دایکی گیانبەختکردوویەکی کۆمەڵە لە شاری سنە ماڵئاوایی لە ژیان کرد

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە، ڕۆژی سێشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، دایە موحتەرەم، دایکی هاوڕێی گیانبەختکردووی ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە و فەرماندە و کادری ناسراوی ناوچەی سنە غوڵام حەق بەیان، بە هۆی نەخۆشی لە شاری سنە دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

هاوڕێی گیانبەختکردوو، غوڵام حەق بەیان، ساڵی ١٣٣٩ی هەتاوی لە شاری سنە لە دایکبوو، ساڵی ١٣٥٩ هاتە ناو ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە و لە گوردانی شوان سازماندرا، هاوڕێ غوڵام لە ماوەی ٨ ساڵ ژیانی پێشمەرگایەتیدا لە زۆرێک لە شەڕ و عەمەلیاتەکانی گوردانی ئارێز و شوان لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بەشداری چالاکانەی کرد و گەلێک بەرپرسیاریەتی جۆراوجۆری وەک فەرماندەی دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە، پێ سپێردرا، سەرئەنجام مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، هاوڕێ غوڵام حەق بەیان، ویڕای ٢٨ خەباتکاری دیکەی ڕیزەکانی کۆمەڵە لە ئیعدامی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی، لە زیندانی شاری سنە تیرباران کرا. یادی ئازیز و خۆشەویستی بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندووە.

بە ناوی ناوەندی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەوە پرسە و سەرەخۆشی گەرمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی تێکۆشەری حەق بەیان و خزم و کەسوکاری دایە موحتەرەم، دەکەین و خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.


ئه‌م بابه‌ته 520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:41:08/07/2020