سپاسنامەی دەستەی بەڕێوەبەری یادی ٥٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆمەڵە

دوابەدوای بانگەوازی دەستەی بەڕێوەبردنی یادی ٥٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆمەڵە ڕوو لە هونەرمەندان و شاعیران و نووسەرانی کوردستان، کۆمەڵێکی بەرچاو لە ناوداران و هونەرمەندانی نیشتەجێی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هەر لە کەسایەتییەکان تاکوو پێگەیشتووانی جیلی نوێ، بەناردنی پەیام و بەرهەم و نووسراوەکانیان پێکهاتوو لە پەیامی دەستخۆشی و ڕێزلێنان و پیرۆزبایی، شیعر، تابلۆی هونەری، دێکۆمێنتاری، ئەنیمەیشێن، نەقاشی دیواری و هتد بەرەوپیری بانگەوازەکەمانەوە هاتن.

ئەم بانگەوازە، کارێکی نوێ و داهێنەرانە بوو لەپەراوێزی یادکردنەوەی ئەم بۆنە مێژووییەدا و بوو بە بیانوویەک تاکوو پەیامی دەستخۆشی و ڕێزگرتن و ئەمەگناسیی حیزبێکی جەماوەری و پێشکەوتنخواز وەک کۆمەڵە، ئاراستەی بەشێکی بەرچاو لە هونەرمەندان و ئەدیبان و ڕووناکبیرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بکرێت. جێگای خۆیەتی هەر لێرەوە لەو ئازیزانەش داوای لێبوردن بکەین کە بە هەر هۆکارێک لەوانە بەرچاوگرتنی دۆخی هەستیاری ناوخۆ یان نەبوونی ڕێگای پەیوەندی جێگەمتمانە پەیامەکەی ئێمەیان بە دەست نەگەیشت.

لێرەوە بەناوی دەستەی بەڕێوەبەری یادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی کۆمەڵە، جارێکی دیکە وێڕای ڕێزلێنان و پێزانین هەروەها ئاواتی بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەموو پێشەنگانی سەنگەری هونەر و ئەدەبیاتی شۆڕشگێڕانەی کوردەواری، سپاسنامە و ئەمەگناسی خۆمان پێشکەش بە ئەو ئازیزانە دەکەین کە بە هەست و هەڵوێستی بوێرانە و دڵسۆزانەی خۆیان، بەدەم بانگەوازەکەمانەوە هاتن و بوون بە مایەی دڵگەرمی و وزەبەخشین بۆ دەستپێکی نیو سەدەی دووهەمی خەباتی لێنەبڕاوەی کۆمەڵە.

هەر بەو جۆرەی کە لە بانگهێشتنامەکەیشدا ئاماژەی پێدرابوو، دڵنیاتان دەکەینەوە کە ناو و شوناس و هەروەها ئەسڵ یان وێنەی پەیام و بەرهەمەکانتان، لە ئارشیوی کۆمەڵەدا هەتا ڕۆژی سەرکەوتن بە پارێزراوی دەمێنێتەوە. جارێکی دیکەیش سپاس بۆ خاوەندارییەتی و هەڵوێستی بەجێگەتان بەرامبەر بە نیشتمان و دووبارەکردنەوەی پەیمانی خۆشەوسیتی و وەفاداریتان بەرامبەر بە ڕێبازی کۆمەڵە و حیزبەکان.

دەستی بە بەهرەتان بە گەرمی دەگوشین و چاوی گەشتان ماچ دەکەین و ئاواتی سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.

دەستەی بەڕێوەبەری یادی ٥٠هەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی کۆمەڵە


ئه‌م بابه‌ته 820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:10:19:13/03/2020