باوکی چوار گیانبەختکردووی ڕێگای ڕزگاری کوردستان لە شاری سەقز ماڵئاوایی لە ژیان کرد

بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵمان پێ گەیشت، کاک محەمەد غەریب شێخی، کەسایەتی ناسراوی شاری سەقز و باوکی چوار گیانبەختکردووی ڕێگای ڕزگاری کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان، هاوڕێیان: محەمەدئەمین، محەمەد، ئەنوەر و مینا شێخی بە هۆی نەخۆشی لە شاری سەقز ماڵئاوایی لە ژیان کردووە.

هاوڕێیانی گیانبەختکردوو: محەمەدئەمین و محەمەد شێخی لە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا گیانیان بەخت کردووە و هاوڕێ ئەنوەر شێخی بە هۆی ڕووداوێکی هاتووچۆی گوماناوی لە تاران گیانی بەخت کرد و هاوڕێ مینا شێخی لە جەریانی ناڕەزایەتییەکانی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە تاران بە تەقەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانی ئازیزیی بەخت کرد.
کاک محەمەد غەریب شێخی لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ناوچەی سەقز و دیواندەرە بوو کە لە ماوەی ژیانیدا سەرەڕای ئەوەی بە هۆی شۆڕشگێڕبوونی خۆی و بنەماڵەکەی بەردەوام لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکان دابوو، بۆ ساتێکیش سەری بۆ خواستەکانیان دانەنەواند. کاک محەمەد غەریب تا کاتی مەرگی بە دژی زوڵم و زۆر و ناعەداڵەتی وەستایەوە و خەبات بە دژی کۆنەپەرەستی بە ئەرکی سەر شانی دەزانی و لە ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بە دژی ڕژیمی پاشایەتیش بەشدار و دەور و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو.
بە ناوی ناوەندی ڕاگەیاندن و سەرجەم ڕیزەکانی کۆمەڵەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی تێکۆشەری شێخی کە خزمەتێکی گەورەیان بە کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کورد کردووە و بەهای قورسیان لە پێناویدا داوە، دەکەین و لە ناخی دڵەوە، خۆمان بە شەریکی خەم و پەژارەیان دەزانین.

ئه‌م بابه‌ته 329 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:42:08/07/2020