بە نیشانەی هاودەردی لە گەڵ سێڵاولێدراوانی ئێران و کوردستان کۆتایی بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی دەهێنین


هاونیشتمانانی خۆشەویست!

خەڵکی مافخوازی کوردستان!

ئێوە بۆ جارێکی دیکە و لە نەورۆزێکی دیکەی کوردەواریدا بە بەڕێوەبردنی چەندین ڕێوڕەسمی پڕشکۆی پڕ لە پەیام و نێوەرۆکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە ئاستێکی بەربەرینی جەماوەریدا سەلماندتان کە لە پێناو ویست و داخوازییە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خۆتان هەروا بەردەوام و شێلگیرن کە جێی سپاس و پێزانینە.

لە حاڵیکدا ئێوە سەرەڕای بەربەست و گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، سەرقاڵی بەڕێوەبردنی بەشێکی دیکە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکانی ئەمساڵ بوون و بە پێی قەرار و ساغبوونەوەی پێشوەخت و پلان بۆ داڕێژراو، پێوەبوون لە ڕۆژانی داهاتوودا لە چەند شوێن و ناوچەی دیکە ڕێوڕەسمی گەورەتر و پڕشکۆتر بەڕێوەبەرن، بەداخەوە بە هۆی کەش و هەوای بارانی و هەستانی لافاو لە چەندین شار و ناوچەی ئێران و کوردستان، دۆخێکی نەخوازراو و چاوەڕواننەکراو هاتە پێش کە زەرەر و زیانێكی قورسی ماڵی و گیانیی بۆ خەڵکی وڵات و نیشتمانەکەمانی بەدوادا هات.

بۆیە ئێمە، حیزب و لایەنەکانی ئەندام لە «ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران» وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەری خۆمان و مەحکوومکردنی کەمتەرخەمی دام و دەزگا پێوەندیدارەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پێوەندی لە گەڵ ئەم دۆخەی کە بەسەر خەڵکدا هاتووە و، وێڕای ڕاگەیاندنی سەرەخۆشیی خۆمان لە بنەماڵەی قوربانیان و هیوای چاکبوونەوەی هەرچی زووتری برینداران، بە درووستی دەزانین بە نیشانەی هاوخەمی لە گەڵ خەڵکی زیاندیتوو، کۆتایی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان بهێندرێ.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٦ی خاکەلێوەی ١٣٩٨


ئه‌م بابه‌ته 834 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:11:51:03/04/2019