لەویست و داخوازییە رەواکانی مامۆستایانی مەریوان پشتیوانی دەکەین


راگەیەندراوی کۆمەڵە: لەویست و داخوازییە رەواکانی مامۆستایانی مەریوان پشتیوانی دەکەین

ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ١٩ی گوڵانی ساڵی ١٤٠١ی هەتاویی، ڕێکخراوی سینفی مامۆستایان و کۆمەلێک لە چالاکوانانی مەدەنی شاری مەریوان لە ناڕەزایەتی بە دەستبەسەرکرانی "ئەسکەندەر لوتفی" و "مەسعوود نیکخا"، لە مامۆستایانی ناڕازی و بەشداربوو لە خۆپیشاندانی سەرانسەری مامۆستایانی ئێران کە لە یەکی گۆڵانی ئەمساڵدا لەلایەن هێزە ئەمنی و سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی دەستبەسەرکران، خۆپیشاندانێکیان بەڕێوەبرد. لە پاش سەرهەڵدانی خولێکی دیکە لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، مامۆستایانی کوردستان لە زۆربەی شارەکان، بەشێوەی بەرین بەشداری خۆپیشاندانەکان بوون و لەسەر ویست و داخوازییە مەدەنی و سینفییەکانیان پێداگریان کردوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا مامۆستایانی ناڕازی وێڕای جەختکردنەوە لەسەر داخوازییە سینفی و ڕەواکانیان، خوازیاری ئازادکردنی مامۆستایانی بەندکراو بوون کە ئەمە لەخۆیدا وەکوو کردەوەیەکی ئەرێنی و پێویست و گرنگە بۆ درێژەدان، بەردەوامبوون و سەرکەوتنی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکان. ئێمە وێڕای پشتیوانی لە خۆپیشاندانی مامۆستایانی مەریوان و کوردستان بە گشتیی، سەرکوت و دەستبەسەرکردنی مامۆستایانی کورد، لە درێژەی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتی ئازادیخوازانی ئێران و کوردستان دەزانین و مەحکوومی دەکەین. هەروەها پاڵپشتی کردن لە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان و داخوازییەکانیان بە ئەرکێکی نیشتمانی لە پێناو پێشکەوتن، پێشخستن و هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و جووڵانەوە مەدەنی و مافخوازەکان دەزانین. دەستەبەرکردنی مافی چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئێران لە ڕێگای یەکییەتی و یەکڕیزی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکان مسۆگەر دەبێت.
 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتارییەتی کومیتەی ناوەندیی

٢٠ی گوڵانی ١٤٠١ی هەتاویی

١٠/٠٥/٢٠٢٢





ئه‌م بابه‌ته 60 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:18:06/06/2022