ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران سمینارێکی لە سەر مانگرتنەکەی ٢١ی خەرمانان، بەڕێوەبرد

كاتژمێر ۲ی پاش نیوەرۆی ۱۸ی رەزبەری ۱۳۹۷ی هەتاوی، ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران لە دەفتەری نوێنەرایەتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران لە سلێمانی، سمینارێكی سەبارەت بە ئەزموونەكانی كاری هاوبەشی هێزە سیاسیەكان و بە تایبەت، مانگرتنی ۲۱ی خەرمانان بە بەشدارای نوێنەرانی حیزبە سیاسیەكانی ئەندام لە ناوەندی هاوكاریی و میوانان بەرێوە چوو.
سمینار بە خولەكێك بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و كورد بەرێوەچوو و دواتر بەرێوەبەری سمینار، فواد خاكی بەیگی بەرنامەی كاری سمیناری راگەیاند.
پانێلی یەكەمی سمینار بە نوێنەرایەتی كۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لە لایەن بەرێز كاكۆ عەلیار لە ژێر ناونیشانی "ئەركی هێزە سیاسیەكان بەرانبەر كۆمەڵگای مەدەنی رۆژهەڵات پێشكەش كرد و تێدا قۆناخەكانی خەباتی مەدەنی لە ئاستی جیهانی و دواتر پەرەگرتنی لە ئێران و كوردستان بە وردی باس كرد و گرینگی ئەركی هێزی سیاسی بەرانبەر بە كۆمەڵگا و كۆمەڵگا بەرانبەر بە هێزەسیاسیەكان خستە روو.
دواتر بەرێز سۆران نووری بە نوێنەرایەتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان تیشكی خستە سەر چۆنیەتی مانگرتنەكە پاش موشەكبارانی بنكەكانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستان و حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران و ئێعدام تێكۆشەرانی سیاسیی لە هەموو رەهەندەكانەوە مانگرتنەكەی شرۆڤەكرد و باسی لەوە كرد حەرەكەتێكی ئاوا جەماوەری ئەگەرچی بێ كەموكۆری نیە، بەڵام یەكگرتوویی هێزە سیاسیەكان و وڵامی ئەرێنی كۆمەلگا ،لەم هەلوومەرجە هەستیارەدا بێ وێنە بوو.
لە پانێلی سێهەم دا بەرێز محمد حەكیمی بە نوێنەرایەتی كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان،دەوری راگەیاندنی لە بەرەوپێشبردنی ئامانجەكانی مانگرتنەكە بە وردی باسكرد و پێویستی كومیتەیەكی راگەیاندنی هێزە سیاسیەكان ،لە دارشتنی بەرنامە وپلانی یەكگرتوو لە بواری میدیا پێویستیەكی زەرووری زانی.
بەرێز فواد جەعفەری بە نوێنەرایەتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە ژێر ناونیشانی "دەوری پشتیوانی هێزە سەرانسەرییەكان (سازمانی موجاهیدنی خەلق وەك نموونە) لەمانگرتنی كوردستان باس كرد و رایگەیاند لەو هەلوومەرجانەدا پشتیوانی هێزە سەرانسەرییەكان لە داخوازە رەواكانی نەتەوەكەمان دەبێ لە كوردستانەوە بەئەرێنی سەیربكرێت.
لە كۆتا پانێلی سمینارەكەدا، بەرێز تاهیر مەحموودی بە نوێنەرایەتی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران "گرینگی هاوئاهەنگی خەباتی شار و شاخی" باسكرد و رایگەیاند لە روانگەی حدكاوە شار لە هەموو رەهەندەكانەوە ،دەبێ چەقی خەبات بێ و پێشمەرگەو شاخیش ،پشتیوان بن ، هەر دوو لا هاوئەهەنگ و هاودەنگ لە راستای وەدیهێنانی ئامانجەكانی نەتەوەكەمان هەنگاو هەڵبگرین.
سمینارەكە بە وڵامدانەوەی پێشنیار و رەخنەی بەشداران لەلایەن كۆرگێرانەوە و كۆبەندی راسپاردەكان بۆ بریاردان لە كۆبوونەوەی داهاتووی ناوەند، لە فەزایەكی دۆستانە كۆتایی پێهات.

ئه‌م بابه‌ته 66 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:07:59:11/10/2018