ناوەندی هاوكاریی چۆڵكردنی زۆرەملێی گوندەكانی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە مەحكوم دەكات

ناوەندی هاوكاریی چۆڵكردنی زۆرەملێی گوندەكانی كوردستان لەلایەن كۆماری ئیسلامییەوە مەحكوم دەكات


خەڵكی خۆڕاگری كوردستان

ناوەندە نێوخۆیی‌و نێودەوڵەتیەكانی مافی مرۆڤ


لە درێژەی سیاسەتی پاكتاو‌ و سەركوتی كۆماری ئیسلامی، لەچەند رۆژی رابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی رژیمەوە، دانیشتوانی شەش گوندی سەر سنوور، لەوانە گوندەكانی: (ئاشکانی خوارێ، کاگێ، هەرزنێ، تەهێت، گۆڕەشێر، نۆکان)  لە ناوچەی سەردەشت ئاگادار كراونەتەوە كە بەهۆی ئەوەی گوندەكانیان كەوتوونەتە "ناوچەی سور" دەبێت ئەو گوندانە چۆڵ بكەن.


بڕیاری دژە ئینسانیی چۆڵكردنی زۆرەملێی شەش گوندی ناوچەی سەردەشت بە بیانووی ئەمنیەتی، درێژەی هەمان سیاسەتی كۆماری ئیسلامییە كە لەسەرەتای هێرش بۆ سەر كوردستان بە بیانووی یارمەتیدانی پێشمەرگە، دەیان گوند لە لایەن هێزەكانی سوپای پاسداران خاپوور كران‌و خەڵكەكەی بە زۆر راگوێزران، ئێستاش بە داتاشینی دەستەواژەی جۆراوجۆر وەك "ناوچەی سور" ‌و "ناوچەی زەرد" هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن، كە ئەمەش بەپێی بەڵگەنامەكانی مافی مرۆڤ دەچێتە خانەی گۆڕین و تێکدانی دێمۆگرافیای ناوچەکە و کۆچی زۆرەملێ و تاوانی دژە مرۆیی‌. بۆیە دەکرێ لەسەر ئەم تاوانە و تاوانی لەم چەشنە لەدادگا نێودەوڵەتییەكان سکاڵا لە دژی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی تۆمار بكرێ. 


ئەم بڕیارەی رژیم لەكاتێكدایە كە كۆماری ئیسلامی لە قەیرانێكی سیاسی‌و ئابووری سەختدا بەسەر دەبات. رووداوەكانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرخەری ئەو راستییەن كە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی تا دێت لە ناوچەكە بەرتەسكتر دەبێتەوە‌و گوشارە نێودەوڵەتییەكان بەهۆی سەرەڕۆییەكانی رژیم بۆ سەر ئێران زیادی كردوە، لەهەمانكاتدا گەلانی ئێران بەگشتیی‌و گەلی كورد بەتایبەتی لە خراپترین دۆخدا دەژین‌و هەژاریی ‌و بێكاریی‌و بێدەرەتانی تەنگی بەخەڵك هەڵچنیوە‌و لەهەموو ئیمكاناتێكی رەفاهی‌و خزمەتگوزاری بێبەشكراون. لەوەها بارودۆخێكدا كۆماری ئیسلامی هەرجارە‌و بە دروستکردنی ئاژاوەیەک هەوڵ بۆ بەلاڕێدا بردنی رای گشتیی خەڵكی ئێران‌و كوردستان دەدات.


ئێمە وەك ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران ئەم بڕیارەی دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی بەتوندی مەحكووم دەكەین‌و داوا لەخەڵكی كوردستان‌و ناوەندە نێوخۆیی‌و نێودەوڵەتییەكانی مافی مرۆڤ دەكەین، لەبەرانبەر ئەم تاوانكارییە بێدەنگ نەبن‌و بەهەموو شێوازێكی گونجاو سیاسەتە دژە مرۆییەکانی رژیمی ئێران لەقاو بدەن.


ناوەندی هاوكاریی حیزبەكانی كوردستانی ئێران

5ی رەزبەری 1399ی هەتاوی

26ی سێپتامبری 2020ی زاینی


ئه‌م بابه‌ته 2502 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:08:37:26/09/2020