێك پێی زانیبوو لە منی دەپرسی دەیكوت نازانی چ خائێنێك ئەو برینجەی سووتاندوە؟ منیش دەمكوت ئاگادار نیم. یادی بەخێر سەیدئەبوبەكر بە شۆخی دەیگوت ئەگەر چووینەوە دعوەتێكم دەكەی باشە دەنا بە مام برایم دەڵێم كێ برینجەكەی سووتاندوە. دوای دوو حەفتە ڕۆژی لەیەك جودابوونەوەمان بوو. ھەركەس دەگەڕاوە بۆ ناوچەی خوی، نەمان دەزانی كە ئەو ماوه كورتە چەندە شت لەیەك فێر بووین و چەندە لەیەك جودابوونەوەمان سەختە.
ئەو سەردمە كۆمەڵە بیروباوەڕێكی ھەبوو كە ھەر كەس بۆ ماوەیەكی كورتیش لە نێو ڕیزەكانی دابا ئاڵوگۆڕێكی گەورەی بەسەردا دەھات و خۆشەویستی بۆ گەل و نیشتمان و چینی چەوساوە و ھاوڕێیەتی لە خوێنیدا دەماوە و لەگەڵی دەژیا. ئەو ھاوڕێیانەی لەم دەورە كورتەدا ئامووزشیان دیت و یەكترمان ناسی دواتر بەشی زۆریان كۆڵەكەی تەشكیلاتی كۆمەڵە لە ناوچەكانی كوردستان بوون. یادی ئەو ڕۆژانەی گۆڕەمەر كە ئامووزش و ڕێكخستنی یەكەمین دەستەكانی پێشمەرگەی كومەڵە بوو بە خێر بێ. ھەروەھا یادی ئەو ئازیزانە كە ئێستا لە نێوماندا نەماون بەرزو بەڕێز بێ.
ڕۆژی پیشمەرگەی كومەڵە پیرۆزبێ.



ئه‌م بابه‌ته 708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:03:05/07/2018