راگەیەندراوی کۆمەڵە بە بۆنەی ٣١ی جۆزەردان رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە

بنەماڵەی سەربەرز و ڕووسووری گیانبەختکردووان و زیندانیانی سیاسی

پێشمەرگە دێرینەکان و کەم ئەندامانی سەنگەر

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ئەندامان، کادران و لایەنگرانی کۆمەڵە

٣١ی جۆزەردان، ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەتان لێ پیرۆز بێت

٤٤ ساڵ لەمەوپێش لە وەها ڕۆژێکدا هاوڕێی رابەر, کاک سەعید موعینی ناسراو بە "خانە" ، کە بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکێکی حیزبی ڕۆیشتبووە کوردستانی باشوور، لەگەڵ پۆلێک لە پێشمەرگەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوتنە ناو بۆسەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیمی بەعسی عێراق و گیانی ئازیزیان لەپێناو گەیشتن بە سەربەستی و ئامانجە بەرزەکانیان بەخت کرد. کاک خانە ئەندامی ڕێبەری، شۆڕشگێڕی شێلگیری سەردەمی خەباتی نهێنی، و خۆڕاگرێکی کەم وێنەی گرتووخانە بوو کە وەک یەکەم شەهیدی کۆمەڵە، بوو بە سەرقافڵەی کاروانی گیانبەختکردووانی کۆمەڵە. بەدوای گیانبەختکردنی کاک خانە، ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵە ناودێر کرا و ٣١ی جۆزەردان بوو بەهێمای ڕێزگرتن لە قارەمانییەتی و فیداکاری و گیانبازی پێشمەرگەکانی کۆمەڵە. لەم ڕۆژەدا وێڕای پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ یەکێک لە ئازیزترین خەباتکارانی گیانبەختکردووی کۆمەڵە و کوردستان، یادی هەموو گیانبەختکردووانی کۆمەڵەش بەرز و هەرمان ڕادەگرین و پیرۆزبایی دەکەین لە پێشمەرگەکانی کۆمەڵە کە لە پێناو خەباتی ڕەوای گەلی کورد بۆ نەهێشتنی بندەستەیی نەتەوەیی و چەوسانەوە، و گەیشتن بە دادپەروەری کۆمەلایەتی و ژیانی شیاو، ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتیان وەئەستۆگرتووە.

پێشمەرگە لە مێژووی خەباتی نەپساوەی گەلی کورد، ڕەمز و سیمبۆلی کۆڵنەدان و ڕسکان و خۆڕاگری نەتەوەیەکە کە هەموو جۆرە ئەستەم و چەسانەوە و نەهامەتییەکی چشتووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەرگیز چۆک شکاو، پشت چەماو و ملکەچ نەبووە. پێشمەرگە وەک باسکی بەهێزی بەرەنگاری و بەگژداچوونەوەی داگیرکاری، و قەڵغان و گورزی وەستانەوە بەرامبەر بە زۆرداری، هەڵقوڵاو لە تانوپۆی کۆمەڵگا و خۆشەویت و جێگەمتمانەی کۆمەڵانی خەڵکە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەر لە سەرەتای پێکهاتن و گەشەکردن و چالاکییەوە، پاڵپشت و پارێزەری ماڵ و گیان و کەرامەتی کۆمەڵانی خەڵک بووە و لە پێناو ئازادی و سەربەستی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا سەدان و هەزاران حەماسە و چیرۆکی سەرکەوتنی تۆمار کردووە. پێشمەرگە پەیکەرەی ئیرادەی گەلێکە کە بەو پەڕی لەخۆبردوویی و گیانبازی و ئازایەتییەوە، بە کەمترین ئاست لە ئیمکانات و بەرزترین ئاست لە ورە و بڕوابەخۆبوون، سەنگەرەکانی مانەوە بۆ بووژانەوەیان قورس و ئاوەدان ڕاگرتووە و ئێستاشی لەگەڵ بێت دوژمنان بە بیستنی ناوەکەی ترس لە گیانیان دەنیشێ و لەرز و تەزوو بە لەشیاندا دەگەڕێت.

ژنان و پیاوانی ئازادیخواز

لە سەردەمی خەبات لە دژی ڕژیمی پاشایەتی، و لە ساڵانی دوای ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کە بەداخەوە ڕژیمی کۆنەپەرەست و سەرەڕۆ و دیکتاتۆری کۆماری ئیسلامی خۆی سەپاند، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە دەور و نەخشی شوێندانەر و کاریگەری گێڕاوە و لەپێناو پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و داکۆکی لە مافی خەڵک و پارێزگاری لە بست بە بستی خاکی نیشتمان قوربانی داوە. ئێستاش و لە سەردەمێکدا کە ئێران و کاربەدەستانی هەموو بنەما مرۆڤانە و پێشکەوتووەکان پێشێل دەکەەن و دەسەڵاتی گەندەڵ و پاوانخواز و تۆتالیتێری کۆماری ئیسلامی، لەلایەکەوە بە ناکارامەیی و نابەرپرسبوون هەژاری و بێکاری و گرانی و هەڵاوسانی بەرهەم هێناوە و لەلایەکی دیکەوە تەنگی بە خەڵک چنیوە و بە سێدارە و زیندان و تۆقاندن و کوشتن و بڕین وەڵامی داواکارییە ڕەوا و سەرەتاییەکانی خەڵکە دەداتەوە، هەبوون و بەهێزبوونی هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە وەکوو هێزێکی داکۆکیکار لە ماف و ئیرادەی خەڵک پێویستیی و زەرورییە.

هاوڕێیانی سەنگەری شار و خۆڕاگرانی ناو زیندان

ئێوە گەورەترین پاڵپشت، و هەوێنی دڵگەرمی و پشتگەرمی ئێمەن، ئێوە لە ناو دڵی شەوەزەنگدا مەشخەڵی ڕووناکی و گڕی توێنەری سەهۆڵبەندانتان ڕاگرتووە. کۆمەڵە پشت ئەستوورە بە پتەوبوونی ڕیزەکانی ڕێکخستنی نهێنی و ئاوەدان بوونی سەنگەرەکانی شار و لادێی. هاوڕێیانی خۆڕاگری بەندیخانە، ڕۆژی ئازادی و سەربەستی ئێمەش دێت و لەوکاتەشدا ئێوەی سەربەرز و ڕووسوور بە باوەشی گەرم و کراوەی خەڵک، پێشوازیتان لێدەکرێت و چەپکەگوڵی ئەمگناسیتان پێشکەش دەکرێت. ئێوەن کە زیندان و گرتووخانەشتان کردووە بە قەڵایەک بۆ بەرەنگاری و کۆڵنەدان.

بنەماڵەی ڕووسوور و سەربەرزی گیانبەختکردووان

لەم رۆژەدا یاد و ناوی ئازیزی ھەموو گیانبەختکردوانی ڕیزەکانی کۆمەڵە بەرز و بەڕێز ڕادەگرین کە بە گیانبازی و فیداکاری بێ وێنەی خۆیان مەشخەڵی خۆڕاگری و ملکەچ نەبوونیان بە گوڕ و تین ڕاگرت. ڕێز لە فیداکاری و خۆڕاگری بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەگرین کە سەرەڕای خەم و پەژارەی لەدەستدانی ئازیزترین ڕۆڵەکانیان، بە ورە و تووڕەییەکی پیرۆز سەریان لە بەرامبەر دوژمن دانەنەواندوە. لە رۆژی پێشمەرگەی کۆمەڵەدا لە گەڵ گیانبەختکردوانی کۆمەڵە و کوردستان پەیمان نوێ دەکەینەوە کە تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانیان و رزگاری خەڵکی کوردستان لە ژێر ستەمی نەتەوایەتی و کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی لە تێکۆشان نەوەستین.


پێشمەرگە دێرینەکان و کەم ئەندامانی سەنگەر

لەم ڕۆژەدا ڕێزدەگرین لە خەبات و تێکۆشانی ئەو کەسانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان لە نێو ڕیزەکانی کۆمەڵەدا چالاکیان کردووە و هاوڕێ و هاوسەنگەرمان بوون. سەری ڕێز و ئەمەگناسی دادەنەوێنین بۆ ئەو هاوڕێ گیانباز و لەخۆبردووانەی بەشێک لە جەستەی خۆیان لە سەنگەرەکانی بەرگری لە بەرامبەر ستەم و زۆرداریدا پێشکەش بە شۆڕش و بزووتنەوە کردوە. هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە هەوراز و نشیوی زۆری تێپەڕاندووە، دوژمن بۆ زەربەلێدان و لەناوبردنی ئەم هێزە هەموو هەوڵ و توانای خۆی وەگەڕخستووە و لە هیچ چەشنە کردەوە و پیلانێک سڵی نەکردوە بەڵام ئەوەی ڕاوەستاو و شێلگیر ماوەتەوە و بەردەوام دەبێت هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵەیە.

کچان و کوڕانی شۆڕشگێڕ و سەربزێو

ڕیزەکانی کۆمەڵە ئێستاکەش کانگا و کێڵگەی ڕسکان و بەرهەمهێنانی هەزاران کچ و کوڕی لاو و تێکۆشەرە کە چەکی زیاتر لە ٣ هەزار شەهیدی ئەم حیزبەیان نەسل بە نەسل لەشان کردوەو کورەی ئاگرینی خەبات تاو دەدەن. پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی کۆمەڵە و هەڵگرتنی ئەرکی بەرپرسیاربوون لە بەرامبەر کۆمەڵگا و خەڵک و کوردستان، هەم ئەرکێکی ئینسانی و پێشکەوتووە هەم هەستی ئازاد ژیان و سەربەستی و بڕوابەخۆبوونتان پێدەبەخشێت، ئێوە بە پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی نهێنی و ئاشکرای کۆمەڵە خزمەت بە خەڵک و نەتەوەکەتان، خزمەت بە خاک و نیشتمانەکەتان و لە سەر هەموویانەوە خزمەت بە عەداڵەتخوازی و دادپەروەری و یەکسانی مرۆڤ دەکەن.

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

کۆماری ئیسلامی، بە درێژایی تەمەنی و ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر شەرعیەت و ڕەوایی خۆی لەدەستداوە، کارامەیی نەماوە، شەپۆلی جەماوەری ناڕازی و وەزاڵەهاتوو لە بەرامبەر خۆیدا دەبینێت و لەبواری نێودەوڵەتیش دۆست و ھاوپەیمانی بۆخۆی نەھێشتۆتەوە، ھەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە بەرەو داڕمان، نەمان و لەناوچوون ھەنگاو دەنێت. لە بەرامبەردا بزووتنەوەی کوردستان و کۆمەڵە سەرەڕای ھەموو تەنگ و چەڵەمەکان، بەردەوام بەرەو ئاسۆیەکی ڕوون لە ھەڵکشاندایە. خەت و گوتاری ئێمە بەرینتر بۆتەوەو کۆمەڵگای نێونەتەوەیی زیاتر لەجاران سەرەنجی داوەتە بزووتنەوە ڕەواکەمان. ئێستا و لەم ھەلوومەرجەدا کە شنەی رزگاری و گۆڕان دەبیندرێ، ئەرکی پێشمەرگەی کۆمەڵە لە داھاتوودا قورستر دەبێت، و بێگومان ھێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە بە ھاوکاری خەلک دەتوانێ ئەو ئەرکەش جێبەجێ بکا و ئاسۆیەکی گەش بۆ بزووتنەوە و نەتەوەکەمان وەدیبهێنێت.

بە شایەدی مێژوو، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، داکۆکیکاری ڕاستەقینەی بەرژوەندییەکانی گەلی کورد و خەڵکی کوردستان بووە و ئەگەر مێژووی بەشداری لە بزووتنەوەی کوردستان، بەخشینی بڕوابەخۆیی و ڕێنوێنی بۆ بەدەستهێنانی جێگەی شیاوی خۆیان بە ژنان، پشتیوانی لە کرێکاران و زەحمەتکێشان وەک توێژی خوارەوەی کۆمەڵگا، نوێنەرایەتی کردنی چین و توێژە جۆراوجۆرەکان لەوانە لاوان و خوێندکاران و مامۆستایان، و ئەزموونی پڕشنگداری مەدەنییەت و دێمۆکراسی لە ڕێگای دامەزراندنی بنکەی گەڕەک، جەمعیەت، ڕێکخراو و یەکیەتییەکان لەبەرچاوبگرین و کەڵکوەرگرتن لە هەموو شێوەکانی خەبات و کاریگەری دانان لە ڕووداوەکانی چەند دەیەی ڕابردووی خەباتی خەڵک بکەینە پێوەر، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە، هەموو تایبەتمەندییەکی بۆ درووست کردنی بناغەی هێزێکی نیشتمانی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە و ئەو کاتەیە "هێزی پێشمەرگەی کوردستان" دادەمەزرێ.

سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات

پایەدار و بەهێز بێت هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵە

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سکرتاریەتی کۆمیتەی ناوەندی

٣٠ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی








ئه‌م بابه‌ته 6360 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:04:07:20/06/2022