لە ساڵیادی گیانبەختکردووانی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی ژیاننامەی شەهیدان: ئەرسەلان جەوزاک، پەرویز عەبدی و ناسر بانوج

بەرز و بەڕێز بێت یادی ئازیزی هاوڕێ (ئەرسەلان جەوزاك)، پێشمەرگەی فیداکار و ئەندامی لێهاتووی كۆمەڵە

هاوڕێ ئەرسەلان جەوزاك، كوڕی كاك كەریم و دایە فاتم، ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لە بنەماڵەیەكی هەژار و زەحمەتكێشی شاری بۆكان چاوی بە ژین هەڵێنا.
بە هۆی هەژاری بنەماڵەكەی تا كلاسی ئەوەڵی دەبیرستان توانی درێژەی بە خوێندن بدا و پاشان ڕێگای كار كردنی گرتەبەر و هەر لەو سەردەمەوە لە گەڵ دەرد و مەینەت و ئازاری كرێكاران و زەحمەتكێشان ئاشنا بوو.
تازەلاو بوو كە باوكی لە دەستدا و ئەركەكانی سەرشانی قورستر بوو؛ هەر بۆیە ئەمجارە بۆ بژێوی ژیانی بنەماڵەی ڕێگای تارانی گرتەبەر و چەندین ساڵ لەوێ كرێكاری كرد .
تا دەهات و گەورەتر دەبوو زیاتر لە گەڵ ڕەنج و مەینەتی كرێكاران و بەشمەینەتان تێكەڵ و هەستی بە زۆرداری و ناعەداڵەتی كۆمەڵگاكەی دەكرد و بیری شۆڕشگێڕانە زیاتر لە ناخیدا چرۆی دەكرد.
ساڵی ١٣٩٢ بە هۆی هاوڕێیانی كۆمەڵە لە شاری بۆكان لە گەڵ كۆمەڵە و ئامانجە پێشكەوتنخوازانەكەی ئاشنایی پەیدا كرد و هەر لەو كاتەوە پەیوەندی بە تەشكیلاتی كۆمەڵەوە كرد و خەباتی نهێنی خۆی دەستپێكرد.
لە ماوەی چەند ساڵ كاری نهێنیدا بە هۆی هەڵسووڕاوبوونی، هاوكات لەگەڵ كومیتەی زاگرۆس، لەگەڵ كۆمیسیۆنی نیزامی كۆمەڵەش كاری دەكرد.
هاوڕێ ئەرسەلان لە باری نیزامییەوە كەسێكی وریا و بەجەرگ بوو و توانیبووی لە چەندین عەمەلیات و مەئمووریەتی نهێنی و تەشكیلاتیی ناو شاردا بەشداری بكات و لە هەموویاندا سەركەتوو و ڕووسوور بێت و هەر ئەمە وای كرد كە ببێت بە یەكێك لە پێشمەرگە بە ئەزموون و جەربەزەكانی كۆمەڵە لە شاری بۆكان.
هاوڕێ ئەرسەلان بەهاری ساڵی ١٣٩٦ پاش شناسایی‌كردنی لە لایەن دەزگا ئەمنیەتییەكانی ڕژیمەوە، لەسەر بڕیاری كۆمەڵە، كوردستانی ڕۆژهەڵاتی بەجێ‌هێشت و بە ڕەسمی پەیوەست بوو بە ڕیزەكانی خەباتی ئاشكرای هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵەوە. بە هۆی پێشینەی كار و چالاكییەكانی لە بەشی تەشكیلاتی نهێنیدا، ساڵی ١٣٩٦ بوو بە ئەندامی كۆمەڵە.

هاوڕێ ئەرسەلان جگە لەو مەسئوولیەت و ئەركانەی كە لە ناوخۆ لەلایەن كۆمەڵەوە پێی سپێردرابوو، لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە ئۆرگانەكانی پارێزگاریی ناوەندیی، بەشی ماڵی و ئۆرگانی زیست‌دا درێژەی بە چالاكییەكانی دا.
بە هۆی دڵسۆزی لە بەڕێوەبردنی كار و ئەركە تەشكیلاتییەكانی و ڕووخۆشی لەگەڵ هاوڕێیانیدا، زۆر زوو بووبە خۆشەویستی هەموو هاوڕێیانی پێشمەرگە و لە سەرجەم كۆڕوكۆبوونەوەكانی ئۆردووگادا بەشداریی دەكرد و بە قسە خۆشەكانی كۆڕی هاوڕێیانی كۆمەڵەی گەرموگوڕتر دەكرد.
ڕێكەوتی ٣ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە كاتی گەڕانەوە لە مەئمورییەتێكی تەشكیلاتی لە شارەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات، لەگەڵ هاوڕێیەكی‌تری لە نزیك گوندی ولەژێری سەر بە ناوچەی مەریوان، كەوتنە بۆسەی هێزەكانی كۆماری ئیسلامی و گیانی ئازیزی لە پێناو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و ئامانجە بەرزەكانی كۆمەڵەدا بەخت كرد و پەیوەست بوو بە كاروانی سووری گیان‌بەخت‌كردووانی كۆمەڵەوە.

یادی ئازیزی بەرز و ڕێگای تا گەیشتن بە سەركەوتن درێژەی هەیە.

بەرزو بەڕێز بێت یادی ئازیزی هاوڕێ پەرویز عەبدی ناسراو بە "ئاوارە"

هاوری پەرویز عەبدی ناسراو به‌ ئاوارە كوڕی دایە سەڵتە نەو كاك ساڵەح لە ڕێكەوتی ١٧ی گەڵارێزانی ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی لە بنەماڵەیەكی زەحمەتكێشی گوندی جەڵیڵە، سەر بەشاری مەریوان لە دایك بوو.
هاوڕێ پەرویز بە هۆی دەستكورتی بنەماڵەی تەنیا توانی دەورانی پێنج ساڵەی خوێندنی سەرەتایی تەواو بكات هەر له‌ مێرمنداڵیەوە دەستی بەكار كردن كرد. تا دەهات و گەورە دەبوو هەستی بە ئازارەكانی كۆمەڵگا و ئەو ناعداڵەتێیانە دەكرد كە ڕۆژانە دەیبینی وبە قه‌ولی خۆی؛ هەر كات بە كرێگیراوانی رژیمی دەبینی ڕەق وتوەیی لە ناخیدا چرۆی دەكرد و برێك جاریش بە قسە كردن بەرانبەر ئەو توڕەییەی خۆی نیشان دەدا.
هاوڕێ پەرویز هەر لە تەمەنی مێرمنداڵیەوە بە هۆی فەزای گوندەكەیان كە بیرەوەری شەهید عەلی جەڵیڵە یان دەگێرایەوە لە ماڵان لەگەڵ ناوی كۆمەڵە و سیاسه‌تەكانی كۆمەڵە ئاشنا دەبێت و تا دەهات گەورە دەبوو زیاتر هەوڵیدا لەگەڵ كۆمەڵە ئاشنا بێت.
پاش ئەوەی كە كۆچ دەكەنە شاڕی مەریوان و ئەو فەزا پڕ لە شۆڕشگێڕانه‌یه‌ دەبیبیت وپاشان لە ڕێگای ڕۆژهەڵات تیڤیەوە پێوەندی بە كۆمەڵە و تەشكیلاتی زاگرۆس دەگرێت و لە ڕێكەوتی ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە بەشی ڕێكخستنی كۆمەڵە لە شاری مەریوان ڕێكده‌خرێت و بە شێوەی رێكخراوەیی  چالاكییەكانی خۆی دەست پێدەكات.
ناوبراو پاش ماوەیەك ولە سەر خواستی خۆی كە خوازیار بوو لە بەشی نیزامی كۆمەڵە كار بكات درایە بەشی كۆمیسیۆنی نیزامی كۆمەڵە و لەو ماوەیەشدا بەوپەڕی بڕوا بە خۆبوون و دڵسۆزانە ئامادەی جێبجە كردنی هەر ئەركێكی تەشكیلاتی بوو.
هاوڕێ پەرویز عەبدی ناسراو بە ئاوارە لە ڕێكەوتی ٣ی خەرمانان لە كاتی گەڕانەوری هاورێیانی پێشمەرگە لە ناوچەی مەریوان دەكەونە بۆسەی سەركوتگەرانی رژیمی ئیسلامی و گیانی بەخت دەكات و پەیوەست بە كاروانی سووری گیانبەختكردووانی كۆمەڵە دەبێت.

یادی ئازیزی بەرز و ڕێگای تا گەیشتن بە سەركەوتن درێژەی هەیە.

بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێی گیان‌بەخت‌كردوو هاوڕێ "ناسر بانوج"

هاوڕێ ناسر بانوج، خەڵكی گوندی ئیسەوڵێی سەر بە ناوچەی سەرشیوی مەریوان و لە بنەماڵەیەكی زەحمەتكێش لەدایك بوو. هاوڕێ ناسر هەر لە منداڵیەوە لەگەڵ ئازارەكانی كۆمەڵگا ئاشنا بوو و بە هۆی هەژاری و دەسكورتی بنەماڵەكەیەوە هەر لە مێرمنداڵیەوە دەستی بە كاركردن كرد و بەو بۆنەوە تەنیا توانی دەورانی ڕاهنمایی تێپەڕ بكات و لە قۆناغەكانی دیكەی خوێندن بێبەش بێت. پاش ده‌ست هه‌ڵگرتنی له‌ خوێندن ڕووی لە كرێكاریی نانەواخانەكان كرد و هەر بەو بۆنەیشەوە لە شاری سلێمانی ماوەیەك كاری شاتریی كرد و هاوكاتیش لەگەڵ كاری نانەواخانە، كاری كۆڵبەریشی دەكرد. هاوڕێ ناسر ساڵی ٢٠١٥ی زاینییه‌وه‌  پێوەندی بە رێكخستنە نهێنییەكانی كۆمەڵەوە گرت و لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا توانی ئەو ئەركانەی كە بۆی دیاری‌كرابوو  بە باشی جێبەجێ بكات و بەو پەڕی دڵسۆزی و ئەمەگناسییەوە دیفاع و بەرگریی لە ڕێبازی كۆمەڵە دەكرد.
بەداخەوە لە ڕێكەوتی بەرەبەیانی ۳ی خەرمانان، لە دەڤەری پێنجوێن، لە سنوورەكانی نێوان كوردستانی ڕۆژهەڵات و كوردستانی باشووردا دەكەوێتە سەر مین و گیانی ئازیزی لە دەست دەدات و دەبێتە یەكێكی‌تر لە قوربانیانی كاسبكاری نێوان ئەو دوو سنوورە و ئەویش وەك زۆربەی ئەو كۆڵبەرانەی كە بە درێژایی ئەو سنوورە لەبەر دابین‌كردنی بژێویی ژیانیان، گیانیان دەخەنە مەترسیەوە، دەستی دایە ئەو كارە و لە كۆتاییدا گیانی ئازیزی بە دەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران و بە مینەچێنداروەكانی لە دەست دا و لەلایەكەوە خوێنی تێكەڵ بە خوێنی هەموو هەژاران و چەوساوەكانی كوردستان بوو و لە لایەكی دیكەشەوە پەیوەست بوو بە كاروانی گیان‌بەخت‌كردووانی كۆمەڵەوە.
یاد و ناوی ئازیزی بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندوو و ڕێگای پڕ ڕێبوارە.


ئه‌م بابه‌ته 1989 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:13:31/08/2018