ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

ڕاگەیاندنی کۆمەڵە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی کرێکار

ڕۆژی کرێکار بکەینە هێمای پێکەوەبوون و هەوێنی هاوپشتی و یەکگرتوویی!


هەموو ساڵێک ڕۆژی کرێکار هێمایەکە لە یەکگرتوویی کرێکاران و جووڵە و خۆڕاگری بزووتنەوەی کرێکاری لە بەرامبەر هەر چەشنە ناعەداڵەتی و سیستەمی زەبر و زەنگ و سەرکوت، بەڵام ئەمساڵ لە دۆخێکی تا ڕادەیەک جیاواز پێشوازی لەم ڕۆژە دەکەین؛ هەر بۆیە پێویستە بە وردبینی، هەستیاری و وشیاری زیاترەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین؛ ئەم جیاوازییە،  کاتێک خۆی دەردەخات کە واقیعبینانە بڕوانینە گۆڕانکاریی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، و ژینگەیی لە ئێران لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانیدا. کۆماری ئیسلامی لەئاستی ناوخۆ و دەرەوە تووشی هەزاران قەیرانی چارهەڵنەگر هاتووە و خەڵکی ئێرانی لە زەڵکاوێکی هەمەلایەنە ڕۆبردووە.
سیاسەتی داخراو، تیرۆر، زیندان، ئەشکەنجە و ئیعدامی بیرجیاوازان بە بۆنەی ڕوانگەی ئەمنییەتی و ئیدئۆلۆژیک بە پرسەکان، لەپاڵ داڕشتنی سیاسەت و بەڕێوەبەری ناکارامە لە ناوخۆدا، هەروەها بەرزەفڕی لە هەناردەکردنی ئینقلاب، بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ناوەکی و سەرکەشییە ناوچەییەکانی لە ئاستی جیهانیدا بووەتە هۆکاری بەفیڕۆدانی سەرچاوە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات. لەجیاتی دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک، هەموو سەرچاوە و تواناکانی ئابووری بۆ خزمەت بە بەهێزکردنی سپای پاسداران، هاویشتنی مووشەک، پڕچەک کردن و پشتیوانی لە گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە تەرخان کراوە و ئەمەش بەتاڵبوونی سفرەی خەڵک و سەرەی دوور و درێژی وەرگرتنی یارانەی بەدواوە بووە.
لە لایەک گەندەڵی سیستەماتیک و سیاسەتی داڕووخاو و دژبەرانەی کۆماری ئیسلامی بووەتە هەڕەشەیەکی کردەکی(بالفعل) بۆسەر خەڵکی ئێران و لە لایەکی دیکەوە، وەک مەترسییەکی هێزەکی(بالقوە) بۆ داهاتووی ناوچەکە و جیهان هەژمار دەکرێت. بەرهەم و لێکەوتەی ئەم جۆرە سیاسەتە، لە ناوخۆدا بە دوژمن زانینی شارۆمەندان و لە دەرەوە سازکردنی دوژمن بووە؛ کێشمەکێشەکانی ڕژیم لەگەڵ کۆمەڵگای ئێران و وڵاتانێکی زۆر لە ناوچەکە و خەڵکی عێراق، ئەفغانستان، سورییە و لوبنان دەرخەری ئەم ڕاستییەن.

ئابوورییەکی دوڕاو و تێکشکاو پێکهاتوو لەسەر بنەمای دزی، ڕانت خۆری و بەتاڵان بردنی سەرچاوە گشتییەکان، جگە لە کەلێنی چینایەتی، هەژارییەکی گشتگیر، بێکاری لەڕادەبەدەر، گرانی بێ وێنە و چەرمەسەری گشتیی، هیچ دەستکەوتێکی نەبووە و گوشارێکی چەند هێندەیی بەسەر توێژی کەم داهاتدا سەپاندووە، ئەمە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕۆچوونی بنەما کۆمەڵایەتییەکانە و چوونە سەرەوەی ڕێژەیی تاوان و توندوتیژی، کوشتن و بڕین، خۆکوژی، خۆسووتاندن، لەشفرۆشی، تەڵاق و پەراوێزنشینی، کۆمەڵگا بەرەو داڕمان و دابڕانێکی کۆمەڵایەتی دەبات. هەروەها داڕشتنی سیاسەتی زیانبار و کاڵفامانە لە بەڕێوەبردنی ژینگە و کەڵکوەرگرتنی زیادە لە سەرچاوە بێگەڕانەوەکان، ئێرانی وێران کردووە. لەم نێوانەدا، بەهۆی کەمتەرخەمی، پێڕانەگەیشتن و نەبوونی ئیمکانات لە ناوچە پەراوێزخراوەکانی کوردستان، بەلووچستان و خوزستان، ژیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دژوارتر بووە و کۆڵبەری و گواستنەوەی سووتەمەنی بووەتە دیاردەگەلێکی ئاسایی و کوژرانیشیان بە ئاسایی کراوەتەوە. تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکان تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا ٢٤٢ کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە کە لەم ڕێژەیە، ١٠٤یان کۆڵبەر و ٤٧یان کاسبکاری سووتەمەنی بوون.

دەرەهاویشتەی بەڕێوەبەرایەتی و کارنامەی ئەم ٥ دەیەی ڕابردووی کۆماری ئیسلامی، سەرانسەر چەرمەسەری و لەناوچوون بووە و بەداخەوە کرێکاران و زەحمەتکێشان و توێژی هەژار و کەم داهات لەم ناوەدا زۆرترین خەسار و زیانیان بەرکەوتووە. هەڵاواردنی پلان بۆ داڕێژراو، و بەردەوامبوونی سیاسەتی ئاسمیلاسیۆن و بێبەشکردن،ناوچە پەراوێزخراوەکانی بە دژی ناوەند وەستاندووەتەوە و گوشارهێنانی هەمەلایەنە بۆسەر خەڵک و توێژە جۆراوجۆرەکان، پەرچەکرداری خەڵک و سەرهەڵدان و گەشە و هێزگرتنی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی، ماف خواز و عەداڵەت تەوەرەکانی بەدواوە بووە. فرەچەشنبوون و بەرفراوانی ناڕەزایەتییە خەڵکیی و پیشەییەکان هەر لە کرێکاران، مامۆستایان، خانەنشینکراوان، ماڵخوراوان و خوێندکارانەوە بگرە هەتا ناڕەزایەتییە گشتگیر و سەرانسەریەکان، کە ئێستاکە هەر چەند ساڵەو جارێک سەرهەڵدەدات، سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن. لە بەرامبەریشدا ڕژیم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان بەناچار تا دوایین سەنگەر پاشەکشەی کردووە و وەک دوایین چەک و کەرەستە، پەنای بۆ سەرکوت و سەپاندنی سزاگەلی قورس بردووە.
بزووتنەوەی کرێکاری لە کوردستان و لە ئێران و ڕێبەرە مەیدانییەکانی، لە هەموو ئەم ساڵانەدا بەردەوام لەژێر هێرش و گوشاری ناوەندە ئەمنییەتی و دەزگا قەزاییەکاندا بوون بەڵام سەرەڕای گرفت لە بژێوی ژیان و کێشە پیشەییەکانیان، دادخوازانە و خۆڕاگر خەباتەکەیان لەپێناو عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و گەیشتن بە مافەکانیان درێژە پێداوە.

هەروەک چۆن سەرەڕای دەرکردن و سەپاندنی سزاگەلی قورس بەسەر بلیمەت و خوێندکاراندا بزووتنەوەی خوێندکاری هێشتاکە زیندووە یاکوو بزووتنەوەی مامۆستایان و فەرهەنگیانی تێگەیشتوو کە لەگەڵ ئەشکەنجە، لێدان، گرتن و قۆڵبەستبوونی سەدان کەسیان، بە بەڕێوەبردنی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی هاوئاهەنگ و پتەو دەست لە خواستەکانیان هەڵناگرن. ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانە بە بەشداری و پێشەنگایەتی کاریگەر و چالاکانەی ژنان بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی مەدەنی و ئاشتیخوازانە، بەشێوەی سرووشتی ڕێگای خۆیان دەپێون بەڵام کاتێک بە کارتێکەری و دەرەنجامی دروست دەگەن کە هاوئاراستە و پێکەوەگرێدراو، تێکهەڵکێش بکرێن و قووڵایی و پانتاییەکی زیاتر لەخۆ بگرن.
ئەمساڵ کرێکارانی کوردستان و ئێران لە کاتێکدا ڕۆژی کرێکار بەرز ڕادەگرن کە لە لایەکەوە بەپێی دۆخی نالەباری ئابووری و بەهۆی بێ وەڵام مانەوەی داخوازییە بەرحەقەکانیان لەوانە: حەقدەستی پێویست لە بەرامبەر ڕادەی کار، ئازادی دامەزراندنی یەکێتی و سەندیکا، ئەمنییەت لە شوێنی کار و ئەمنییەتی پیشەیی، و بەهرەمەندی لە خزمەتگوزاری و پاڵپشتیی کۆمەڵایەتی وەزاڵە هاتوون،  و لە لایەکی دیکەوە، مامۆستایان لە سەنگەرێکی دیکەدا و بەخواستگەلێکی هاوشێوە بانگەوازی دەورێکی دیکە لە گردبوونەوەیان بۆ ئەم ڕۆژە دەرکردووە.

ئێمە وێڕای بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی کرێکار، بەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە سەرجەم کرێکارانی کوردستان و ئێران دەکەین و لە کرێکارانی ئازارچشتوو و بەرپرسیار داوا دەکەین تاکوو ئەم ڕۆژە بکەنە هێمایەک بۆ هاوخەباتی و هاوپشتی و یەکگرتوویی لەگەڵ بزووتنەوەکانی دیکە. داخوازی و داواکارییە گشتییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو کاتێک بەدی دێت کە جەماوەری ناڕازی لەگەڵ یەک و شان¬بە¬شان، بە شێوەیەکی ئامانجدار، هاوئاهەنگ و یەکدەنگ، بەرەو پێشی ببەن. چاوەڕوانیشمان لە کۆمەڵانی خەڵک و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا ئەوەیە کە بە پێی ئازار و چارەنووسی هاوبەش، پشتیوانی لەو بزووتنەوانە بە ئەرکی سەرەکی خۆیان بزانن. لەو بڕوایەداین بەرفراوانی و پەرەپێدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان و ئاوێتەبوونی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، هێز و توانای لەبنهێنانی هەر جۆرە حکومەت و ڕژێمێکیان هەیە. خەڵک لەبەردەم دوو بژاردەی سەرەکیدان: مانەوەی خۆیان یان مانەوە ڕژیم، لە کۆتاییدا ئەوە خەڵکە کە دەمێنێتەوە.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندیی
٩ی گوڵانی ١٤٠١ی هەتاویی
٢٩ی ئاپریلی ٢٠٢٢ی زایینی





ئه‌م بابه‌ته 943 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:02:30/04/2022