پەیامی کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵە بە بۆنەی، ٣١ی جۆزەردان ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە


پێشمەرگەکانی کۆمەڵە!

کەمئەندامانی سەنگەر و بنەماڵەی سەربەرزیی گیانبەختکردووان!

کۆمەڵانی خەڵکی خەباتکاری کوردستان!

ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەتان لێ پیرۆز بێت


ڕۆژی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٥٧ی هەتاویی واتە ٤٣ ساڵ پێش ئێستا، هاوڕێ "سەعید موعینی” ناسراو بە "خانە” بە مەبەستی بەڕێوەبردنی ئەرکێکی تەشکیلاتی لەکوردستانی باشوور، لەگەڵ پۆلێک لەپێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگوندی "دڕێ”ی سەر بە شارۆچکەی "ماوەت” کەوتنە بەر پەلاماری هێزەکانی ڕژیمی بەعسی عێراق و پاش شەڕێکی نابەرابەر و قارەمانانە گیانی ئازیزیان لەپێناو ڕزگاریی و مافە ڕەواکانی گەلی کورد بەخت کرد. لەم شەڕەدا کاک خانە وەکوو یەکەم گیانبەختکردووی کۆمەڵە ناو و یادی خۆی هەرمان کرد و هەر بەم بۆنەوە ئەم ڕۆژە وەکوو "ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە” دیاریکراوە. لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا بە هەزاران تێکۆشەر و ڕۆڵەی چاونەترس و ئازای کوردستان لەپێناو نەهێشتنی بندەستی نەتەوەیی و هەرجۆرە هەڵاواردنێک و بۆ گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی ئینسانی یەکسان و ئازاد، پەیوەست بە ڕیزی پڕشنگداری کاروانی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە بوون.

ئەمڕۆ لەکاتێکدا ٣١ی جۆزەردان یاد دەکەینەوە کە تەنیا چەند ڕۆژ بەسەر ئیرادەنوێنی و هاودڵی و سەرکەوتنی نوێی خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەرامبەر بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی تێپەڕ دەبێت. کۆمەڵانی وشیاری خەڵکی کوردستان بە بایکۆتێکی بەرین و یەکدەنگی بەناو هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ جارێکی دیکە دەنگی نای خۆیان ڕوو لەڕژیم بەرزکردەوەو هەمدیسان گرێدراویی و دانەبڕاویی خۆیان لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و داخواز و ئامانجە ڕەواکانی دووپات کردەوە.

بەداخەوە کۆماری ئیسلامی وەک ڕژیمێکی سەرکوتگەر و سەرەڕۆ و خۆسەپێنەر بە دەسەڵاتێکی ڕەهای ئائینی و ئایدۆلۆژیکەوە، ئەمە بۆ زیاتر لە ٤ دەیەیە گەلی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەچەوسێنێتەوە و هیچ ڕێگا و هیوایەکی بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی نەهێشتووەتەوەو تەنیا زمانی زۆرداری و چەک و کوشتن و سێدارەو بەند دەناسێت. لەئاوەها دۆخێکدا کە کۆمەڵگای پێشکەوتوو و پێگەیشتوو و وریای کوردستان لەبۆنە جیاوازەکاندا دەنگی ناڕەزایەتی و بەربەرەکانێی ئاشتیخوازانە و مەدەنی هەڵدەبڕێت، هێزی پێشمەرگەیش وەکوو پێویستییەکی حاشاهەڵنەگر بۆ بەرەنگاری و پاڵپشتی لە خەڵک، خۆی ڕێکدەخا و بە سەدان کچ و کوڕی خوێنگەرم و سەربزێو، قورسایی ئەرکی ئەم ڕەهەندە لەخەبات دەخەنە سەر شانیان و نەسل لەدوای نەسل سەنگەرەکانی بڕوا و چیا ئاوەدان دەکەنەوە.

هاوڕێیان!

پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی لە نێو گەلی کورددا هێمای خاوەندارییەتی و شوێندانەری بۆ خەڵک و خاکی کوردستانەو وشەی "پێشمەرگە” نەک تەنیا نازناوێکی پیرۆز یاکوو ملوانکەیەکی شانازی لە ملدا بەڵکوو هەڵگری واتا و پێناسەیەکی قووڵ و فرەڕەهەندە کە مانایەکی جیاواز بە ژیان دەبەخشێت؛ ئاوێتەیەک لە هەست بە بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە کۆمەڵگا و مرۆڤایەتی، ئاگایی و ئاگاداربوون و وشیاری، لەخۆبردوویی، گیانبازی و کاریگەربوون لە هەموو بوارەکانی ئەخلاق و سیاسەت و خەبات و شۆڕش بۆ پێشکەوتن و پێشخستنی کۆمەڵگا. لەم نێوانەدا پێشمەرگەی کۆمەڵە هەڵگری کۆمەڵێک تایبەتمەندی دیکەیشە لەوانە هاوکات لەگەڵ ئەوەی وەکوو هێزێکی بەرەنگاریی خەڵکیی لە مەیداندایە کۆمەڵێک ئەرکی دیکەیشی بۆ گەیشتن بە مافە سیاسیەکان، عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانی مافی ژنان و پیاوان، پارێزگاری لە مافی بەشخوراوان، کرێکاران و چینی هەژاری کوردستان، ڕێکخستن و پشتیوانی لە بزووتنەوە جەماوەری و کۆمەڵایەتیەکان لە ئەستۆ گرتووە و لەم ڕێگادا لە هیچ جۆرە هەوڵ و تێکۆشان و گیانبازییەک سڵی نەکردوە. پێشمەرگەی کۆمەڵە تەیار بە هەردوو چەکی سیاسی و نیزامی، لەدوای ئەو هەمووە گیانبازی و خولقاندنی حیماسەوە، کارتێکەرانە بووە بە جێگەی متمانەی ئێستا و هیوای دواڕۆژی کۆمەڵانی خەڵکی بندەست و هەژار و چەوساوە.

خەڵکی خۆشەویست و خۆڕاگری کوردستان!

کارنامەی کۆماری ئیسلامی لەڕۆژی یەکەمەوە تا ئێستا پڕاوپڕ و لێوانلێوە لە جینایەت و ناکارامەیی و گەندەڵی و سەرکوت و هەژاری و بێکاری و نەهامەتی بۆ خەڵک و ئەمەش وای کردووە ئێستا زۆرینەی ڕەهای کۆمەڵگا لەبەرامبەر خۆیدا دەبینێتەوە. ئەم ڕژیمە لەگێژاوی قەیرانگەلێکی هەمەلایەنەدا پەنگی خواردووە و بەشداری نەکردنی بەرفراوانی ئێوە لەم هەڵبژاردنەی کۆتاییدا دوایین مێخی لە تابوتی مەشروعیت و رەوایی نەماوی ڕژیم داوە. هەر بۆیە داهاتووی نزیکی ڕژیم ناڕوونتر لە هەمووکات و هەڵگری هەرجۆرە سین لەم قۆناغەدا خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە ئەگەری هەر ڕووداو و پێشهاتەیەکدا گیانلەسەردەست ئامادە و تەیارە بۆ پاراستنی ماف و ماڵ و ئەمنیەتی خەڵک و پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات. بەم بۆنەوە داوا لە لاوانی تێکۆشەر و بە هیممەتی کوردستان دەکەین بە پەیوەستبوونیان بە ڕیزەکانی کۆمەڵە، ئەم هێزەی خۆیان پتەوتر و بەرینتر بکەن و بە هاتنیان، ببن بە بەشێک لە وزەی باسکی ڕزگاریخوازی و عەداڵەتخوازی کوردستان و پارێزگاری لە ماف و بەها ئینسانی و نەتەوەییەکانی خۆیان و خەڵکی کوردستان بکەن.

هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە مێژووی پڕلەسەروەری و شانازی خۆیدا هەوراز و نشیوی زۆری تێپەڕاندووە و سەرەڕای لەمپەرەکانی سەر ڕێگای، شێلگیر و سوورتر لە هەمیشە درێژەدەری ڕێبازی زیاتر لە ٣٠٠٠ شەهیدی ڕێنوێن و پێشەنگ بووەو جامانەی نەسلی نوێ هەر ئێستا ئارەقەی ماندوویەتی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە شاخ دەسڕێتەوە. پیشمەرگەی کۆمەڵە بە درێژایی تەمەنی خەبات و چالاکی پێشمەرگانەی، نمونەیەکی سەربەرز و سەرکەوتوو بووە بۆ خزمەت بە خەڵک و خاک و بەدڵنیاییەوە هەتا دەستەبەرکردنی ئاوات و ئامانجەکانیشی هەروا دەمێنێتەوە.

هاوسەنگەران و ڕێبوارانی ڕێگای ڕزگاری!

٣١ی جۆزەردان ڕۆژی ڕێزگرتن لەخەبات و تێکۆشانی هەموو ئەوانەیە کەوا ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ڕیزەکانی کۆمەڵەدا خەباتیان کردوەو ڕۆژی پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی هەزاران شەهید و دەیان هەزار قارەمانی سەنگەری ڕاوەستان و کۆڵنەدان و خۆڕاگرییە. نمونەی سەرەوەری نەتەوەیی، ئیرادەو خواستی ئینسان و سەرکەوتنی بەسەر هەر جۆرە تارمایی و هەورازێکە کە لەمێژووی گەلەکەماندا کەم نەبووە و دڵنیاین لەداهاتووشدا دووبارەو سەدبارە دەبێتەوە. پێویستە هەموو تاک و چین و توێژێک، بەو پەڕی باوەڕ و هیوا و بڕوابەخۆییەوە خۆی بۆ ئەگەرەکانی سبەی ڕۆژی کوردستان ئامادەو تەیار بکات.

جارێکی دیکە وێڕای بەرز ڕاگرتنی یاد و ناوی کاک خانە و سەرجەم گیانبەختکردووانی کۆمەڵە، بەبۆنەی ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەوە گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی پێشمەرگە دێرینەکان، پێشمەرگەکانی نەوەی نوێ، پێشمەرگەکانی سەنگەری زیندان، ژنان و لاوانی خۆڕاگر لە سەنگەرەکانی شار و شاخ، کەمئەندامانی سەنگەر و بنەماڵەی سەربەرز و ڕووسووری گیانبەختکردووانی کۆمەڵە هەروەها هۆگرانی کۆمەڵە و سەرجەم خەڵکی کوردستان وەکوو پاڵپشت و پاڵنەری هەمیشەیی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەکەین و هیواخوازین لە ڕۆژانی سەرکەوتنی یەکجاریماندا هەموومان پێکەوە ئەم ڕۆژە بەرز ڕاگرین.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی

٣٠ جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی






ئه‌م بابه‌ته 1428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:03:46:29/06/2021