ڕاگەیاندنی كومیتەی ناوەندی كۆمەڵە سەبارەت بە ھێرش كردنە سەر بارەگاكانی حدك و حدكا

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی ڕێكەوتی ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨ كۆماری ئیسلامی ئێران ھێرشی كردە سەر بنكەی ھەردوو حیزبی دێمۆكراتی كوردستان و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لە نزیك شارۆچكەی كۆیە لە باشووری كوردستان و بە داخەوە ھەواڵە سەرەتاییەكان باس لە شەھید و برینداری بوونی پۆلێك لە كادر و ئەندام و پێشمەرگەكانی حدك و حدكا دەكەن.
دیارە ئەمە یەكەم جار نییە كە كۆماری ئیسلامی بۆ زیان لێدان و سڕینەوەی حیزبە سیاسییەكانی كوردستان پیلانی لەو شێوەیە دەگێڕێ.
كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی قوڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و كەس و كاری ئەو شەھیدانە و ھەموو ھاوسەنگەرانیان و ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆكرات و حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران و ھیوای ھەرچی زوو چاك بوونەوەی بریندارەكان و بەدەست ھێنانەوەی سڵامەتییان،ئەم ھێرشە بە توندی مەحكووم دەكات. ئەم ھێرشە خوێناوییە و لە سێدارەدانی سێ بەندكراوی كورد لە زیندانی رەجایی شار، هاوڕێ رامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوایین پەلەقاژەكانی كۆماری ئیسلامی بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە فراوانە ناوخۆی و دەرەكییانەی كە تووشی ھاتووە و تا دێ بڕستی لێ دەبڕێ. ئەزموونی خەباتی گەلی كورد لە ڕۆژھەڵات گەلێك خەساری وای بەر كەوتووە، بەڵام ھەرجارە و بە ورەیەكی بەرزتر و سوورتر لە جاران لە خەباتەكەی خۆی بەردەوام بووە.

مەرگ و نەمان بۆ كۆماری ئیسلامی ئێران
سەركەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی كورد
كومیتەی ناوەندیی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران
١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی
٨ی ستپتامبری ٢٠١٨


ئه‌م بابه‌ته 428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:36:09/09/2018