په‌یوه‌ست بوونی پۆلێكی دیكه‌ له‌ لاوانی كوردستانی ڕۆژهەڵات به‌ ڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵەوە‌

سه‌رله‌به‌یانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ٢٣ی دێسامبر ڕێكه‌وتی ٢ی به‌فرانباری ١٣٩٧ی هه‌تاوی ڕێ و ڕه‌سمی په‌یوه‌ست بوونی پۆلێكی دیكه‌ له‌ كچان و كوڕانی خه‌باتكار و ئازادیخوازی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات به‌ ڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ له‌ فێرگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ به‌ڕێوه‌ چوو.
له‌و ڕێ و ڕەسمه‌ كه‌ ئه‌ندامانی كومیته‌ی ناوه‌ندی و كۆمه‌ڵێكی به‌رچاو له‌ كادر و ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ تێیدا به‌شدار بوون، به‌ سروودی بانگه‌واز، سروودی ڕە‌سمی كۆمه‌ڵه‌ و چه‌ند ساتێك به‌ بێ ده‌نگی وه‌ستان بۆ ڕێز لێنان له‌ یاد و بیره‌وه‌ری سه‌رجه‌م گیانبه‌خت كردووانی كۆمه‌ڵه‌ و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازانه‌ی گه‌كی كورد ده‌ستی پێكرد.
پاشان هاوڕێ به‌ختیار عه‌لیار ئه‌ندامی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ به‌و بۆنه‌وه‌یه‌ و له‌ لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد. هاوڕێ به‌ختیار له‌ وته‌كانیدا وێڕای پیرۆزبایی پێ وتن به‌ هاوڕێیانی تازه‌ پێشمه‌رگه‌، به‌ چاوخشاندنێكی خێرا به‌ سه‌ر بارودۆخی ئێستای جیهان و ناوچه‌كه‌ و ئێران و كوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتیش به‌ تایبه‌تی ئه‌رك و ڕاسپارده‌ گرنگه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی له‌و باره‌وه‌ خسته‌ڕوو.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانی دا هاوڕێ به‌ختیار باسی له‌ تایبه‌تمه‌ندییه مێژووییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كۆمه‌ڵه‌ كرد كه‌ چۆن ئه‌و هێزه‌ نوێیه‌ی كرده‌ خۆشه‌ویستی هه‌موو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات.
هاوڕێیانی تازه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ دڕێژە‌ی ڕێ و ڕە‌سمه‌كه‌ پێناس و چه‌كه‌كانیان له‌ ده‌ستی هاوڕێ ڕێبوار كه‌ریمییان به‌رپرسی فێرگه‌ی سیاسی-نیزامی پێشمه‌رگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ وه‌رگرت و سروودێكیان پێشكه‌ش به‌ به‌شدار بووان كرد.
ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ له‌ لاوانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات كه‌ له‌ ژێر ناوی په‌لی شه‌هید ڕامین حسێن په‌ناهی ڕێكخرابوون، له‌ په‌یامی په‌له‌كه‌ی خۆیاندا وێڕای ده‌ربڕینی وه‌فا و سۆز به‌ كۆمه‌ڵه‌ و خه‌ڵكی كوردستان، به‌ڵێنیان دا به‌ ڕێباز و ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانی هه‌موو گیان به‌ختكردووانی كۆمه‌ڵه‌ وه‌فادار بمێننه‌وه‌.
له‌ درێژە‌ی ڕێ و ڕە‌سمه‌كه‌ كۆمه‌ڵێكی دیكه‌ له‌ لاوانی كوردستان كه‌ ئێستا له‌ فێرگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی كۆمه‌ڵه‌ن و چاوه‌ڕێی ده‌ست پێكردنی ده‌وره‌ی سیاسی نیزامی په‌له‌كه‌یانن، په‌یامێكیان پێشكه‌ش كرد.
مه‌ڕاسمه‌كه‌ به‌ خوێندنه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی هاوڕێی گیانبه‌خت كردوو، ڕامین حسێن په‌ناهی له‌ لایه‌ن هاوڕێ ئیدریس عه‌بدی و چه‌ند په‌خشان و سروودی شۆڕشگێڕانه‌ درێژەی كێشا و له‌ كۆتاییشدا ڕێ و ڕە‌سمه‌كه‌ به‌ پیرۆزبایی پێ وتن به‌ هاوڕێیانی تازه‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌خێرهێنانیان بۆ ڕیزی هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ لایه‌ن به‌شداربووانه‌وه‌ له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی شۆڕشگێڕانه‌ی پڕ له‌ شادی و سۆز كۆتایی پێهات.


ئه‌م بابه‌ته 205 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:02:02/01/2019