لەسێدارەدانی ٢ بەندکراوی سیاسی کورد مەحکوم دەکەین!

لەسێدارەدانی ٢ بەندکراوی سیاسی کورد مەحکوم دەکەین!

بەداخەوە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی، ٢ بەندکراوی سیاسی خەڵکی مهاباد بە ناوەکانی "سابیر شێخ‌عەبدوڵڵا" و "دیاکۆ ڕەسووڵزادە" لە زیندانی ورمێ لەسێدارە دران. ئەم ٢ بەندکراوە لەگەڵ کەسێکی دیکە بە ناوی "حسێن عوسمانی" بە تۆمەتی دانانی تەقینەوەیەک لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویی‌دا لە جەریانی مەراسم و رێژەیەکی دەوڵەتی لە شاری مهاباد، سزای ئیعدامیان بەسەردا سەپێنرا و کەسی سێهەم ٣٠ ساڵ حوکمی زیندانی بۆ بڕایەوە.

هەر دوابەدوای تەقینەوەکە یەکێک لە گەورەبەرپرسانی ئەرتەش محەمەد پاکپور فەرماندە هێزی زەوێنی ڕایگەیاند کە بکەرانی تەقینەوەکەیان لە عەمەلیاتێکدا خستۆتە داو و کوشتویانن. سەرەڕای ئەو ڕاگەیاندنەش دوای سێ ساڵ سابیر شێخ عەبدوڵڵا و دیاکۆ رەسوڵزادە دەگرن و تۆمەتی تەقینەوەکەیان دەخەنەپاڵ، لە حاڵێکدا سابیر شێخ عەبدوڵڵا لە رۆژی ڕوودانی تەقینەوەکە لە زانستگای تاران سەرقاڵی خوێندنی پۆلی کۆتایی مەستەر بۆوە. جگە لە هەموو ئەوانەش هەمووکەس و لەوانەش دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیش زۆر چاک دەزانن بزووتنەوەی کوردی لە خەباتی خۆی بە دژی داگیرکەران و سەرکوتکەرانی حکوومەت هیچ کات دەستی بۆ کاری لەم چەشنە واتە ئەنجامی تەقینەوە لە ناو شارەکان نەبردووە و ئەو کارانە بە تەواوی دوورە لە کولتوور و شێوازی خەباتی گەلی کورد.

ئەو ‌حوکمە نارەوایە هەر ئەو کاتیش لە لایەن حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە مە‌حکووم کرا و تۆمەتی ناڕەوای دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی بەبێ هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنەر جگە لە دانپێدانانی زۆرەملی ناوبراوان لەژێر زەخت و گوشار و ئەشکەنجەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان ڕەد کرایەوە.

کۆمەڵەی شۆرشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران وێڕای بە ناڕەوا زانینی سزای سێدارە بە گشتیی، لەسێدارەدانی ئەم ٢ لاوە بە تایبەتی، بە پێچەوانەی هەموو یاساوڕێسا دادپەروەرانە و بنەماکانی مافی مرۆڤیدەزانێت و هەوڵ بۆ تۆقاندن و سەرکوت و پاکتاوکردنی لاوانی کوردستان بە توندی مەحکومی دەکات. هاوکات داوا لە خەڵک، ناوەندە پەیوەندیدارەکان و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی دەکات بەرامبەر بە کردەوە دژەمرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامی و ئەم شەپۆلە نوێیە لە توندوتیژی و پێشێلکاری مافی مرۆڤ بێدەنگ نەبن.

ڕێکخستنە نەهێنیەکانی کۆمەڵە (زاگرۆس)

٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٩ی هەتاوی

بەرامبەر بە ١٦ی جولای ٢٠٢٠ی زایینی


ئه‌م بابه‌ته 478 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:36:16/07/2020